
لە چوارچێوەی ئەو ژینگەیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام بوونی هەبووە و تێیدا هەمیشە پرسە ئەمنییەکان باڵادەستن، دەوڵەتی عێراق جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی نوێی ئەمنی پەیوەست بە تیرۆر دەبێتەوە. شانە نووستووەکانی داعش چالاکانە سەرقاڵی ئەنجامدانی هێرشکردن و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی بوون و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج. بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، و لەگەڵ ئامادەیی سنوردار و هەیکەلی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە هۆکاری سەرەکی ڕەچاو دەکرێن بۆ زیاد بوونی بێ وێنەی هەڕەشەکانی تیرۆر کە ڕووبەرووی سوپای عێراق دەبنەوە. جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززە بووەتە هۆی دروستبوونی بەرەیەکی ئەمنی نوێ بەڕووی دەوڵەتی عێراقدا، بە تایبەتی کە درۆنە خۆکوژی و موشەکە باڵستیکیەکانی تاران بەردەوامن لە بەزاندنی سیستمی بەرگری عێراق و بووەتە هۆی زیادبوونی هەڕەشە ئەمنیەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا.

لەگەڵ زیادبوونی گرژیەکان لە غەززە و مەترسی تەشەنەسەندنی بەسەر ناوچەکەدا، مەترسی ئاسایی و نائاسیی دروستبوون کە سەرچاوەکەیان بریتیین لە هەردوو ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان. برەودان و گەشەپێدان دوو پێشمەرجی سەرەکی و چارەسەری کۆتایین بۆ سوپای دەوڵەتە گەشەسەندووەکان، وەک دەوڵەتی عێراق، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانەی کە بوونی هەیە لەلایەن ئەکتەری دەوڵەتی و ناودەوڵتییەکانەوە. بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستیانەی کە دەگوزەرێت، جێگەی بایەخە کە پرسیار بکرێت لەوەی کە چۆن هێزە چەکدارەکانی عێراق پێگەی هێز و خۆڕاگری خۆیان دەپارێزن لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەی کە پەیوەستن بە سنورداری سەرچاوە ئابووری و پیشەسازییەکانی عێراقەوە. لەوەش گرنگتر ئەو نیگەرانیانەن کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا دروست دەبن. ئاشکرایە کە دەوڵەتی عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش لە ساڵی (٢٠١٤)دا پشتی بە هێزە سەربازییە دەرەکییەکان بەستبوو، بۆیە پێویستە کە پێگەی هێزە عێڕاقییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بەرچاوڕوونی هەبێت دەربارەی خاڵە بنەڕەتییە لاواز و بەهێزەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە تایبەتی دوای دووبارە دامەزراندنەوەی سوپای عێراق لە پاش لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)دا.
لە پاش کارەسات و لێکەوتەکانی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، لە بەرواری ١٨ ئابی ٢٠٠٣، دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان فەرمانی ژمارە (٢٢)ی بۆ دامەزراندنی سوپای نوێی عێراق دەرکرد. لە بەرواری ٢١ ئازاری ٢٠٠٤، سوپای نوێی عێراق لە ژێر ناوی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا دووبارە دامەزرێندرایەوە لە ژمارەیەک یەکەی سەربازی ڕژێمی پێشوو، لەوانەش هێزی ئاسمانی، هێزی بەرگری کەناراوەکان، هێزە یەدەگەکان و ژمارەیەک یەکەی سەربازی دیکە. دووبارە دامەزراندنەوەی سوپای عێراق ئامانج لێی شەپۆلێک گۆڕانکاری بوو لەڕووی تەکنەلۆجیا، بنکەی پیشەسازی، سەرچاوەی نیشتیمانی، کارمەند، و تەواوی توانا و ئامادەیی سەربازییەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هێزی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە پێشەنگی تەکنەلۆجیایە لە سەرجەم بوارەکاندا، لەشکرکێشییەکەی بووە هۆی هێنانەدی گۆڕانکاری بەرچاو لە ڕێکخستنی پێکهاتەیی هێزە عێراقییەکاندا. ١٨ ئابی ٢٠٢٤ بیستویەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای نوێی عێراق لەلایەن دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانانەوە لە عێڕاق.
ئەم کورتە توێژینەوەیە ئاڕاستە و پێگەی هێزی سوپای عێراق هەڵدەسەنگێنێت لە ناوەندی هێز و بەدەست هێنانی چەک و گەشەسەندن، هەروەها ژێرخانی بەرگری ئێستای سوپاکە و پێگەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. جگەلەمەش، ژمارەیەک ڕاسپاردە و پێشنیار دەخاتەڕوو بۆ برەودان بە هێزی سەربازی عێراق، بە تایبەتی لە هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی داعش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

ڕەگی ژێرخانی پیشەسازی بەرگری عێراق لە ڕێبازی بەریتانیەوە سەرچاوەی گرتووە لە سەدەی بیستەمدا. لەسەر ئاستێکی بنچینەیی، لە سەرەتای دروست بوونی سوپای عێراق، سوپاکە لە ژێر کاریگەری ڕێباز و پەیڕەوی بەریتانیدا بووە. سوپای عێراق دوای دامەزراندن و ڕێکخستنی لەلایەن شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاوە، لە ساڵی ١٩١٧ ڕۆڵی کۆنترۆڵ کردنی عێراقی پێ سپێردراوە. بە درێژای هێڵە بەریتانییەکان، بە مەشق کەلوپەلی بەریتانییەوە، سوپایەک لە ٣٥٠٠ سەربازەوە بۆ ١١٥٠٠ سەرباز گەشەی کردووە لە نێوان ساڵی ١٩٢٢ بۆ ١٩٣٢. بەم شێوازە، سوپای عێراق وەکوو بەشێک لە پرۆسەی مۆدێرنکردنی عێراق ڕەچاودەکرا، کە هەر زوو یەکەمین هێزی ئاسمانی خۆی لە ساڵی ١٩٣١ دامەزراند. دەستبەجێ ڕەشنووسێکی یاسایی دامەزرێندرا بە ئامانجی سنوردارکردنی کاریگەری سەرۆک هۆزەکان و ئەمەش سوپاکەی بەهێز کرد. بەڵام هەر زوو سوپای عێراق بووبە بە ئامڕازێکی سیاسیی بۆ دەستپێکردنی ژمارەیەک کودەتای یەک لە دوای یەک لە عێراقدا لە ساڵی ١٩٣٦ بۆ ١٩٤١. بەپێی سیاسەتی پادشای ئەو کاتەی عێراق، پادشا غازی، بۆ برەودان و هاندان بە یەکێتی بوونی دەسەڵاتەکەی لە عێراقدا، سوپای عێراق لە نزیک سنووری کوەیت چڕکرانەوە و جێگیرکران. بە ڕەچاوکردنی ئەو ئاستە مەترسییەی کە سوپای عێراق بە درێژایی سنووری کوەیت سەپاندبووی، سوپای بەریتانی ناچاربوو بە ڕووبەڕوو بوونەوەی سوپای عێراق لە ١ ئاداری ١٩٤١ و توانی شکستی پێبهێنێت لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی جەنگی جیهانی دووەمدا. تا ساڵی ١٩٥٨، سوپای عێراق پشتی بە فرۆکە و کەلوپەلی بەریتانی بەستبوو بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی. دوای شۆڕشە بەدناوەکەی ١٤ تەممووزی ١٩٥٨، حکومەتی نوێی عێراق دەستپێشخەری کرد بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا و لە دەرئەنجامدا، هێزی ئاسمانی عێراق توانی سود لەو بارودۆخە ببینێت لە ڕێگەی خاوەنداری کردنی فرۆکەی سەربازی سۆڤێتی و بەریتانی لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا. سوپای عێراق ئیرادەیەکی چەسپاوی هەبوو بۆ داگیرکردن و لکاندنی دەوڵەتی کوەیت بۆ جاری دووەم، سوپا جارێکی دیکە بە درێژایی سنووری کوەیت جێگیرکران. بەڵام ئۆپەراسیۆنی (ڤانتاج)ـی سوپای بەریتانیا لە ڕێگەی ناردنی سەرباز و فڕۆکە و کەشتی جەنگی، سەرکەوتووانە توانیان هەوڵەکانی سوپای عێراق شکست پێبهێنن بۆ بەزاندنی سنوور

وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ هەمەچەشنکردنی چەک و کەلوپەلەکان، سوپای عێراق هەستا بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە هەیکەلیەتی سوپادا لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. سیاسەتی عێراق لەو کاتەدا سەرنجی لەسەر دەستێوەردانەکانی بەریتانیا و سۆڤیەت بوو لە ڕێگەی چەکەکانیانەوە، کە بە شێوازێکی سەرەکی ئامانج لێی دوورکەوتنەوەبوو لە پشت بەستن بە چەکی لە بەریتانی. بەڵام ئاست بەرزی چەکەکانی ڕۆژئاوا بەراورد بە چەکە هاوشێوەکانی سۆڤیەت داواکارییەکانی عێراقی نەهێنایەدی. لە کۆتایدا، ستراتیجی جەنەڕاڵەکانی سوپای عێراق شکستی هێنا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری تەواوەتی و سەرتاسەری لە سوپادا بەهۆی سێ هۆکاری سەرەکییەوە: (١) نائامادەیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ فرۆشتنی ئاستێکی بەرفروان لە چەک بە عێراق. (٢) کەلوپەلەکانی ڕۆژئاوا نرخیان گران بوو و (٣) پێوستیان بە کاتێکی زۆر بوو بۆ ڕاهێنان کردن بەو سەربازە عێراقییانەی کە بەکاری دێنن. بەڵام هەوڵەکە یارمەتیدەر بوو لە یەکەم وەجبەی کڕینی چەکدا، بە تایەبەتی گرنگیدان بە کەلوپەلە ڕۆژئاواییەکان، بەم شێوەیە:
ئەو جەنگانەی کە سوپای عێراق لە نێوان ساڵانی (١٩٢١-٢٠٠٣) ئەنجامیداوە:
١٩٤١: جەنگی سوپای ئینگلیز و عێراق
١٩٤٨: جەنگی عەرەب و ئیسرائیل
١٩٦٧: جەنگی شەش ڕۆژی ئیسرائیل
١٩٦١-١٩٧٠: جەنگ دژ بە کورد (جەنگی ناوخۆیی)
١٩٧٣: جەنگی یۆم کیپور (ئیسرائیل)
١٩٧٤-١٩٧٥: جەنگ دژ بە کورد (جەنگی ناوخۆیی)
١٩٨٠-١٩٨٨: جەنگی نێوان ئێران و عێراق
١٩٩١: جەنگی کەنداو ٢٠٠٣: جەنگی دژ بە لەشکرکێشی ئەمریکا
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سوپای عێراق توانی گەورەترین لە دەستکەوتەکانی بەدی بهێنێت لە چوارچێوەی پیشەسازی ژێرخانی بەرگری عێراقیدا. بەهۆی ڕکابەرییەکانی لەگەڵ ئێراندا، سوپای عێراق دامەزراوەی بەرهەمهێنانی سەربازیی پێشکەوتووی لە حلە (باشووری بەغداد) دروستکرد و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی موشەک هەڵگری لە فەللوجە (ڕۆژئاوای بەغداد) بنیاتنا. ویستی عێراقی بۆ بوون بە هێزێکی هەرێمی، زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حوسەیندا پەرەیسەند. پێگەی هێزی ژێرخانی بەرگری سوپای عێراق لە بەرهەمهێنانی چەکی قورس و سوکەوە سەرچاوەی گرت کە دواتر زۆر جەنگیان پێ ئەنجامدرا، لەوانەش جەنگی نێوان ئێران و عێڕاق. پیشەسازی بەرگی عێراق بریتیبوون لە پرۆگرامی چەکی جۆراوجۆر، لەوانەش تۆپ هاوێژ، موشەک، فرۆکەی بێ فرۆکەوان، ...هتد. ئەو چەکانەی لە چوارچێوەی پیشەسازی سەربازی عێراقدا بەرهەم دەهێنرا بریتیبوون لەمانە:
عێراق خاوەنی ژێرخانێکی پێشکەوتووی بەرگری بوو کە بە یەکێک لە سوپا کاریگەرەکانی ناوچەی کەنداو دادەنرا. بەڵام هێزی سەربازی عێراق بە ئاستێکی زۆر بەرز بە سیاسیی کرابوو و پاڵپشتی لە سەدام حوسەین دەکرد بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی، لەوانەش سەرکوتکردنی شیعە مەزهەبەکان و کوردەکان. بەهۆی ئەو وەسفە پۆپۆلستەی پارتە سیاسییە شۆرشگێڕەکەی، سەدام حوسەین دڵسۆزی و پابەندبوونی سوپای بۆ ڕژێمی بەعس لە پێشینەدا دانابوو، کە لە کۆتایدا بووە ئامڕازێکی سیاسی. ئەو کەسایەتیە سەربازییانەی کە لە ژێر پرسیاردا بوون سەرجەمیان پاکتاو کران و دڵسۆزانی بەعس لە جێگەیان دانرا. پلە بەزکردنەوەی ئەفسەرەکان لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی نەبوو بەڵکو لەسەر بنەمای دڵسۆزی بوو بۆ سەدام حوسەین وەکوو بەرزترین فەرماندە لە سوپادا. دەرئەنجام، ژمارەیەک زۆر لە کەموکورتی لە سوپای عێراقدا سەریهەڵدا کە لە جەنگی ئێران و عێراقدا و جەنگەکانی کەنداودا بە سوپای عێراقەوە دیاربوون.
سەرباری مێژوویەکی پڕ لە تاوانی دڕندانە کە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجامدران لە ژێر چاودێری سەدام حوسەیندا، سوپای عێراق بوو بە ئامڕازێکی لە سێدارەدانی سیاسی. گەلی عێراق کە دەبوایە لەلایەن سوپای عێراقەوە پارێزگاریان لێبکرایە، بوون بە ئامانجی سەرەکی سوپای عێراق. ڕژێمی عێراقیش هاوشێوەی ئەڵمانیای نازی کردەوەکانی خۆی دەشاردەوە و "رێوشوێنی بەکۆمەڵ"ی بەکارهێنا بە مەبەستی لەناوبردنی تەواویی یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی یان ئایینی، وەک نەتەوەی کورد. لە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدا دانیشتووان بە تەواوی بێدەنگ کران.
خەرجییەکانی پەیوەست بە بەرگری و لاوازییە سەرەکییەکان
هیچ وڵاتێکی تری جیهان نەیتوانی لەو بڕە پارەیە نزیک بێتەوە کە عێراق بۆ بەرگری وڵاتەکەی خەرجی دەکرد وەک ڕێژەیەک لە کۆی سامانەکەی. پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە لەندەن، بەرهەمی ناوخۆیی گشتی عێراقی بە ٤٥ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، لەو ژمارەیەش ١٢.٩ ملیار دۆلار--زیاتر ٢٥%--بۆ بەرگری خەرجکراوە. بەپێی ڕاپۆرتی لۆس ئەنجێڵز تایمز، یەکێتی سۆڤیەت لە نێوان ١٥% بۆ ٢٠%ی بەرهەمی ئابووریی خۆی بۆ چەک خەرج کردووە؛ ئەمریکا نزیکەی ٦%ی بۆ سەربازی تەرخان کرد، ئیسرائیلیش--دوژمنی سەرەکی سەام حوسێن--کەمێک کەمتر لە ١٥% بوو.
کێشە درێژخایەنەکانی سوپای عێراق لە سەدام حوسێنەوە دەستی پێکرد کە خۆی وەک فیڵد مارشال (بەرزترین پلەی سەربازی دوای جەنەراڵ) دەستنیشان کرد بەڵام هەرگیز لە سوپادا خزمەتی نەکرد. لاوازییە سەرەکییەکانی لە سوپای عێراقدا بریتیبوون لەمانە:
سوپای نوێی عێراق: پاش لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣
لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر خاکی عێراق بە "ئۆپەراسیۆنی ئازادیی عێراق" ناسراوە، کە هاتنە ناوەوەی ٢٩٠،٠٠٠ سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنورەکانی باشوری عێراق، لە ڕێگەی بەزاندنی سنوری عێراق و کوەیت لە ٢٠ ئازاری ٢٠٠٣دا دەستیپێکرد. لە باکورەوە، شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ٧٠،٠٠٠ پێشمەرگەی کوردستان ڕووبەڕووی هێزەکانی عێراق بوونەوە. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەیەکی ستراتیجیدا (بە زۆری ئەمریکا) بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ دەستیان بە لەشکرکێشییەکە کرد، لەشکرکێشییەکە لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دژایەتی کرا، هەرچەندە چەند وڵاتێکی کەم پشتیوانی دیپلۆماسییان نیشاندا وەک ئاماژەی پێکرا لە ژمارەکانی خوارەوەدا. تا مانگی ئایاری ٢٠٠٣ ڕژێمی سەدام حوسێن ڕووخێندرا و سوپای عێراق شکستی هێنا. سەرەڕای هەوڵە زۆرەکان بۆ سەلماندنی بانگەشەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ لەلایەن عێراقەوە، بەڵام هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ نەدۆزرایەوە. دوای داڕمانی ڕژێمی بەعس، سەرهەڵدانی توندوتیژی تائیفی وڵاتەکەی گرتەوە کاتێک دڵسۆزانی پێشووی سەدام، لەنێویاندا ئەفسەرە پلە باڵاکانی سوپای عێراق، هێرشی یاخیبوونیان دژی هێزەکانی ئەمریکا دەستپێکرد.
لەگەڵ خێرابوونی شەڕی ناوخۆی تائیفی، تاقمی تیرۆریستیی قاعیدە لە عێراقدا (AQI) هەوڵیاندا توندوتیژییەکان زیاتر بکەن و بەردەوامیاندا بە هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا. لە هەمانکاتدا، عێراق ژمارەیەک هەڵبژاردنی ئەنجامدا و دەنگیدا بە دەستوورێکی نوێ، بۆ حکومەت و پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو. سەرەڕای ئاڵۆزییە تائیفییەکان، شەپۆلی هەڵوەشاندەوەی دامەزراوەکان لە ژێر دەسەڵاتی کاتی هاوپەیماناندا عێراقی لە وڵاتێکی دیکتاتۆرەوە گواستەوە بۆ قۆناغێکی دیکە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا حکومەتی ئەمریکا و عێراق ڕێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١١. ئەمریکا بەپەلە دەستێوەردانی سەربازی دووەمی لە عێراقدا دەستپێکرد کاتێک ڕێکخراوەی ئەلقاعیدەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سەریهەڵدایەوە.


دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان پاش چەند مانگێک لە لەشکرکێشییەکە، دەستبەجێ هەستان بە هەڵوەشاندەوەی سوپای عێراق لە ژێر فەرمانی ژمارە ٢ی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم دامەزراوانەی خوارەوە:
دامەزراندنی سوپای نوێی عێراق بە هێزە چەکدارەکانی عێراق ناوزەندکرا، کە سەرنجی لەسەر توانا بەرگرییە نیشتیمانییەکانی سوپا بوو لەپێناو عێراقێکی ئازاد پاش کۆتایی هاتن بە ئەرکی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان، هەر وەک بە ئاشکرا لە فەرمانی ژمارە ٢ ی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیماناندا ئاماژەی پێکراوە. بە ئاماژەدان بە بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە ١٤٨٣ (٢٠٠٣)، بە مەبەستی دروستکردنی سوپای نوێ، فەرمانی ژمارە ٢٢ی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان ئەرکەکانی سوپای نوێ و هێزەکانی بەرگری نیشتمانیی عێراقی ڕاگەیاند. بەپێی دەقی فەرمانەکە، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان، سوپای عێراق دەتوانێت بناغە بۆ هێزی چەکداری کاریگەر و پیشەیی و ناسیاسیی بۆ بەرگری سەربازی لە میللەت دابین بکات.
ئەرک و پێکهاتەی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا و یاسای دسپلینی سەربازی و بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران لە فەرمانەکەدا هاتووە. بەشی ٩ی فەرمانەکە بەڕاشکاوی چالاکیی سیاسیی یان هەر بۆچوونێکی سروشتی سیاسیی قەدەغە دەکات کە لەلایەن ئەندامانی سوپای نوێی عێراقەوە پابەند بکرێت. بەپێچەوانەی ئەوەی ئەمریکا هیوای بۆ دەخواست، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامی هەیە، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرئەوەی ئامانجە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە ڕێگری لێدەکرا. لە ئەنجامدا ئێران دەرفەتی دانانی بنکەی دەسەڵاتی خۆی لە عێراق قۆستەوە و بە سەرکەوتوویی میلیشیا شیعەکانی خۆی خستە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقەوە و هاوپەیمانەکانی لە ئێستادا دەنگێکی بەهێزیان لە پەرلەمان هەیە.
جێی ئاماژەیە، گەورەترین هەڵە ئەوە بوو کە ٤٠٠ هەزار پیاوی عێراقی ناڕازی و ڕاهێنراوی شەڕانگێزی مانەوە و هیچ داهات و پیشەیەکیان نەبوو کە بوون بە سوتەمەنی سەرەکی یاخیبوونەکەی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و لە کۆتاییدا بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش، یان دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام.

ئەو کوشتارە نامرۆڤانەیەی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدران ئەوەی بە بیر دەسەڵاتدارانی عێراق هێنایەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندەوەی سوپای عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا چەند لێکەوتێکی خراپی پێچەوانەی پێشبینییەکان هەبوو. هەزاران ئەفسەری سوپای هەڵوەشاوەی عێراق چوونە ناو ڕیزەکانی داعشەوە و قۆرغی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لاوازەیان کرد کە لەنێو خاکی عێراقدا بوونی هەبوو. بەپێی خەمڵاندنەکان، ٢٥ سەرکردەی باڵای داعش لە کۆی ٤٠ سەرکردەی باڵا پێشتر لەناو سوپای عێراقدا خزمەتی سەربازییان کردووە. داڕشتنی سوپای نوێی عێراق لەگەڵ هێزە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بەبێ فەرماندە و ئەفسەرە بەئەزموونەکانی عێراق لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١١ ڕەنگە ئەرکێکی مەحاڵ بووبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی فەرماندەیی لاوازی سوپای عێراق. کێشەکە؟ ئەمریکا خەباتی کرد بۆ سەپاندنی ڕێباز و پەیڕەوەی سەربازی خۆی بەسەر پێکهاتەیەکی عێراقی کە هیچ پشکنین و هاوسەنگییەکی ناوخۆیی نەبوو بۆ کارکردن کاتێک ڕاوێژکارانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١دا کشانەوە. لە ئەنجامی پێکهاتەیەکی فەرماندەیی پڕ لە کەموکوڕی، زیادەڕەوی لە ناوەندگەرایی بۆ دەستکەوتی دەسەڵات لەلایەن نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەوە، لە شەڕی دژی گروپە تیرۆریستییە چەکدارە قورسەکان، واتە داعش، سوپای عێراق بە خێرایی شکستی هێنا. لە کاتێکدا چەکدارانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرەو پێشەوە ڕۆیشتن، گروپەکە دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر تۆپخانەی قورسدا گرت لە هێزەکانی عێراق لە کاتی هێرشە لەناکاوەکەی سەر شاری موسڵ. بەپێی ئاماری پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان (IISS)، تواناکانی هێزی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا بریتی بوون لە:

لە ١٠ ئەیلولی ٢٠١٤، ئەمریکا دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی بنکە فراوانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە عێراق ڕاگەیاند. دامەزراوە دیارەکان بریتی بوون لە ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی. هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕێگەی بەشداریکردنی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ هێرشی ئاسمانی و پاڵپشتی لۆجستی و ڕاهێنەر پاڵپشتی شەڕی داعشیان کرد. تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٤، عێراق ڕێککەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد بۆ دابەشکردنی سەرچاوە نەوتی و سەربازییەکانی وڵات بۆ شکستپێهێنانی داعش. گرنگترین وادەکانی شەڕی داعش له ئاداری ٢٠١٥ بوو، کاتێک عێراق ٣٠ هەزار سەربازی له هێرشێکی گەورەدا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تکریت لەدەست داعش جێگیر کرد. بەڵام لە ١٧ی ئایاری هەمان ساڵدا داعش دەستی بەسەر شاری ڕومادیدا گرت. دەوڵەتی ئیسلامی لە بەرزاییەکەیدا فەرمانڕەوایی زیاتر لە ٨٨ هەزار کیلۆمەتر (٣٤ هەزار میل چوارگۆشە)ی دەکرد بە درێژایی سنووری نێوان سوریا و عێراق. هێڵی کاتی شەڕەکە تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ کە داعش بە شکستی خاکی ڕاگەیەندرا، بەم شێوەیەی خوارەوە:
٢٠١٥
٢٠١٦
٢٠١٧
٢٠١٩
دوای ١٠ ساڵ لە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی خەلافەتەکەی داعش لە عێراق و سوریادا، ئەو گرووپە جیهادییە توندڕەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین هێرشی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهان ڕاگەیاندووە، دیارترینیان هێرشی چەکدارانی داعش بوو بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە مانگی ئازاری٢٠٢٤ کە لانیکەم ٦٠ کەسیان کوشت و بوونە هۆی برینداربوونی ١٤٥ کەس.شەڕی پەرتبوونی داعش دوای لەدەستدانی مۆڵگەکانی لە دووەم گەورەترین شاری موسڵی عێراق و لە ڕەققەی سوریا دەستیپێکرد. هەرچەندە ئاڕاستەکان ئاماژەی بەوەدا کە داعش بەرەو ئەفریقا دەڕوات، بەڵام گروپەکە چەندین هێرشی خۆکوژی گەورەی لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق ئەنجامداوە و هەم خەڵکی مەدەنی و هەم هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان کردووەتە ئامانج. لە ئێستادا سەرەڕای لەدەستدانی بنکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گروپی داعش لە ئێستادا سەرلەنوێ لەسەر ئاستی جیهان چالاکی ئەنجامدەدەن. دوابەدوای چەند ساڵێک لە کەمبوونەوەی تواناکانی، داعش لە پشت ٢١٢ هێرشەوە بوو لە سوریا و عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بانگەشەی ئەنجامدانی ١٥٣ هێرشی کردووە لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا، بەگوێرەی بەیاننامە و بەرپرسانی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا. زیادبوونی ژمارەی هێرشەکانی داعش، توانای گروپەکە نیشان دەدات بۆ قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە شوێنی لەدایکبوونی خۆیدا هەیە، کە بریتیین لە عێراق و سوریا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی واڵ ستریت جۆرناڵ لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢٤، داعش توانای هێزی چەکداریی و هێزی مرۆیی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە لە ڕێگەی ڕاهێنانی منداڵان و ڕاهێنانی دامەزراوەکان بۆ ئەوەی ببنە کەرەستەی ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژی. بەپێی زانیارییەکان داعش هەوڵدەدات خەلافەتی ئیسلامی خۆی زیندوو بکاتەوە و هێزی خۆی لە بیابانی باکووری عەرەبی وەربگرێتەوە، کە بە چەمی ئوردنی ناسراوە.لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە سەرهەڵدانەوەی داعش لەسەر ئاستی جیهانی دەبێت چونکە گروپە لاوەکییەکانی سەر بە داعش پێشتر هێرشی تیرۆریستییان لە ئەوروپا و ئاسیا ئەنجامداوە، وەک لە کۆمەڵکوژی کۆنسێرتەکانی مۆسکۆدا دیارە.

چەکدارانی داعش ڕەوتێکی نوێ دادەڕێژن لە بەشداریکردنیان لە چالاکییە تیرۆریستییەکان و کۆمەڵێک تەحەددای نوێ بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان دروست دەکەن. تاکتیکی نوێی ئەم گروپە جیاوازە لە شێوازەکانی پێشووی: لەبری ئەوەی گروپە گەورەکانی چەکدارانی داعش بە تانک و دۆشکە گوندەکان داگیر بکەنەوە (وەک ئەوەی لە قۆناغە یەکەمەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر عێراق و سوریا ڕوویدا)، گروپەکە پەنایان بردۆتە بەر تاکتیکی گەریلایی، لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی بچکۆلە و تەڵەی بۆمبڕێژکراو. لە ئێستادا تەنها ئەمریکا ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق و ٩٠٠ سەربازی لە سوریادا هەیە. لەبری ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەن لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانا سەربازییە گرنگەکانەوە، داڕێژەرانی سیاسەت لە بەغدادەوە سەرقاڵی داڕشتنی پلانی دەرکردنن بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. لەگەڵ هەڵکشانی هێرشەکانی داعش، چالاککردنی دەستبەجێی خانە نوستووەکان لە عێراق هەنگاوێکی چاوەڕوانکراوی داهاتووە بۆ داعش.
عێراق ڕیزبەندی ٤٥ لە کۆی ١٤٥ وڵاتی گرتووە لە پێداچوونەوەی ساڵانەی هێزی سەربازی جیهانیدا، وەک لە خشتەی زانیاریی خوارەوەدا ڕوون کراوەتەوە. عێراق خاوەنی نمرەی پێوەرەکانی هێزی ٠.٧٤٤١ە و نمرەی سفر لە هەڵسەنگاندنی (GFP)دا بە ناوازە دادەنرێت. توانا گشتییەکانی عێراق لە وێنەی ژمارە هەشتی خوارەوەدا ئاماژەیان پێکراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە دامەزراوەی (GFP) جیهانی نمایشێکی شیکاری ناوازەی داتاکانی تایبەت بە ١٤٥ هێزی سەربازی مۆدێرن پێشکەش دەکات. ئەم ڕیزبەندیە لەسەر بنەمای توانای ئەنجامدانی شەڕ هەر نەتەوەیەکە لەسەر ئاستی وشکانی، دەریا و ئاسمانی. ئەنجامەکان بەهاکانی پەیوەست بە هێزی مرۆیی، ئامێر، سەرچاوە سروشتییەکان، دارایی و جوگرافیی لەخۆدەگرن کە بە ٦٠+ هۆکاری تاکەکەسی نوێنەرایەتی دەکرێن کە لە داڕشتنی ڕیزبەندییە کۆتاییەکانی (GFP) بەکارهێنراون، ئەمەش وردەکارییەکی سەرنجڕاکێش پشاندەدات دەربارەی ئەوەی کە جیهان تادێت ناجێگیرتر دەبێت. هێزی سەربازی لە ڕێگەی نمرەی پێوەرەکانی هێز (PwrInd)ەوە دەپێورێت کە نمرەی 0.0000 بە تەواو دادەنرێت.
١٠ هێزی سەرەکی لە ساڵی ٢٠٢٤
1. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
2. ڕوسیا
3. چین
4. هندستان
5. کۆریای باشوور
6. شانشینی یەکگرتوو
7. ژاپۆن
8. تورکیا
9- پاکستان
10. ئیتاڵیا
هێزەکانی کەنداو ٢٠٢٤
1. ئێران
2. سعودیە
3. عێراق
4. ئیمارات
5. کوەیت
6. عوممان
7. بەحرەین

داتاکانی GFP پێوانەکردنی توانا و هۆکارە گرنگە جیاوازەکان لەبەرچاو دەگرێت، وەکو دارایی، جوگرافیا و هێزی مرۆیی. ئامارەکانی دارایی و هێزی مرۆیی سوپای عێراق بەم شێوەیەن بۆ ساڵی ٢٠٢٤:
| وردەکاری | پێوەر | جۆر |
| $٣٩٠,٢٦٥,٠٠٠,٠٠٠ | یەکسانی هێزی کڕین | دارایی |
| $٦٤,٢٣١,٠٠٠,٠٠٠ | دراوی بیانی/زێڕ | |
| $٥,٢٥٢,٠٠٠,٠٠٠ | بودجەی بەرگری | |
| $٧٥,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ | قەرزی دەرەکی | |
| ٤١,٢٦٦,١٠٩ | کۆی گشتی دانیشتووان | هێزی مرۆیی |
| ١٧,٣٣١,٧٦٦ | هێزی مرۆیی بەردەست | |
| ١٤,٠٣٠,٤٧٧ | گونجاوە بۆ خزمەتکردن | |
| ٢٩٢,٠٠٠ | کۆی گشتی کارمەندانی سەربازی | |
| ٧٠١,٥٢٤ | ساڵانەی گەیشتن بە تەمەنی سەربازی | |
| ١٩٣,٠٠٠ | کارمەندی چالاک | |
| سفر | کارمەندانی یەدەگ | |
| ١٠٠,٠٠٠ | نیمچە سەربازی؛ ژمارەکان زیاترن لە ڕاپۆرتەکانی (GFP)دا. | |
| ٥٠٠٠ | کارمەندانی هێزی ئاسمانی | |
| ١٧٥,٠٠٠ | کارمەندانی سوپا | |
| ١٢,٥٠٠ | کارمەندانی هێزی دەریایی |
هێزی ئاسمانی: بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی بەرهەمی پیشەسازی بەرگری عێراق، داهێنەری چالاک و هێزی ئاسمانی عێراق بریتییە لە ٣٧١ فڕۆکە، ٢٦ فڕۆکەی جەنگی، ١٩٧ کۆپتەر و ٤٠ کۆپتەری هێرشبەر.
