ئایا سەوزکردن و بەدارستانکردن لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی حکومڕانییە؟

لە لایەن نور عومەر 02/06/2026

سەوزکردن و بەدارستانکردن لە هەرێـمی کوردستان

هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەکێک لە پڕ دارستانترین خاکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسرابوو. لە ساڵی ١٩٥٧، شارەزای دارستانی بەریتانی G.W. Chapman خاکی دارستانی هەرێم بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار هێکتار لە دارستانی سروشتی خەمڵاند، کە زیاتر لە نەوەد لە سەدی دارستانی سروشتیی عێراق لەخۆدەگرت. سەوزایی و دارستان لە هەرێم لەو کاتەدا نزیکەی سی لە سەد بوو، دارستانێکی بەرفراوان و سروشتی بوو.

ئەو میراتە دارستانییە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەناوچووە. شەڕ و کێبڕکێی چەکداری، قەتبڕینی نایاساییی دار، بەرفراوانبوونی شارستانی، گۆڕانکاری کەشوهەوا، و کەمی یان نەبوونی بودجەی بەڕێوەبردنی دارستان لە ماوەی قەیرانەکاندا، هەمووی دەستبەدەست کاریگەری خۆیان نیشاندان. لە ساڵی ٢٠١٨، ڕاپۆرتێکی هاوبەش نیشانی دا کە داپۆشینی سەوزایی لە هەرێم کەمبووەتەوە بۆ ١٢.٤٤ لە سەد، کە زیاتر لە ٢.٢ ملیون دۆنم خاکی دارستانی لەدەستچووە لە کەمتر لە دوو دەیەدا. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤، ئاگرەکانی پەیوەستبوو بە شەڕ و ململانێی چەکداری زیاتر لە ١٢٠ هەزار دۆنم دارستانیان وێران کرد.

سەرەڕای ئەوەش، عێراق پێنجەمین وڵاتە لە جیهان لە ئاستی خراپی گۆڕانکاری کەشوهەواوە بە پێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، و گەرمای ناوەندی لە چوار دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢.٥ پلەی سیلیزی بەرز بووەتەوە.

کێشە دامەزراوەییەکانی سەوزکردن و بە دارستانکردن

کێشەی سەرەکی دارستان و سەوزایی کێشەیەکی دامەزراوەییە، نەک ئیکۆلۆجی. بەرپرسیاریەتیی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە لە نێوان چەندین دامەزراوە، بەتایبەتی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاو. هیچ میکانیزمێکی هاوئاهەنگکردنی یەکگرتوو نییە، هیچ خشتەی کاتی پێبەستەیەک نییە، و هیچ شوێنگرتنێکی سیستماتیکی بۆ ئەنجامە پەیوەستدارەکان بە دارستانکردن و سەوزکردن و ماستەرپلانی شار و دەوەوەی شار بە شێوەیەکی دامەزراوەیی بوونی نییە.

کەمپینەکانی نەمام ڕواندن و دروستکردنی دارستانی سروشی بە بەردەوام ڕوماڵی میدیاییان بۆ دەکرێت و دەبیندرێن، بەڵام بەردەوامی لە پەرەپێدان و مانەوەی ئەم نەمامانەدا بەدی ناکرێن و زۆربەیان بەهۆکاری نەبوونی چاودێری پێویست و کاریگەری کەشوهەواوە لەناودەچن. بەبێ بودجەی تایبەت بۆ چاودێری و چارەسەری پاش ڕواندنی نەمامەکان، بەبێ سەرچاوەی ئاوی دڵنیاکراو، و بەبێ بەرپرسیاریەتیی دامەزراوەیی ڕوون، هەوڵەکانی بەدارستانکردن و سەوزکردن ئامانجی خۆی ناپێکێت. وەک مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ووتی: "ئەمە شکستی دیزاینی دامەزراوەیی و خراپ بەکاربردنی سەرچاوەکانە لە ئاستی حکومییدا."

کێشەی ئاو و سیستمی ئاودێری گرنگە. تەنها پرۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر ئاوی بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ دیاری کراوە، بەڵام لەسەرتاسەری هەرێم هیچ چارەسەرێکی یەکگرتووی دابەشکردنی ئاو نییە کە پێداویستیی ئاوی پرۆژەکانی سەوزکردن لەگەڵ پێداویستیی کشتوکاڵ و ماڵان هاوسەنگ بکات.

چارەسەر

چارەسەری کێشەکانی پەیوەست بە پرۆژەکانی سەوزکردن و بەدارستانکردن پەیوەستە بە سێ بابەتی سەرەکییەوە:

یەکەم، یاسای ژینگەی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ دەبێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت تا ئامانجی پێوانەکردنی ڕووبەڕی سەوزایی و بەداتاکردن، و میکانیزمەکانی بەرپرسیاریەتی لەخۆ بگرێت کە ڕەنگدانەوەی راستەقینەی ئاستی ئێستای گۆڕانکاری کەشوهەوا و لەدەستدانی داپۆشینی سەوز بنوێنێت و لەسەر ئەو بنەمایانە سیاسەتی نوێ و گونجاو پەسەندبکرێت.

دووەم، بودجەیەکی تایبەت و جیاکراوەوە دەبێت لەناو هەموو پرۆژەیەکی سەوزکردن و دارڕەزکردندا لە کاتی پلاندانانەوە دابنرێت، تا لە کاتی کورتکردنەوەی بودجە پرۆژەکان بەبێ سیستمی چاودێری لەناونەچن. چاودێری و خزمەتگوزاری پاش ناشتنی نەمامەکان و دارستانەکان دەبێت وەک بەشێکی بنەڕەتی پرۆژە بژمێردرێت، نەک وەک هەنگاوێکی لاوەکی.

سێیەم، دەبێت سیستمێکی ئاشکرای چاودێریی ژینگەیی دابمەزرێت کە ئاستی مانەوەی نەمامی نێژراو پشانبدات و گۆڕانی داپۆشینی سەوز، و چاکبوونەوەی ئیکۆسیستم ساڵانە بەڕاپۆرت بکات، بە شێوەیەک کە کۆمەڵگا، توێژەران، و هاووڵاتیان بتوانن بە ڕوونی گۆڕانکاری و کاریگەری پرۆژە سەوزاییەکان ببینن.

هەرێمی کوردستان کەمی ئیرادە یان سەرچاوەی نییە بۆ هیشتنەوە و پەرەپێدانی پرۆژە سەوزاییەکان و دارستانەکان. ئەوەی کە کێشەیە لایەنی دامەزراوەیی و حکومڕانیی ژینگەیە کە دەبێت لەسەر ئاستی حکومەت بە گرنگ لە ژینگە و پاراستنی بڕوانن و هەنگاوەکانی پاراستنی ژینگە بەدامەزراوەیی بکەن و یاسای نوێی بۆ دەربکەن بە پێی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی کە لە ڕووی ژینگەوە ڕووبەڕووی هەرێـمی کوردستان دەبێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەکە، سەردانی ماڵپەڕی ئینۆڤەیت بکە لێرە.

بڵاویبکەرەوە لە: