innov8, channel8, press, journalists in Kurdistan

ژنانی کورد لەبواری میدیادا و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی پرسی یەکسانی ڕەگەزیی 

لە لایەن iNNOV8 22/04/2024

پەیامی تایبەتی بەڕێوەبەر 

لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، کارێکم هەبوو کە وای دەخواست زۆرجار لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی سەرانسەری جیهان بەرکەوتە و پەیوەندیم هەبێت. زۆرینەی ئەم ڕۆژنامەنووسانە بە نێو خاڵێکی پشکنینی نێوان تورکیا و عێڕاقدا سنووریان دەبەزاند بۆ هاتنە ناو بەشی باکوری عێڕاق، کە ئێستا پێی دەوترێت هەرێمی کوردستانی عێڕاق. لەبەر نەبوونی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدارانی عێڕاق لەسەر سنور کە لە دەرئەنجامی گەشتنە لوتکەی ئەو بارودۆخە سیاسییەی دوای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی گەلی کوردستان هاتە ئاراوە، و هەروەها بەهۆی کۆڕەوە مەزنەکەی کوردەکان بۆ وڵاتانی درواسێ لە کاتی شکست و کەوتنی ڕاپەڕینەکە، سەرجەم ئەم ڕۆژنامەنووسانە لە بنەڕەتدا بە شێوازێکی نایاسایی  دەهاتنە ناو عێڕاقەوە سەرباری پێدانی نووسراوی گەشتکردن لە لایەن دەسەڵاتدارە کوردەکان کە فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان دەکرد. 

 ڕێژەیەکی باشی ئەم ڕۆژنامەنووسانە ژن بوون. بابەتەکان گەرم بوون، ژینگەکە سەرنج ڕاکێشبوو لەبەر دەوڵەمەندییەکەی بە هەواڵ، و ئەو خۆشحاڵیەش بۆ  ورووژاندنی نووسین دەربارەی گەلێک کە زۆر بە باشی ناسراو نەبوون بۆ جیهانی دەرەوە، ئەمە سەڕەڕای ئەوەی ئەم گەلە قوربانی جینۆساید و هێرشی کیمیایی بوون، هاندەرێکی تەواو بوو بۆ هاتنی لێشاوی بەردەوامی ڕۆژنامەنووسان.  

لە بەرەبەیانێکی زووی کۆتایی بەهاری ١٩٩٤، بڕیار وابوو کە یاوەری یەکێک لەم ڕۆژنامەنووسە بیانیانە بکەم، کە ژنێکی بە بەڕیتانی بوو کاری بۆ دامەزراوەیەکی میدیای بەناوبانگ دەکرد، لە هەولێرەوە چووین بۆ سلێمانی بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەڕێز جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی ئەو کاتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ك)، کە دواتر وەک یەکەم سەرۆکی کورد لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاقدا خزمەتی کرد لە پاش نەمانی سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسەین.  

هەردووکمان لە پشتی ئۆتۆمبێلێکی لاندکروزەر دانیشتین، کە نوێترین مۆدێلی ئەو ئۆتۆمبێلە بوو لەو کاتەدا، شۆفێرێک و پاسەوانێکیشمان لەگەڵدا بوو چەکێکی جۆری تاپڕی هەڵگرتبوو، جگەلەوەش، ژمارەیەک پاسەوانی چەکداری دیکەشمان لەگەڵدا بوو، پێشمەرگە بوون، لە ڕیزی سێیەمی جێگای دانیشتنی ناو ئۆتۆمبێلەکە بوون. ئەو کاتەش، جەنگێکی چالاک لە نێوان یەکێتیی و یەکێک لە جوڵانەوە ئیسلامییە کوردییەکان بەڕێوەدەچوو. لەگەڵ گەیشتنمان بە دۆڵێکی پانتایی فراوان کە لە نێوان دووشاری سەرەکیدا بوو، یەکێک لە تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەمان تەقی، دەستبەجێ و بە سەلامەتی ڕاوەستاین، ئەوانەی لەگەڵمان بوون پشکنینیان بۆ تایەی یەدەگی ئۆتۆمبێلەکە کرد، بۆیان دەرکەوت کە تاییەکی هەڵەیان پێیە، جێگەی برغووەکانی تایە یەدەگەکە بۆ شوێن تایەی ئۆتۆمبێلەکە نەدەبوو، ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتین، ئەو ناوچەیەی لێی وەستابووین بەوە ناسرابوو کە زیاتر چەکدارە ئیسلامییەکانی لێیە وەک لەوانەی یەکێتیی، هەر کە شۆفێرەکەمان لە ڕێگەی بێ-تەلە مەودا-دوورەکەیەوە دەستی کرد بە داواکردنی هاوکاری لە بنکەی سەرەکی، ڕاستەوخۆ پاسەوانەکانیش بەسەر لوتکەی گردەکاندا دەستیانکرد بە بڵاوبوونەوە. ئێمەش لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دانیشتین، دەستمان کرد بە گفتوگۆ دەربارەی تەواوی بارودۆخەکە، و لەگەڵ ئەو دۆخە دژوارەی کە خۆمان تێیدا بینیەوە.   

پرسیارم لە هاوسەفەرە ژنەکەم کرد کە ئایا دەترسێت. من هەوڵمدەدا دڵنیایی پێ بدەم کە بەم زووانە یارمەتیمان پێدەگات. لە وەڵامدا وتی "نەخێر." وەڵامەکەی تەواو کردو وتی "من بەتەواوی دەربارەی مەترسییەکانم دەمزانی کە هاتمە ئێرە، و پێشتریش لە چەندین شوێنی هاوشێوەی ئێرەبووم، تەنانەت لە بارودۆخی لەمە خراپتریش." 

پێموایە، لە کاتێکدا هەوڵمدەدا بەردەوامی بە گفتوگۆکە بدەم، پرسیم ئایا چ پاڵنەرێک وای لێکردبێت کە بڕوات بۆ جێگەی وا مەترسیدار. "حەز دەکەم دەربارەی کوردەکان بنوسم. و هەروهاش، دەمەوێت ببم بە ڕۆژنامەنووسێکی پیشەیی، و بۆ ئەوەی ژنانیش بتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن، دەبێت مەترسی زیاتر بگرینەبەر تا خۆمان بسەلمێنین." 