هێزەکانی وشکانی: تواناکانی شەڕی زەمینی هێزەکانی عێراق پێکدێت لە ٣٩,٨٧٢ ئۆتۆمبێل، ٨٤٨ تانک، ٢٨١ تۆپخانەی خۆبزوێن، ١، ٤٤٦ تۆپخانەی ڕاکێشراو، ٤٢٥ (تۆپخانەی موشەک).
هێزە دەریاییەکان: کۆی سەروەت و سامانی هێزە دەریاییەکانی عێراق بریتییە لە ٢ کەشتی کۆرڤێت و ٢٦ کەشتی دەوریەی دەریایی. عێراق سەروەت و سامانی گرنگی جەنگی دەریایی نییە، وەکو فڕۆکە هەڵگر و ژێردەریایی.
وەک لە داتاکانی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، عێراق لە سەرانسەری هەموو بوارەکاندا، بە تایبەت لە بواری هێزی ئاسمانیدا (بە ئەلیکترۆنی و بۆشایی ئاسمانەوە) نەگەیشتۆتە ئاستێکی پێشکەتووی تەکنەلۆجی. وەک وڵاتێکی گەشەسەندوو، پێگەی هێزی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی گرنگ دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی تەکنەلۆجیاکانی شەڕی مۆدێرن. لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمنی وەک داعشدا، چەکی مۆدێرن دەبێتە پێویستییەک. دیارە توانای ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشڕەوی بکەن و لە مۆڵگەکانیاندا داعش تێکبشکێنن. بەبێ ئەم پاڵپشتیە، عێراق و توانای بەرگری سنوورداری هەرێمی کوردستان، بە تەنیا نەیدەتوانی داعش تێکبشکێنێت. تا ئەمڕۆش یەکێک لە توانا سەرەکییەکانی شەڕکردن کە عێراق پێویستی پێیەتی پەرەی پێبدات، هێزی ئاسمانییە. لە ژینگەیەکی ئەمنی ناجێگیر و مەترسی زۆردا وەک عێراق، زۆر گرنگە هێزەکانی عێراق پێگەیەکی بەهێزتریان هەبێت لە هێزی ئاسمانیدا. سەرەڕای کەمبوونەوەی ژێرخانی پیشەسازی بەرگری عێراق لە ئەنجامی سزاکان و توانا ئابوورییە سنووردارەکان، عێراق پێویستی بە پێگەیەکی چەکداریی بەهێزە بە بەردەوامیدان و ئەنجامدانی وەبەرهێنانی سەربازی گەورە هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی ئەمنی ناجێگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێڕەوی گونجاو بۆ عێراق بریتییە لە جێبەجێکردنی ستراتیجییەکی سەربازیی گەورە، بە بەدەستهێنانی بوارێکی فراوان لە تەکنەلۆجیادا، کە هەموو بوارەکانی شەڕ لەخۆبگرێت وەک بەشێک لە ئامانجە سەربازییە درێژخایەنەکانی. گونجاوترین ڕێگە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بۆ برەودانە بە توانا تەکنەلۆجییەکانی سوپای عێراق، پەرەپێدانی توانای ئابوورییە بۆ بەرهەمهێنان و پاراستن و هەماهەنگیکردنی سیستمی سەربازی ئاڵۆز. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی واقیعە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، بەتایبەتی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش، عێراق پێویستی بە زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو لە دەرەوەی وڵات هەیە، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ قەرەبووکردنەوەی خاڵە بەرگرییە لاوازەکانی. ئەمەش گرنگە چارەسەر بکرێت چونکە داعش پێشتر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە بەرەکانی شەڕ بەکارهێناوە و لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییەی عێراق و سوریا، ڕەنگە گروپەکە بتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆجیای سەربازیی پێشکەوتووی دیکە بەدەستبهێنێت. هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی ئێران لە ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق و پێشێلکارییە ئاسمانییەکان بەهۆی شەڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە دژی پەکەکە، هێندەی تر پێویستی بەو جۆرە پێشکەوتنانە هەیە. سیمای پەرەسەندنی شەڕ، واتە تەکنەلۆجیای چڕ، هانی وڵاتانی تازەپێگەشتوو دەدات، لەم حاڵەتەدا عێراق پێوستی بە وەبەرهێنانە لە بەرزکردنەوەی تواناکان جگە لە بەدەستهێنانی پلاتفۆرمی تەکنەلۆجی نوێ وەک بەشێک لە ستراتیجییە درێژخایەنەکانی.
بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەکانی ئەم توێژینەوەیە سەردانی ماڵپەڕی ئینگلیزی ئینۆڤەیت بکەن لێرە: