A Review of The Iraqi Military's Readiness and Capabilities in Light of The Growing Threat Posed By ISIS

پێداچوونەوەیەك بۆ ئامادەیی و توانا سەربازییەکانی عێراق لە ژێر ڕۆشنایی زیادبوونی مەترسییەکانی داعش

لە لایەن نور عومەر 18/08/2024

پوختە

  • هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق پاش لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی (۲٠٠۳)دا بووە هۆی دروست بوونی بۆشایی هێز لە عێراقدا، کە دەرئەنجام لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی (القاعدة) ئەم بۆشاییە پڕ کرایەوە و دواتر سەریکێشا بۆ دروست بوونی گروپی تیرۆرستی (داعش)، و بەرفراوانبوونی چالاکییەکانی (داعش) کە کۆمەلگای نێودەوڵەتی ناچار بە دەستێوەدان کرد لە ساڵی (۲٠۱٤)دا.
  • هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان سەرکەوتووبوون لە شکست پێهێنانی گروپی تیرۆرستی داعش لە ساڵی (۲٠۱۷)دا لەڕووی ئەو خاکەی کە لەلایەن گروپەکەوە دەستیبەسەردا گیرابوو، بەڵام لەوکاتەوە (داعش) توانیوویەتی سەرهەڵبداتەوە و بەردەوامی بدات بە هێرشەکانی لە عێراق و سوریادا.
  • سوپای عێراق ڕیزبەندی (٤٥) گرتووە لەسەر ئاستی سوپاکانی جیهان لەڕووی هێزەوە، و ڕووبەرووی ژمارەیەک ئاڵنگاری پەیوەست بە تەکنەلۆجیای سەربازی بووەتەوە. سوپای عێراق پێوستی بە سەرکردایەتیەکی هاوسەنگ و فەرماندەیی و هەیکەلیەتێکی بەهێز هەیە کەدووربێت لە هەر دەستێوەردانێکی ڕێبازی (طائفی) و دەرەکی.

دەستپێک

لە چوارچێوەی ئەو ژینگەیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام بوونی هەبووە و تێیدا هەمیشە پرسە ئەمنییەکان باڵادەستن، دەوڵەتی عێراق جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی نوێی ئەمنی پەیوەست بە تیرۆر دەبێتەوە. ‎شانە نووستووەکانی داعش چالاکانە سەرقاڵی ئەنجامدانی هێرشکردن و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی بوون و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج. بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، و لەگەڵ ئامادەیی سنوردار و هەیکەلی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە هۆکاری سەرەکی ڕەچاو دەکرێن بۆ زیاد بوونی بێ وێنەی هەڕەشەکانی تیرۆر کە ڕووبەرووی سوپای عێراق دەبنەوە. جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززە بووەتە هۆی دروستبوونی بەرەیەکی ئەمنی نوێ بەڕووی دەوڵەتی عێراقدا، بە تایبەتی کە درۆنە خۆکوژی و موشەکە باڵستیکیەکانی تاران بەردەوامن لە بەزاندنی سیستمی بەرگری عێراق و بووەتە هۆی زیادبوونی هەڕەشە ئەمنیەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا. ‎

Emblem of the Armed Forces of Iraq
ئاڵای هێزە چەکدارەکانی عێراق: وەزارەتی بەرگری/عێراق.

 ‎لەگەڵ زیادبوونی گرژیەکان لە غەززە و مەترسی تەشەنەسەندنی بەسەر ناوچەکەدا، مەترسی ئاسایی و نائاسیی دروستبوون کە سەرچاوەکەیان بریتیین لە هەردوو ‎ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان. برەودان و گەشەپێدان دوو پێشمەرجی سەرەکی و چارەسەری کۆتایین بۆ سوپای دەوڵەتە گەشەسەندووەکان، وەک دەوڵەتی عێراق، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانەی کە بوونی هەیە لەلایەن ئەکتەری دەوڵەتی و ناودەوڵتییەکانەوە. ‎بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستیانەی کە دەگوزەرێت، جێگەی بایەخە کە پرسیار بکرێت لەوەی کە چۆن هێزە چەکدارەکانی عێراق پێگەی هێز و خۆڕاگری خۆیان دەپارێزن لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەی کە پەیوەستن بە سنورداری سەرچاوە ئابووری و پیشەسازییەکانی عێراقەوە. لەوەش گرنگتر ئەو نیگەرانیانەن کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا دروست دەبن. ئاشکرایە کە دەوڵەتی عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش لە ساڵی (٢٠١٤)دا پشتی بە هێزە سەربازییە دەرەکییەکان بەستبوو، بۆیە پێویستە کە پێگەی هێزە عێڕاقییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بەرچاوڕوونی هەبێت دەربارەی خاڵە بنەڕەتییە لاواز و بەهێزەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە تایبەتی دوای دووبارە دامەزراندنەوەی سوپای عێراق لە پاش لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)دا.

لە پاش کارەسات و لێکەوتەکانی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، لە بەرواری ١٨ ئابی ٢٠٠٣، دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان فەرمانی ژمارە (٢٢)ی بۆ دامەزراندنی سوپای نوێی عێراق دەرکرد. لە بەرواری ٢١ ئازاری ٢٠٠٤، سوپای نوێی عێراق لە ژێر ناوی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا دووبارە دامەزرێندرایەوە لە ژمارەیەک یەکەی سەربازی ڕژێمی پێشوو، لەوانەش هێزی ئاسمانی، هێزی بەرگری کەناراوەکان، هێزە یەدەگەکان و ژمارەیەک یەکەی سەربازی دیکە. دووبارە دامەزراندنەوەی سوپای عێراق ئامانج لێی شەپۆلێک گۆڕانکاری بوو لەڕووی تەکنەلۆجیا، بنکەی پیشەسازی، سەرچاوەی نیشتیمانی، کارمەند، و تەواوی توانا و ئامادەیی سەربازییەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هێزی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە پێشەنگی تەکنەلۆجیایە لە سەرجەم بوارەکاندا، لەشکرکێشییەکەی بووە هۆی هێنانەدی گۆڕانکاری بەرچاو لە ڕێکخستنی پێکهاتەیی هێزە عێراقییەکاندا. ١٨ ئابی ٢٠٢٤ بیستویەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای نوێی عێراق لەلایەن دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانانەوە لە عێڕاق.

ئەم کورتە توێژینەوەیە ئاڕاستە و پێگەی هێزی سوپای عێراق هەڵدەسەنگێنێت لە ناوەندی هێز و بەدەست هێنانی چەک و گەشەسەندن، هەروەها ژێرخانی بەرگری ئێستای سوپاکە و پێگەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. جگەلەمەش، ژمارەیەک ڕاسپاردە و پێشنیار دەخاتەڕوو بۆ برەودان بە هێزی سەربازی عێراق، بە تایبەتی لە هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی داعش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

Photo of Coalition Provisional Authority Order no. 22 to reestablish the Iraqi Army on August 18, 2003. As indicated in Section 6 of the CPA Order no. 22, the rank structure of the New Iraqi Army is enlisted in ascending order in both English and Arabic alphabets. Credit: UNHCR.
وێنەی یەکەم: وێنەی فەرمانی ژمارە ٢٢ ئ دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی سوپای عێراق لە بەرواری ١٨ ئابی ٢٠٠٣، هەروەک لە بڕگەی شەشەمی فەرمانەکەدا دەردەکەوێت، پێکهاتە و پلەبەندی سوپای نوێی عێراق بە ئەلفابێتی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە. سەرچاوە: UNHCR.

مێژوویەکی کورتی سوپای عێراق

بەشی یەکەم: ١٩٢١ – ٢٠٠٣

ڕەگی ژێرخانی پیشەسازی بەرگری عێراق لە ڕێبازی بەریتانیەوە سەرچاوەی گرتووە لە سەدەی بیستەمدا. لەسەر ئاستێکی بنچینەیی، لە سەرەتای دروست بوونی سوپای عێراق، سوپاکە لە ژێر کاریگەری ڕێباز و پەیڕەوی بەریتانیدا بووە. سوپای عێراق دوای دامەزراندن و ڕێکخستنی لەلایەن شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاوە، لە ساڵی ١٩١٧ ڕۆڵی کۆنترۆڵ کردنی عێراقی پێ سپێردراوە. بە درێژای هێڵە بەریتانییەکان، بە مەشق کەلوپەلی بەریتانییەوە، سوپایەک لە ٣٥٠٠ سەربازەوە بۆ ١١٥٠٠ سەرباز گەشەی کردووە لە نێوان ساڵی ١٩٢٢ بۆ ١٩٣٢. بەم شێوازە، سوپای عێراق وەکوو بەشێک لە پرۆسەی مۆدێرنکردنی عێراق ڕەچاودەکرا، کە هەر زوو یەکەمین هێزی ئاسمانی خۆی لە ساڵی ١٩٣١ دامەزراند. دەستبەجێ ڕەشنووسێکی یاسایی دامەزرێندرا بە ئامانجی سنوردارکردنی کاریگەری سەرۆک هۆزەکان و ئەمەش سوپاکەی بەهێز کرد.  بەڵام هەر زوو سوپای عێراق بووبە بە ئامڕازێکی سیاسیی بۆ دەستپێکردنی ژمارەیەک کودەتای یەک لە دوای یەک لە عێراقدا لە ساڵی ١٩٣٦ بۆ ١٩٤١. بەپێی سیاسەتی پادشای ئەو کاتەی عێراق، پادشا غازی، بۆ برەودان و هاندان بە یەکێتی بوونی دەسەڵاتەکەی لە عێراقدا، سوپای عێراق لە نزیک سنووری کوەیت چڕکرانەوە و جێگیرکران. بە ڕەچاوکردنی ئەو ئاستە مەترسییەی کە سوپای عێراق بە درێژایی سنووری کوەیت سەپاندبووی، سوپای بەریتانی ناچاربوو بە ڕووبەڕوو بوونەوەی سوپای عێراق لە ١ ئاداری ١٩٤١ و توانی شکستی پێبهێنێت لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی جەنگی جیهانی دووەمدا. تا ساڵی ١٩٥٨، سوپای عێراق پشتی بە فرۆکە و کەلوپەلی بەریتانی بەستبوو بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی. دوای شۆڕشە بەدناوەکەی ١٤ تەممووزی ١٩٥٨، حکومەتی نوێی عێراق دەستپێشخەری کرد بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا و لە دەرئەنجامدا، هێزی ئاسمانی عێراق توانی سود لەو بارودۆخە ببینێت لە ڕێگەی خاوەنداری کردنی فرۆکەی سەربازی سۆڤێتی و بەریتانی لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا. سوپای عێراق ئیرادەیەکی چەسپاوی هەبوو بۆ داگیرکردن و لکاندنی دەوڵەتی کوەیت بۆ جاری دووەم، سوپا جارێکی دیکە بە درێژایی سنووری کوەیت جێگیرکران. بەڵام ئۆپەراسیۆنی (ڤانتاج)ـی سوپای بەریتانیا لە ڕێگەی ناردنی سەرباز و فڕۆکە و کەشتی جەنگی، سەرکەوتووانە توانیان هەوڵەکانی سوپای عێراق شکست پێبهێنن بۆ بەزاندنی سنوور

Standing behind, a historical photo of the first pilots of the Iraqi Air Force in 1931. Credit: Old Iraqi Army Archive.
وێنەی دووەم: وێنەیەکی مێژوویی یەکەمین فرۆکەوانانی هێزی ئاسمانی عێراق لە ساڵی ١٩٣١. سەرچاوە: ئەرشیفی سوپای کۆنی عێراق.

وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ هەمەچەشنکردنی چەک و کەلوپەلەکان، سوپای عێراق هەستا بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە هەیکەلیەتی سوپادا لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. سیاسەتی عێراق لەو کاتەدا سەرنجی لەسەر دەستێوەردانەکانی بەریتانیا و سۆڤیەت بوو لە ڕێگەی چەکەکانیانەوە، کە بە شێوازێکی سەرەکی ئامانج لێی دوورکەوتنەوەبوو لە پشت بەستن بە چەکی لە بەریتانی. بەڵام ئاست بەرزی چەکەکانی ڕۆژئاوا بەراورد بە چەکە هاوشێوەکانی سۆڤیەت داواکارییەکانی عێراقی نەهێنایەدی. لە کۆتایدا، ستراتیجی جەنەڕاڵەکانی سوپای عێراق شکستی هێنا  بۆ  ئەنجامدانی گۆڕانکاری تەواوەتی و سەرتاسەری لە سوپادا بەهۆی سێ هۆکاری سەرەکییەوە: (١) نائامادەیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ فرۆشتنی ئاستێکی بەرفروان لە چەک بە عێراق. (٢) کەلوپەلەکانی ڕۆژئاوا نرخیان گران بوو و (٣) پێوستیان بە کاتێکی زۆر بوو بۆ ڕاهێنان کردن بەو سەربازە عێراقییانەی کە بەکاری دێنن. بەڵام هەوڵەکە یارمەتیدەر بوو  لە یەکەم وەجبەی کڕینی چەکدا، بە تایەبەتی گرنگیدان بە کەلوپەلە ڕۆژئاواییەکان، بەم شێوەیە:

  • یەکێتیی سۆڤیەت (١٩٧٣-١٩٩٠): بڕێکی زۆر لە ئامێری سۆڤیەت، کە زۆرینەیانی پێکدەهێنا
  • فەرەنسا (١٩٧٦-١٩٧٧): ٦٤ فڕۆکەی شەڕکەری میراج ئێف ١ و ٢٠٠ تانکی AMX-30
  • ئیتاڵیا (١٩٧٧): ١٠ کەشتی فریگات و کۆرڤێت
  • بەرازیل (١٩٧٨): 200 APCی کاسکاڤێل هەمەجۆر (ساڵانی حەفتاکان): ٢٠٠٠ ئامێری گواستنەوەی کەلوپەلی قورس

ئەو جەنگانەی کە سوپای عێراق لە نێوان ساڵانی (١٩٢١-٢٠٠٣) ئەنجامیداوە:

١٩٤١: جەنگی سوپای ئینگلیز و عێراق

١٩٤٨: جەنگی عەرەب و ئیسرائیل

١٩٦٧: جەنگی شەش ڕۆژی ئیسرائیل

١٩٦١-١٩٧٠: جەنگ دژ بە کورد (جەنگی ناوخۆیی)

١٩٧٣: جەنگی یۆم کیپور (ئیسرائیل)

١٩٧٤-١٩٧٥: جەنگ دژ بە کورد (جەنگی ناوخۆیی)

١٩٨٠-١٩٨٨: جەنگی نێوان ئێران و عێراق

١٩٩١: جەنگی کەنداو ٢٠٠٣: جەنگی دژ بە لەشکرکێشی ئەمریکا

هێزی سەربازیی پێشووی عێراق

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سوپای عێراق توانی گەورەترین لە دەستکەوتەکانی بەدی بهێنێت لە چوارچێوەی پیشەسازی ژێرخانی بەرگری عێراقیدا. بەهۆی ڕکابەرییەکانی لەگەڵ ئێراندا، سوپای عێراق دامەزراوەی بەرهەمهێنانی سەربازیی پێشکەوتووی لە حلە (باشووری بەغداد) دروستکرد و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی موشەک هەڵگری لە فەللوجە (ڕۆژئاوای بەغداد) بنیاتنا. ویستی عێراقی بۆ بوون بە هێزێکی هەرێمی، زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حوسەیندا پەرەیسەند. پێگەی هێزی ژێرخانی بەرگری سوپای عێراق لە بەرهەمهێنانی چەکی قورس و سوکەوە سەرچاوەی گرت کە دواتر زۆر جەنگیان پێ ئەنجامدرا، لەوانەش جەنگی نێوان ئێران و عێڕاق. پیشەسازی بەرگی عێراق بریتیبوون لە پرۆگرامی چەکی جۆراوجۆر، لەوانەش تۆپ هاوێژ، موشەک، فرۆکەی بێ فرۆکەوان، ...هتد. ئەو چەکانەی لە چوارچێوەی پیشەسازی سەربازی عێراقدا بەرهەم دەهێنرا  بریتیبوون لەمانە:

  1. مووشەکی زەوی بۆ زەوی بە مەودای ٤٠٠ میل (بە حوسێن ناسراوە).
  2. موشەکی بالیستیکی مەودا کورت (بە سکودس ناسراوە)
  3. بەرهەمهێنانی موشەک بە مەودای ٣٥ میل دیزاین کراوە لە دوای:
  4. ئەستڕۆسی بەڕازیلی ٢
  5. چۆلەکەی سۆڤیەت ٧
  6. مەودی ٥٥ میلی لیات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی کیمیایی هەیە
  7. موشەکێکی مەودای ٣٠ میل لە ڕووی زەویەوە بۆ سەر ڕووی زەوی (کە بە ئەبابیل ناسراوە)- کە بۆ هەڵگرتنی کڵاوە جەنگی بۆمبی کۆکراوە دیزاین کراوە
  8. پرۆژەی تەقەمەنی عێراقی بەرهەم هێنراوە
  9. تانکی شێری بابل
  10.  بۆمبی ژێر سوور
  11.  مووشەکی ڕێنماییکراو بە لەیزەر
  12. پڕۆژەکانی بەندەرە دەریاییەکان و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی (درۆن) بۆ چاودێریکردنی سەنگەرەکان (ئەم پڕۆژەیە بە تەواونەکراوی ماوەتەوە)
  13. بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ڕاداری ڕەسەن (هاوشێوەی سیستمی هۆشداری و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئەمریکا- فڕۆکەی چاودێری AWACS)
  14. پڕۆژەی ٣٩٥: بەرنامەیەکی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستیکی سووتەمەنی ڕەق لە ڕووی زەویەوە بۆ ڕووی زەوی، وەکو ئەلحوسێن و ئەلسەمود ٢
  15. پڕۆژەی بابل: بەرهەمهێنانی زنجیرەیەک "دەمانچەی سەروو" (ئەم پڕۆژەیە بە تەواونەکراوی ماوەتەوە)
  16. بەرهەمهێنانی تفەنگی قەناس بەدەستی تابوک و سیستەمی تۆپی خۆهەڵگری ئەلفا
  17. بەرهەمهێنانی کانگای بەرکەوتنی دەریایی LUGM-145
  18. بەرنامەی چەکی بایۆلۆجی (تا کۆتایی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١): سوپای عێراق موشەکی هەڵگری کڵاوی بایۆلۆجی تاقیکردەوە، کە ژەهری کۆکە و بۆتولینیۆمی تێدابوو لە بیابانەکانی عێراقدا.

بارودۆخی سوپای عێراق لە ژێر دەستی سەدام حوسەیندا

عێراق خاوەنی ژێرخانێکی پێشکەوتووی بەرگری بوو کە بە یەکێک لە سوپا کاریگەرەکانی ناوچەی کەنداو دادەنرا. بەڵام هێزی سەربازی عێراق بە ئاستێکی زۆر بەرز بە سیاسیی کرابوو و پاڵپشتی لە سەدام حوسەین دەکرد بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی، لەوانەش سەرکوتکردنی شیعە مەزهەبەکان و کوردەکان. بەهۆی ئەو وەسفە پۆپۆلستەی پارتە سیاسییە شۆرشگێڕەکەی، سەدام حوسەین دڵسۆزی و پابەندبوونی سوپای بۆ ڕژێمی بەعس لە پێشینەدا دانابوو، کە لە کۆتایدا بووە ئامڕازێکی سیاسی. ئەو کەسایەتیە سەربازییانەی کە لە ژێر پرسیاردا بوون سەرجەمیان پاکتاو کران و دڵسۆزانی بەعس لە جێگەیان دانرا. پلە بەزکردنەوەی ئەفسەرەکان لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی نەبوو بەڵکو لەسەر بنەمای دڵسۆزی بوو بۆ سەدام حوسەین وەکوو بەرزترین فەرماندە لە سوپادا. دەرئەنجام، ژمارەیەک زۆر لە کەموکورتی لە سوپای عێراقدا سەریهەڵدا کە لە جەنگی ئێران و عێراقدا و جەنگەکانی کەنداودا بە سوپای عێراقەوە دیاربوون.

سەرباری مێژوویەکی پڕ لە تاوانی دڕندانە کە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجامدران لە ژێر چاودێری سەدام حوسەیندا، سوپای عێراق بوو بە ئامڕازێکی لە سێدارەدانی سیاسی. گەلی عێراق کە دەبوایە لەلایەن سوپای عێراقەوە پارێزگاریان لێبکرایە، بوون بە ئامانجی سەرەکی سوپای عێراق. ڕژێمی عێراقیش هاوشێوەی ئەڵمانیای نازی کردەوەکانی خۆی دەشاردەوە و "رێوشوێنی بەکۆمەڵ"ی بەکارهێنا بە مەبەستی لەناوبردنی تەواویی یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی یان ئایینی، وەک نەتەوەی کورد. لە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدا دانیشتووان بە تەواوی بێدەنگ کران.

خەرجییەکانی پەیوەست بە بەرگری و لاوازییە سەرەکییەکان

هیچ وڵاتێکی تری جیهان نەیتوانی لەو بڕە پارەیە نزیک بێتەوە کە عێراق بۆ بەرگری وڵاتەکەی خەرجی دەکرد وەک ڕێژەیەک لە کۆی سامانەکەی. پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە لەندەن، بەرهەمی ناوخۆیی گشتی عێراقی بە ٤٥ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، لەو ژمارەیەش ١٢.٩ ملیار دۆلار--زیاتر ٢٥%--بۆ بەرگری خەرجکراوە. بەپێی ڕاپۆرتی لۆس ئەنجێڵز تایمز، یەکێتی سۆڤیەت لە نێوان ١٥% بۆ ٢٠%ی بەرهەمی ئابووریی خۆی بۆ چەک خەرج کردووە؛ ئەمریکا نزیکەی ٦%ی بۆ سەربازی تەرخان کرد، ئیسرائیلیش--دوژمنی سەرەکی سەام حوسێن--کەمێک کەمتر لە ١٥% بوو.

کێشە درێژخایەنەکانی سوپای عێراق لە سەدام حوسێنەوە دەستی پێکرد کە خۆی وەک فیڵد مارشال (بەرزترین پلەی سەربازی دوای جەنەراڵ) دەستنیشان کرد بەڵام هەرگیز لە سوپادا خزمەتی نەکرد. لاوازییە سەرەکییەکانی لە سوپای عێراقدا بریتیبوون لەمانە:

  • ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی زۆری سوپا لە ناوەندەوە
  • خراپی سەرکردایەتی لە بەرەکانی شەڕدا
  • بێتوانایی ئەفسەران (بەهۆی بەیعەتدانی و دڵسۆزیەوە هەڵبژێردراون نەک پیشەیی و سەربازیبوون)
  • بێ ئەزموون لە شەڕی هێڵی پێشەوەدا (تەنها یەک لەسەر سێی سوپاکە تا ساڵی ١٩٩٠ ئەزموونی شەڕی هێڵی پێشەوەیان هەبوو)
  • نەبوونی تاکتیک و توانای مانۆڕکردن
  • بێتوانا لە مانۆڕکردنی ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و تانکەکان کاتێک ڕووبەڕووی شتە چاوەڕواننەکراوەکان دەبوونەوە
  • هێزی ئاسمانی عێراق گەورە بوو بەڵام لاواز بوو، بەرگری ئاسمانیەکەی بە پێوەرەکانی ڕۆژئاوا سەرەتایی بوو، هێزی دەریایی بە کردەوە بوونی نەبوو.

بەشی دووەم: ٢٠٠٣-٢٠٠٤

سوپای نوێی عێراق: پاش لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣

لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر خاکی عێراق بە "ئۆپەراسیۆنی ئازادیی عێراق" ناسراوە، کە هاتنە ناوەوەی ٢٩٠،٠٠٠ سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنورەکانی باشوری عێراق، لە ڕێگەی بەزاندنی سنوری عێراق و کوەیت لە ٢٠ ئازاری ٢٠٠٣دا دەستیپێکرد. لە باکورەوە، شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ٧٠،٠٠٠ پێشمەرگەی کوردستان ڕووبەڕووی هێزەکانی عێراق بوونەوە. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەیەکی ستراتیجیدا (بە زۆری ئەمریکا) بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ دەستیان بە لەشکرکێشییەکە کرد، لەشکرکێشییەکە لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دژایەتی کرا، هەرچەندە چەند وڵاتێکی کەم پشتیوانی دیپلۆماسییان نیشاندا وەک ئاماژەی پێکرا لە ژمارەکانی خوارەوەدا. تا مانگی ئایاری ٢٠٠٣ ڕژێمی سەدام حوسێن ڕووخێندرا و سوپای عێراق شکستی هێنا. سەرەڕای هەوڵە زۆرەکان بۆ سەلماندنی بانگەشەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ لەلایەن عێراقەوە، بەڵام هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ نەدۆزرایەوە. دوای داڕمانی ڕژێمی بەعس، سەرهەڵدانی توندوتیژی تائیفی وڵاتەکەی گرتەوە کاتێک دڵسۆزانی پێشووی سەدام، لەنێویاندا ئەفسەرە پلە باڵاکانی سوپای عێراق، هێرشی یاخیبوونیان دژی هێزەکانی ئەمریکا دەستپێکرد.

لەگەڵ خێرابوونی شەڕی ناوخۆی تائیفی، تاقمی تیرۆریستیی قاعیدە لە عێراقدا (AQI) هەوڵیاندا توندوتیژییەکان زیاتر بکەن و بەردەوامیاندا بە هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا. لە هەمانکاتدا، عێراق ژمارەیەک هەڵبژاردنی ئەنجامدا و دەنگیدا بە دەستوورێکی نوێ، بۆ حکومەت و پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو. سەرەڕای ئاڵۆزییە تائیفییەکان، شەپۆلی هەڵوەشاندەوەی دامەزراوەکان لە ژێر دەسەڵاتی کاتی هاوپەیماناندا عێراقی لە وڵاتێکی دیکتاتۆرەوە گواستەوە بۆ قۆناغێکی دیکە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا حکومەتی ئەمریکا و عێراق ڕێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١١. ئەمریکا بەپەلە دەستێوەردانی سەربازی دووەمی لە عێراقدا دەستپێکرد کاتێک ڕێکخراوەی ئەلقاعیدەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا  لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سەریهەڵدایەوە.

Most of US allies in Europe opposed the war against Saddam Hussein’s regime, except for the UK and Poland. Credit: BBC
وێنەی ژمارە سێ: زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دژی شەڕی دژی ڕژێمی سەدام حوسێن بوون، جگە لە بەریتانیا و پۆڵەندا. وەرگیراوە لە بی بی سی.
Except for Kuwait, which allowed the US to use its land and air to launch attacks into Iraq, most Middle Eastern countries refused to support the war. Credit: BBC.
وێنەی ژمارە چوار: جگە لە کوەیت کە ڕێگەی بە ئەمریکا دا کە سنووری وشکانی و ئاسمانی خۆی بەکاربهێنرێت بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ ناو عێراق، زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەتیانکردەوە پشتیوانی شەڕەکە بکەن. وەرگیراوە لە بی بی سی.

دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان پاش چەند مانگێک لە لەشکرکێشییەکە، دەستبەجێ هەستان بە هەڵوەشاندەوەی سوپای عێراق لە ژێر فەرمانی ژمارە ٢ی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم دامەزراوانەی خوارەوە:

  • سوپا
  • هێزی ئاسمانی
  • هێزی دەریایی
  • هێزی بەرگری ئاسمانی
  • گاردی کۆماری
  • بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی
  • هێزی ئەلقودس
  • هێزی ئەلتەوایر
  • فیداییەکانی سەدام
  • میلیشیای حزبی بەعس
  • دۆستانی سەدام
  • بەچکە شێرەکانی سەدام (ئەشبال سەدام)

دامەزراندنی سوپای نوێی عێراق بە هێزە چەکدارەکانی عێراق ناوزەندکرا، کە سەرنجی لەسەر توانا بەرگرییە نیشتیمانییەکانی سوپا بوو لەپێناو عێراقێکی ئازاد پاش کۆتایی هاتن بە ئەرکی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان، هەر وەک بە ئاشکرا لە فەرمانی ژمارە ٢ ی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیماناندا ئاماژەی پێکراوە. بە ئاماژەدان بە بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە ١٤٨٣ (٢٠٠٣)، بە مەبەستی دروستکردنی سوپای نوێ، فەرمانی ژمارە ٢٢ی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان ئەرکەکانی سوپای نوێ و هێزەکانی بەرگری نیشتمانیی عێراقی ڕاگەیاند. بەپێی دەقی فەرمانەکە، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان، سوپای عێراق دەتوانێت بناغە بۆ هێزی چەکداری کاریگەر و پیشەیی و ناسیاسیی بۆ بەرگری سەربازی لە میللەت دابین بکات.

ئەرک و پێکهاتەی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا و یاسای دسپلینی سەربازی و بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران لە فەرمانەکەدا هاتووە. بەشی ٩ی فەرمانەکە بەڕاشکاوی چالاکیی سیاسیی یان هەر بۆچوونێکی سروشتی سیاسیی قەدەغە دەکات کە لەلایەن ئەندامانی سوپای نوێی عێراقەوە پابەند بکرێت. بەپێچەوانەی ئەوەی ئەمریکا هیوای بۆ دەخواست، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامی هەیە، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرئەوەی ئامانجە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە ڕێگری لێدەکرا. لە ئەنجامدا ئێران دەرفەتی دانانی بنکەی دەسەڵاتی خۆی لە عێراق قۆستەوە و بە سەرکەوتوویی میلیشیا شیعەکانی خۆی خستە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقەوە و هاوپەیمانەکانی لە ئێستادا دەنگێکی بەهێزیان لە پەرلەمان هەیە.

جێی ئاماژەیە، گەورەترین هەڵە ئەوە بوو کە ٤٠٠ هەزار پیاوی عێراقی ناڕازی و ڕاهێنراوی شەڕانگێزی مانەوە و هیچ داهات و پیشەیەکیان نەبوو کە بوون بە سوتەمەنی سەرەکی یاخیبوونەکەی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و لە کۆتاییدا بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش، یان دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام.

A member of the Iraqi security forces fires artillery during clashes with ISIS militants near Falluja, Iraq, May 29, 2016. Credit: CBS News.
وێنەی ژمارە پێنج: ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کاتی پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی داعش لە نزیک شاری فەلوجە لە عێراق، ٢٩ی ئایاری ٢٠١٦. وەرگیراوە لە سی بی سی.

سوپای عێراق لە جەنگی داعشدا ٢٠١٤-٢٠١٧

ئەو کوشتارە نامرۆڤانەیەی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدران ئەوەی بە بیر دەسەڵاتدارانی عێراق هێنایەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندەوەی سوپای عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا چەند لێکەوتێکی خراپی پێچەوانەی پێشبینییەکان هەبوو. هەزاران ئەفسەری سوپای هەڵوەشاوەی عێراق چوونە ناو ڕیزەکانی داعشەوە و قۆرغی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لاوازەیان کرد کە لەنێو خاکی عێراقدا بوونی هەبوو. بەپێی خەمڵاندنەکان، ٢٥ سەرکردەی باڵای داعش لە کۆی ٤٠ سەرکردەی باڵا پێشتر لەناو سوپای عێراقدا خزمەتی سەربازییان کردووە. داڕشتنی سوپای نوێی عێراق لەگەڵ هێزە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بەبێ فەرماندە و ئەفسەرە بەئەزموونەکانی عێراق لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١١ ڕەنگە ئەرکێکی مەحاڵ بووبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی فەرماندەیی لاوازی سوپای عێراق. کێشەکە؟ ئەمریکا خەباتی کرد بۆ سەپاندنی ڕێباز و پەیڕەوەی سەربازی خۆی بەسەر پێکهاتەیەکی عێراقی کە هیچ پشکنین و هاوسەنگییەکی ناوخۆیی نەبوو بۆ کارکردن کاتێک ڕاوێژکارانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١دا کشانەوە. لە ئەنجامی پێکهاتەیەکی فەرماندەیی پڕ لە کەموکوڕی، زیادەڕەوی لە ناوەندگەرایی بۆ دەستکەوتی دەسەڵات لەلایەن نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەوە، لە شەڕی دژی گروپە تیرۆریستییە چەکدارە قورسەکان، واتە داعش، سوپای عێراق بە خێرایی شکستی هێنا. لە کاتێکدا چەکدارانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرەو پێشەوە ڕۆیشتن، گروپەکە دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر تۆپخانەی قورسدا گرت لە هێزەکانی عێراق لە کاتی هێرشە لەناکاوەکەی سەر شاری موسڵ. بەپێی ئاماری پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان (IISS)، تواناکانی هێزی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا بریتی بوون لە:

  • ٢٧٠ هەزار سەرباز (سوپا)
  • ٥٥٠ هەزار پۆلیسی چەکدار و هێزی تایبەت
  • ٣٤٠ تانکی (تانکی M1 Abrams لە ئەمریکا و فڕۆکەی T-55ی سۆڤیەتی کۆن)
  • هێلیکۆپتەری شەڕکەر بۆ هێرشی ئاسمانی
The Maydan area of Mosul’s Old City, where the last Islamic State militants were corralled and eventually killed by Iraqi security forces. Credit: Ivor Prickett, The New York Times.
وێنەی ژمارە شەش: ناوچەی مەیدان لە شارە کۆنەکەی موسڵ، کە دوا چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی تێیدا ئابڵوقە کران و لە کۆتاییدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کوژران. وەرگیراوە لە: ئیڤۆر پریکێت، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز.

لە ١٠ ئەیلولی ٢٠١٤، ئەمریکا دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی بنکە فراوانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە عێراق ڕاگەیاند. دامەزراوە دیارەکان بریتی بوون لە ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی. هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕێگەی بەشداریکردنی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ هێرشی ئاسمانی و پاڵپشتی لۆجستی و ڕاهێنەر پاڵپشتی شەڕی داعشیان کرد. تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٤، عێراق ڕێککەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد بۆ دابەشکردنی سەرچاوە نەوتی و سەربازییەکانی وڵات بۆ شکستپێهێنانی داعش. گرنگترین وادەکانی شەڕی داعش له ئاداری ٢٠١٥ بوو، کاتێک عێراق ٣٠ هەزار سەربازی له هێرشێکی گەورەدا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تکریت لەدەست داعش جێگیر کرد. بەڵام لە ١٧ی ئایاری هەمان ساڵدا داعش دەستی بەسەر شاری ڕومادیدا گرت. دەوڵەتی ئیسلامی لە بەرزاییەکەیدا فەرمانڕەوایی زیاتر لە ٨٨ هەزار کیلۆمەتر (٣٤ هەزار میل چوارگۆشە)ی دەکرد  بە درێژایی سنووری نێوان سوریا و عێراق. هێڵی کاتی شەڕەکە تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ کە داعش بە شکستی خاکی ڕاگەیەندرا، بەم شێوەیەی خوارەوە:

٢٠١٥

  • ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥: عێراق پاڵاوگەی بێجی کە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی وڵاتەکەیە لە دەستی داعش کۆنترۆڵکردەوە.
  • ٢٢ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥: ئەندامی هێزێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکا لە میانی ئەرکی ڕزگارکردنی بارمتەکانی داعش لە باکووری عێراق کوژرا. یەکەم ئەمریکی بوو کە لە شەڕی زەمینی لەگەڵ داعش گیانی لەدەستدا.
  • ١٣ تشرینی دووەم: هێزە کوردییەکان بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، شنگالیان لە دەستی داعش ڕزگار کرد. ڕۆژی ٢٧ کانونی یەکەم، هێزە سەربازییەکانی عێراق ڕومادییان لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
  • ١٠ی کانونی یەکەم: بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ئەبو ساڵح وەزیری دارایی داعش و دوو سەرکردەی باڵای دیکە لە تەلەعفەر کوژراون.

٢٠١٦

  • ٢٦ی حوزەیران: سوپای عێراق فەلوجەی ئازاد کرد.
  • ٢٢ تشرینی یەکەم: هێزەکانی عێراق قەرەقۆشیان ئازاد کرد کە ناوچەیەکی مەسیحی بوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی موسڵ، کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو.
  • ٢٥ تشرینی یەکەم: داعش کۆنتڕۆڵی نیوەی شارۆچکەی ڕوتبەی ڕۆژئاوای عێراقی کرد کە دەکەوێتە نزیک سنووری سووریا و ئوردن.
  • ٢٨ی تشرینی یەکەم: چەکدارانی داعش دەیان هەزار ژن و پیاو  و منداڵیان وەک قەڵغانی مرۆیی لە موسڵ بەکارهێنا بۆ ئەوەی پێشڕەوی بە هێزەکانی عێراق بگرن.
  • ٢٦ی تشرینی دووەم: پەرلەمانی عێراق. هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک پێکهاتەیەکی یاسایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناساند. ئەم گروپە چەکدارانە دوای ئەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی بەسەر خاکی وڵاتەکەیدا گرت سەریان هەڵدا.

٢٠١٧

  • ٢٣-٢٤ کانوونی دووەم: هێزەکانی حکومەت بەتەواوەتی ڕۆژهەڵاتی موسڵیان لەدەست داعش کۆنترۆڵکرد، ئەوەش دوای 100 ڕۆژ لە دەستپێکردنی هەڵمەتەکە.
  • ٢٤ی شوبات: عێراق دوای هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق بۆ یەکەمجار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی داعش لە ناوخۆی سوریا دەستپێکرد.
  • ١٧ی تشرینی دووەم: هێزە عێراقییەکان شارۆچکەی سنووری ڕاوەیان گرت، کە دوا شارۆچکەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی داعش لە عێراقدا مابووەوە.
  • 9ی کانونی یەکەم: عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکەوتنی بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕاگەیاند.

٢٠١٩

  • ٢٦ی تشرینی یەکەم: سەرکردەی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کوژرا.

پێنج خاڵی لاوازی سەرەکی هێزە عێراقییەکان لە کاتی شەڕی داعشدا

  •  هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دوای لەشکرکێشیەکەی ساڵی 2003 بووە هۆی دوورخستنەوەی فەرماندە و سەربازە بەئەزموونەکان، ئەمەش لە بەرامبەردا بۆشایی دەسەڵاتی دروست کرد کە دواتر داعش قۆستییەوە.
  • کاریگەری تائیفی: سوپای عێراق بە لابردنی فەرماندە سوننەکان لەلایەن نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە لاواز بوو، کە لە شوێنی ئەوان دڵسۆزانی شیعەی کەم لێهاتووی دانا. ئەم کارە سوپای گۆڕی بۆ هێزێکی تائیفی.
  • نەبوونی یەکگرتوویی: هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی سوپای عێراق پێکهاتەکەی تێکدا، لە ئەنجامدا ئاڵنگاری دروستبوو لە دامەزراندنەوەی هێزێکی یەکگرتوو و کاریگەر کە توانای بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوونەکانی وەک داعشی هەبێت.
  • دواکەوتنی چاکسازی لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق: گروپە یاخیبووەکان، وەک داعش، توانیان لە ماوەی ناسەقامگیریدا، خاک و هێزی خۆیان فراوان بکەن لە ئەنجامی پڕۆسەی خاو و خراپی بەڕێوەبردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
  • لەدەستدانی سەربازی بەئەزموون: سەرکردایەتی و کاریگەریی شەڕی گروپە یاخیبووەکان، وەک داعش، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە بەهۆی دامەزراندنی زۆرێک لە ئەفسەر و سەربازە سوننە دەرکراوەکان لەنێو ڕیزەکانی داعشدا، کە دوای هەڵوەشاندنەوەکە بێکار مابوونەوە.

داعش تا چەند هەڕەشەیە؟

دوای ١٠ ساڵ لە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی خەلافەتەکەی داعش لە عێراق و سوریادا، ئەو گرووپە جیهادییە توندڕەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین هێرشی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهان ڕاگەیاندووە، دیارترینیان هێرشی چەکدارانی داعش بوو بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە مانگی ئازاری٢٠٢٤  کە لانیکەم ٦٠ کەسیان کوشت و بوونە هۆی برینداربوونی ١٤٥ کەس.شەڕی پەرتبوونی داعش دوای لەدەستدانی مۆڵگەکانی لە دووەم گەورەترین شاری موسڵی عێراق و لە ڕەققەی سوریا دەستیپێکرد. هەرچەندە ئاڕاستەکان ئاماژەی بەوەدا کە داعش بەرەو ئەفریقا دەڕوات، بەڵام گروپەکە چەندین هێرشی خۆکوژی گەورەی لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق ئەنجامداوە و هەم خەڵکی مەدەنی و هەم هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان کردووەتە ئامانج. لە ئێستادا سەرەڕای لەدەستدانی بنکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گروپی داعش لە ئێستادا سەرلەنوێ لەسەر ئاستی جیهان چالاکی ئەنجامدەدەن. دوابەدوای چەند ساڵێک لە کەمبوونەوەی تواناکانی، داعش لە پشت ٢١٢ هێرشەوە بوو لە سوریا و عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بانگەشەی ئەنجامدانی ١٥٣ هێرشی کردووە لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا، بەگوێرەی بەیاننامە و بەرپرسانی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا. زیادبوونی ژمارەی هێرشەکانی داعش، توانای گروپەکە نیشان دەدات بۆ قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە شوێنی لەدایکبوونی خۆیدا هەیە، کە بریتیین لە عێراق و سوریا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی واڵ ستریت جۆرناڵ لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢٤، داعش توانای هێزی چەکداریی و هێزی مرۆیی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە لە ڕێگەی ڕاهێنانی منداڵان و ڕاهێنانی دامەزراوەکان بۆ ئەوەی ببنە کەرەستەی ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژی. بەپێی زانیارییەکان داعش هەوڵدەدات خەلافەتی ئیسلامی خۆی زیندوو بکاتەوە و هێزی خۆی لە بیابانی باکووری عەرەبی وەربگرێتەوە، کە بە چەمی ئوردنی ناسراوە.لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە سەرهەڵدانەوەی داعش لەسەر ئاستی جیهانی دەبێت چونکە گروپە لاوەکییەکانی سەر بە داعش پێشتر هێرشی تیرۆریستییان لە ئەوروپا و ئاسیا ئەنجامداوە، وەک لە کۆمەڵکوژی کۆنسێرتەکانی مۆسکۆدا دیارە.

A convoy of trucks carrying people to detention camps on November 2, 2019, after they had fled areas held by the Islamic State in eastern Syria. (Ivor Prickett/The New York Times).
وێنەی ژمارە حەوت: کاروانێک لە بارهەڵگرەکان لە کاتی گواستەنەوەی خەڵ بۆ کەمپەکانی دەستبەسەرکردن لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، دوای ئەوەی لە ناوچەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵهاتبوون. وەرگیراوە لە (ئیڤۆر پریکێت/ نیویۆرک تایمز).

سەرهەڵدانەوەی داعش چۆنە؟

چەکدارانی داعش ڕەوتێکی نوێ دادەڕێژن لە بەشداریکردنیان لە چالاکییە تیرۆریستییەکان و کۆمەڵێک تەحەددای نوێ بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان دروست دەکەن. تاکتیکی نوێی ئەم گروپە جیاوازە لە شێوازەکانی پێشووی: لەبری ئەوەی گروپە گەورەکانی چەکدارانی داعش بە تانک و دۆشکە گوندەکان داگیر بکەنەوە (وەک ئەوەی لە قۆناغە یەکەمەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر عێراق و سوریا ڕوویدا)، گروپەکە پەنایان بردۆتە بەر تاکتیکی گەریلایی، لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی بچکۆلە و تەڵەی بۆمبڕێژکراو. لە ئێستادا تەنها ئەمریکا ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق و ٩٠٠ سەربازی لە سوریادا هەیە. لەبری ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەن لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانا سەربازییە گرنگەکانەوە، داڕێژەرانی سیاسەت لە بەغدادەوە سەرقاڵی داڕشتنی پلانی دەرکردنن بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. لەگەڵ هەڵکشانی هێرشەکانی داعش، چالاککردنی دەستبەجێی خانە نوستووەکان لە عێراق هەنگاوێکی چاوەڕوانکراوی داهاتووە بۆ داعش.

سوپای عێراق: خاڵە بەهێزەکان و  ئاستەنگەکانی سەردەمی دوای داعش

عێراق ڕیزبەندی ٤٥ لە کۆی ١٤٥ وڵاتی گرتووە لە پێداچوونەوەی ساڵانەی هێزی سەربازی جیهانیدا، وەک لە خشتەی زانیاریی خوارەوەدا ڕوون کراوەتەوە. عێراق خاوەنی نمرەی پێوەرەکانی هێزی ٠.٧٤٤١ە و نمرەی سفر لە هەڵسەنگاندنی (GFP)دا بە ناوازە دادەنرێت. توانا گشتییەکانی عێراق لە وێنەی ژمارە هەشتی خوارەوەدا ئاماژەیان پێکراوە.

ڕیزبەندی سەربازی ٢٠٢٤ – ڕوونکردنەوە

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە دامەزراوەی (GFP) جیهانی  نمایشێکی شیکاری ناوازەی داتاکانی تایبەت بە ١٤٥ هێزی سەربازی مۆدێرن پێشکەش دەکات. ئەم ڕیزبەندیە لەسەر بنەمای توانای ئەنجامدانی شەڕ هەر نەتەوەیەکە لەسەر ئاستی وشکانی، دەریا و ئاسمانی. ئەنجامەکان بەهاکانی پەیوەست بە هێزی مرۆیی، ئامێر، سەرچاوە سروشتییەکان، دارایی و جوگرافیی لەخۆدەگرن کە بە ٦٠+ هۆکاری تاکەکەسی نوێنەرایەتی دەکرێن کە لە داڕشتنی ڕیزبەندییە کۆتاییەکانی (GFP) بەکارهێنراون، ئەمەش وردەکارییەکی سەرنجڕاکێش پشاندەدات دەربارەی ئەوەی کە جیهان تادێت ناجێگیرتر دەبێت. هێزی سەربازی لە ڕێگەی نمرەی پێوەرەکانی هێز (PwrInd)ەوە دەپێورێت کە نمرەی 0.0000 بە تەواو دادەنرێت.

١٠ هێزی سەرەکی لە ساڵی ٢٠٢٤

1. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

2. ڕوسیا

3. چین

4. هندستان

5. کۆریای باشوور

6. شانشینی یەکگرتوو

7. ژاپۆن

8. تورکیا

9- پاکستان

10. ئیتاڵیا

هێزەکانی کەنداو ٢٠٢٤

1. ئێران

2. سعودیە

3. عێراق

4. ئیمارات

5. کوەیت

6. عوممان

7. بەحرەین

Iraq’s general capabilities. Credit: GFP
وێنەی ژمارە هەشت: توانا گشتییەکانی عێراق. وەرگیراوە لە دامەزراوەی GFP

داتاکانی GFP پێوانەکردنی توانا و هۆکارە گرنگە جیاوازەکان لەبەرچاو دەگرێت، وەکو دارایی، جوگرافیا و هێزی مرۆیی. ئامارەکانی دارایی و هێزی مرۆیی سوپای عێراق بەم شێوەیەن بۆ ساڵی ٢٠٢٤:

وردەکاریپێوەرجۆر 
$٣٩٠,٢٦٥,٠٠٠,٠٠٠یەکسانی هێزی کڕیندارایی 
$٦٤,٢٣١,٠٠٠,٠٠٠دراوی بیانی/زێڕ 
$٥,٢٥٢,٠٠٠,٠٠٠بودجەی بەرگری 
$٧٥,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠قەرزی دەرەکی 
٤١,٢٦٦,١٠٩کۆی گشتی دانیشتووانهێزی مرۆیی 
١٧,٣٣١,٧٦٦هێزی مرۆیی بەردەست
١٤,٠٣٠,٤٧٧گونجاوە بۆ خزمەتکردن 
٢٩٢,٠٠٠کۆی گشتی کارمەندانی سەربازی
٧٠١,٥٢٤ساڵانەی گەیشتن بە تەمەنی سەربازی
١٩٣,٠٠٠کارمەندی چالاک
سفرکارمەندانی یەدەگ
١٠٠,٠٠٠نیمچە سەربازی؛ ژمارەکان زیاترن لە ڕاپۆرتەکانی   (GFP)دا.  
٥٠٠٠کارمەندانی هێزی ئاسمانی
١٧٥,٠٠٠کارمەندانی سوپا 
١٢,٥٠٠کارمەندانی هێزی دەریایی
خشتەی یەکەم: داتا گریمانەییەکان بۆ توانا گشتییەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤.

هێزی ئاسمانی: بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی بەرهەمی پیشەسازی بەرگری عێراق، داهێنەری چالاک و هێزی ئاسمانی عێراق بریتییە لە ٣٧١ فڕۆکە، ٢٦ فڕۆکەی جەنگی، ١٩٧ کۆپتەر و ٤٠ کۆپتەری هێرشبەر.

هێزەکانی وشکانی: تواناکانی شەڕی زەمینی هێزەکانی عێراق پێکدێت لە ٣٩,٨٧٢ ئۆتۆمبێل، ٨٤٨ تانک، ٢٨١ تۆپخانەی خۆبزوێن، ١، ٤٤٦ تۆپخانەی ڕاکێشراو، ٤٢٥ (تۆپخانەی موشەک).

هێزە دەریاییەکان: کۆی سەروەت و سامانی هێزە دەریاییەکانی عێراق بریتییە لە ٢ کەشتی کۆرڤێت و ٢٦ کەشتی دەوریەی دەریایی. عێراق سەروەت و سامانی گرنگی جەنگی دەریایی نییە، وەکو فڕۆکە هەڵگر و ژێردەریایی.

ڕاسپاردە و پێشنیارەکان

وەک لە داتاکانی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، عێراق لە سەرانسەری هەموو بوارەکاندا، بە تایبەت لە بواری هێزی ئاسمانیدا (بە ئەلیکترۆنی و بۆشایی ئاسمانەوە) نەگەیشتۆتە ئاستێکی پێشکەتووی تەکنەلۆجی. وەک وڵاتێکی گەشەسەندوو، پێگەی هێزی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی گرنگ دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی تەکنەلۆجیاکانی شەڕی مۆدێرن. لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمنی وەک داعشدا، چەکی مۆدێرن دەبێتە پێویستییەک. دیارە توانای ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشڕەوی بکەن و لە مۆڵگەکانیاندا داعش تێکبشکێنن. بەبێ ئەم پاڵپشتیە، عێراق و توانای بەرگری سنوورداری هەرێمی کوردستان، بە تەنیا نەیدەتوانی داعش تێکبشکێنێت. تا ئەمڕۆش یەکێک لە توانا سەرەکییەکانی شەڕکردن کە عێراق پێویستی پێیەتی پەرەی پێبدات، هێزی ئاسمانییە. لە ژینگەیەکی ئەمنی ناجێگیر و مەترسی زۆردا وەک عێراق، زۆر گرنگە هێزەکانی عێراق پێگەیەکی بەهێزتریان هەبێت لە هێزی ئاسمانیدا. سەرەڕای کەمبوونەوەی ژێرخانی پیشەسازی بەرگری عێراق لە ئەنجامی سزاکان و توانا ئابوورییە سنووردارەکان، عێراق پێویستی بە پێگەیەکی چەکداریی بەهێزە بە بەردەوامیدان و ئەنجامدانی وەبەرهێنانی سەربازی گەورە هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی ئەمنی ناجێگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێڕەوی گونجاو بۆ عێراق بریتییە لە جێبەجێکردنی ستراتیجییەکی سەربازیی گەورە، بە بەدەستهێنانی بوارێکی فراوان لە تەکنەلۆجیادا، کە هەموو بوارەکانی شەڕ لەخۆبگرێت وەک بەشێک لە ئامانجە سەربازییە درێژخایەنەکانی. گونجاوترین ڕێگە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بۆ برەودانە بە توانا تەکنەلۆجییەکانی سوپای عێراق، پەرەپێدانی توانای ئابوورییە بۆ بەرهەمهێنان و پاراستن و هەماهەنگیکردنی سیستمی سەربازی ئاڵۆز. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی واقیعە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، بەتایبەتی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش، عێراق پێویستی بە زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو لە دەرەوەی وڵات هەیە، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ قەرەبووکردنەوەی خاڵە بەرگرییە لاوازەکانی. ئەمەش گرنگە چارەسەر بکرێت چونکە داعش پێشتر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە بەرەکانی شەڕ بەکارهێناوە و لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییەی عێراق و سوریا، ڕەنگە گروپەکە بتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆجیای سەربازیی پێشکەوتووی دیکە بەدەستبهێنێت. هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی ئێران لە ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق و پێشێلکارییە ئاسمانییەکان بەهۆی شەڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە دژی پەکەکە، هێندەی تر پێویستی بەو جۆرە پێشکەوتنانە هەیە. سیمای پەرەسەندنی شەڕ، واتە تەکنەلۆجیای چڕ، هانی وڵاتانی تازەپێگەشتوو دەدات، لەم حاڵەتەدا عێراق پێوستی بە وەبەرهێنانە لە بەرزکردنەوەی تواناکان جگە لە بەدەستهێنانی پلاتفۆرمی تەکنەلۆجی نوێ وەک بەشێک لە ستراتیجییە درێژخایەنەکانی.

بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەکانی ئەم توێژینەوەیە سەردانی ماڵپەڕی ئینگلیزی ئینۆڤەیت بکەن لێرە:

جۆرەکانی ناوەڕۆك: کورتەباسی سیاسەت داڕشتن
بڵاویبکەرەوە لە: