چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ م.ڕازان عومەر علی، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ژینگەییەکان و لیپرسراوی ئۆفیسی گرانت لە زانکۆی سلێمانی

لە لایەن شەن محەمەد 04/06/2026

بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر توێژینەوەیی ژاوەژاوی دەنگی، کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکە. ئەم توێژینەوەیە سوودی لەم چاوپێکەوتنە تایبەتە وەرگرتوە بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەشتن لە پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاوی دەنگی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها تێگەشتن لە کەموکوڕی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێـم بۆ پەیڕەوکردن و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان.

ڕازان عومەر عەلی، پسپۆری بواری ژینگە، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ژینگەیییەکان، و لێپرسراوی ئۆفیسی گرانت لە زانکۆی سلێمانی. کاندیدی دکتۆرا لە کیمیای خاک و ژینگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کارەکانم تیشک دەخەنە سەر خۆڕاگری لەبەردەم گۆڕانی کەشوهەوا، گەشەپێدانی بەردەوام، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵی بەردەوام، و دۆزینەوەی چارەسەری سروشتی، بە جەختکردنەوەیەکی بەهێز لەسەر گۆڕینی توێژینەوەکان بۆ چارەسەری پراکتیکی لە ڕێگەی هاوبەشی نێودەوڵەتی و بەشداریپێکردنی کۆمەڵگەوە.

 
وەکو مامۆستا، ئایا بابەتێکی تایبەت هەیە بتوانن بە قوتابییەکان بڵێن لە بوارى هۆشیاریی بە ژاوەژاو یاخود ئاستەنگی دەنگەوە؟

ڕاستە هۆشیارکردنەوە بابەتەکانی تر وەک ئاو و هتد زۆر بەرفراوانترە، بەڵام چونکە ئاستەنگی دەنگ بۆ ئێمە بابەتێکی نوێیە، ئایا ئێستا هیچ پەرەپێدانێک هەیە لەو ڕووەوە مامۆستاکان لە وانەوتنەوەدا چۆن لەگەڵ قوتابییەکانیان گەنگەشەى دەکەن؟

بەڵێ. ئێمە وەکو کۆلێجی زانستە ژینگەییەکان، قوتابییەکانمان تێگەیاندووە لە کۆمەڵێک بوارى جیاوازی ناو ژینگە. چونکە بەگشتی کە باس لە پیسبوونی ژینگە دەکرێت، خەڵک خۆڵ و پاشماوە و پیسبوونی خاک دێتە خەیاڵییان. بەڵام کۆمەڵێک پیسبوون هەیە کە بە چاو نایبینرێن، یەکێک لەوانە پیسبوونە بە ژاوەژاو و دەنگ کە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەیە لەسەر ژینگە (ئیکۆسیستم) ئەگەر سیستمەکە تێکبچێت، کاریگەرییەکەی لەسەر هەموو ئەوانی دیکەش دەبێت، هەموو بابەتێکی ژینگەیی پیسبوونی ژینگەیش کاریگەریی لەسەر ئەمانە هەیە.

بە دڵنیاییەوە ئێمە وەکو پسپۆڕی ژینگە سەرنجى زۆرمان لەسەر کۆمەڵێک لەو بابەتانە هەیە. بەتایبەتی قوتابییانمان بەردەوام هاندەدەین لەسەر ئەو جۆرە بابەتانە، و بەشێوەیەکی کارامە بڕۆن ئەزموونی بکەن بۆ هۆشیاری زیاتر لەسەر بابەتەکە. هەر لەسەر پڕۆژەی ژینگەیی کارمان زۆر کردووە، لە ڕووی ئاو، دار و بەگشتی ئیکۆسیستم هەروەها کردنی پرۆژەیەل لەگەڵ د.هەردییەوە کە بەشانازی پێکەوە ئەم پرۆژەیەمان کردووە بۆ شیکارکردن و بەدواداچوون لە سەرچناری ئێستا و ڕابردوو.