 وەڵامەکەی لە مێشکمدا مایەوە، هیچ مانایەکی نەبوو. من خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووم، هەمیشە وابیرم دەکردەوە کە پرسی یەکسانی جێندەری بەشێکی بنەڕەتی کۆمەڵگە ڕۆژئاوایی و ئەوروپی و دیموکراسییەکانە. بە ڕوونی دیاربوو، کە زانیاری باشم نەبوو لەوبارەیەوە.  

لە کاتی خوێندنەوەی وەڵامی ئەو چاوپێکەوتنانەی کە iNNOV8 لەسەر بابەتی ژنی کورد لە بواری ڕۆژنامەگەریدا ئەنجامی داوە، وەڵامی هاوشێوەم دەکەوتەپێش چاو. یادەوەری ئەو وەستانە بێ پلانەی بەهار لە ساڵانی نەوەدەکاندا، و وەڵامی ئەو پرسیارە لە ناکاوەی کە ئاڕاستەی ژنە ڕۆژنامەنووسە بەریتانییەکەم کرد، بەخێرایی ئەوە هاتەوە یادم، بەڵام ئەمجارە ٣٠ ساڵ زیاتر پێگەشتووترم.  

لە کاتێکدا ژنانی کورد لە دونیای ڕۆژنامەگەریدا لە خەباتدان بۆ ئەوەی جێگای خۆیان بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە  ئەوان تەنیا نین. هێشتا لە سەرانسەری جیهاندا ژمارەیەکی زۆر ژنە ڕۆژنامەنووس هەن کە داکۆکی دەکەن بۆ ناساندنی یەکسانیان لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە ڕۆژنامەوانیەکاندا. 

ئەم فۆکەس گروپەی کە هەڵبژێردراوە مەبەست لێی تێگەیشتنە لەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ئەو ژنانە دەبنەوە کە کار لە میدیا و ڕۆژنامەگەری کوردیدا دەکەن. ڕەنگە ئەم بابەتە بۆ ژنانی دیکەش ڕاستبێت کە لە جێگای دیکەدان، بانگهێشتی خوێنەرانمان دەکەم کە گفتوگۆکە بە زیندووی بهێڵنەوە، دیالۆگەکە پێشبخەن، بیرۆکە و پێشنیارەکانتان بنووسن بۆمان. با گفتوگۆ بکەین دەربارەی هەموو لایەنێکی گرنگ و پێویستی پرسی یەکسانیی نێوان ڕۆژنامەنووسانی ژن و پیاو لە سەرانسەری جیهاندا. 

عیماد فەرهادی 

پوختە 

ئەم توێژینەوەیە کە لەسەر بنەمای ئەنجامدانی ژمارەیەک چاوپێکەوتن ئەنجام دراوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاڵنگاریانەی کە ژنانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کاتێکدا کە کاردەکەن بۆ بەرەوپێبشردنی پرسی یەکسانی جێندەر لە ڕێگەی کارەکانیان لە میدیای کوردیدا. لەگەڵ ئەوەشدا سەرنج دەخاتە سەر ئەو بەربەستە سەرەکییانەی کە ژنان لە میدیادا پێویستە بەسەریدا زاڵبن لە پێناو بەرەوپێش بردنی یەکسانیی جێندەری. بەهۆی کەمی داتا و بەڵگەنامە دەربارەی بەشدارییەکانی ژنان لە یەکسانی جێندەری لە میدیای کوردیدا، iNNOV8  گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک ژنی کورد کرد کە لە کۆمەڵێک ڕۆڵدا لە ناو پیشەی میدیادا دامەزراون بۆ ئەوەی لە بارەی ئەزموونەکانیانەوە فێربێت و چارەسەری ئەو ئاستەنگە سەرەکیانە بکات کە ڕەنگە ڕێگر بن لە بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری. 

پاشخان  

نایەکسانی لە بەشداری ژناندا و نوێنەرایەتی کردنیان لە میدیای جیهانیدا بابەتێکی گشتییە. لایەنی جێندەریی میدیا هەنگاوێکی سەرەتای پێویستە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ژنان لە پێشخستنی یەکسانیی جێندەری لەکاتی کارکردن لە میدیادا. لە بواری میدیادا، پێشخستنی یەکسانیی جێندەری ناتوانرێت جیابکرێتەوە لەو پەرەسندنە ئاڵۆزانەی کە لە کایەی دیجیتاڵیدا هاتوونەتە ئاراوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە سەردەمی دیجیتاڵی مۆدێرندا دیوێکی نوێی پەیوەست بە پرسەکانی جێندەر هاتوونەتە ئاراوە. ئەو ژنانەی کە لە بواری میدیادا کاردەکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کێشەی پەیوەندیدار بە جێندەرەوە دەبنەوە کە لەهەمان کاتدا ڕێگرن لە پێشخستنی یەکسانیی جێندەری، نموونەی ئەمانەش بریتین لە هەراسانکردنی سەرهێڵ یاخود ئۆنلاین، و بێزارکردنی ئەلکترۆنی. ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوون بۆ هاوبەشیکردنەکانی ژنانی کورد دەکات لە میدیاکانی هەرێمی کوردستاندا لە پێشخستنی یەکسانیی جێندەری. بە گەڕان بەناو جیهانی میدیایی بە چاویلکەیەکی جێندەری، iNNOV8  گرنگی دەستنیشانکردنی کێشە دیاری کراوەکانی پەیوەندیدار بە جێندەر دەخاتە بەرچاو کە ڕووبەڕووی ژنانی نێو میدیای کوردی دەبنەوە لە پێشخستنی یەکسانی جێندەری لە هەرێمی کوردستان. نەبوونی سیاسەتی ڕێکخراوەیی یەکسانی جێندەری بەربەستێکی بەردەوامە کە ڕێگری لە توانای ژنانی نێو میدیای کوردی دەکات بۆ هاوبەشیکردن لە داخستنی کەلێنی جێندەری. لە ڕووی مێژووییەوە هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پێشخستنی نوێنەرایەتی و بەشداریی زیاتری ژنان لە هەموو بوارەکانی میدیادا. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا ژنان لە هەوڵەکانیاندا بۆ بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری لە ژینگەی میدیایی ئەمڕۆی کوردستاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، ئەمەش پێویستی بە توانای تایبەت هەیە بۆ تێگەشتن لە ئاڵنگاری و کێشەکانی پەیوەست بە جێندەرەوە. سەرەڕای ئاستەنگەکان، میدیای کوردی هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە زیاد بوونی ژمارەی ژنان لەو بوارەدا، کە لە ڕێگەی دەنگی خۆیانەوە بۆ یەکسانی جێندەری کۆشش دەکەن و پاڵپشتی ئەم پرسە دەکەن. ژنانی نێو میدیای کوردی لەو بەهایە تێگەشتوون کە میدیا هەیەتی، ئەوان میدیا وەکوو ئاسانکارییەکی سەرەکی دەبینن بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی یەکسانی جێندەری و نەهێشتنی دیاردەی جیاکاری. لە بەرامبەر ئەو نایەکسانییە باڵادەستەی کە بوونی هەیە میدیا وەکوو سەکۆیەک بەردەوامە بۆ گەورەکردنی دەنگی ژنان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ هەبوونی نوێنەرایەتییەکی مەزنتری ڕەگەزەکەیان لە میدیای کوردیدا کە ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی یەکسانی جێندەری لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بە گشتی. بێگومان ئەمەش بەهۆی گرنگی میدیاوەیە وەک کاراکەرێک بۆ داخستنی ئەو کەلێنە نایەکسانییە جێندەرییەی کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا باڵادەستە و زاڵە.  

ئاڵنگارییە جێندەرییەکانی پەیوەست بە ژنان لە میدیای کوردیدا 

چەواشەکردنی بەهێزی کولتووری و پیشەیی ژنان لە میدیادا بابەتێکی باوە لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان. لە میدیای کوردیدا، ژنان ڕووبەڕووی هەمان ئاستی سەخت و هەڕەشە دەبنەوە کە پیاوانیش ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام ژنان سەڕەڕای ئەوەش توشی کێشە و بەربەستی پەیوەندیدار بە جێندەریشەوە دەبنەوە.ئەم دیاردەیەی کە ژنان هەم بۆ ڕەگەزەکەیان و هەم بۆ پیشەکەیان دەکرێنە ئامانج، لایەنێکی ئاشکرای ژنانە کە لە میدیای کوردیدا کاردەکەن. جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ژنان و پیاوان بۆ بەدەستهێنان، بەرهەمهێنان و هاوبەشیپێکردنی زانیاری لە میدیای کوردیدا. بەهۆی ئەوەی لە بەرامبەر ئەنجامدانی کارێک بۆیان، ژنان زۆرجار ڕووبەڕووی هەڕەشەی جەستەیی و ئەخلاقیی دەبنەوە. بە پێی ئەو داتایانەی کە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، ژینگەی میدیایی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هەڕەشەی دیاریکراو و پەیوەندیدار بە جێندەر لە دژی ژنان لەخۆدەگرێت، کە بریتیین لە هەراسانکردنی سێکسیی، بێزارکردنی ئۆنلاین و توندووتیژی جەستەیی.  

سیاسەت، ژنان و میدیا: هەڕەشەکانی توندووتیژی جێندەری بەشێکە لە خەباتی جیهانی بۆ ئەو ژنانەی کە بەشداری لە میدیادا دەکەن و لە ڕێگەی کارەکانیانەوە بەشداری دەکەن لە گفتووگۆ و دیبەیتەکانی پەیوەندیدار بە یەکسانیی جێندەری. بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئەو دۆخە پڕ لە ململانێیەی کە عێڕاق و هەرێمی کوردستانی تێدایە، بەربەستەکانی کولتوور، باروودۆخی سیاسیی، ناسەقامگیری، و هەروەها نیگەرانییە ئەمنییەکان، هۆکار گەلێکی سەرەکین کە ڕێگری دەکەن لە پێشخستنی بەشداری پێکردنی ژنان و ویستیان بۆ یەکسانیی جێندەری لە کاتی کاردکردنیان لەنێو میدیاکاندا.

سەرەڕای ئەوەی پێویست ناکات بڵێین کە میدیای کوردی دەبێت بە شێوەیەکی زۆر باش بە پێگەی خۆی سەبارەت بە یەکسانیی جێندەری بچێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خانمە کوردانەی کە لە میدیادا کاردەکەن، پێویستە لەوە تێبگەن کە کاتێک پێشەنگایەتی دەکەن لە هێنانەدی گۆڕانکاری و ئاڕاستەکردنەوەی سەرنجی میدیاکان بەرەو پرسە پەیوەندیدارەکان بە کێشەی جێندەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کە میدیا ئامڕازێکی گرنگە کە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات لەوەی کە چۆن وێنای کێشەکانی پەیوەست بە جێندەرەوە بکات. و بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی پەیوەست بە جێندەر کە دەکرێت ببێتە هۆی ڕێگریکردنی ژنان لە کارکردن لە میدیادا و بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری، نەخشە ڕێگایەکی هەستیاری جێندەری بۆ پاراستنی ژنان لە میدیادا زۆر گرنگە.

بە مەبەستی تێگەیشتن لە ڕۆڵی ژنان لە پێشخستنی یەکسانی جێندەری لە کاتی کارکردن لە میدیادا، نمونەی جیامان هەڵبژارد لەو ژنانەی کە لە میدیای کوردیدا کار دەکەن و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەنجامدان کە ئامانج لێی هاوبەشیکردنی تێڕوانینێکە سەبارەت بەو ئاڵنگارییە ڕەگەزییانەی ژنان لە بواری میدیای کوردیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە و چۆن ئەم ژنانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. لە چاوپێکەوتنەکاندا، ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم ژنان کە لە میدیای کوردیدا کاردەکەن دەخرێنە بەرباس، بە ئامانجی وروژاندنی دیالۆگ بۆ هۆشیاریەکی باشتر سەبارەت بەو دەنگە گرنگەی ژنان هەیانە لە دامەزراندنی میدیایەک کە پاڵنەرەکەی دیدگای هەمەچەشن بێت و بە یەکسانی خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات.

بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنەی iNNOV8 دەیخاتەڕوو دەربارەی ئەوەی کە چۆن کارکردنی ژنان لە میدیادا پرسی یەکسانیی جێندەری بەرەوپێش دەبات، وەرگیراوە لەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ ئەو ژنانەدا ئەنجامدراون کە لە میدیای کوردیدا کاردەکەن؛ دەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە قسەدەکەن کە ڕێگریان لێدەکەن لە بەرەوپێشبردنی پرسی یەکسانی جێندەری لە میدیای کوردیدا. ئەم خشتەیەی خواراوە ئەو ئاڵنگارییە سەرەکییانە نیشاندەدات لەبەردەم ئەو ژنانەی کە لە میدیای کوردیدا کاردەکەن و ڕێگریان لێدەکات لەبەرەوپێشبردنی پرسی یەکسانیی جێندەری.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان لە میدیای کوردیدا دەربارەی پێشخستنی یەکسانیی جێندەری 

ئاڵنگارییەکان کورتەیەک دەربارەیان  
پێشکەوتنی نایەکسانی پیشەیی بەربەستەکانی کە ڕێگرن لە پێشکەوتنی ژنان و دەرفەتەکان بۆ گەشەی پیشەیی لە میدیای کوردیدا. 
کەلێنی یاسایی دەربارەی کێشەکانی پەیوەست بە ڕەگەزی مێینە نەبوونی یاسای پێویست بۆ لەبەرچاوگرتنی بایەلۆجی ژنان و پێویستییە تایبەتەکانی پەیوەندیدار بە جێندەر لە شوێنی کارکردن. 
جیاوازی کردن لە پێدانی موچە نایەکسانی لە داهاتی ژنان و پیاوان لە میدیای کوردیدا، کە ڕەنگدانەوەی نایەکسانیەکی ڕێکخراویی سیستماتیکییە. 
کەمی پاڵپشتی لە میدیای کوردیدا نەبوونی پاڵپشتی یان سەرچاوەی پێویست بۆ ژنان لەناو پیشەی میدیای کوردیدا، ڕێگری لە سەرکەوتنیان دەکات.  
هەڵسەنگاندنی لایەندار هەڵسەنگاندنی نادادپەروەرانەی شێوە کارکردنی ژنان و بەشدارییەکانیان، کە دەبێتە هۆی نایەکسانی لە بەرەوپێشچوون.  
ئاڵنگارییەکان دەربارەری لێهاتوویی ژنان گومان یاخود ئاڵنگارییەکان دەبارەی لێهاتووی ژنان و تواناکانیان سەرباری هەبوونی کارامەیی و لێهاتوویی و بڕوانامە. 
وێنە و باوەڕە تەقلیدی و کۆنە پەرستییەکان دەربارەی جێندەر  چاوەڕوانییە بەردەوامەکانی کۆمەڵگە و بیر و فکرە پێشوەختەکانیان هەمیشە کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و چارەسەرەکان هەیە.  
ململانێکانی ڕاگرتنی هاوسەنگی ژیانی کار و ژیانی ئاسایی. سەختی هاوسەنگی کردنی بەرپرسیارێتییە پیشەییەکان لەگەڵ پابەندبوونە کەسی و خێزانییەکان 
بێزارکردن و جیاکاری بەردەوامی جۆرە جیاوازەکانی هەراسانکردن و جیاکاری و توندووتیژی جێندەری لە شوێنی کاردا. 

دەنگی ناو میدیا کوردییەکان: چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی پاڵپشتیکەری یەکسانیی جێندەری 

ڤینۆس فایەق 

نووسەر و ڕۆژنامەنووس 

پاشخان 

سەرسامی ڤینۆس بۆ خوێندنەوە و نووسین دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای منداڵی. ڤینۆوس سەرەڕای ئەوەی کە بەشی فەلسەفەی لە زانکۆی بەغداد تەواو کردووە، بەڵام خواستی تەواوی ژیانی ئەوە بووە کە ببێت بە پێشکەشکار. لەگەڵ تەواوکردنی زانکۆ لە ساڵی ١٩٩٢، دوابەدوای دەستپێکردنی یەکەمین تۆڕی تەلەفزیۆنی کوردی "گەلی کوردستان" لە شاری سلێمانی، ڤینۆس ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تۆڕی ناوبراوەوە کرد. 

ئەزموون 

ڤینۆس یەکێکە لە ژنە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی لە ناوچەکەدا. ڤینۆس بۆی دەرکەوتبوو کە میدیا هێندە ئامڕازێکی کاریگەرە دەتوانێت لە داڕشتنەوەی بیروباوەڕە باوەکاندا ڕۆڵی هەبێت. لەو کاتەی کە ڤینۆس درکی بە گرنگی پێگەی خۆی کردووە، هەمیشە هەستی بە پابەندبوون کردووە بەرامبەر بە  توێژنەوە و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەگەری بۆ پێشخستنی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری. 

ئاڵنگارییەکان 

لە کۆمەڵگایەکدا کە باوەڕبوون بە تواناکانی ژنان کەمە، بەدەست هێنانی دەرفەتەکانی پیشەیی و بەرەوپێشچوون زیاتر دەبێتە پڕۆسەیەکی پڕ لە ئاڵنگاری و سەختی. ڤینۆس زۆر بە پەرۆشییەوە هەوڵدەدات ڕووبەڕووی  وێنە و باوەڕە تەقلیدی و کۆنە پەرستییەکان ببێتەوە دەبارەی جێندەر، و داکۆکیش دەکات بۆ یەکسانی جێندەری لە شوێنی کاردا. نەبوونی دەسەڵاتێک کە توانای ڕێکخستنی هەبێت لە هەرێمی کوردستاندا و زامنی سەلامەتی و دابینکردنی پاڵپشتی بکات بۆ ئەو ژنانەی کە لە میدیادا کاردەکەن کێشەیەکی بەردەوامە بۆ ژنانی کورد، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە هەمان کاتدا ترسیان لە سەلامەتی خۆیان هەیە و ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە بۆ سەر پیشەکەیان و ڕەگەزەکەیان. ڤینۆس جەختی لە ژمارەیەک ئاڵنگاری دیاریکراو کردەوە کە لە شوێنی کارکردنی میدیادا بوونی هەیە، ئەوانیش بریتیین لە وێنە و باوەڕە تەقلیدی و کۆنە پەرستییەکان دەربارەی جێندەر، بێزارکردنی سێکسیی، و نایەکسانیی لە مووچەدا و هەڵسەنگاندنی نادادپەروەرانە. 

ژین ئیبراهیم  

بێژەر و پێشکەشکاری هەواڵ 

پاشخان 

ژین ئیبراهیم لە دایکبووی کوردستانی ئێرانە، هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە بە قووڵی کاریگەر بووە بە گفتووگۆ سیاسیی و ئابوورییەکانی باوکی. دەستبەجێ وەک بێژەری هەواڵ دەستی بە کاری میدیای کردووە دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ لە بەشی ئابووری، دواتریش هەنگاو بە هەنگاو وەک چاودێری دەنگ و هەواڵساز کاریکردووە و لە کۆتاییدا بووەتە پێشکەشکار. ژین بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پۆستی بێژەری وەرگرت؛ پێشکەشکردنی ئاستێکی نایاب لەو کاتەی کە تاقیکردنەوەی سەرەتایی کامێرای هەبووە لە کاتی یەکەمین چاوپێکەوتنیدا بۆ پۆستی بەرهەمهێنەری هەواڵ، وای لە ژین کرد کە پۆستی بێژەری هەواڵی پێشکەش بکرێت نەک بەرهەمهێنەری هەواڵ. 

ئەزموون  

ژین باوەڕی وایە کە هەر تاکێک خاوەن ڕۆڵێکی بێ هاوتا و گرنگە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە و بێ وەستان هەمیشە هەوڵی داوە کە ئەو ڕۆڵەی هەیەتی باوەشی بۆ بکاتەوە و پەرەیپێبدات. سەرکەوتن ناتوانرێت بە دەست بهێنرێت بە چاوەڕوانی کردنی ئەوەی کە دەرفەتەکان خۆیان بێنە بەردەمت؛ لە جیاتی ئەوە، سەرکەوتن پێوستی بە خۆ پێشخستنێکی بە پەرۆشە. ژین پاپەندبوونێکی بەردەوامی هەیە بەرامبەر بە پیشەکەی، هەوڵدەدات تێڕوانینە پێشوەختەکان بڕەوێنێتەوە و پاڵپشتی یەکسانیی جێندەری بکات لە بوارەکەیدا. 

ئاڵنگارییەکان 

ژین جەخت لەوە دەکاتەوە، "بۆ ئەوەی ژنان بتوانن دەرفەت و بەرەوپێشچوونە پیشەییەکان بە دەست بهێنن، پێویستە دوو هێندە زیاتر لە پیاوان هەوڵبدەن." بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ژنان ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە کە ئەویش ئەوەیە جێگەکانیان بە کەسێکی تر پڕدەکرێتەوە و دووردەخرێنەوە هەر کاتێك کە داوای مافەکانیان دەکەن وەکوو مووچەی یەکسان و پلە بەرزکردنەوە. بە پێچەوانەوە، پلە بەرزکردنەوەکانیش زیاتر بۆ ئەو پیاوانەیە کە داواکاری هاوشێوە پێشکەش دەکەن. لە هەمان کاتدا، ژنان ڕووبەڕووی هەڵسەنگاندنی ناڕەوا دەبنەوە. بۆ نموونە، ڕاشکاوی ژنان بەرامبەر بە هاوکارە پیاوەکانیان ڕەنگە بە هەڵە بگاتە مەبەست بەهۆی وردبینی کردنی زۆر کارەکانیان، کە بە ئاسانی دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی دەنگۆ و قسە و باس، بەم هۆیەوە ژنان توشی کەمی متمانە بەخۆبوون دەبن دەرباری تواناکانی خۆیان لە بەرامبەر هاوتا پیاوەکانیانەوە. 

ئەم بارودۆخەی ژنانیش دووهێندە بووە بە هۆی هۆکارە فیزیۆلۆجییەکانی ژنان، هەروەک چۆن ژمارەیەک لە ژنان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری دەبنەوە لە خستنەڕووی ئەو ناڕەحەتییە جەستەیی و سۆزداریانەی کە بە درێژایی چوونە ناو سوڕی مانگانەوە توشی دەبن.  

نەبوونی پەروەردە و تابۆ کۆمەڵایەتییەکانیش لە دەوری ئەم بابەتە بەشدارە لە کەم بایەخدان بە گرنگی تەندروستیی سوڕی مانگانە.  

ژین دەڵێ، ئەو نۆرم و بیر و باوەڕە کۆمەڵایەتی و ئایینیانەی کە ژنان سنووردار دەکەن ڕەگی سەرەکی ئەم ئاڵنگارییانەن، کە لە دەرئەنجامدا دەبنە هۆی خود-سانسۆری ژنان و کەمی گرنگیدان بە خۆیان. بە هۆی دژایەتی کردنی جیاکاری جێندەرییەوە، ژین ڕووبەرووی ناودوونانی توند بۆتەوە وەک "فێمنیست" و "کەسێکی لە ڕادەبەدەر هەستیار" ناوزەند دەکرێت. ژین ڕووبەڕووی وێنە و باوەڕە تەقلیدی و کۆنە پەرستییەکان دەبێتەوە بە پیشاندانی ئەوەی کە ژنان دەتوانن بە ئارامی بەبێ خۆتێکدان ئەو هەواڵانە پێشکەش بکەن کە لێکەوتدار و گرنگن لە میدیادا.  

لیلیان عەلی 

جێگری بەڕێوەبەری بەرهەم هێنان و پلاندانان 

پاشخان  

لیلیان عەلی دوای حەوت ساڵ لە هاوسەرگیری دەستی کردەوە بە خوێندن لە قوتابخانە، دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە سینەمادا بەدەستهێنا. دوای ماوەیەکی کەم لە تەواوکردنی کۆلێج، لیلیان دەستی کرد بە دروستکردنی ڕیکلام و کاری دەرهێنانی بۆ پێنج فیلمی ماوە-درێژ کرد، یەکێک لەوانە فیلمی "ژووری سوور" بوو، کە براوەی سێ خەڵاتی فیلمی ئیتاڵی-ە. 

ئەزموون 

بەهۆی کارەکەیەوە لە دەزگای میدیایی، لیلیان گەشتۆتە ئەو باوەڕەی کە ڕۆڵی گرنگی میدیا بەرز بنرخێنێت لە پرسی بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری. بە پاڵپشتی بۆردی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوە میدیاییەکەی کە کاری لێدەکات لەگەڵ بەڕێوەبەری بەرهەم هێنان، لیلیان پاڵنەرێکی بەردەوامی هەیە بۆ بەرەپێشچوون و یارمەتیدانی ئەو ژنانەی لە هەمان بواردا کاردەکەن. لیلییان کە ماوەیەکە لە میدیای کوردیدا کاردەکات، هەست بەوە دەکات کە ئەو داکۆکیکەرێکی بەهێز بووە بۆ پرسی یەکسانی جێندەری. بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە دەنگ و ڕەنگ و ناسنامەی ژنان بە شێوازێکی گونجاو ناوزەند دەکرێت لەو پڕۆگرامە بەڵگەفیلمیانەی دەربارەی ژنانن، لیلیان کاری پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو بەڵگەفیلمانە دەکات کە کێشەکانی ژنان باس دەکات لە کۆمەڵگای کوردیدا. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لیلیان مامەڵە لەگەڵ بابەت گەلێکی هەستیار دەکات وەک پرسی لەبار بردنی منداڵ.  

ئاڵنگارییەکان 

لیلیان باس لەوە دەکات کە چەندین ڕێگە هەیە بۆ خۆسەلماندنی تاکێکی ژن، بەڵام ئەم ڕێگایانە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی ژنان درووست دەکات کە لە میدیاکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی پەیوەست بە جێندەرەوە دەبنەوە. جگە لەوەش، ڕەنگە ژنان هەست بە فشارێکی زیاتری دەروونی بکەن بەهۆی نەبوونی ڕێکخستە میدیایەکان کە ڕەچاوی لایەنی بایۆلۆجی ژنان دەکات، لیلیان باوەڕی وایە کە ئەو پەروەردەیەی زۆرینەی خەڵک بینیویانە و پێیان وایە کە ژنان بۆ کارکردن گونجاو نین، هۆکارێکی کاریگەری بەشدارە بۆ ئەم ئاڵنگارییانە. لیلیان تێبینی ئەوەشی کردووە کە لە کاتێکدا هەمووان لە هەمان ژینگەی کۆمەڵایەتیدان، هەندێک لە پیاوان خاوەن پەروەردەیەکی جیاوازن، زیاتر کارکردنی ژنان لە میدیادا قبوڵ دەکەن بە بەروارد بە ئەوانی دیکە. 

نیاز فەتاح 

مامۆستای زانکۆ و پێشکەشکاری پێشووی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن.  

پاشخان 

دوای بەدەست هێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە تەندرووستی کۆمەڵدا، نیاز پیشەی ڕۆژنامەوانی هەڵبژارد، نیاز پێیوابوو کە ئەمە کاریگەرترین ڕێگا دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و گەیشتنی پەیامەکەی بە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک. لە ئەنجامی ئەو کاریگەریە زۆر و فرەلایەنەی سزا ئابورییەکانی سەر عێڕاق هەیانبوو لە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکان، خەڵکی لە پێویستیەکی زۆردا بوون بۆ ڕێکارە تەندروستییە خۆپارێزییەکان تا خۆیان بپارێزن لە نەخۆشی جۆراوجۆر و کوشندە، کە لە هەمان کاتیشدا ئەو دۆخە ئابووریە وای لە خەڵک کردبوو توانای دارایان نەبوو تا پێداویستییە پزیشکییەکانیان بکڕن. نیاز کە خاوەنی دوو بڕوانامەیە لە بواری تەندروستی و ڕۆژنامەوانیدا، باوەڕی وابوو کە ئەو خاوەنی ئەو شتانەیە کە پێویستە بۆ یارمەتیدانی خەڵک و دەستپێکردنی هەڵمەتێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری گشتی لە بارەی ڕێکارە تەندروستییە خۆپارێزییەکان. و باشترین ڕێگا بۆ بەدەست هێنانی ئەم ئامانجە بوون بە ڕۆژنامەنووس بوو.  

ئەزموون   

نیاز تەواوی پیشەکەی لە میدیادا بۆ هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ڕۆژەکانی ڕابردووی کولتووری کوردی تەرخان کردووە کە تێیدا ژنان خاوەنی پێگە و پایە و ئیمتیازاتی تایبەت بوون لە کۆمەڵگای کوردیدا. لە ڕاستیدا، ژنانی کورد خاوەنی هێزێکی زۆر بوون، و هەندێکیان بەشداریان هەبوو لە ئەنجوومەنی گوندەکان. پیاوانی پێشووی کورد کە پابەندی نۆرم و بیرەکانی کولتووری کۆنی کوردی بوون هەمیشە پاڵپشتییەکی بەردەوامیان بۆ ژنان هەبووە و ئەو ژنانەی لە پێگەی سەرکردایەتی کردنی کۆمەڵگادا بوون بە "شۆڕە ژن" ناویان دەبردن کە بە واتای "ژنی ئازا و بوێر" دێت.  

لە بەرامبەر مۆدێرن بوون و گەشەکردنی خێرای شارستانییەتدا، بەهاکانی کولتووری کوردی جێگەیان بە شتی دیکە پڕکراوەتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ لەناوبردن و بێ بەهاکردنی ڕۆڵی ژنان لە دنیای مۆدێرندا. 

لەگەڵ ئەوەشدا، مەبەستی نیاز لە بوون بە ڕۆژنامەنووس هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئامانجەی بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو وێنە و بەهایەی ژنان کە زۆر لەدەمێک بوو هەیان بوو لە کولتووری کوردیدا لە ڕابردوودا. قۆناغی گۆڕانکاری بووە هۆی بارودۆخێک کە تێیدا کولتووری کورد و ئەو ڕێزەی کە لە مێژە بۆ ژنانی دانابوو، هەردووکیان توشی زیان بێت. 

بە بێگوومان میدیای کوردی یەکێکە لە هەرە جێگا سەرەکییەکان کە تێیدا کاریگەری و ڕۆڵی ژنانی سنوردار کردووە لە بەرەوپێشبردنی پرسی یەکسانی جێندەری و بە ئاشکرا ئەمە تێبینی کراوە. ئەمەش بەهۆی ئەو ڕاستییەوەیە کە ئامڕازە مۆدێرنەکانی پەیوەندی کردن و سەدەی دیجیتاڵی لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بەم پرسە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە قوڵی چێندراون دەبارەی ڕۆڵی ژنان و ئازادییەکانی پەیوەست بە بەرکەوتنە میدیایەکان بۆ ژنانی کورد.  

ئاڵنگارییەکان 

لە ماوەی پیشە میدیاییەکەیدا، نیاز ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی بەربەست بۆتەوە و شوێنەوارێکی هەمیشەیی بەجێ هێشتووە لەسەری. ئەو بەردەوام جەختی لەسەر پەرەپێدان و گەشەی کەسی دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نیاز ژمارەیەک بەربەستی گرنگی خستەڕوو لە هەوڵەکانیدا بۆ پەرەپێدان بە یەکسانی جێندەری ئەویش لە ڕێگەی کارەکەیەوە لە میدیادا، ئەوانەش بریتیبوون لە:  

  • کەلێنە یاساییەکان دەربارەی کێشەکانی پەیوەست بە ڕەگەزیی مێینە 
  • پێشکەوتنی نایەکسانی پیشەیی 
  • کەمی پاڵپشتی لە میدیای کوردیدا 
  • وێنە و باوەڕە تەقلیدی و کۆنە پەرستییەکان دەربارەی جێندەر 

ژولیا محەمەد 

بەرهەمهێنەری هەواڵ 

پاشخان  

لە کاتی خوێندن و هەوڵدان بۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە تەکنەلۆجیای زانیاریدا، ژولیا دەستی کرد بە کارکردن لە کەناڵی بی ئێم سی وەکو پەرەپێدەری تەکنەلۆجیای زانیاری. ئەو توانی بە پلەکاندا سەربکەوێت و ببێتە بەرهەمهێن و بەڕێوەبەری پێنج بەرنامە، یەکێک لەوانە بریتی بوو لە بەرنامەی "چیرۆکی خۆشەوستی" کە دڵخوازترین بەرنامەی بینەران بوو. لەو ماوەیەدا، میدیاکان بەردوام جەختیان لەسەر زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران دەکردەوە لە کۆمەڵگەدا. بۆیە ژولیا بڕیاریدا لە ڕێگەی بەرنامەی "چیرۆکی خۆشەیستییەوە" پەیوەندیە هاوسەرگیرییە بەهێزەکانی ناو کۆمەڵگە بخاتە پێش چاوی کۆمەڵ. دوای چەندین ماوە لە کارکردن لە ژمارەیەک دەزگای میدیایدا، لە ئێستادا ژولیا بەرهەمهێنەری هەواڵی ئابورییە.  

ئەزموون  

ژولیا زۆر بە دڵسۆزیەوە گرنگی نوێنەرایەتی کردنی ژنان لە میدیادا دووپات دەکاتەوە، و بە بەردوامی تێڕوانینی جیاوازی خۆی پێشکەش دەکات بۆ پاڵپشتی کردنی ئەم پرسە. یەکێك لە هەرە کوالێتییە سەرسووڕهێنەرەکانی ژولیا، ئەو "هاوسەنگییەیە" کە هاوبەشی پێدەکات لە بەرهەم هێنانی هەواڵدا. لە پێشینە دانانی پرسەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هاوشێوەکانی پاڵنەری سەرەکی ژولیان، بە تایبەتی لە ڕێگەی خستنە بەردیدی تێڕوانینێکی تایبەتی جێندەری سەبارەت بەو پرسانە. 

ئاڵنگارییەکان 

یەکێك لە بەربەستە سەرەکییەکان کە ژولیا جەختی لێدەکاتەوەو ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کاتی هەوڵدان بۆ چونە ناو میدیا بەربەستی کۆمەڵایەتییە کە بەرکەوتنە میدیاییەکانی ژنان و مافی بەدەست گەشتنیان بەو بوارە سنوردار دەکات. وەک دایکێک و ڕۆژنامەنووسێکیش، ژولیا دەبێت ڕێگایەک دابڕێژێت بۆ مامەڵکردنی لەگەڵ ئەرکی پیشەیی و پابەندییە خێزانییەکانی. بە واتایەکی تر، ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێویستە دەستبەرداری کارەکانیان بن ئەگەر نەتوانن لە یەک کاتدا ژیانی کار و ژیانی ئاساییان پێکەوە بگونجێنن و ڕێکیبخەن. کۆمەڵگە بەردەوامە لە شکست هێنان بە درککردن لەوەی کە ژنان دەتوانن بەژداری بکەن لە کۆمەڵگەکەیان و دەبێت پاڵپشتی بکرێن لە ئەنجامدانی ئەم کارە. جگەلەمەش، بەهۆی هەراسانکردن لە شوێنی کار و نا یەکسانی لەبەرەوپێشچوون، بەرەوپێشچوونەکانی ژولیا لە بوارەکەیدا وەستاون. 

چۆپی ئاسکە  

پێشکەشکار و بەرهەمهێنەری ڕادیۆ 

پاشخان  

هەرچەندە بەڕێکەوت چۆپی تووشی کاری ڕۆژنامەگەری بوو، بەڵام لە کۆتاییدا بووە دۆزینەوەیەکی بەختەوەر بۆی. هەر لەبەر ئەمەش ئەو هەمیشە ئامانجی داهێنانە لە کارەکەیدا. لە ماوەی کارکردنیدا لە ڕادیۆی ئێکس ئێف ئێم، پڕۆگرامێکی پڕ لە یادگاری پێشکەش بە گوێگرانی کرد و تا ئێستاش لە یادی هەوادارانیدا ئەو بەرنامەیە ماوەتەوە. و لە ئێستادا پڕۆگرامێکی هاوشێوە لە ڕادیۆی پلەی پێشکەش دەکات. 

ئەزموون 

چۆپی دەڵێت بوون بە پێشکەشکاری ڕادیۆ زۆر لەوە قورسترە کە ببیت بە پێشکەشکاری تی ڤی. چونکە، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی کاریگەر پەیوەندی ببەستێت لەگەڵ گوێگرەکانتدا، تەنها  ئامڕاز لەبەردەستت دابێت وشەیە بۆ ئەنجام دانی ئەم کارە، کە ئەمەش پێویستی بە داهێنەرییەکی زۆر و بەهرەیەکی زۆر هەیە. ئەو پێیوایە کە سەرباری سەختییەکان، ئەزموون وای لێکرد کە وەک ڕۆژنامەنووسێکی ژن دەنگی خۆی دەربخات، بەرگری لە مافی مرۆڤ بکات، و پەرە بە گەشەسەندنە کەسییەکانی بدات. چۆپی دەیەوێت ئەوانەی کە گوێی لێدەگرن تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە و بەکاری بهێنن بۆ دروستکردنی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی. 

ئاڵنگارییەکان 

چۆپی جەخت دەکاتەوە کە لەماوەی گەشتەکەیدا، ئەو ڕووبەڕووی هیچ ڕووداوێکی گرنگ نەبۆتەوە کە پەیوەست بێت بە جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەری. بە پێی تێڕواننی چۆپی، ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی کە خۆیان بۆ پیشەکەیان تەرخان کردووە و لە هەوڵدانین بۆ بەدەست هێنانی ناساندن و دەستکەوتی کەسیی توشی جیاکاری جێندەری نابنەوە.  


بەشداری کردنەکانی ئەو کەسانە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە لە پرسی پێشخستنی یەکسانی جێندەری 

ناوەکان پیشەی ئێستا  بەشداری کردنەکانیان لە میدیادا 
ڤینۆس نوری نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەشداری کردن لە هۆشیاری میدیای کوردیدا لە پرسی یەکسانیی جێندەری لە ڕێگەی نووسینەوە. 
ژین ئیبراهیم  پێشکەشکار و بێژەری هەواڵ بە متمانە بە خۆبوونێکی زۆرەوە هەواڵی لێکەوتدار و کاریگەر پێشکەش دەکات.  
لیلیان عەلی جێگری بەڕێوەبەری بەرهەم هێنان و پلان دانان هەلی پیشەیی و بەرەوپێشچوون دەدات بە ژنان بۆ خستنەڕووی لێهاتوویەکانی تایبەت بە سەکردایەتی کردن. 
نیاز فەتاح مامۆستای زانکۆ و پێشکەشکاری پێشووی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن.   جەخت لەسەر بەهای ئەو ژنە هەواڵبێژانە دەکاتەوە کە هەواڵی نەرم و دڵخۆشکەر دەگەیەنن. 
ژولیا محەمد بەرهەمهێنەری هەواڵ بەشداری پێکردنی تێڕوانینی ژنان لە بەرهەم هێنانی هەواڵدا. 
چۆپی ئاسکە پێشکەشکار و بەرهەمهێنەری ڕادیۆ  بڵاوکردنەوەی چیرۆکی هەوڵدانیی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت یەکسانیی جێندەری بەدەست بهێنن. 

دەرئەنجام   

پیشەسازی میدیا لە هەرێمی کوردستان وەکوو سەکۆیەکی  گرنگ و چارەنووسساز خزمەت دەکات بە ئەو ژنانەی کە کار دەکەن بۆ نەهێشتنی کەلێنی یەکسانی جێندەری. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، ژینگەی میدیایی کوردی بووەتە ئاسانکاری بۆ نایەکسانیی جێندەری و هەڕەشەیەکی زیاتر بۆ سەر ڕۆڵی ژنان لە میدیای کوردیدا. بە پێی ئەو تێڕوانینانەی کە هاوبەشیپێکرا لە لایەن ئەم گروپە لە ژنە پیشەگەرە میدیاییانەدا کە لە لایەن iNNOV8 چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدرا، نەبوونی چوارچێوەیەکی کاری یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە جێندەر لە بواری میدیایی کوردیدا، هەڕەشە جەستەییەکان، و هەراسانکردنەکانی ئۆنلاین سەرجەمیان ڕێگری دەکەن لە بەرەپێشچوونی ژنان لە بوارەکەدا. میدیایی کوردی بەردەوامە لەوەی کە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە لە کەم کردنەوەی نایەکسانیی جێندەری، وەکوو هەڵسەنگاندنی لایەندارانە، پێشکەوتنی نایەکسانیی پیشەیی، و جیاوازی کردنی جێندەری لە پێدانی مووچەدا. لە ڕێگەی دەنگی ژنانی وەک ڤینۆس فایەق، ژین ئیبراهیم، لیلیان عەلی، نیاز فەتاح، ژولیا محمد، و چۆپی ئاسکە کە داکۆکیکەرێکی سەرسەختی پرسی یەکسانیی جێندەرن، iNNOV8 ئەو پەیامە دەخاتەڕوو کە خۆڕاگری و ئیرادەی ژنانی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی پەیوەست بەجێندەرەوە لە میدیایی کوردیدا خەبات لە دژی نایەکسانیی جێندەری بەهێزتر دەکات. لە هەمان کاتیشدا، لە پیشەی میدیادا لە هەرێمی کوردستان پرسی یەکسانیی جێندەری زیاتر بەرەوپێش دەبات و داوای دەرفەتی یەکسان دەکات بۆ هەمووان. 

جۆرەکانی ناوەڕۆك: شرۆڤە ڤیدیۆ و چاوپێکەوتن
بڵاویبکەرەوە لە: