
یەکێک لە بنەما جەوهەرییەکانی بەهێزکردنی دیموکراسی لە وڵاتدا، بریتییە لە بەشداری و نوێنەرایەتی کردنی سەرجەم هاووڵاتیان لە دامەزراوە دیموکراسییەکاندا، بە تایبەت لە پەرلەمان و دەستەی یاساداناندا. هانا پیتکین پرسی نوێنەرایەتی کردن دەکات بە سێ پۆلی سەرەکییەوە، کە برتیین لە: نوێنەرایەتی وەسفیی یاخود جۆریی، جەوهەری و ڕەمزی (Pitkin 1967).
لە پرسی ناسنامەدا پێکهاتەی ئێزدییەکان لە هەرێمی کورستاندا، هیچ ناکۆکییەکیان نییە سەبارەت بە ئێزدییبونیان زۆربەیان ئامادەنین ناسنامەی کوردبوون قبوڵ بکەن، بە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕە بەرفراوانەی کە بوونی هەیە دەربارەیان. ڕەگ و ڕیشەی هەڵگرتنی ئەم جۆرە جیاوازە لەخۆناساندن وەک گروپێکی نەتەوەیی جیاواز لەو هەستەوە سەری هەڵداوە کە ئێزدییەکان لە دوای ئەو کارەساتەی کە ڕێکخراوی تیرۆرستی (داعش) بەسەریاندا هێنان، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشت گوێ خران و بەجێهێڵدران. سەڕەڕای بوونی خاسیەتەکانی پێناسەکانی پیتکین لە هەرێمدا، ئەم پێکهاتەیە دووچاری نەبوونی نوێنەرایەتی کردن بوونەتەوە لە پەرلەمان و دەستەی یاسادانانی هەرێمی کوردستاندا. ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی پێکهاتەی ئێزدییەکان ئەندامی ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانن، بەڵام نوێنەرایەتی پێکهاتەی ئێزدییەکان ناکەن و کار ناکەن بۆ برەودان بە بەرژوەندییەکانی ئەو پێکهاتەیە، بە هۆکاری ئەوەی ئەم جۆرە ئەندامانە زیاتر پابەندن بە نوێنەرایەتی کردنی پارتە سیاسییەکەیانەوە نەک ناسنامەکەیان. بۆ ئەوەی پرسی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بە تەواوەتی پێبگات و گەشە بسێنێت، ئەرکی لایەنە سیاسییە بەهێزەکانە کە لانیکەم دەست بە گفتوگۆیەک بکەن لەسەر بەشداریکردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی ئێزدییەکان بە ئامانجی کارکردن بۆ گەرەنتیکردنی کورسییەکی "کۆتا" دیاریکراو بۆ ئێزدییەکان، هاوشێوەی کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا.
عیماد فەرهادی
دە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کەمپەینی جینۆساید کردنی ئێزدییەکان بە دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی (داعش)، لە ئێستادا ئێزدییەکان لە دۆخێکی نادیاری سیاسیدان دەربارەی دڵنیابوونیان لە هەبوونی نوێنەرایەتی کردنێکی یاسایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا. لە دوای پەلامارەکانی داعش بۆسەر نیشتیمانی ئێزدییەکان، شنگال بۆتە ناوەندێکی گرنگی ململانێکان لە نێوان ژمارەیەکی زۆر لە گروپە چەکدارەکاندا. یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەردەوام بوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، برتییە لە بارودۆخی شنگال کە بە "ناوچەیەکی کێشەلەسەر" ناسێندراوە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. لەسەروبەندی هەموارکردنەوەی ئەم دواییانەی یاسایی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە شوباتی (٢٠٢٤)دا، هیچ کورسییەکی "کۆتا" تەرخان نەکرا بۆ ئێزدییەکان، لە کاتێکدا کە پێنج کورسی بۆ مەسیحی و تورکمان و ئەرمەنییەکان تەرخانکرا. زۆر کاری دیکە هەن کە دەبێت بکرێت بۆ دڵناییدان لە پاراستنی مافی ئێزدییەکان، لەوانەش دڵنیایدان لە هەبوونی مافی نوێنەرایەتی سیاسیی وەکوو کەمینەیەکی نەتەوەیی ئاینیی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، بەبێ تواندنەوەی ناسنامە نەتەوەییە ئاینییەکەیان لەنێو ناسنامەی کوردبوون و عەرەببووندا.
لە ساتی سەرهەڵدانی ئایینی ئێزدییەوە لە سەدەی دوازدەدا دەستپێکی بڵاوبوونەوەی ئایینێکی نوێ بە درێژایی خاکی سوریا و باکوری عێراق و ڕۆژهەڵاتی تورکیا سەریهەڵدا. لە سەدەی هەژدەیەمەوە، ئێزدییەکان بەردەوام دووچاری فشاری لەسەریەک بوونەتەوە و کەمپەینی "ئایین گۆڕین یاخود مردن" یان بەرامبەرکراوە، بە تایبەتی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکاندا، بەو پێیەی کە لە تێڕوانینی عوسمانیەکانەوە، ئایینی ئێزدییەکان بەشێک نەبوو لە ئایینە ئاسمانییەکان و ئەمەش ئەو مافەی بە حکومڕانەکانی ئەو کاتە دەدا، کە هیچ یاسایەک نەبێت بۆ پاراستنی ئێزدییەکان. زۆر لە مێژە ئێزدییەکان لە ئەوروپا و دەوڵەتانی ڕووسیا و سوریا و تورکیا ژیاون، ئەمەش بەهۆی کۆچ کردنیانەوە. بەڵام پەیوەندییەکانیان بە زێدی کوردستانی عێراق و گردە کوردنشینەکانی باکوری موسڵ کە (بە شنگال و شەنگالیش ناسراوە) و پیرۆزترین مەزارگەی لالەشی لێیە، لەناونەچووە بەو پێیەی مەزارەکە وەک جێگایەکی سەرەکی مانەوەی ئێزدییەکان دەردەکەوێت لە ناوچەکەدا.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بارودۆخەی کە ئێزدییەکان لە جۆراوجۆری و هەمەڕەنگی پێکهاتەکەیاندا هەیە، ئێزدییەکان نەیانتوانیەوە خۆیان بەدووربگرن لە کاریگەرییەکانی ئیسلامیی کورد و عەرەب و مەسیحییە ئاراماییەکان. لە سەدەی بیستەمدا، ئەم پرسە بە شێوازێکی ئاشکرا بە بارودۆخی ئێزدییەکانەوە دیاربوو، بە تایبەتی لەو کاتەوەی کە پەیوەست کران بە بزووتنەوەی ناشناڵستی کوردییەوە و کرانە ئامانجی سیاسەتی بە عەرەب کردنی سەدام حوسەین، سەرباری ئەوەی بنەچەیان بە فەرمی وەک عەرەب پۆلێن کرابوو. ڕەنگە ئەمەش لەبەر ئەوە بێت کە زۆربەی ئێزدییەکان بە کوردی قسە دەکەن و لە ڕووی خاکیشەوە خۆیان بە زێدی کورد دەناسێنن. بەڵام ئایینە نائیبراهیمییەکەیان لە مێژە شوێنکەوتووانی ئایینی ئێزدی لە لێوارێکی تیژ و بە ئامانج گرتنیان بۆ چەوساندنەوە داناوە. لە نێو وەحشیگەرایەترین دڕندەییەکانی دژ بە ئێزدییەکان، بریتییە لە دڕندەییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە (٣ ئابی ٢٠١٤)دا. هێرشە وێرانکەرەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر شنگال و دواتر ئەنجامدانی هەڵمەتی جینۆسایدی دژی ئێزدییەکان، بۆ هەمیشە ژیانی ئێزدییەکانی گۆڕی. ئێزدییەکان تا ئەمڕۆش لە زیانە جەستەیی و سۆزداریەکانی ئەو هەڵمەتە ساڕێژ نەبوونەتەوە، لە کاتێکدا کە دەیەمیین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەڕێوەدەچێت. لە دوای زنجیرەیەک دڕندەیی کە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدرا، ئێزدییەکان لە ئێستادا بە یەکێک لە گرووپە ئاینییەکانی جیهان دادەنرێت کە لە ژێر مەترسیدان. زۆر شت لەسەر مافە ئایینییەکانی ئێزدییەکان نووسراوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک باس بکرێت لەسەر چۆنیەتی پاراستنی مافە یاساییەکانی نوێنەرایەتی سیاسیی ئێزدییەکان، وەک لە پەرلەماندا، و بۆچی نوێنەرایەتییەکی لەو شێوەیە گرنگە. لەم کاتە گرنگەشدا، ئەوەی لە هەمووی گرنگترە دەستەبەرکردنی مافی دەستوورییە وەک کورسی پشکی "کۆتا" کە لە ڕووی مێژووییەوە بۆ کەمینەکانی دیکەی وەک مەسیحی و تورکمان و ئەرمەنی گەرەنتی کراوە لە کاتێکدا ئێزدییەکان لە سیستمی پشکی "کۆتا"دا پشت گوێخراون. بۆیە دەبێت سەرنج بخرێتە سەر گوێگرتن و دەستنیشانکردنی داواکارییە ناوخۆییەکانی پێکهاتەی ئێزدیی لەبری ئەوەی دەنگەکانیان لە نێو پارتە سیاسییەکانی دیکەی نائێزدییدا بتوێنرێتەوە، کە تەنها بەرژەوەندییان لە دەستەبەرکردنی دەنگی ئێزدییەکانە بۆ دەستکەوتی سیاسیی خۆیان. ئەزموونی ڕابردوو دەریخستووە کە پارتە سیاسییە نائێزدییەکان بەزەحمەت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی ئێزدیی دەکەن، یان هەر گروپێکی کەمینەی دیکە.
نوێنەرایەتی سیاسیی کەمینەکان لە عێراق لە دوای داڕشتنی دەستووری عێراق لە ساڵی (٢٠٠٥)دا، گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەدرێژایی ئەم پرۆسەیە پەرلەمانی عێراق (٩) کورسی بۆ کەمینەکان تەرخانکردووە لە کاتێکدا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (١٩٩٢)ەوە، (١١) کورسی مسۆگەر کردبوو بۆ پێکهاتە کەمینەکان. بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی هەمەچەشنیی کۆمەڵگای نەتەوەیی لە عێراقدا، کەمینەکان بە نزیکەی لە (%١٠) ی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، کە ئەوانیش برتیین لە سریانی، و مەسیحییە کلدان-ئاشوورییەکان؛ بەهایی و جوولەکە و مەندائی و ئێزدیی و هەروەها کەمینە نەتەوەییەکانی وەک کوردانی فەیلی و شەبەک و تورکمان. ئێزدییەکان لە هیچ قۆناغێکدا بۆ مافی یاسادانان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیراون لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق کە ژمارەی دانیشتووانی ئێزدیی کەمترە لە ناوچەی جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کورسییەکی بۆ ئێزدییەکان تەرخان کردووە وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی عێراقی. بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە مانگی شوباتی (٢٠٢٤)دا، (١١) کورسیی تایبەت بە کەمینەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە، کورسی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەبن: پێش شوباتی (٢٠٢٤) و پاش شوباتی (٢٠٢٤).
| گروپە کەمینەکان | کورسی تەرخانکراو لە پەرلەمانی عێراق | کورسی تەرخانکراو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان |
| مەسیحییەکان | 5 | 5 |
| تورکمان | - | 5 |
| ئێزدیی | 1 | - |
| کوردانی فەیلی | 1 | - |
| شاباک | 1 | - |
| مانداییەکان | 1 | - |
| ئەرمەنییەکان | - | 1 |
| کۆی گشتی | 9 لە کۆی 329 کورسی | 11 لە کۆی 111 کورسی |
| گروپە کەمینەکان | کورسی تەرخانکراو لە پەرلەمانی عێراق | کورسی تەرخانکراو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان |
| مەسیحییەکان | 5 | 2 |
| تورکمان | - | 2 |
| ئێزدیی | 1 | - |
| کوردانی فەیلی | 1 | - |
| شاباک | 1 | - |
| مانداییەکان | 1 | - |
| ئەرمەنییەکان | - | 1 |
| کۆی گشتی | 9 لە کۆی 329 کورسی | 5 لە کۆی 100 کورسی |
پشکی کورسییە "کۆتا"کانی کە بۆ کەمینەکان تەرخانکراون لە عێراقدا، ژمارەیەک کەلێنی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، تەنانەت دوای ئەو هەموارکردنەوانەی کە لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدران. لە ئێستادا، ئێزدییەکان بەبێ کورسیی یاسادانان ماونەتەوە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، لە پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە شوباتی (٢٠٢٤)دا و لە پاش ئەو بڕیارەوە، هەمان دۆخی یاساییان هەبووە. ئەمەش دەرخەرێکی سەرەکی ئەوەیە کە نە هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی عێراق ناتوانن زامنی کورسییەکی "کۆتا" بکەن بۆ ئێزدییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، تەنانەت ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق دەستتێوەردانیش ئەنجامبدات. بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی (٢٠٢٤)دا ئێزدییەکانی بێبەش کرد لە هەبوونی نوێنەرایەتییەکی سیاسیی لە پەرلەمانی کوردستاندا، لە کاتێکدا پشکی کورسییە "کۆتا"کانی هەرێم کە تەرخانکراون بۆ گروپە کەمیینەکانی دیکە، وەک ئەرمەنییەکان، لە ڕووی دانیشتوانەوە ژمارەیان لە ئێزدییەکان کەمترە. بۆ هەرێمی کوردستان، ئێزدییەکان وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد ڕەچاو دەکرێن، بەو پێیەش هیچ کورسیەکیان لە پشکی "کۆتا"ی کەمینەکان بۆ تەرخان نەکراوە. بەڵام ئێزدییەکان لەگەڵ ئەم جۆرە تێڕوانینە کێشەیان هەیە کە وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد سەیر بکرێن، لە کاتێکدا کە ئەوان خۆیان وەک گەلێکی بێ هاوتا و خاوەن سامانێکی نەتەوەیی و بیرێکی ئاینیی جیاکراو دەبینن. باوەڕ وایە کە دەکرێت نوێنەرایەتیکردنی ئێزدییەکان لەنێو پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا لە ڕێگەی بوونیان لەناو پارتە کوردییەکاندا، وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەست بهێنرێت. بەڵام پێکهاتەی ئێزدیی بەدەگمەن ئەندامانی ئەم پارتانە بە نوێنەری ڕاستەقینەی چەڵەمەی ئێزدییەکان دەناسێنن. دواین نموونەی نەبوونی نوێنەری ڕاستەقینەی ئێزدییەکان برتییبوو لە ڕێککەوتنی ساڵی (٢٠٢٠)ی سنجار لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە سپۆنسەری (UNAMI) و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا. نەبوونی نوێنەرایەتی ئێزدییە ناوخۆییەکان لەسەر مێزی دانوستانەکان بووە هۆی دروست کردنی ڕێککەوتنێکی ناجێبەجێکراو. کەواتە، ئەو پرسیارەی کە دەمێنێتەوە وەڵام بدرێتەوە، پێوەرەکانی سیستمی یاسایی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی گروپێکی کەمینە بۆ نوێنەرایەتی سیاسیی یاسایی لەبەرچاو بگرن. لە هەمووی گرنگتر، چۆن هەردوو حکومەت پلانیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە فرە ڕەهەندییە هەڵپەسێردراوانەی کە دوای دە ساڵ لە جینۆساید، ڕووبەڕووی ئێزدییەکان بووەتەوە، وەک هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی و کارەبا و ئاوی پاک.
ئەوەی ئێزدییەکان پێویستیانە ئەوەیە کە لە سیستمی یاسایی هەرێمی کوردستان وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی یان ئیتنۆ-ئاینیی جیاواز بناسێنرێن کە مافی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان هەبێت لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی پشکی کورسییە "کۆتا"کانەوە. بە هەمان شێوە گرنگیشە کە پەرەپێدانی سیاسەتی بەڵگەدار لە دەرەوەی پارێزبەندی ئایینی و نەتەوەیی هەبێت - بۆ ئەوەی بەڕاستی کێشەکانی ئێزدییەکان چارەسەر بکرێت، وەک کێشەکانی پەیوەندیدار بە پەروەردە، چاودێری تەندروستی، ژێرخان و گەڕانەوەی سەلامەتی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان، شنگال.