وەک ئاشکرایە سروشتی سەرچنار وەک خۆی ماوەتەوە دوای ساڵانێکى زۆر، بەڵام لە ڕووی ئیکۆسیتمی ژاوەژاوەوە زۆر گۆڕآوە لەبەر زیادبوونی جۆری چالاکییەکان، زیادبوونی ژمارەی سەیرانکەران و هاتوچۆ لە ناوچەکە و دەورووبەری. لە هەمان کاتدا گەشەکردنى سلێمانی وەک دیزاین و ژمارەی دانیشتووان کە یەکسان نییە بە زیادبوونی چالاکییەکان. 

بە بەکارهێنانی ئامرازی فریکوێنسییەکان لە لایەن د.هەردیی کوردە ئەزموونەکە زۆر جیاوازتر و ڕوون تر بوو، بۆ نموونە دارێکمان لەوێ هەڵبژارد وەک کەیس ستەدی کە یەکێک بوو لە ئارامترین شوێنەکانی حەوانەوە، بەڵام کاتێک گوێمان لە فریکوێنسی شوێنەکە دەگرت ئینجا بە ڕوونی جیاوازییەکانمان دەبینى، کە ئەمە نموونەیەکی زۆر بچووکە لە وێنە گەورەکە.

ژاوەژاوی دەنگی چۆن کاریگەریی هەیە لەسەر خۆڵ و خاکی ناوچەکە؟

هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئیکۆسیستم هەمووی تەواوکەری یەکدییە بێگومان هەر کێشەیەک لە هەر شوێنێکدا هەبێ کاریگەریی دەبێت لەسەر هەموو بەشەکانی تر.

یەکێک لەو داتانەی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕێگەی کامپینی خاکپارێز، کامپینێکی جیهانییە، من و دکتۆرە ژینۆ وەک خۆبەخشی بەشداری ئەو کامپینە بووین. باسی ئەوەمان کرد کە چۆن تەندروستیی خاک بگەڕێنینەوە. چونکە ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ خاک بکەین، بەم شێوازەی ئێستا کشتوکاڵ بکەین، بەم شێوازەی ئێستا پارێزگاری لێ نەکەین، خاک تەنها پەنجا ساڵی تەمەنی ماوە بۆ کشتوکاڵکردنی تەندروست. واتە تەنها پەنجا ساڵ دەمێنێت کە بتوانین بەرهەمێکی تەندروست بەرهەمبهێنین و بەردەوامى بە ژیانی سەرزەوی بدەین. ئەگەر وەک ئێستا بەردەوام بین، نەک تەنها هەرێمی کوردستان هەموو جیهان لە مەترسیدایە.

ئێستا کاتێک ئەم پیسبوونە نادیارانە، وەکو ژاوەژاو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە خاکەوە، ژاوەژاو فریکووەنسی دەوروبەرەکەی دەگۆڕێت، فریکووەنسی مایکرۆئۆرگانیزمەکانی ناو هەوا دەگۆڕێت. ئەو مایکرۆئۆرگانیزمانە، چی لە ڕێگەی باران، چی لە ڕێگەی بڵاوبوونەوە، چی لە ڕێگەی نیشتن لەسەر ڕووەکەکانی ناو خاک، دیسان دەگەڕێنەوە ناو خاکەکە. ئینجا باروخۆشکردنی خاک (fertility) تێگات، ناوەڕۆکی ئۆرگانیکیش کەمتر دەبێتەوە.

ئایا ئەم کارە تەنیا ئەرکی ژینگەدۆستان و ئەکادیمیستانە یاخود پێویستە هەموو تاکێک لە هەر شوێنکی جیاواز کار دەکات بتوانێت بەشدار بێت لە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ژینگە و تێکەڵکێش کردنی لەگەڵ کاری خۆیدا؟

ژینگە شتێک نییە لە تەنیا کاری من و تۆ بێت یان زانکۆ یان بەرپرسانی وڵاتەکەمان، پێویستە هەموو تاکێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە بابەتی ژینگەدا. بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و بەشداربوون لە پاراستنی ژینگە بە زۆر ڕێگە دەکرێت، ئێمە وەک تاک هەر شارەزایی و تایبەتمەندییەکمان هەبێت دەتوانین گرنگى بە ژینگە بدەین

بڵاویبکەرەوە لە: