چاوپێکەوتنی تایبەت: حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناتۆ

لە لایەن نور عومەر 04/04/2024

بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی تایبەت سەبارەت بەم بابەتە کلیك لێرە بکە


سالاری سەربازی خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێز 

Lieutenant General José Antonio Agüero Martínez
سالاری سەربازی (فریق) خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێز

سالاری سوپا خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێز لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٣، لە ناوچەی تۆلیدۆ لە وڵاتی ئیسپانیا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە سوپاوە کردووە، دەرچووی ئەکادیمیای سەربازی (زاراگۆزا)ـیە لە ساڵی ١٩٨٦ بە پلەی جیدار (ملازم) لە هێزی پیادە. لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ پلەی سەربازی سالار (فریق)ـی پێ بەخشراوە. ئاگوێرۆ لە ئێستادا وەکوو ڕاوێژکاری سوپا سالاری ئیسپانیا کاردەکات.

لە ماوەی خزمەتی سەربازیدا، لە (سێ) یەکەی سەرەکی خزمەتی کردووە کە برتیین لەمانەی خوارەوە:  

  • ١١ ساڵ لە لیوای ئاسمانیی سوپای ئیسپانیا فەرماندەی یەکە و فەوج و کەتیبەی سەربازی بووە.  
  • بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە یەکەی (کاستیلێخۆس) لە  بارەگای سەرەکی سوپا خزمەتی کردووە، سەرەتا بە پلەی پێشڕەو (رائد) دواتر وەکوو پێشکار (مقدم) فەرماندەی باڵی سەربازی بووە، دواتر پلەی سەرهەنگ (عقید)ـی پێ بەخشراوە و وەکوو سەرۆک ئەرکانی سوپا دەستنیشان کراوە.  
  • 11 ساڵ لە بنکەی سەرەکی (LCC) ( NRDC-ES)ـی ئیسپانیا، کە هەردووکیان دەکەونە ناوچەی ڤالێنسیا خزمەتی کردووە. لەم یەکانەدا وەکوو سەرهەنگ (عقید)ـی لە G7، یاریدەدەری سەرهەنگ (عقید) لە (DCOS OPS)، سەرتیپ (عمید)ـی (DCOS PLANS) خزمەتی کردووە و لە ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ وەکوو سەرۆکی ئەرکانی گشتی کاری کردووە بە پلەی سەردار (لیوا).  

جیا لەم ئەرکانەش، جەنەراڵ ئاگوێرۆ  لە ئەکادیمیای پیادە (تۆلیدۆ)ـی ئیسپانی لە بەشی ڕاهێنانی ئەفسەران و لە بەڕێوەبەرایەتی کارمەندانی سوپا لە (مەدرید)، وەک سەرۆکی بەشی ئاڕاستەکردنی ئەفسەرەکان کاری کردووە. جەنەراڵ ئاگوێرۆ لە چەندین ئەرکی سەربازی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە، لە بۆسنە هێرزۆگۆڤینا (هەم لە UNPROFOR و IFOR) و ئەفغانستان (لە بنکەی سەرەکی هێزی هاوکاریی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناسراوە بە (ISAF) وەک سەرۆکی تیمێکی ڕاهێنەری فەیلەقێکی ئەفغانی) کاری کردووە. 

لە نێو ئەو خولە سەربازییانەی جەنەراڵ ئاگوێرۆ بەشداری تێداکردووە، دیارترینیان بریتین لە خولی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، خۆهەڵدان لە فرۆکە بە پەرەشووت، خولی پێشکەوتووی فەرماندەیی و ستافی گشتی لە بەریتانیا. هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە خوێندنی بەرگری لە کۆلێژی (کینگ)ـی بەریتانیا. 

دەتوانیت تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی پاشخانی ناتۆ و بوونی ئێستای لە عێراقدا باس بکەن؟ بۆچی ناتۆ بە باشترین دەرفەت بۆ عێراق دادەنرێت بۆ برەودان بە توانا سەربازییەکانی لەناوخۆی وڵات و لە سەرانسەری ناوچەکەدا؟

و١: لەدایک بوونی ناتۆ دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٩، ئەو کاتە هیچ وڵاتێک نەیتوانیووە بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە لەلایەن نەیارانی دەرەکی بۆسەریان. هەڕەشە و نەیارەکان بەدرێژایی ساڵان بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە (ناتۆ) توانیوویەتی خۆی لەگەڵ ئاڵنگارییە نوێکاندا بگونجێنێت. ئەمڕۆ ڕێکخراوەکە (ناتۆ) لە (٣٢) وڵات پێکهاتووە، (٢٠) لەو وڵاتانە لەوانەن کە لە ساڵی (١٩٤٩)ـەوە پەیمانی باکووری ئەتڵەسییان واژۆ کردووە. (٤٠) وڵاتی دیکەش پەیوەندی هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا هەیە. ئەمە بە تەنیا بەسە و وەکوو بەڵگەیەک وایە، دەیسەلمێنێت کە ڕێکخراوەکە سەرکەتوو بووە وەکوو دابینکەرێکی ئاسایش. ئەم ڕێکخراوە [ناتۆ] لە سەرەتادا بە مەبەستی بەرگریکردن لە وڵاتانی هەردوو دیوی باکووری زەریای ئەتڵەسی دامەزراوە، بەڵام ئێستا لە عێراقیشدا کاردەکات، چونکە حکومەتی عێڕاق لە ساڵی (٢٠١٨) پێویستی بە پاڵپشتی ناتۆ بوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی ئاسایشی وڵاتەکەیدا. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش، ناتۆ ڕاوێژ دەدات بە بەرپرسانی بەرگری و ئەمنی عێراق، بە تایبەتی ئەوانەی لە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ کاردەکەن. هەروەها ئەم نوێنەرایەتییە [ناتۆ] پشتگیری لە دامەزراوە پەروەردەییە سەربازییەکانی عێراق و فەرماندەیی خزمەتگوزارییەکان دەکات.  

بوارەکانی پشتیوانی ناتۆ بۆ حکومەت و کەرتی ئاسایشی عێڕاق بریتیین لە پلاندانانی پەیوەست بە بەرگری، بودجە و تەرخانکردن، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، ئامادەیی، هەواڵگری، ئاسایشی ئەلکترۆنی، لۆجستی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، بناغەی یەکپارچەی، بەهێزکردن و پەرەپێدانی ژنان و هتد. یەکێک لە یەکەم و گرنگترین دەستکەوتەکانی نوێنەرایەتی ئەرکی ناتۆ لە عێڕاقدا، ناسراوە بە (NMI) کە بە یارمەتی و هەماهەنگی بووە لەگەڵ هاوکارە عێراقییەکانی، برتیبوو لە ڕێککەوتنێک دەربارەی (٣٢) ئامانجی درێژخایەن (LTO) بۆ هاوئاهەنگییەکانی نێوان (NMI) و دەوڵەتی عێراق. بۆ هەر یەکێک لەو ئامانجە درێژخایەنانە پلانێک هەیە کە تێیدا کە خاڵی کۆتایی و هەروەها ئامانجە مامناوەندیەکان، هێڵەکانی بەشداریکردن و خشتەی کاتی پێویست بۆ  گەیشتن بەو ئامانجە پێکەوە دەستنیشان دەکرێت. ئەمەش ڕێگە بە ناتۆ دەدات شارەزایی و تواناکانی لەگەڵ ئەو بوارە دەستنیشانکراوانەی کە عێراق پێویستی پێیەتی پێکەوە بیانگونجێنێت بە تایبەتی ئەو بوارانەی کە پێویستیان بە باشترکردنە. 

Lieutenant General José Antonio Agüero Martínez
لیوا خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێزی ئیسپانی لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٣ لە کاتی مەراسیمی گۆڕینی فەرماندەیی لە بەغداد، ئەرکی فەرماندەیی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) وەردەگرێت - وێنەکە لەلایەن فەرمانگەی کاروباری گشتی (NMI)ـەوە گیراوە. 
چۆن هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریی نوێنەرایەتی ئەرکی ناتۆ لە عێراقدا (NMI) دەکەیت؟ ئایا دەتوانیت تیشک بخەیتە سەر ئەو پەرەسەندنە یان گۆڕانکاریانەی کە (NMI) لە دوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی (٢٠١٨)ـەوە بەسەریدا هاتووە؟ ئایا (NMI) هیچ یەک لە ئامانجەکانی خۆی بەدیهێناوە؟ وڵاتی میواندار [عێڕاق] چۆن توانای (NMI) هەڵدەسەنگێت بۆ بەدیهێنانی ئەو چاوەڕوانییانەی کە هەیەتی و پێشبینی دەکات لە (NMI) بۆی جێبەجێ بکات؟

و٢: کاتێک لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣دا فەرماندەیی ئەم ئەرکەم وەرگرت، بۆم دەرکەوت کە کارێکی نایاب لەلایەن کەسانی پێش خۆمەوە ئەنجامدراوە. پێکهاتەکانی (NMI) بە شێوازێکی بەهێز چەسپێنرابوون و ڕاوێژکارانی (NMI) پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانمان دامەزراندبوو. سەباری ئەمەش، چالاکی هاوکاری بەردەوام لەگەڵ دامودەزگاکانی عێراق ئەنجام دراون. لە ڕاستیدا، تێڕوانینەکە ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، و لایەنە پەیوەندیدارەکانی (NMI) لە وەزارەت و دامەزراوەکان، ڕازین لە کاری (NMI) و ئەو شێوازەی کە کارمەندانمان ئامۆژگارییان دەکەن بۆ تێکەڵکردنی ڕێکارە ستانداردەکانی ناتۆ لەگەڵ چالاکییە ئاساییەکانیاندا. بۆ نموونە، لە مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٣)، سەرۆک ئەرکانی بەرگری عێراق نووسینگەی سیستمی کۆدکردنی ناتۆی لە عێراق کردەوە، کە بڕگەیەکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی میکانیزمی لۆجستیکی شارەزاتر و کاراتر و وەڵامدەرتر. سەرۆک ئەرکانی بەرگری عێراق لە سوودە سەرەکییەکانی سیستمێکی ستاندارد تێگەشتبوو بە تایبەتی بۆ کەمکردنەوەی تێچووی لۆجستی و ڕێگەدان بە بەرزکردنەوەی توانای ئامادەیی بەرگری عێراق. پێشکەوتنێکی دیکەی گرنگ و درێژکراوەی چالاکییەکانی ئەرکی ڕاوێژکاری (NMI) بریتیییە لە وەزارەتی ناوخۆی عێڕاق، بۆ پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە (یەکە سەربازییە) سەوزەکان بۆ (دامەزراوەیەکی جێبەجێکەری یاسا-ڕەنگ شین). ئێمە شانازی دەکەین کە پشتیوانی عێراق دەکەین لە پێداویستییەکانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی ئەمنی وڵاتەکەدا بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی ئاوەدانتر و سەرفرازتر. تا ئەو ڕادەیەی کە ئامانجەکانی (NMI) ئامانجەکانی حکومەتی عێراقیش بن. تەنها مانگێک لەمەوبەر (NMI) و وەزارەتی بەرگری عێراق ڕێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی پلانی کاری هاوبەشمان، بەپێی ئەو مەرجانەی کە دەوڵەتی عێڕاق دەیخوازێت. 

لە ڕوانگەیەکی ستراتیجییەوە، چۆن پێشکەوتنی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەڵدەسەنگێنیت و لە چ ڕوویەکەوە (NMI) دەتوانێت پشتگیری لە ئامانجە سەربازییەکانی عێراق بکات بە تایبەتی ئەگەر ناتۆ نەبێت، لە ڕادەبەدەر گران دەبێت بۆ عێڕاق تا بە سەربەخۆیی بە دەستیان بهێنێت؟

و٣: نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) ئەزموونێکی سەرکەوتووی ناتۆ پێشکەش بە هاوتاکانی دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەمان ئەو کێشانەی کە عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە. عێراق، ئەوروپا و ئەمریکای باکوور نییە؛ مێژوو و کولتوور و ڕێکخستن و نەریتی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوە کاری عێراقییەکانە کە کەرتی ئەمنی خۆیان ڕێکبخەن بە گونجاندنی ئەو ئامۆژگاری و ڕاوێژانەی کە ئێمە پێیان دەدەین لەگەڵ بارودۆخی تایبەتی خۆیان. ئێمە هاوبەشی دەکەین بە ئەزموون و زانیاریەکانمان لە ڕێگەی چالاکییە ڕاوێژکارییەکانمانەوە بە ئامانجی زیاتر بەهێزکردنی هێز و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق. لە ئەزموونی پێشوومدا وەکوو ڕاهێنەرێک، چوار هەنگاو لە پرۆسەی ڕاوێژکاریدا دەبینم: 

  1. دەستنیشانکردنی کێشە (کێشەیەك). 
  2. پێشنیارکردنی چارەسەرێک، لەم حاڵەتەدا بەگوێرەی ئەزموونی ناتۆ. 
  3. بۆ یارمەتیدانی ئەو لایەنانەی کە بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر دەگەڕێن، ئەو چارەسەرەی کە بە باشترین شێوە لەگەڵ بارودۆخە تایبەتەکانیدا دەگونجێت، بە گریمانەکردن یان گونجاندنی پێشنیارەکەمان لەگەڵ پێداویستییەکانی. 
  4. گریمانەکردنی ئەو چارەسەرەی کە وتەبێژەکەمان هەڵیبژاردووە وەک هی خۆمان و پشتگیری لە جێبەجێکردنی بکەین. 

بۆ ئەوەی ئەم کارە بکات، ڕاوێژکار پێویستی بە زانیاری و ئەزموون هەیە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم چوار بەهایەی خوارەوە کە کلیلی بەدەستهێنانی متمانەی هاوتاکانمانن: 

  • پشوو درێژی بۆ پێشکەوتن بەو خێراییەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ( لێرەدا مەبەستەکە عێراقە)دەتوانن ئەنجامی بدەن. 
  • تێگەیشتن لەوەی کەی پێشنیارەکانمان دەگۆڕدرێن یان ڕێکدەخرێن بۆ ئەوەی لە بارودۆخی ناوخۆییدا کاریگەرتر بن. 
  • دڵسۆزی و پابەندبوون بە گرتنەبەری ئەو بڕیارانەی کە هاوتاکانمان دەیدەن. 
  • پابەندبوون بە سەرکەوتن لەگەڵ هاوبەشەکانمان، چونکە ناتوانین جیاوازی لە نێوان سەرکەوتنەکانی ئەوان و سەرکەوتنەکانی خۆماندا دروست بکەین. 
پ٤: بەو پێیەی کە نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە ساڵی (٢٠١٨)ـەوە دامەزراوە، بە بەردەوامی فراوانتر بووە، دەتوانن تێڕوانینێک پێشکەش بکەن بۆ قەبارەی ئەو پارەیەی کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) تەرخانیان کردووە؟ 

نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، لەسەر داوا و ڕەزامەندی عێراق چالاکییەکانی پەرەپێداوە بۆ دامەزراوەی ئەمنی زیاتر لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریدا و لە هاوینی (٢٠٢٣)ـەوە، بۆ فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی وەزارەتی ناوخۆ:

  • ئێمە لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاردەکەین، بەتایبەتی لەسەر ئەو پرسانەی تایبەتن بە ستراتیجی کەرتی ئەمنی عێراق و ئاسایشی ئەلکترۆنی. 
  • نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پۆلیسی دامەزراوەیی ئێمەیە، بە تایبەت بۆ پرسە کارگێڕییەکان. هەروەها وتەبێژمانە سەبارەت بە سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق. 
  • ئێمە لە وەزارەتی بەرگری کار دەکەین لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی و سەرووتریش. 
  • ئێمە لەگەڵ فەرمانەکانی خزمەتگوزاری کار دەکەین. 
  • ئێمە لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی و هەندێک بەڕێوەبەرایەتی تایبەت لەناو وەزارەتی ناوخۆدا کاردەکەین. 
  • ئێمە ئامۆژگاری (١١) لە کۆی (١٦) دامەزراوەی پەروەردەی پیشەیی وەزارەتی بەرگری عێڕاق دەکەین. 
  • ئێمە ئامۆژگاری (١٥) لە کۆی (٢٧) قوتابخانەی لق و خزمەتگوزاری دەکەین لە ناو GBA. 

هەر درێژکردنەوەیەکی هەوڵەکانی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق لە دەرەوەی ئەرکی ئێستای پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی باکووری ئەتڵەسی (NAC) هەیە، کە دەزگای بڕیاردەری ناتۆیە بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ حکومەتی عێراق. بەپێی ئەم بناغەیە، ژمارەی ئامانجە درێژخایەنەکان (LTO) لە نێوان ناتۆ و حکومەتی عێڕاقدا بەدرێژایی پێنج ساڵی ڕابردووش زیادی کردووە، تا ئێستا (٣٢) دانەیە. پێدەچێت ئەم ژمارانە بە تێپەڕبوونی کات زیاد بکەن، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق ئارەزووی پەرەسەندنی چالاکییە ڕاوێژکارییەکانی ناتۆ دەکەن لە بوارەکانی دیکەی کەرتی ئاسایشی وڵاتەکەیدا. ئەو ڕاوێژانەی کە نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) دابینی دەکات لەسەر بنەمای داواکارییە. ئێمە دەتوانین لە سەرەتادا دەستپێشخەری بکەین لە هەندێک چالاکییدا، بۆ نموونە لە پەرەپێدانی ڕاهێنانێکی دیاریکراودا. بەڵام ئێمە دەست بە هیچ چالاکیەك ناکەین مەگەر هاوتاکانمان بە پێویستی نەزانن و پابەندبن بە پێدانی بەردەوامی، بە گریمانەکردنی ڕێکخستن و جێبەجێکردنی لە داهاتوودا.

بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بکەین، پەرەسەندنی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ژمارەی ڕاوێژکاران، بۆیە نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) دەبێت داوای مۆڵەت لە حکومەتی عێراق بکات بۆ جێگیرکردنی کارمەندی زیاتر. نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) هەمیشە ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرێت.

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت، لە ئێستادا (٢٦) وڵات هەن کە لەگەڵ کارمەندەکانیان بەشداری دەکەن لە سەرکەوتنی ئەرکی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا، (٢٥) دانەیان ئەندامی ناتۆن، و یەک وڵات هاوبەشی ناتۆیە، کە ئوسترالیایە. سەبارەت بە پارەدارکردنی (NMI)، بەشداریکردنی سەربازەکانی وڵاتانی بەشدار وەڵامی داواکارییەکانی ناتۆ دەدەنەوە بۆ دابین کردنی کارمەند بەپێی پێداویستییەکانی نوێنەرایەتییەکە. ئەرکی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) ئەرکێکی ڕاوێژکارییە نەک دابینکەری ئامێر و پێداویستی. 

ئەگەر عێراق داوای جێگرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات، ئایا ئەوە شتێک دەبێت کە ناتۆ ڕەچاوی بکات ؟ و هەنگاوە کردارییەکان و میکانیزمەکە چۆن دەبێت لەو حالەتەدا؟

ئەم دۆخە گریمانەییە بەدوور دەزانرێت ڕووبدات. هەروەک باش دەزانن، لەبەرئەوەی وتەبێژی وەزارەتەکانی عێراق لە لێدوانی میدیای ناوخۆیی جیاوازدا ئاماژەیان بە ئەوە کردووە کە، پێویستە دۆخی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرەو ڕێککەوتنی دوو قۆڵی پەرەبستێنێت لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگریدا، لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی "پێشوو"، کە لەنێویاندا چەندین هاوپەیمانی ناتۆ  بوونی هەیە. لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر عێڕاق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بڕیاری لەسەر بدات. لەو چوارچێوەیەشدا پێشبینی ناکەم عێراق داوای جێگرتنەوەی ئەو هێزانە بکات لە ناتۆ. لە لایەکی دیکەوە ئامانجەکانی ئەرکی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) جیاوازن لە ئامانجەکانی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی. ئەم هاوپەیمانییە لە عێراقە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ شکستپێهێنانی داعش و ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە نییە. ئامانجی ئێمە لە چاکسازی لە کەرتی ئاسایشی عێراقدایە، ئامانجێکی زۆر گەورەتر و پڕ لە دژوارتر و درێژخایەنترە.

بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی دوو وڵاتی ئەندام بۆ ناتۆ، سوید و فینلاند، و بەردەوامی ململانێکان لە ئۆکرانیا، ئایا پێشبینی گرتنەوەی هاوکاری یان گۆڕانکاری دەکەیت بەرامبەر نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) بە لە پێشگرتنی ئەرکەکانی تری وەک شەڕی ئۆکرانیا؟ 

و٦: ناتۆ هاوپەیمانێتییەکی بەرگرییە، ئامانجی پاراستنی وڵاتانی ئەندامە. مەشق و جێگیرکردنە سەربازییەکانمان دژی هیچ وڵاتێک نییە. ئێمە بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەدا ناگەڕێین، بەڵام ناتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین کە ململانێی ئۆکرانیا سەقامگیری و ئاسایشی ئەوروپا تێکدەدات. پێویستە هەمیشە ئامادەبین بۆ ڕێگریکردن و ئەگەر پێویست بوو بەرگری بکەین لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاک و دانیشتوانی وڵاتانی هاوپەیمانان.

بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، هاوپەیمانانی ناتۆ ئامادەیی بەهێزیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. ئەم جێگیرکردنانە بە تەواوی سروشتی بەرگریکارانەی هەیە. سەبارەت بە ئۆکرانیا بە تایبەتی، هاوپەیمانانی ناتۆ بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پشتگیری پراکتیکی، لەنێویاندا هاریکاری ئابووری و سەربازی، بۆ بەهێزکردنی توانای ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

هەرچەندە پێشبینیکردنی پەرەسەندنی ململانێی ئۆکرانیا ئەستەمە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە چالاکییەکانی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) بگۆڕدرێن بەهۆی دۆخی ئۆکرانیاوە. نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) بەردەوام دەبێت لە گونجاندنی پاڵپشتییەکانمان بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکانی حکومەتی عێراق و ناتۆش وەک هاوپەیمان پابەند بووە بەو کارە. 

جۆرەکانی ناوەڕۆك: ڤیدیۆ و چاوپێکەوتن
بڵاویبکەرەوە لە: