Hungary's Presidency of the Council of the European Union

سەرۆکایەتیی هەنگاریا لە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٤

لە لایەن نور عومەر 04/06/2024

پوختە

  • لە یەکی تەمووزەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، هەنگاریا پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا وەردەگرێت.
  • وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن هەنگاریاوە لە کاتێکدایە، کە ناکۆکی سیاسیی و دابڕان لە نێوان هەنگاریا و یەکێتی ئەوروپادا هەیە بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە پرسی دیموکراسی و سەروەرەی یاساوە.
  • هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکایەتی هەنگاریا دەبێتە هۆی ئاستەنگ بۆ پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا و هەنگاریا و پێویستی بە ڕاگرتنی هاوسەنگی هەیە لە نێوان هەڵوێستە سیاسییەکانی لە ناوخۆ و لەناو یەکێتی ئەوروپادا.

پاشخان  

لە دەستپێکی تەمموزەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، هەنگاریا پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا وەردەگرێت. ئایا بوداپێست جیاوازیە سیاسیەکانی لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا کەمدەکاتەوە، بە تایەتی کە بڕیارە هەنگاریا بۆ ماوەی شەش مانگ بەرپرسی پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بێت؟ لەسەروبەندی یادکردنەوەی یادی (٢٥) ساڵەی بوون بە ئەندامی لە ڕێکخراوی ناتۆ و یادی (٢٠) ساڵەی بەشداریکردنی لە یەکێتی ئەوروپادا، هەنگاریا لە ژێر دەستی حکومەتەکەی فیدێسزدا ئامادەیە بۆ نوێکردنەوەی پرۆفایلە سیاسییەکەی. فیدێس سەر بە پارتی هاوپەیمانی مەدەنی هەنگاریایە، کە بریتییە لە پارتێکی سیاسیی پۆپۆلیستی ڕاستڕەو و نەتەوەیی کۆنەپەرستە لە هەنگاریادا، بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆر ئۆربان. لە کاتێکدا هەنگاریا ڕووبەڕووی ژمارەیەک کێشەی ناوخۆیی هەڵپەسێردراو دەبێتەوە، لەوانەش هەڵاوسان و چەقبەستی ئابووری ، وڵاتەکە ڕووبەڕووی کێشەیەکی  دیکەی جددی دەبێتەوە، کە برتییە لە دابڕان لە یەکێتی ئەوروپا. بەهۆی پاشەکشەکردنی دیموکراسی و هەبوونی تۆمارێکی خراپی پەیوەست بە سەروەری یاسا، ئەم پرسانە هەڕەشە لە داهاتووی هەنگاریا دەکەن لە یەکێتی ئەوروپادا، کە وڵاتانی ئەندام تێیدا سەرکردەی هەنگاریا وەک خۆسەپێن و کەسێکی دەرکراو لە یەکێتییەکە دەناسێنن.

بڕیار وایە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا (٦-٩) حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت و بۆ یەکەمجارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هەنگاریا لە یەک کاتدا بەڕێوەبچن. حکومەتی ئۆربان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری پەیوەست بە داڕشتنی ستراتیژی تایبەت دەبێتەوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، لەوانەش سەرۆکی ئەنجومەنەکە و هەروەها سەرکردایەتی هەنگاریا لەسەر ئاستی نیشتمانی لە بوداپێستدا تا بتوانێت هاوسەنگی لەم پرسەدا ڕابگرن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە سەیری پابەندبوونی هەنگاریا دەکات بە بەها و سیاسەتە هاوبەشەکانی یەکێتییەکە، گرنگترین پرسیار لە ئێستادا ئەوەیە کە هەنگاریا چەندە دەتوانێت ئامادە بێت بۆ ئەو ئاڵەنگارییانەی کە لە پێشیەتی سەبارەت بە حوکمڕانیکردن لە یەکێتی ئەوروپا و برەودان بە سەروەری یاسا.

سەرنج: ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکایەتی هەنگاریا بۆ نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤

  • ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا چیە؟ بۆچی گرنگە؟
  • ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا چۆن کاریگەری لەسەر یەکێتی ئەوروپا دەبێت؟
  • حکومەتی هەنگاریا پلانی هەیە چ بوارێکی سیاسەت لە پێشینەدا دابنێت؟
  • ئایا میکانیزمی سەروەری یاسا و مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا کاریگەری نەرێنی لەسەر هەنگاریا هەیە؟
  • مەودای ئەو ئاڵەنگارییانە چەندە کە چاوەڕوانی یەکێتی ئەوروپا و هەنگاریا دەکەن؟

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا چییە؟ بۆچی گرنگە؟

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی نافەرمی وەک ئەنجومەن ناسێنراوە، کە برتییە لە دامەزراوەیەك کە وەزیرەکانی حکومەت لە هەر وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپادا بێت کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن و هەموارکردنەوە و پەسەندکردنی یاساکان و سیاستەکانی پەیوەست بە هەماهەنگی کردن. وەزیرەکان دەسەڵاتیان پێدراوە کە حکومەتەکانیان پابەند بکەن بە بەکردارکردنی ئەو رێککەوتنانەی لەسەریان پێکهاتوون لە کۆبوونەوەکاندا. ئەنجومەنەکە پێکەوە لەگەڵ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، ناوەندی سەرەکی بڕیاردەری یەکێتی ئەوروپان.

کورتەیەک دەربارەی رۆڵی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا:

  • ڕۆڵ: هەماهەنگی سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا، پەسەندکردنی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا و دەنگی ئەو حکومەتانەی ئەندامن لە یەکێتی ئەوروپا.
  • ئەندامان: وەزیرانی حکومەت لە هەر وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپادا، بەپێی سیاسەتی ئەو ناوچەیە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
  • سەرۆک: هەر وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی ٦ مانگ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپای پێ ڕادەسپێردرێت.

بەرپرسیارێتییەکانی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا چین؟

  • دانوستان و پەسەندکردنی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا، لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا، لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا.
  • هەماهەنگی کردن لەگەڵ سیاسەتەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا .
  • سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا پەرەپێدەدات، لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی ئەوروپی.
  • ڕێککەوتنەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات.
  • بودجەی ساڵانەی یەکێتی ئەوروپا پەسەند دەکات - بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپادا.

پێکهاتە:

هیچ ئەندامێکی جێگیر لە ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپادا بوونی نییە. لەبری ئەوە، ئەنجومەن بە ١٠ پێکهاتەی جیاواز کۆدەبێتەوە، کە هەریەکەیان تایبەتە بە بوارێکی سیاسەت داڕشتن لەژێر گفتوگۆدا. دانانی  وەزیرەکان کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی بوارێکی سیاسی تایبەتیان پێسپێردراوە، ئەمەش بەپێی پێکهاتەی وڵاتەکان دەگۆڕێت. بۆ نموونە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری ئابووری و دارایی "ئەنجومەنی ئیکۆفین"، و وەزیری دارایی هەر وڵاتێک بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات لە چوارچێوەی ئەم ئەنجومەنەدا.

کێ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکان دەکات؟

نوێنەرایەتی باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەکی و سیاسەتی ئاسایش بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیکردنی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنەکە. بۆ هەر خولێکی سەرۆکایەتی کە وڵاتێک لە ئەستۆی دەگرێت، وەزیری ئەو وڵاتە لە بوارە جیاجیاکاندا کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات، بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتی کردنی کۆبوونەوەکان. بۆ نموونە، لە هەر کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وزەی یەکێتی ئەوروپادا، وەزیری وزەی هەنگاریا بەرپرسیارە لە سەرپەرشتی کردنی ئەنجومەنەکە، بەهۆی ئەوەی کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە ئێستادا لە ئەستۆی وڵاتی هەنگاریادایە.

ئەنجومەنەکە چۆن کار دەکات؟

  • وەزیرانی یەکێتی ئەوروپا لەکاتی گفتوگۆکردن یان دەنگدان لەسەر ڕەشنووسێکی دیاریکراوی یاسای یاسادانان لەبەردەم ڕای گشتیدا. هەر بڕیارێک بۆ تێپەڕاندن پێویستی بە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی ئەنجومەنەکە هەیە:
    • ٥٥%ی وڵاتان (بە ٢٧ ئەندامی ئێستا، بە واتای 15 وڵات دێت).
    • لانیکەم ٦٥ %ی کۆی دانیشتوانی یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت.

بۆ ڕێگریکردن لە هەر بڕیارێک، لانیکەم چوار وڵات پێویستە دژی بێت، (کە ٣٥% دانیشتووانی یەکێتی ئەوروپادا دەکات).

  • جگە لە حاڵەتی تایبەت- بابەتگەلی هەستیار وەک سیاسەتی دەرەوە و باجدان کە پێویستیان بە کۆدەنگی هەیە (دەبێت لە بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی ناو یەکێتیەکەدا بێت).
  • پرسە ڕێکاری و کارگێڕییەکان کە پێویستیان بە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان هەیە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا چۆن کاریگەری لەسەر یەکێتی ئەوروپا دەبێت؟

لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤دا، ڕاپرسییەکی ئەوروپی تایبەت بە هەڵبژاردن کە لەلایەن ناوەندی ئیپسۆس بۆ یۆرۆنیوز لە (١٨) وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدرا، تیشک دەخاتە سەر پێکهاتەی پێشبینیکراوی پەرلەمانی داهاتووی ئەوروپا و مەبەستەکانی دەنگدان بەپێی وڵاتان. دەرەئەجامەکانی نێو ڕاپرسییەکە  ئاماژە بە ژمارەیەك لە خاڵی سەرەکی دەکەن:

  1. پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان پێشکەوتنی بەرچاو لە پەرلەمانی ئەوروپادا بەدەست دەهێنن، بۆ یەکەمجار زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا بەدەستدەهێنێت - بەڵام ڕادەی زیادبوونی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر زۆر جیاواز دەبێت.
  2. تەنها هاوپەیمانییەک لە نێوان پارتە پارێزگارەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و لیبراڵەکان دەتوانێت زۆرینەیەکی سەقامگیری هەبێت - هەرچەندە زۆرینەی تایبەتی جێگرەوە لەسەر هەندێک یاسا دەتوانرێت بدۆزرێتەوە.
  3. بەڵام ئەم پێشبینییە کەوتۆتە ژێر کاریگەری ژمارەیەک فاکتەری نەناسراوەوە، لەوانە هەڵوێستی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ گروپانی نەبەستراو بە پارتێکی سیاسیی و گۆڕانکاری لە گروپەکاندا دوای هەڵبژاردن.

پارتە سیاسییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەماندا

لە ئێستادا حەوت گروپی سیاسی لە پەرلەمانی ئەوروپادا هەن:

  1. پارتی گەلی ئەوروپای دیموکراتی مەسیحی (EPP)
  2. سۆسیالیست و دیموکراتەکان (S&D)
  3. ناوەندگەرایی/لیبراڵیی ئەوروپا نوێبکەنەوە
  4. سەوزەکان/ هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا (EFA)
  5. گروپی پارێزەران و چاکسازیخوازانی ئەوروپا (ECR)
  6. ڕاستڕەوترین گروپ، گروپی ناسنامە و دیموکراسی (ID)
  7. گروپی چەپ (GUE/NGL).

٥٢ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا "بەیەکەوە نەبەستراون"- و بەم پێیەش سەر بە هیچ گروپێکی سیاسی نین.

وێنەی یەکەم: پێکهاتەی پێشبینیکراوی پەرلەمانی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢٤-٢٠٢٩). سەرچاوە: ئیپسۆس بۆ یۆرۆنیوز.

ئەم پێشبینییە مانای چییە؟

دوو گرووپی سیاسیی هەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە نوێنەرایەتی خۆیان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا زیاد دەکەن:

  1. گروپی سیاسیی ناسنامە و دیموکراسی  (٨١) ئەندام زیاد دەکەن.
  2. گروپی سیاسی پارێزەران و چاکسازیخوازانی ئەوروپا  (٧٦) ئەندام زیاد دەکەن.

ئەگەر ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە ڕاست بێت، ئەوا بەرەوپێشچوونی پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دیاردەیەکی ڕوونە. ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە گروپە ڕاستڕەوەکان کە بە گومانن لە سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەماندا بەم شێوەیەن:

  • ٢٠٠٤: ٪٨.٧
  • ٢٠٠٩: ٪١١.٨
  • ٢٠١٤: ٪١٥.٧
  • ٢٠١٩: ٪١٨
  • ٢٠٢٤: ٪٢١.٨ (دەرئەنجامی ڕاپرسییەکە)

گۆڕانکارییەکانی نێو پێکهاتەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا مانای چییە؟ هەموو سەرکەوتنێک بۆ ئەو گروپە سیاسییە ڕاستڕەوانەی کە بە گومانن لە سیاستەکانی یەكێتی ئەوروپا بە  (یۆرۆسکپتیکەکان) ناسراون، لەسەر حیسابی پارتی گەلی ئەوروپای دیموکراتی مەسیحی و سۆسیالیست و دیموکراتەکان بەرەوپێش دەچن. پێشبینییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گروپی دیموکرات و پارێزگارانی مەسیحی کە لە ساڵی (٢٠٠٤)دا (٣٦.٦%) ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپای هەبووە، لە ئێستادا پێشبینی دەکرێت (٢٤.٦%) نوێنەرایەتی بەدەست بهێنێت دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیران، لەکاتێکدا گروپی سۆسیال دیموکراتەکان دووچاری دابەزینی (٢٧.٣% بۆ ١٨.٩%) دابەزینی کورسیەکانیانی لێ دەکرێت.

وێنەی دووەم: پارتە سیاسییە پێشەنگەکان بەپێی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە هەڵبژاردنەکانی ٦-٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.

لە حاڵەتی دروستکردنی هاوپەیمانی لەناو پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا، شەش سیناریۆ هەیە بۆ پێشبینیکردنی جۆرەکانی هاوپەیمانی نێوان گروپەکان بە دەنگی زۆرینە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە. پێشبینییەکانی ڕاپرسییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها هاوپەیمانییەکان لەوانەش پارتی گەلی ئەوروپای دیموکراتی مەسیحی، سۆسیالست و دیموکراتەکان و نوێبوونەوە، زۆرینەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا دەبێت.

هاوپەیمانییە ڕاستڕەوەکانی وەک (گروپی پارێزەران و چاکسازیخوازانی ئەوروپا، پارتی گەلی ئەوروپای دیموکراتی مەسیحی، گروپی ناسنامە و دیموکراسی)، هاوپەیمانییە ڕەخنەگرەکانی یەکێتی ئەوروپا (ناسنامە و دیموکراسی، گروپی چەپ، گروپی پارێزەران و چاکسازیخوازانی ئەوروپا) یان تەنانەت هاوپەیمانییە چەپەکان (سەوزەکان/ هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا، سۆسیاڵست و دیموکراتەکان، گروپە چەپەکان) بەس نەدەبوون بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکان. لە هەر حاڵەتێکدا گروپەکانی دیموکرات و پارێزگارانی مەسیحی و نوێکردنەوە، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان دەبێت لە داڕشتنی زۆرینە لە پەرلەمانی داهاتوودا.

بارودۆخە ئەگەریەکانی بۆ پەرلەمانی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا

وێنەی سێیەم: شەش سیناریۆی پێشبینیکراو بۆ هاوپەیمانییە سیاسییەکان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیران.

ئەولەویەتەکانی سیاسەت بۆ یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٩

لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دەکرێت هاوسەنگی دەسەڵاتی ئێستا بگۆڕێت لە بەرژەوەندی هێزە ڕاستڕەوەکاندا، چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە دەکرێت سەبارەت بە ئاراستەی ئەو سیاسەتانەی کە پەرلەمان بڕیاری لەسەر داوە کە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا لە قاڵب دەدات. زۆربەی پرسەکانی سیاسەت، بەپێی ئەولەویەت، لە دەوری ئەم پرسانەی خوارەوە کۆدەبنەوە:

  1. بازرگانی 
  2. ئاسایش 
  3. فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا
  4. وزە 
  5. سیاسەتی ئەلیکترۆنی
  6. سیاسەتی تەندرووستی

ئایا هەنگاریا دەتوانێت لە ڕێگەی پەرلەمان و ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا کاریگەری لەسەر گۆڕانکاری سیاسەتەکان هەبێت؟

وەک لە خوارەوە پشاندراوە، ڕەنگە پارتی فیدێس زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا بە ڕێژەی ٤٧.٦% (٢١ کورسی) بە مەزەندەکردن دەستەبەر بکات. بە لەبەرچاوگرتنی مەبەستی پارتەکە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ گروپی پارێزەران و چاکسازیخوازانی ئەوروپا (ECR) کە گروپێکی ڕاستڕەوە و پێشبینی دەکرێت وەک سێیەم گەورەترین گروپ لە یەکێتی ئەوروپا دەربکەوێت، ڕەنگە پارتی فیدێس توانای کاریگەری دانانی هەبێت لەسەر بڕیارەکانی پەیوەست بە سیاسەت لەسەر ئاستی پەرلەمان. سەرەڕای ئەوەش، وەک سەرۆکی ئەنجومەن، هەنگاریای ڤیکتۆر ئۆربان دەتوانێت کارنامەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دابنێت کە لەگەڵ پێشنیارەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپادا بگونجێت.

وێنەی چوارەم: مەبەستی دەنگدانی هەنگاریا لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا.

حکومەتی هەنگاریا پلانی هەیە چ بوارێکی سیاسەت لە پێشینەدا دابنێت؟

سەرۆکایەتی خولاوەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا هەنگاریا دەخاتە پێگەیەکی ستراتیجییەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی شەش مانگ. بەڵام پێویستە ئەوە لەبیر نەکرێت کە نۆرەی هەنگاریا لە کاتێکی پڕ لە گێژاودا دێت: ڕاستەوخۆ دوای پێکهێنانی پەرلەمانی نوێی ئەوروپا و لە گەرمەی دانوستانەکان لەسەر پێکهاتەی کۆمیسیۆنی نوێی ئەوروپا. گرنگە کە ئاماژە بەم پرسە بکرێت چونکە بەزۆری گرنگترین دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا دوای هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی نەریتی بوارێکی کەمیان هەیە بۆ کارکردن. بۆ نموونە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٩، سەرۆکایەتی فینلاند لە ئەنجومەنەکەدا تەنها لەسەر ١٨ دۆسیە گەیشتە ڕێککەوتن، لە کاتێکدا لە سەردەمی نەمسادا نزیکەی ١٢٨ دۆسیە بوو لە (نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٨)دا. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە، هەنگاریا ڕووبەڕووی ئەرکێکی زۆر قورس دەبێتەوە کە هاوسەنگکردنی هەڵوێستی سیاسیی خۆیەتی لە ناوخۆ و لەناو یەکێتی ئەوروپا و جیهانیدا لە هەمان کاتدا.

ڕەنگە هەنگاریا پابەند بێت بەو ئامانجە سەرتاسەرییەی کە ڤیکتۆر ئۆربان پێشبینی دەکات، کە بریتییە لە خزمەتکردنی وەک ناوەندگیرێک لە نێوان زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە هەمان کاتدا خۆی لە هەر جۆرە پشتگیرییەک بۆ بەرە تایبەتەکان بەدوور بگرێت. وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بەم هەڵوێستە سیاسییە توڕەن، چونکە پێیان وایە ئەندامێتی هەنگاریا لە یەکێتی ئەوروپا بە پابەندبوونێکی کۆنترۆڵنەکراو لەناو یەکێتییەکەدایە. بەم شێوەیە زۆرینەی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا سیاسەتە کراوە یان لیبڕاڵەکانی هەنگاریا بەرامبەر بە ڕووسیا و چین، بۆ نموونە، وەک سیاسەتی دژە یەکێتی ئەوروپا لێکدەدەنەوە. لە دەرئەنجامی ئەم ناکۆکییەی نێوان هەنگاریا و یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ پێشێلکردنی سەروەری یاسا بۆ ماوەی دە ساڵە لەلایەن هەنگاریا، وڵاتەکە کەوتۆتە ژێر سزای بەرچاوی یەکێتی ئەوروپا، کە کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری هەنگاریا هەبووە. ئەمەش لە ئەنجومەنەکەدا ئەنجام دەدرێت کە هەنگاریا  لە بەرنامەیدایە چاکسازییەکان لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتدا لە پێشینەی کارەکانیدا بێت، وەک سیاسەتی یەکگرتوویی یەکێتی ئەوروپا- کە ئامانجی دروستکردنی یەکگرتوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی جیاوازییە لە گەشەپێدانی ناوچەکەدا.

ئەم پۆلانەی خوارەوە تیشک دەخەنە سەر ئەو سیاسەتانەی کە هەنگاریا دەتوانێت لە ڕێگەی ئەنجومەنەوە چی بکات لەکاتێکدا لە کورسی سەرکردایەتیکردنی یەکێتی ئەوروپادایە:

1. لەسەر ئاستی ناوخۆیی: سیاسەتی ئابووری

لە ئاستی دەوڵەتدا، هەنگاریا دەتوانێت لە ڕێگەی پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی ئەنجومەنەوە کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ئابووری هەبێت، بە پلەی یەکەم بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر:

  • بەرزبوونەوەی هەڵاوسان
  • چەقبەستوویی ئابووری
  • گەشەسەندنی گۆشەگیری نێودەوڵەتی

2. لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا: سیاسەتی یەکگرتوویی

سەرنجی سەرەکی لە دەوری کاریگەریکردن لەسەر ئەولەویەتەکانی کۆمیسیۆنی داهاتوو دەبێت. هەنگاریا دەتوانێت ئەم کارە بکات بە پێشکەشکردنی ڕێنمایی نووسراو بە کۆمیسیۆن سەبارەت بە:

  • بوارە تایبەتەکانی سیاسەت (واتە چەقبەستوویی ئابووری)
  • پێشخستنی پەسەندکردنی دەرەنجامە جیاوازەکانی ئەنجومەن (واتە سیاسەتەکانی کۆچبەری)
  • دانانی هەڵوێستی ئەنجومەن لە پرسە جیاوازەکاندا- بەتایبەتی لەسەر سیاسەتی یەکگرتوویی- بوارێکی سەرەکییە بۆ هەنگاریا. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا، هەنگاریا بەهای ڕاستەقینەی دەبێت بۆ زیادکردنی بۆ سیاسەتی یەکگرتوویی سەرکەوتوو لە سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا.

ئایا میکانیزمی سەروەری یاسا و مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا کاریگەری نەرێنی لەسەر هەنگاریا هەیە؟

سزا و گەمارۆدان ستراتیژی سەرەکی یەکێتی ئەوروپا بووە بۆ سزادانی هەنگاریا بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری یاسا و پابەندبوون بە بنەما دیموکراسیەکان. پرسە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا لە هەنگاریا لە ژێر فشارێکی زۆردان، کە وڵاتەکە ناچار دەکات بکەوێتە ژێر میکانیزم و مەرجی یاسایی یەکێتییەکەوە. بەڵام ڕوون نییە کە سەرۆکایەتی هەنگاریا لە ئەنجومەنەکەدا چۆن کاریگەری لەسەر دۆخی ئێستای نێوان یەکێتی ئەوروپا و هەنگاریا دەبێت؛ تەنها شتێک ڕوونە و ئەویش کاریگەری سەروەری یاسا و مەرجی دارایی یەکێتی ئەوروپایە لەسەر تەرخانکردنی بودجە و دارایی بۆ هەنگاریا، لە کاتێکدا کە یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لە ڕێگەی ئامرازەکانی سەروەری یاساییەوە فشارێکی زیاتر دروست بکات. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەنگاریا بە گشتی زیاتر لە ٣٠ ملیار یۆرۆی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا دەستبەسەرکراوە بەهۆی شکستهێنانی جددی لە جێبەجێکردنی سەرەوەری یاسادا. لە ڕاستیدا میکانیزمی مەرجداری یەکێتی ئەوروپا بۆ یەکەمجارە کە لە مێژووی یەکێتییەکەدا بەرامبەر بە هەنگاریا جێبەجێ کراوە. پابەندنەبوونی هەنگاریا بە ڕێسا و مافە بنەڕەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا کە دەبێت لە کاتی جێبەجێکردنی پارەدارکردنە داراییەکاندا یەکێتی ئەوروپادا لەبەرچاو بگیرێت، ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی جددی لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و هەنگاریا. بەهۆی گەمارۆی داراییەوە، هەنگاریا بە تێکڕا نزیکەی ٩ ملیار یۆرۆ دووچاری کورتهێنان لە بودجەی نیشتمانیی یەکێتی ئەوروپا لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٦دا دەبێت. ئەمەش کێشەیەکی زۆر بۆ حکومەتی هەنگاریا دروست دەکات کە لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ هەڵاوسانێکی بێوێنە دەکات بە ڕێژەی ٢٧٪ لە سەرانسەری وڵاتدا.

لە بەرامبەردا حکومەتی هەنگاریا کاردانەوەی هەبووە لەڕێگەی ڕێگریکردن لە بڕیارە گرنگەکان لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا بۆ فشارخستنە سەر یەکێتی ئەوروپا بۆ ئازاد کردنی پارە دەستبەسەرکراوەکانی هەنگاریادا. ئەمەش بەهۆی دەسەڵاتی ڤیتۆی یەکێتی ئەوروپا لە وڵاتانی ئەندامدا لەسەر پرسە ئەمنییەکان و سیاسەتی دەرەوە کە یاسای یەکدەنگی جێبەجێ دەکرێت، ئەگەری هەیە. سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا سەرکەوتوو بووە لە سنووردارکردنی توانای یەکێتی ئەوروپا بۆ مامەڵەکردنی سیاسیی لە ڕێگەی گەمارۆکانییەوە. بۆ نموونە هەنگاریا ڕێگری لە چەندین بڕیاری گرنگی کردووە، وەک:

  • چاکسازی لە سیاسەتی کۆچبەریی یەکێتی ئەوروپا
  • پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ
  • پاکێجی یارمەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا (لەکانوونی دووەمی ٢٠٢٣)

لە دەرئەنجامدا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە بەرواری (١ی شوباتی ٢٠٢٤) ناچار بوو بە ڕادەستکردنەوەی (١٠) ملیار یۆرۆ لە پارە دەستبەسەرکراوەکانی هەنگاریا کە پەیوەست بووە بە مامەڵەی هەنگاریا لەگەڵ پرسی سەروەری یاسادا، بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا. سەرباری ئەوەی کە پێشتر ئۆربان هەڕەشەی بەکار هێنانی ڤیتۆی کردبوو بەڵام لە کاتی دەنگدانەکەدا کارتی ڤیتۆی بەکارنەهێنا. بەم شێوەیە، بە دانانی پێشینە، سەرۆکایەتی خولاوەی ئەنجومەنەکە دەسەڵاتی زیاتر دەداتە هەنگاریا بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسیی و دارایی زیاتر لە یەکێتی ئەوروپا.

مەودای ئەو ئاستەنگانەی کە چاوەڕوانی یەکێتی ئەوروپا و هەنگاریا دەکەن

بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی هەژموونی ڕاستڕەوەکان بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان، وەرچەرخانێک بەرەو ڕاستڕەوی بوون دەتوانێت سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت. ئۆربان چاوەڕێی دەکات بۆ ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بە ئاراستەی خۆیدا بڕوات. ئەمەش شەپۆلێکی نوێی ئاڵەنگاری بۆ یەکێتی ئەوروپا دەخاتە ڕوو، بەتایبەتی کە هەنگاریا دەسەڵاتە دامەزراوەییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، وەک لە کاتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەدا یان لە کاتی دەنگدان بە پرسێکی یەکگرتوو. بەم شێوەیە، ئاڵەنگاری سەرەکی بۆ یەکێتی ئەوروپا تەنها ئەوە نییە کە خۆی بپارێزێت لە بارمتەبوون لەبەردەم دۆخێکی بوون بە دیلی ئەگەری لەلایەن هەنگاریاوە، بەڵکو دۆزینەوەی میکانیزمێکە کە دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەڕەشەکردن بپارێزێت. ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی چاکسازی لە ڕێکارەکانی دروست کردنی بڕیار و کەمکردنەوەی بژاردەکانی ڤیتۆ دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی زەمینەی سیاسیی یەکێتی ئەوروپا لە ئێستادا، بێتوانایی یەکێتی ئەوروپا لە بەکارهێنانی کاریگەرانەی ئامرازەکانی سەروەری یاسا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەنگاریا، یان هەر وڵاتێکی دیکەی ئەندام، دەتوانێت لە شوێنێکدا مافی دەنگدانی خۆیان بەکاربهێنن و ڕێگری لە یەکێتییەکە بکەن کە بگاتە بڕیارێکی دیاریکراو. لە هەمان کاتدا سەرۆکایەتییەکی سەرکەوتوو بۆ هەنگاریا کە ولاتەکە دەتوانێت لە ڕێگەی دانانی کارنامە و برەودان بە یاسادانان بەدەستی بهێنێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی ناوبانگی خۆی لە سەرانسەری یەکێتییەکەدا. هەنگاریا دەبێت جیاوازی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا وەلا بنێت و لە سەرانسەری ئەنجومەنەکەدا بۆ ماوەی سەرۆکایەتی هەنگاریا بگاتە کۆدەنگی لە پرۆسەی دروست کردنی بڕیاردا. لە هەر حاڵەتێکدا یەکێتی ئەوروپا دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیران و لەگەڵ سەرۆکایەتی داهاتووی هەنگاریا لە ئەنجومەنەکەدا، پێکهاتەیەکی جیاواز و ئەولەویەتێکی جیاوازی دەبێت. بۆ دەرئەنجامێکی گونجاو، هەردوولا دەبێت بگەنە خاڵی هاوبەش بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە سەرەکییەکان سەرەڕای گرژی پەیوەندییەکانیان.

جۆرەکانی ناوەڕۆك: کورتە شیکاریی
بڵاویبکەرەوە لە: