فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی وەرزشی پێگەشتووان (IAAF) بە فەرمی دەستی بە "پشکنینی مێینەیی" کرد، کە پێویستە وەرزشوانان بتوانن بەڵگەنامەیەک هاوشێوەی بڕوانامە بەدەست بهێنن کە تێیدا دۆخی ڕەگەزی مێینەیان پشتڕاست بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری یارییەکان بکەن.

پشکنینی بایۆلۆجی لە وەرزشی خانماندا: لەو وەرزشانەی تایبەتن بە خانمان، جۆرە پشکنیک بەکاردێت، کە بە پشکنینی ڕەگەز (جێندەر) ناسراوە، پێش ئەنجامدانی هەر پێشبڕکێ و پاڵەوانێتییەکی وەرزشی، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پیاوان و ڕەگەزی (نێر) بەشداری هیچ پاڵەوانێتییەک و کێبڕکێیەکی تایبەت بە خانمان ناکەن و پرۆسەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەببرێت. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم جۆرە لە پشکنینانە کە تەرخانکراون بۆ خانمان، شکستیان هێناوە لە دەستنیشان کردنی وردی دابەشبوونی جیناتیی نادادپەروەرانە و بۆتە هۆی ئەنجام دانی جیاکاری دژی گروپێکی دیاریکراو لە ژنان، کە پاشخانێکی جیناتیی تایبەتیان هەیە. ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتەسەر مێژووی پشکنینە ڕەگەزی و بایەلۆجییەکان، پێوەرەکانی شایستەبوون کە لەلایەن فیدراسیۆنە وەرزشییە جیاوازەکانەوە دانراون، ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، و پێشنیارەکان سەبارەت بە چۆنیەتی دروستکردنی پێوەرەکانی شایستەیی باشتر، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی دادپەروەرانەتر و سەلامەتتر بۆ هەموو ئەو ژن و خانمانەی بەشداری پاڵەوانێتی و کێبڕکێ وەرزشییەکان دەکەن. وەکوو نموونەیەک دەربارەی ئەو کێشانەی کە خانمان ڕووبەروویان دەبنەوە لە کێبڕکێ وەرزشییەکاندا، سەرنج خراوەتەسەر دۆسییەی ئیمان خەلیف، ئەو یاریزانە بۆکسەرەی کە بووە جێگەی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕەگەزەکەی لەسەر بنەمانی کۆمەڵێک بانگەشەی بێ بەڵگە و بێ بنەما.
لە جیهانی وەرزشە پیشەییەکاندا، وەرزشوانە مێینە و نێرینەکان جیاکراونەتەوە بۆ دوو کۆمەڵەی جیاواز بۆ هەمان ئەو وەرزش و کێبڕکێیانەی کە ئەنجامی دەدەن، بە ئامانجی ئەنجامدانی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم بەشداربووان. لە ئۆڵۆمپیاتی پاریسی (١٩٠٠)ـەوە، پشکنینی ڕەگەزی بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ڕەگەز بۆ وەرزشوانانی مێینەکان بووەتە پرسێکی ناچاری، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە هیچ وەزشوانێکی نێرینە بەشداری کێبڕکێ و پاڵەوانێتییەکانی تایبەتی بە خانمان ناکات. شەرعیەت و کاریگەری ئەم پشکنیانە، کە مەبەست لێی لە دڵنیابوونە لە بەڕێوەچوونی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە، دووچاری گفتوگۆ و گەنگەشەکردنێکی فراوان بۆتەوە لەنێو وەرزشواناندا. دۆسیەی ئەم دواییانەی ئیمان خەلیف، ڕێچکەیەکی نوێی هێنایە کایەوە لەسەر ڕەوایەتی ئەم جۆرە پشکنیانە. خەلیف، کە بە شێوازێکی بەرفراوان کەوتە ژێر سەرنجی جیهان دوای ئەوەی لە ئۆڵۆمپایتی (٢٠٢٤)ی پاریسدا توانی لە ماوەی (٤٦) چرکەدا لە ڕکابەرەکەی بەرێتەوە، رووبەرووی لێکۆڵینەوەی چڕ بووەوە بۆ دوورخستنەوەی لە کێبڕکێ بۆکسێنەکەیدا، بەهۆی پشکنینیێکی نادیاریکراوی ڕەگەزیی کە بانگەشەی ئەوەی کرد کە خەلیف سودمەندی جیناتیی هەبووە. سەرەڕای ئەوەی کە تەواوی ژیانی لە کێبڕکێی بۆکسێنی ژناندا بەسەربردووە، خەلیف بووە ئامانجی میدیا و لێکۆڵینەوە دەربارەی ڕەگەزەکەی.
ڕووداوەکە بووە هۆی کرانەوەی کۆمەڵێک گفتوگۆ دەربارەی پێشمەرجە پێویستەکان بۆ وەرزشوانانی مێینە تا بتوانن بەشداری وەرزشەکانی تایبەت بە خانمان بکەن، وەک ئەو ڕێنماییە ناڕوونانەی کە لەلایەن لیژنە وەرزشییەکانەوە بۆ مەرجەکانی شایستەیی دانراون، کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی ئەم پشکنیانەی دووپاتکردنەوەی ڕەگەز و مەترسییەکانی زانیاری هەڵە. ئەم توێژینەوەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر مێژووی ژنان لە وەرزش و ڕەوایەتی ئەو پشکنینە بایۆلۆجیانەی کە پێیدا تێدەپەڕن.

لە وەرزشە مەترسیدار و کێبڕکێدارەکاندا، ژنان و پیاوان لەیەکدی جیادەکرێنەوە بە ئامانجی دڵنیایی دان لە بەڕێوەچوونی کێبڕکێیەکەی سەلامەت و دادپەروەرانە لە یارییەکاندا. بەردەوام جۆرە دوودڵییەک بوونی هەبووە سەبارەت بە ڕێگەدان بە ژنان بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێ مەترسیدارەکاندا، بەو پێیەی کە جەستەی ژنان توانای بەرگەگرتنی ئەو جۆرە لە چالاکییانەی نییە. هەر لەو کاتەی کە ژنان ڕێگەیان پێ درا تا وەرزش و کێبڕکێی تایبەت بە خۆیان هەبێت، پرسیارەکانی پەیوەست بە ڕەگەزی ڕاستەقینەی ژنانی بەشداربوو لە یارییەکاندا هاتە کایەوە، لە دەرئەنجامدا تاقیکردنەوەی پشتڕاستکردنەوەی ڕەگەزیی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و بە جیهانی وەرزشی خانمان ناسێندرا. یەکەمیین خانم کە تاقیکردنەوەی پشتڕاستکردنەوەی ڕەگەزیی ئەنجامدا برتیی بوو لە (کینوێ هیتۆمی) لە ساڵی (١٩٢٨)دا، هیتۆمی وەرزشوانێکی مەیدانی بوو، دەوترێت دوای بەدەست هێنانی سەرکەوتن لە وەرزشەکەیدا، دووچاری لابردن بۆتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی "پشکنین" بۆ پشتڕاستکردنەوە لە ڕەگەزی مێیینەی. جگەلەمەش، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا مارتینا ناڤراتیلۆڤا، یاریزانی تێنس، بەردەوام ڕووبەڕووی گاڵتە و ڕەخنە دەبووەوە بەهۆی ئەوەی کە پیاوانە دەردەکەوت و سەرباری ئەوەی کە ڕای گشتی پێی وابوو کە ناڤراتیلۆڤا گونجاوە بۆ یاریکردن لە وەرزشی ئافرەتاندا. لەلایەکی دیکەوە، لەم دواییانەدا سێرینا ویلیامز کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی تێنس لە مێژوودا دادەنرێت، بەردەوام ڕووبەڕووی تۆمەت و ڕەخنەی پەیوەست بە ڕەگەزەوە بۆتەوە لەسەر ئەوەی گوایە کە لە ماوەی ژیانی وەرزشی پیشەگەریدا پیاو بووە.

سەرباری ئەو سەلماندنانەی کە دەریدەخەن ئەم وەرزشوانانە بەڕاستی مێن و شایستەی ڕکابەریکردنن لە وەرزشی ئافرەتاندا، بەڵام هەتا ئێستاش بە درێژایی ژیانی پیشەییان ڕووبەڕووی ڕەخنە و تۆمەت بوونەتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، ئەگەر ژنێک لەگەڵ پێناسەی ژنێکی مێینەدا نەگونجێت، ئەوا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە مێینە نییە.
ڕەگەزی بۆماوەیی لە کاتی دووگیانیدا دیاری دەکرێت کاتێک کە سپێرمی نێرینە هەڵگری کرۆمۆسۆمی (X) یان (Y) بێت و لەگەڵ هێلکەی مێینەدا کە هەڵگری کرۆمۆسمی (X)ە، پێکەوە یەکدەگرن. بەم شێوەیەش، کۆرپەلەی دروست بوو (٤٦) کرۆمۆسۆمی دەبێت، و ئەگەر جووتە کرمۆسۆمە یەکگرتووەکان (XX) بوو ڕەگەزی کۆرپەکە مێ دەبێت، یان (XY) بۆ نێر. بە شێوازێکی گشتی پرۆسە ئاساییەکە بەم شێوەیەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار دەکرێت گۆڕانکاری ڕووبدات، وەک هەبوونی کرۆمۆسۆمی کەمتر یان زیاتر کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیاوازی لە گەشەکردنی سێکسیدا رووبدات، کە بە (DSD) ناسراوە. لە هەفتەکانی سەرەتای دووگیانیدا، ڕەگەزی کۆرپە هێشتا دیاری نەکراوە، تا هەفتەی پێنجەم و دواتر، کۆئەندامی زاووزێی کۆرپە گەشە دەکات، ئەمەش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەو قۆناغەی کە تێیدا ڕەگەزی کۆرپەلە دیاری بکرێت و زیاتر گەشە بکات بە تێپەڕبوونی کات.
ئەگەر هەر لادانێک لە پێکهاتەی کرۆمۆسۆمی ئاسایی بۆ نێر و مێدا ڕووبدات، ئەوا حاڵەتێک هەیە کە پێی دەوترێت جیاوازی گەشەکردنی سێکسی (DSD). ئەمەش کاتێک ڕوودەدات ئەگەر کرۆمۆسۆمی زیادە لە کۆتا جووتە کرۆمۆسۆمەکاندا هەبێت یان کرۆمۆسۆمی (Y) نائاسایی، ئەوا بە (DSD) دادەنرێت. ئەمەش کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکان و کۆئەندامی زاووزێ دەبێت کە دەبێتە هۆی پێکهاتە و گەشەی نائاسایی بونیاتی جەستە. (DSD) دەتوانێت زیاتر لە (٤٠) جۆری نائاسایی کرۆمۆسۆمەکاندا ڕووبدات، ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر 1.7٪ی دانیشتووانی زەوی بوونی هەیە، واتە لە (٦٠) کەس، دەکرێت یەک کەس دووچاری ئەم دۆخە بایۆلۆجییە تایبەتە ببێتەوە. هەندێک لەو کەسانەی کە دووچاری (DSD)ی دەبن، نیشانەی بەهێزی تێکچوونی ڕەگەزی تێیاندا ڕوودەدات و دەکرێت ئەندامەکانی جەستەیان مێینە دەربچێت بەڵام هۆرمۆنی نێرینە و بونیاتی جەستەی شێوە نێرینەیان هەبێت، و دەکرێت هەندێک کەس بە درێژایی ژیانیان ئەم حاڵەتە لە جەستەیاندا بوونی هەبێت بەڵام بەهۆی بچوکی نیشانەکانیەوە هەستی پێ نەکەن. تێبینی ئەوە کراوە کە (DSD) زیاتر لە وەرزشوانە پێشکەوتووەکاندا حاڵەتێکی باوە، بە تایبەتی وەرزشوانە مێینەکان کە کرمۆسۆمێکی (Y) زیادەیان هەیە. لە نیشانەکانی (DSD) دەکرێت ئەمانە بن: زیاد بوونی کێش و قەبارەی ماسولکە، بەرگەگرتنی زیاتر لە ئەنجامدانی کاری قورسدا، یان هەر جیاوازییەکی دیکە لە هەبوونی هێزدا کە دەکرێت لە کاتی ئەنجامدانی وەرزش و کێبڕکێکاندا سود وەربگرن لەو دۆخە تایبەتە بایۆلۆجییەی کە تێیدان. جەستەی ئەم جۆرە کەسانە کە بارودۆخێکی تایبەتییان هەیە، دەتوان کاریگەرتر وەڵامدانەوەیان هەبێت بۆ ڕاهێنانە وەرزشییەکان، بەمەش بتوانن ئارەزوو و سەرکەوتنەکانیان لە کێبڕکێکاندا بسەپێنن. ئەم پەیوەندییە لەنێوان بۆماوە و ژینگەدا ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزە نیشان دەدەن کە لە نێوان هۆکارە بایۆلۆجی و توانا وەرزشییەکان بوونی هەیە. ڕەگەز ناتوانرێت تەنها بە کرۆمۆسۆمی (X) و (Y) دیاری بکرێت، زۆرێک لە ژنان کە دەکرێت هەڵگری کرۆمۆسۆمێکی (Y)بن، بە درێژایی ژیانیان وەکوو ژنێک هەست دەکەن و ژیان دەکەن. هەروەها دەتوانن سیستمی زاووزێی مێینەیان چالاک بێت و بە چارەسەری هۆرمۆنی دروست منداڵیان ببێت. زۆرینەی خەڵک باوەڕیان وایە کە ئەو ژنانەی بە حاڵەتی (DSD)ەوە لەدایکبوون، نابێت بەشداری پاڵەوانێتی و پێشبڕکێکانی خانمان بکەن، چونکە ئەوان سود لەو بارودۆخە جەستەییە تایبەتە دەبینن کە تێیدان لە کاتی ئەنجامدانی هەر وەرزشێکدا. مشتومڕێکی زۆر بوونی هەیە دەربارەی دوورخستنەوەی ئەو وەرزشوانە مێیانەی کە دۆخی (DSD)یان هەیە لە پاڵەوانێتییەکاندا. لەم دواییانەدا، زۆرینەی فیدراسۆنە وەرزشییەکان هەستان بە زیاتر سنوردار کردن و توند کردنی ڕێکار و ڕێکخستنەکانیان بۆ ڕێگری کردن لەهەر وەرزشوانێکی مێینە کە گۆڕانکاری ڕەگەزیی تایبەتییان هەیە، بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان. لەگەڵ ئەمەشدا، هەندێک لە فیدراسیۆنەکان داوایان لە هەموو وەرزشوانێکی مێینە کردووە کە بەڵگەنامەی تایبەت لەسەر پێکهاتەی کرۆمۆسۆمی (XX) پێشکەش بکەن پێش بەشداریکردن لە پێشبڕکێکاندا.
لە ساڵی (٢٠١٨)دا، فیدراسیۆنی وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا ڕایگەیاند کە ئەو وەرزشوانە مێینانەی کە دووچاری (DSD) هاتوون ڕێگریان لێ دەکرێت لە بەشداری کردن لە کێبڕکێکاندا. ئەم بڕیارە بووە جێی مشتومڕ لەنێو وەرزشوانە بەشداربووەکاندا، بە تایبەتی لە کاتێکدا ئەو وەرزشوانانەی لە یارییەکانی شاری (ریۆ)ی بەڕازیل لە ساڵی (٢٠١٦) دا مەدالیایان بە دەست هێنا لە وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان و ڕاکردنی (٨٠٠) مەتری ژناندا، سەرجەمیان حاڵەتی (DSD)یان هەبوو.
دواتر، فیدراسیۆنی وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان لە بەیاننامەیەکی دیکەدا ڕایگەیاند، کە ئەو وەرزشوانە مێینانەی کە (DSD)یان هەیە، دەتوانن بەشداری لە پێشبڕکێکاندا بکەن، بە مەرجێك ڕێژەی هۆرمۆنی تێستێسترۆن لە جەستەیاندا پێش یارییەکان کەم بکەنە، بە هۆکاری ئەوەی کە بەرزی هۆرمۆنی تێستێسترۆن سوودێکی نادادپەروەرانە دەدات بەو کەسانە لە کێبڕکێکاندا. دوو جار براوەی ئۆڵۆمپیاد لە یارییەکانی ڕاکردنی (٨٠٠) مەتریدا، (کاستەر سێمێنیا) بوو، کە حاڵەتی (DSD) هەیە، سێمێنیا دەڵێت ئەم بڕیارەی فیدراسیۆنی وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان گاڵتەجارییە چونکە وەرزشوانان هەمیشە بە هۆکاری جیاواز سوودی بۆماوەیییان هەبووە و هیچ سوودێکی "نادادپەروەرانە"یان نەبووە. سێمێنیا ڕەتی کردەوە کە چارەسەری کەم کردنەوەی هۆرمۆنی تێستێسترۆنی بۆ بکرێت پێش یارییەکان و ڕایگەیاند: ئەم پشکنینە نا پێویستە و جیاکاری دروست دەکات، بۆیە هەستا بە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی فیدراسۆنەکە.
تێستێسترۆن هۆڕمۆنێکە کە لەلایەن کۆئەندامی زاووزێ لە پیاواندا و هێلکەدان لە ئافرەتاندا بەرهەم دێت، هەروەها لە ڕژێنەکانی ئەدرنالین و شانەکانی دەوروبەری کۆئەندامی زاووزێ-ەوە. تێستێسترۆن یارمەتی کارەکانی جگەر و گورچیلە و چڕی ئێسک و زۆر شتی دیکە دەدات. هەموو مرۆڤەکان پێویستە ئەم هۆڕمۆنە لە جەستەیاندا هەبێت. بەڵام بەگشتی پیاوان وا ناسراون کە دوای تێپەڕاندنی تەمەنی باڵغبوون هۆڕمۆنی تێستێسترۆنیان زیاتر دەبێت چونکە ئەم هۆڕمۆنە بەرپرسە لە مووی جەستە و قووڵی دەنگ و زیادبوونی ڕیشاڵی ماسولکەکان و زیادبوونی باڵا و زۆر شتی تر. بەڵام بڕی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن ئەوە دیاری ناکات کە جەستە چۆن بەکاری دێنێت. هەموو کەسێکی تەندروست بڕی پێویستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنی هەیە کە جەستەی پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی جەستەی بە شێوازێکی تەندرووست کار بکات. وەرگرەکانی تێستێسترۆن لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی دیکە بە ژمارە و کارایی جیاواز بوونیان هەیە، لە هەندێک جەستەدا ئاستی بەرز لە هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بەرهەم دەهێنرێت بەهۆی نەبوونی وەرگری پێویست بۆ وەرگرتنی هۆرمۆنەکە، و لە هەندێک جەستەی دیکەدا، هۆڕمۆنی تێستێسترۆن زۆر کەم بەرهەم دەهێنرێت بەهۆی بوونی بڕێکی گونجاو لە وەرگرەکانەوە، لە کۆتاییدا هەردوو جۆر لەم ئەم جەستانە بڕی گونجاوی ئەو هۆڕمۆنەیان هەیە کە لە جەستەیاندا کاردەکات بەڵام بە قەبارەیەکی جیاوازتر. لەگەڵ ئەمەشدا، کاریگەرییە تەواوەکانی هۆرمۆنی تێستێسترۆن لەسەر جەستە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، لە ئێستادا بەهۆی پەیوەندی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنەوە بە بارستەی ماسولکەکانەوە، جگەلەمەش، ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بەراورد دەکرێت بە ئاستی کارتێکەرە جەستەییەکان. بەڵام ئەمە بۆچوونێکی کورتبینانەیە چونکە زانست گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئاستی کارتێکەرە جەستەییەکان و ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن وەک یەک نین و بەم پێیەش ناتوانرێت بە هەمان شێواز وەکوو یەک بپێورێن و بەراورد بکرێن. لە کاتێکدا ژنان دەبێت بە چەندین پشکنیندا تێپەڕن، کە یەکێک لەم پشکنیانە هەمیشە پشکنینی ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنە، بەڵام هەرگیز هیچ پرسیارێک لە پیاوان ناکرێت سەبارەت بە ڕەگەزەکەیان ئەگەر ئاستی تێستێسترۆنیان لە لەشدا نزم بێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە پشکنینی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن پێوەرێکی یەکلاکەرەوە نییە بۆ ڕەگەز.
لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی (IOC) لەگەڵ ئەوەدا کۆکە کە "تێستێسترۆن هۆکارێکی گرنگە بۆ ڕەنگدانەوەی ئەدای وەرزشوانە پێشکەوتووەکان لە هەندێک وەرزشی دیاری کراودا" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان وایە کە هۆکار و پاڵنەری کۆتایی و یەکلاییکەرەوە نییە بۆ ئەدای وەرزشوانان.
جگە لەوەش هەژمارکردنی ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنی مێینە بۆ لێکۆڵینەوە زیاتر لەسەر ژنانی ناوەرزشی ئەنجامدراوە و زۆرجار ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە نێوان وەرزشوانانی مێینە و وەرزشوانانی پیاودا وەک یەکی لێدێت. وەک لە یاسا و ڕێساکانی زۆرێک لە فیدراسیۆنە وەرزشییەکاندا هاتووە، هەر وەرزشوانێکی مێینە (حاڵەتی DSD هەبێت یان نا) ئاستی بەرزی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە جەستەیدا هەبێت، کە بە زۆر بەرز دابنرێت بۆ ئافرەت، دەبێت بە شێوەیەکی دەستکرد ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنەکەی دابەزێنێت. دابەزاندنی ئاستی تێستێسترۆنی مرۆڤ بە شێوەیەکی دەستکرد دەتوانرێت بە وەرگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی (زۆرجار بە بەکارهێنانی دەرمانی سەرکوتکەری تێستێسترۆن) یان ڕێوشوێنی نەشتەرگەری (وەک لابردنی کۆئەندامی زاووزێ) ئەنجام دەدرێت. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لەش بڕی پێویست لە هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی بە شێوازێکی تەندروست کاربکات، بۆیە بە دابەزاندنی ئاستی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بە شێوەیەکی دەستکرد تەندروستی وەرزشوانەکە دەخاتە مەترسییەوە و زیانێکی گەورە و هەمیشەیی هەیە. زۆرێک پێیان وایە ناچارکردنی ئەو ژنانەی کە (DSD) یان ڕێژەیەکی بەرزی تێستێسترۆنیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە ڕێکارانە کارێکی نائەخلاقی و دڕندانەیە.
ئیمان خەلیف وەرزشوانێکی دیکەی ژنە کە بە هەمان لێکۆڵینەوەدا تێدەپەڕێت کە زۆرێک لەو وەرزشوانە ژنانەی دیکە کە لەم توێژینەوەیەدا باسکراون و پێیدا تێپەڕیون. ئەوەی کەوا دەکات دۆسیەکەی ئیمان خەلیف ئاسان چارەسەر نەکرێت، برتییە لە ئەو ڕووماڵە نائاساییە میدیاییە کە لە کاتی ئۆڵۆمپیادی پاریسدا ئەنجامدرا، کە تێیدا ئیمان خەلیف ڕووبەڕووی ڕەخنە و تۆمەتی زۆربووەوە گوایە پیاو بووە یان تووشی نەخۆشی (DSD) و بەرزی هۆڕمۆنی تێستێسترۆنی پیاوانە بووە، سەرباری نەبوونی هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتانە. تاکە ڕوونکردنەوەی کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتی دەربارەی دوورخستنەوەی ئیمان خەلیف لە پاڵەوانێتی جیهانی بۆکسینگی (٢٠٢٣)دا، بریتیبوو لەوەی "کە ئیمان خەلیف هیچ پشکنینێکی تێستستیرۆنی ئەنجام نەداوە بەڵام هەندێك پشکنینی ناسینەوەی ئەنجام داوە، کە بەهۆیەوە تایبەتمەندییەکانی بە نهێنی دەمێننەوە. ئەم تاقیکردنەوەیە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئاماژەی بەوەدا کە هەردوو وەرزشوانەکە پێوەرە پێویستییەکانی شایستەیییان بەدی نەهێناوە و دەرکەوتووە کە سوودی کێبڕکێیان هەیە بە بەراورد بە ڕکابەرە مێینەکانی دیکە. "هەندێک جار، تایبەتمەندییەکانی پشکنینی شایستەیی بەشداربوون لە کێبڕکێ وەرزشییەکاندا بە نهێنی دەهێڵرێنەوە بۆ پاراستنی تایبەتمەندی و دەروونی وەرزشوانانی بەشداربوو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی مامەڵەکردنی کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەو تۆمەت و ڕەخنانەی کە ئیمان خەلیف دووچاری بووەوە، دیارە کە تایبەتمەندی یان دەروون-باشی وەرزشوانەکە گرنگ نەبووە بۆ ئەوان، و ڕەنگە هۆکاری دیکە لە پشت ئەو بانگەشە و تۆمەتانەوە بوونی هەبێت.
دوای مشتومڕەکان لە کاتی ئۆڵۆمپیادی (٢٠٢٤)دا، دوورخستنەوەی ئیمان خەلیف لە لایەن کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتییەوە، سەرنجێکی زۆر خرایە سەر ئەم پرسە، کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتی هەستا بە بڵاوکردنەوەی زانیاری زیاتر دەربارەی پشکنینەکان. بەرپرسیکی کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیمان خەلیف لە پشکنینەکاندا شکستی هێناوە و بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک وتی کە ئیمان خەلیف کرۆمۆسۆی (XY) هەیە. لە کۆبوونەوەیەکدا، عومەر کرێملیڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتی، ئەم پشکنینەی بە پشکنینی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن ناوی برد. بەڵام ئەو تاقیگانەی کە پشکنینەکانیان تێدا ئەنجامدراوە و لەلایەن دەزگای جیهانی دژە کارتێکەرەکان، کە بە (WADA) ناسراوە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکردووە، سەرپەرشتی هیچ پشکنینێکی ڕەگەزییان نەکردووە، بەڵکو تەنها مامەڵە لەگەڵ پشکنینی ماددە کارتێکەرەکان دەکەن.
کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتی هێشتا لەسەر بڕیارەکەیان سورن کە ئیمان خەلیف بەهۆی سودمەندبوون لە شێوازی بۆماوەیی جەستەیی بەسەر وەرزشوانانی مێینەی تردا، لە کێبڕکێکان دوورخراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، لەگەڵ ئەم بڕیارەدا ناکۆکە، بە توندی پاڵپشتی بڕیاری ڕێگەدان بە ئیمان خەلیف دەکەن بۆ بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیادی بۆکسینگی ئافرەتانی پاریس لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، سەرباری تێبینی کردنی ئاست بەرزی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە جەستەی ئیمان خەلیفدا. سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، تۆماس باخ، لە کۆبوونەوەیەکدا وتی "دوو بۆکسێنەرمان هەیە (ئیمان خلیف و لین یو-تینگ) کە وەک ژن لەدایک بوون، کە وەک ژن پەروەردە کراون، پاسپۆرتیان وەک ژن هەیە، و ساڵانێکی زۆرە وەک ژن ڕکابەرییان کردووە . وە ئەمە پێناسەیەکی ڕوونە بۆ ژن. هەرگیز هیچ گومانێک لە ژن بوونیان نەبووە."

هیچ یەکدەنگییەک لە سەرانسەری لیژنە وەرزشییەکان و فیدراسیۆنەکاندا نییە سەبارەت بە پاڵاوتنی هەندێک وەرزشوان و شێوازی بەڕێوەبردنی پێشبڕکێکانیان، بە تایبەت لە ڕووی ئەوەی کە چ شێوازێکی بۆماوەیی جەستەیی ڕێگەپێدراوە و چی بە نادادپەروەرانە دادەنرێت. لە ئەگەری بێتوانایی دوو دەزگای نێودەوڵەتی لە دیاریکردنی شێوازێکی دادپەروەرانە بۆ دیاریکردنی شایستەیی بوونی بەشداربووانی کێبڕکێ وەرزشییەکان، بەرپرسیارێتی دیاریکردنی شایستەیی لە ئەستۆی خەڵکدا دەمێنێتەوە. ئەمەش سەرچاوەی سەرەکی باسە گەرمەکەیە لە دەوری کارامەییەکانی خەلیف.
لە ساڵی (٢٠٢١)دا، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی (IOC)، چوارچێوەیەکی نوێیان بڵاوکردەوە دەربارەی دادپەروەری، گشتگیری و جیاکاری نەکردن لەسەر بنەمای ناسنامەی ڕەگەزی و گۆڕانکاری ڕەگەزی. ئەمەش دوای ئەو کاردانەوە زۆرەی بەهۆی ڕێگەدان بە وەرزشوانانی ترانسسێکشواڵ (لۆرێل هابارد) سەریهەڵدا، بۆ بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆی (٢٠٢٠)، هەر لەبەر ئەمەش، لیژنەی ئۆڵۆمپی بەسەر یاسا و ڕێساکاندا دووبارە ڕۆشتەوە و چاپێکی نوێکراوەی بڵاوکردەوە کە بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریسی (٢٠٢٤) پەیڕەو کرا.
سیاسەتە نوێکانی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، ئەم جارە سەرنجی تایبەتی خستە سەر دادپەروەری و گشتگیری بۆ سەرجەم وەرزشوانان و کەسانی ترانسسێکشواڵ بەبێ ئەنجامدانی جیاکاری. یەکێک لە لێدوانە گرنگەکان کە ئاماژەیان پێدابوو ئەوە بوو کە ڕێگە بە فیدراسیۆنە وەرزشییەکانی هەر وەرزشێک دەدەن لە یارییەکانی تایبەت بە خۆیاندا، مامەڵەی خۆیان هەبێت لەگەڵ هۆکارەکانی پاڵاوتن، چونکە پێیان وایە هەر وەرزشێک هۆکاری پاڵاوتنی جیاوازی هەیە و پشکنینێکی گشتگیر بۆ هەمووان ناکرێت شتێکی دادپەروەرانە بێت و ناگونجێت لە دیاریکردنی پێوەرەکانی پاڵاوتن بۆ هەموو یارییە جیاوازەکان. جگەلەمەش، هانی فیدراسیۆنی وەرزشە جیاوازەکانیاندا بۆ دروستکردنی پێوەری پاڵاوتن لەسەر بنەمای دادپەروەری و گشتگیری و ئەنجام نەدانی جیاکاری. یەکێک لە بنەماکان باس لەوە دەکات کە لە کاتی پەرەپێدانی پێوەرەکانی شایستەیی، نابێت پشکنینی ڕەگەزی بوونی هەبێت چونکە ئەم پشکنینانە سەلماندوویانە کە کارا نین یاخود ڕاست نین لە دیاریکردنی بوونی هەر سودمەندبوونێکی بۆماوەیی و جەستەیی نادادپەروەرانە لە وەرزشواناندا. پێوەرەکانی شایستەیی خولی تۆپی پێی ئوسترالیا، کە بە (AFL) ناسراوە، بریتین لە هەڵسەنگاندنی باڵا، کێش، خێرایی، بازدان، کورسی یەدەگ و زۆر شتی تری هەر وەرزشوانێک، کە ئەمەش شتێکی زۆر گونجاوە. لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی دان بەوەدا دەنێت کە سەلامەتی گرنگترین شتە بۆ وەرزشوانان لە هەندێک پێشبڕکێدا هەر بۆیە باس لەوە دەکەن کە بۆ پێوەرەکانی بەشداریکردن بۆ ئەم جۆرە وەرزشانە، فیدراسیۆنەکان پێویستە سەرنجیان لەسەر پێوەرەکانی بەشداریکردن بێت کە مەترسی پێکان دەپێون نەک گۆڕانی ڕەگەزی یان پشکنینی هۆڕمۆنەکان. بۆ نموونە لە بۆکسێندا وەرزشوانەکان جیا دەکرێنەوە بۆ ژمارەیەک پۆلی کێشی جیاواز، بە ئامانجی ئەوەی وەرزشوانانی قەبارە هاوشێوە بتوانن ڕکابەری بکەن بەبێ ئەوەی مەترسی پێکانێکی سەخت یان جیاکاری لە بەرامبەر وەرزشوانانی قەبارە جیاوازتر یان کەمتر هەبێت. چوارچێوە نوێیەکەی لیژنەی ئۆڵۆمپی جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی وەرزشوانەکانیان دەکاتەوە بۆ ئەوەی دووچاری پشکنینی پزیشکی ناپێویست نەبنەوە، هەروەها داواش دەکات کە فیدراسیۆنەکان یاسایەکی گشتگیر پەیڕەو بکەن لە حاڵەتی نەبوونی بەڵگەی بۆماوەیی. ئەوان بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی تەندروستی دەروونی و جەستەیی وەرزشوانان لە سەرووی هەموو شتێکەوە کۆتایی بە چوارچێوەکە دێنن.
ئیمان خەلیف ماوەیەکی زۆر بوو لە پاڵەوانێتییەکانی کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی (IBA) بەشداری کردبوو، پێش ئەوەی لەناکاو لە پاڵەوانێتی جیهانی (٢٠٢٣)دا دووربخرێتەوە. ئیمان خەلیف لە بەرامبەر (ئازالیا ئەمینێڤای) بۆکسێنەری ڕووسی نەبەزێندراو براوە بوو و توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام دوای سێ ڕۆژ کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی پشکنینی ڕەگەزی ئەنجامدا بۆ ئیمان خەلیف دوای چەندین سکاڵای بەرپرسان، بە پاساوی ئەوەی هەندێک لە یاریزانە نێرەکان وەک ژن خۆیان خۆیان دەگۆڕن و ڕەفتار دەکەن. لە دەرئەنجامدا، کۆمەڵەی مشتەکۆڵەی جیهانی (IBA) ئیمان خەلیفی دروورخستەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئیمان خەلیف دوورخستنەوەکەی خۆیی بە پلانگێڕی ناوزەنگ کرد و لە بەرامبەردا، ڕکابەرە ڕووسیەکەی نازناوی نەبەزێندراوی لە یاری بۆکسینگەکەدا دووبارە وەرگرتەوە. زۆرێک لە خەڵکی کاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوە بە نامۆ دەزانن و گومانیان هەیە بەتایبەتی لەوەی کە کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی (IBA) پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ ڕووسیەکاندا و لەو کاتەشدا سەرۆکی (IBA) ڕووسی بوو.
لە ساڵی (٢٠١٦)دا، دەرکەوت کە کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی (IBA)، لە کاتی ئۆڵۆمپیادی بۆکسینگی شاری (ڕیۆ دی جانیرۆ) ی بەرازیل، تێوەگلاون لە ئەنجامدانی کاری نایاسایی پەیوەست بە بەڕێوەچوونی یارییەکان. لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوت کە (IBA) دادوەر و ناوبژیوانی بەکارهێناوە بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکان. سەرۆکی یانەی ئای بی ئەی لەو کاتەدا، وو چینگ کوو، بە سەرپەرشتیکردنی پلانێکی لەو شێوەیە تاوانبار کرا و لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆ هەتا هەتایە لە لیژنەی بۆکسینگدا قەدەغە کرا.
لە دوای ئەمەش، لە ساڵی (٢٠١٩)دا، (گافور ڕاخیمۆڤ)، بە سەرۆکی نوێی کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی (IBA) هەڵبژێردرا. بەڵام تەمەنی ڕاخیمۆڤ کورت بوو لە پێگەکەیدا، چونکە هەمان ساڵ دەستی لەکارکێشایەوە، بە تۆمەتی ئەوەی کە ڕاخیمۆڤ سەرۆکی گروپێکی تاوانکاری ڕێکخراوە لە ڕووسیادا بە ناوی "بازنەی براکان" یان "دزەکانی یاسا" کە بەشداربوون لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە. لەدوای ئەم ڕووداوەوە تا ئێستا، (عومەر کرێملێڤ) سەرۆکی کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی (IBA) یە. یەکێک لە کارە گفتوگۆلەسەرکراوەکانی کرێملێڤ بریتییە لە ڕێگەدان بە بۆکسێنەرانی ڕووسی بۆ ئەوەی لە ژێر ئاڵای ڕووسیادا ڕکابەری بکەن، دوای ئەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، یاریزانانی ڕووسیای لە ڕکابەریکردن لە یاریە وەرزشیەکاندا قەدەغە کرد. لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی بۆ هەمیشە کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی (IBA)ی قەدەغەکرد لە ڕێکخستنی ئۆڵۆمپیاتەکانی یاری بۆکسینگ لە ساڵی (٢٠١٩) دا، بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانەوە و بڕیاریدا کە وەرزشی بۆکسینگ تا ساڵی (٢٠٢٨) بەشێک نابێت لە پرۆگرامەکانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیات. جگەلەمەش، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی بڕیاریدا ئەگەر هەر وڵاتێک بیەوێت بەشداری ئۆڵۆمپیاد بکات، دەبێت فیدراسیۆنێکی بۆکسێن هەڵبژێرێت جگە لە کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی, بۆ نوێنەرایەتیکردنیان. لە دوای هەواڵی یارییەکەی ئیمانە خەلیفەوە، کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی ڕووبەڕووی هەم پشتگیری و هەم لێکۆڵینەوە بووەتەوە لەلایەن خەڵکەوە. هەردوو لایەن بە توندی دژایەتی یەکتر دەکەن، هەندێک دەڵێن کۆمەڵەی بۆکسینگی جیهانی زۆر جێگەی گومانە تا متمانەیان پێ بکرێت، لەکاتێکدا هەندێکی تر پاڵپشتیان لێدەکەن کە هەڵوێستێکی توندیان هەبووە لەسەر پێوەرەکانی پاڵاوتنیانی پەیوەست بە وەرزشی ئافرەتانەوە. کرێملێڤ تەنانەت پارەی خەڵاتی زێڕینی ئۆڵۆمپیادی پێشکەش بە کارینی (ڕکابەرەکەی ئیمان خەلیف کرد کە بەرامبەری دۆڕا) بە بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار. هەروەها هەستا بە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ ڕەخنەگرتن لە ئۆڵۆمپیاد و سەرۆکەکەیان (باخی) کە بە "خراپەکار" ناوزەنگی کرد و داوای لێکردووە دەستبەجێ دەستلەکاربکێشێتەوە.

یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە یۆنانی کۆنەوە سەرچاوەی گرتووە، کە برتییە لە کۆمەڵێک یاری جیاواز بۆ ئاهەنگگێڕان دەربارەی ئەو توانایانەی کە مرۆڤ هەیەتی، وە بۆ برەودان بە ئاشتی، کە تێیدا گەلانی بەشداربوو ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە کاتی چالاکییەکانی ئۆڵمپیاددا، هەر چوار ساڵ جارێک، ئاگربەست ئەنجام بدەن. ئەو ئۆڵۆمپیادەی ئەمرۆ ئەنجام دەدرێت، لەلایەن (پیێر دی کوبەرتین) لە ساڵی (١٨٩٦) دا، دووبارە زیندووکرایەوە بۆ بەردەوامیدان بە نەریتی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و هاودەنگی نێودەوڵەتی. پیێر جەختی لەسەر گرنگی برەودان بە گەشتن بە نایابیی، وەرزشیبوون، ڕێزگرتن، یەکێتی و گشتگیری دەکردەوە، وەکوو بنەما ڕۆحیەکانی ئۆڵۆمپیاد. بە بڕوای ئەو، نابێت پێشبڕکێکان سیاسی بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار دەبینین کێشە جیهانییەکان لە ڕووداوەکەدا ڕەنگ دانەوەیان هەیە. یەکێک لەو ڕووداوە سیاسییە زۆرانەی کە ئۆڵۆمپیاد شاهیدی بووە، برتییبوو لە ئۆڵۆمپیادی بەرلین لە ساڵی (١٩٣٦)دا، کە ئەدۆلف هیتلەر بۆنەکەی بەکارهێنا بۆ برەودان و بانگەشکردن بە ئایدۆلۆجیا نازییەکانی پێش جەنگی جیهانی دووەم. لەگەڵ ئەمەشدا، بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریسی ساڵی (٢٠٢٤)، ناڕەزایەتی زۆر سەریهەڵدا بەهۆی ڕێگەدان بە بەشداری کردنی ژمارەیەک وەرزشکاری ڕووسی لە یارییەکاندا، بەهۆی داگیرکاری بەردەوامی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، لەلایەکی دیکەوە، داواکارییەکی زۆر هەبوو بۆ قەدەغەکردنی ئیسرائیل لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریسدا، بەهۆی تاوانەکانیان دژی فەلەستین. بەڵام زۆرێک لەو داواکاریانە لەلایەن ڕێکخەرانی بۆنەکەوە پشتگوێ خران. بەڵام ڕووسیا لە ئۆڵۆمپیادی ڕیۆی (٢٠١٦)ەوە قەدەغە کراوە لە بەشداری کردنی یارییەکان بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی کارتێکەر کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئەدای وەرزشی یاریزانەکان بە بەرنامەیەکی تایبەت کە لەلایەن دەوڵەتەوە سپۆنسەر دەکرا، لە ئێستادا وەرزشوانانی ڕووسیا دەتوانن ڕکابەری لە یارییەکاندا ئەنجام بدەن بەڵام لەژێر ئاڵای ڕووسیادا نا. لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕووداوێکی هاوشێوە لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕوویدا، کە ، بە شێوەیەکی ڕێکخراو کارتێکەریان بۆ وەرزشوانەکانیان بەکاردەهێنا لە ژێر چاودێری و ئاگاداری دەوڵەتدا. لە مێژووی ئۆڵۆمپیاددا چەندین تۆمەتی تری بەرتیل و گەندەڵی خراونەتەڕوو. ژمارەی مشتومڕەکان لەگەڵ هەر ڕووداوێکی نوێدا زیاتر دەبێت، ئەو بۆنەیەی کە ڕۆژگارێک بۆ یەکخستنی مرۆڤایەتی و ئاشتی لە نێوان گەلاندا سازدەکرا، ئێستا بووەتە سەکۆیەک بۆ مشتومڕە سیاسییەکان و پرسی یەکپارچەیی و دادپەروەری و گشتگیری، ڕێگری هەر بیرۆکەیەکی بەرەوپێچوون دەکات.
لە کاتێکدا دەزانرێت کە زۆرجار پیاوان لە هەندێک وەرزشدا سوودمەندبوونی جەستەیییان هەیە بە بەراورد بە ژنان، بەڵام ناتوانرێت هۆرمۆنی تێستێسترۆن وەک تاکە هۆکاری ئەم سوودە جەسەتییە دابنرێت کە وا لە پیاوان دەکات ئاستێکی باشتری فیزیکی وەرزشیان هەبێت. ئەگەر دادپەروەری ئامانجی کێبڕکێ وەرزشییەکان بێت، ئەوا زۆر هۆکاری دیکە هەن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن. بۆ نموونە، هۆکارە ژینگەییەکان وەک لە دایکبوون لە چینێکی باڵاتری خێزانی یاخود وڵاتێکی دەوڵەمەندا، کە ئەمانە ڕاستەوخۆ سوودیان هەیە بۆ وەرزشەکانی وەک تێنس و گۆڵف.
هۆکارە بۆماوەیەکان وەک ئەوەی لە کەسێکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقیدا بوونی هەیە، سوودی هەیە تا لە ڕاکردندا ئاستی باشتری هەبێت. هۆکارە بایۆلۆجییەکانی وەک هەبوونی دەستی گەورە گرنگن بۆ ئەوەی لە وەرزشەکانی وەک باسکە و مەلەکردندا باش بیت، جگەلەمەش، دەستی چەپ بیت لە تێنسدا، باڵا بەرز بیت لە تۆپی باسکە و بالەدا، کورت و بچووک بیت لە وەرزشی جومناستیکدا. سەرجەم ئەمانە بە سوودمەندبوونی بۆماوەی هەژمار دەکرێن.سەرنج خستنەسەر هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بەتەنیا و پشتگوێ خستنی ئەم فاکتەرانەی دیکە، پرسەکەی هێندەی دیکە زیاتر کردۆتە جێگەی باس و خواست.
لە وەرزشی پیاواندا، بوونی جیاوازییەکی بایۆلۆجیی دەبێتە جێگای شانازی و باسکردن. بۆ نموونە، ئوساین بۆڵت ناچار نەبوو پشکنینی بۆماوەیی و بایۆلۆجی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە لە مەودای ئاسایی پیاودایە کاتێک چەندین پێشبڕکێی بە جیاوازییەکی زۆر بردەوە. یاو مینگ لە یاری باسکەدا دوور نەخرایەوە بەهۆی ئەوەی مەترسی هەبووە بۆ یاریزانەکانی تر، چونکە باڵای زۆر بەرز بوو و بەرزییەکەی (٢٢٨) سم بوو. مایکل فێڵپس لەلایەن میدیاکانەوە ڕووبەرووی تۆمەت نەبووەوە بەهۆی ئەوەی کە سوودێکی نادادپەروەرانەی هەبووە بە بەراورد بە ڕکابەرەکانی دیکە بەهۆی ئەوەی جومگەکانی زۆر درێژبوونەتەوە و توانای بەرزی نائاسایی سییەکانی هەبووە، بە پێچەوانەوە بە سوودە بایۆلۆجییەکانی خۆی سەرسام بوو. بەڵام وەرزشوانانی ئافرەت لەو ساتەدا، ئەگەر هەمان بارودۆخی ئەو وەرزشوانە پیاوانەی سەرەوەیان هەبێت، ڕووبەڕووی پرسیار دەبنەوە سەبارەت بە مێینەبوونیان و ڕێگەیان پێنادرێت جیاواز و ناوازە بن، بەبێ ئەوەی بە وردی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، پرسەکە تا ڕادەی بێبەشکردنیان دەڕوات لە یارییەکاندا.

لە بۆنە زۆر کراوە و بەربڵاو و ناسراوەکانی جیهاندا، بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە کارێکی زۆر ئاسانترە و خێراترە، چونکە زانیاری هەڵەی نەرێنی زۆر بە خێراتر بڵاودەبێتەوە کاتێک هەر یەکێک لەم بۆنانە ڕووبەرووی ڕەخنەی بەرفراوان دەبنەوە. ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەهۆی ئەوەی کە نمایشە سەرەکییەکانی لەنێویاندا مۆدێل و کەسایەتییە ناودارەکان لە دیمەنێکدا کە لە تابلۆی بەناوبانگی لیۆناردۆ دی ڤینچی دەچێت کە بە "دواین ئێوارەخوان" ناسراوە. خەڵکێکی زۆر گلەیی ئەوەیان کرد کە ئەجێندای سیاسیی و "کلتووری بەئاگا"یان خستۆتەپاڵ، جگەلەمەش خەڵکانی ئایینی دڵتەنگ بوون و ئەم جۆرە دیمەنەیان بە گاڵتەکردن بە ئایینەکەیان دەزانی. دوابەدوای ئەمەش، ڕێکخەرانی ئۆڵۆمپیاد داوای لێبوردنیان کرد و ڕوونیان کردەوە کە دیمەنەکە مەبەست لێی تیشک خستنە سەر بێمانایی ئەو شەڕ و جەنگانەیە کە لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت. ئەوەشیان خستەڕوو، کە هیچ واتایەکی ئایینی نییە و ئامانجیان تەنها ئاهەنگگێڕانی بۆنەکەیە بەڵام زۆرێک لە خەڵکی بەم وەڵامە ڕازی نەبوون.
میدیای سەرەکی، لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکیەوە متمانەی پێ دەکرێت بەهۆی ناوبانگ و زانیاری دروست کە پێش ئەوەی بڵاوبکرێنەوە باش بەدواداچوونیان بۆکراوە. بەڵام زۆرجار پێچەوانەی ئەم بیروبۆچوونەیە، بەتایبەتی کاتێک میدیاکان ئەجێندایەکیان هەیە کە دەیانەوێت برەوی پێبدەن، وەک ئەوەی لە ئۆڵۆمپیادی پاریسدا روویدا و بابەتەکانیان جێگەی مشتومڕی زۆربوون دەربارەی بەشداری کردنی وەرزشوانانی ترانسسێکشواڵ. بەشێکی زۆر لە میدیا سەرەکییەکان لێدوانیان لە کۆمەڵەی بۆکسینگی نێودەوڵەتی وەرگرت سەبارەت بە پرسی دوورخستنەوەی ئیمان خەلیف و کارین، وە دەرکەوتنی فیزیکی ئیمان خەلیف کە گوایە ئەو ژنێکی ڕەگەز گۆڕاو بووە، وە بەبێ پشت ڕاستکردنەوەی ئەم لێدوانە هەستان بە بڵاوکردنەوەی. ئەم میدیایانە هەستان بە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لە گریمانانە وەکوو ڕاستییەک بۆ ڕای گشتی وێنەیانکرد. تۆڕە میدیاییەکانی وەک: سکای نیوز، فۆکس نیوز، دەیلی نیوز، بەریتانیا و دەیان مانشێتی دیکەیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بە ئیمان خەلیف کرد وەک کەسێکی نێرینە بەبێ ئەوەی بەڵگەی ورد و دروست بوونی هەبێت بۆ پشتگیریکردنی ئەم بانگەشە و گریمانانە. لە لایەکی دیکەوە، کارین ئەم پرسەی بە دروست بوونی ترس لە ژیانی خۆی لێکدایەوە، بانگەشەی لەناوچوونی خەونەکانی خۆی کرد و ڕایگەیاند کە لەلایەن سیستمەکەوە ستەمی بەرامبەر کراوە.
سەرنجی میدیایی کاریگەرییەکی گەورە و بەردەوامی دروست کردووە، کە تێیدا ناوە گەورەکان ئەکاونتی سۆشیال میدیاکانیان بەکاردێنن بۆ ئەوەی بوختانی زیاتر بۆ ئیمان خەلیف بکەن، بازنەی شوێنکەوتوو و بینەرەکانیان فروانتر بکەن. ناوەکانی وەک ئیلۆن ماسک، مارجۆری تایلۆر گرین، جەی دی ڤانس، لیز تروس، جەی کەی ڕۆلینگ و چەندانی تر لەنێو ئەمانەدابوون.
لەوەڵامدا بۆ سەر ئەم هێرشانەی سەری، ئیمان خەلیف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو کە "منیش وەک هەر ژنێکی تر ژنم. من وەک ژنێک لەدایک بووم. من وەک ژنێک ژیاوم. من وەک ژنێک پێشبڕکێ دەکەم." ئەوەشیوت کە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکات بەهۆی "هەراسانکردنی توندی ئۆنلاین" دژی زۆرێک لەو ناوە گەورانەی کە پۆستی سۆشیال میدیایان لەسەر کردووە و بانگەشەی ئەوایان کردووە کە ئیمان خەلیف ژن نەبووە. لە کاتێکدا زۆرێک لە وەرزشوانان هێشتا پێیان وایە کە خەلیف نەدەبوو سەربکەوێت لە پاڵاوتنەکان و بەشداریکردن لە یارییەکاندا، بەڵام زۆرێک لە وەرزشوانانی دیکە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو کچە نیشانداوە. تەنانەت کارین، نەیارەکەی، کە ئەویش لە ژێر فشاری هەمان ئەم مشتومڕەدا بوو، لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا ئەم لێدوانەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:
"هەموو ئەم مشتومڕە دڵتەنگم دەکات. ئەوە شتێک نەبوو کە من بەنیازم بیکەم. لە ڕاستیدا دەمەوێت داوای لێبوردن لە ئەو و هەموو کەسێکی تر بکەم. توڕە بووم. من هیچم لە دژی خەلیف نییە. ئەگەر جارێکی تر چاوم پێی بکەوێت، لە باوەشی دەگرم."
میدیای ڕۆژئاوایی بە پرسیارکردن لە ناسنامەی ڕەگەزی ئیمان خەلیف بە شێوەیەک کە لەگەڵ ستانداردەکانی ڕۆژئاوادا بگونجێت، بیرۆکەکانی خۆیان سەبارەت بە ناسنامەی ڕەگەزی بەرەوپێش دەبەن و لەگەڵ پرۆسەکەدا دەتوانن هەرچۆنێک بێت مامەڵەیەکی گونجاو بکەن. بەڵام ئەمە لە دۆخی ئاڵۆز و هەستیاری وەک لە وڵاتانی وەک جەزائیردا پشتگوێ خراوە، کە کەسانی ترانسسێکشواڵ هیچ مافێکیان نییە و تەنانەت مافی ژنانیش سنوردار و کەمن. لە جەزائیردا ناسنامەی ڕەگەزیی بەستراوەتەوە بە بەها کۆنەکانی کۆمەڵگەوە، و لادان لە ڕۆڵی ڕەگەزی تەقلیدی، دەتوانێت مەترسیدار بێت. ژنان لە جەزائیر وەک زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، لەوانە جیاکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دامەزراندنی سنووردار و کەمی نوێنەرایەتی لە ژیانی سیاسیی و گشتیدا.
بە برەودان بە ئەجێنداکانی خۆیان، میدیای ڕۆژئاوایی دەتوانێت بەبێ مەبەست ئەم پرسانە زیاتر خراپتر بکات، ئەمەش هێندەی تر قورستر دەبێت بۆ ژنانی وەک ئیمان خەلیف بۆ تێپەڕبوون بەو ژینگە پڕ لە ئاڵانگارییانەی کە تێییدان.
ئەو شێوە تێڕوانینەی بەرامبەر بە ناسنمانەی ڕەگەزی بوونی هەیە لە ڕۆژئاوادا زۆر جیاوازە لەو شێوە تێڕوانینەی بەرامبەر بەهان پرسدا بوونی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەرەوەی ڕۆژئاوا، ئەم جیاوازییە زۆرجار سەردەکێشێت بۆ ئەنجامدانی جیاکاری بە تایبەتی دژ بە وەرزشوانانی مێینە. بۆ نموونە ژنانی وەرزشوانانی ئەفریقا و ئاسیا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بێ وێنە دەبنەوە بەهۆی تێکەڵبوونی ڕەگەز و کولتوور و بیرۆکە ڕۆژئاواییەکانیان دەربارەی ئەوەی کە ژن بوون مانای چییە. لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ناسنامەی ڕەگەزی بەستراوەتەوە بە سیفەت و ڕەفتاری فیزیکی تایبەتەوە کە لەگەڵ بیرۆکە تەقلیدییەکانی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە مێینەییبوون دەگونجێت، وەک چۆن کەسێک چۆن دەردەکەوێت، دەنگی چۆنە، یان تەنانەت ئایا مووی جەستەی هەیە یان نا. کاتێک وەرزشوانانی وڵاتانی ناڕۆژئاوایی لەگەڵ ئەم چاوەڕوانییانەدا ناگونجێن، ڕووبەرووی حکومدانی نادادپەروەرانە دەبنەوە. کاترینا کارکازیس، زانای بایۆلۆجی ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لەو یاسایانەی کە بۆ پێناسەکردنی "مێینەیی" بەکاردەهێنرێن، لەسەر بنەمای ستانداردە لایەنگری و بابەتییەکانی ڕۆژئاوایی دامەزراوە. لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە لێکۆڵینەوەیە تەنیا پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نییە؛ هەروەها پەیوەندی بە ڕەچەڵەکەوە هەیە، زۆرجار ژنانی ناڕۆژئاوایی لە وەرزشدا دەکرێنە ئامانج. نزیکەی هەموو ئەو وەرزشوانانەی کە پرسیاریان لێدەکرێت لەسەر مێیینەبوونیان و بەردەوام بە تاقیکردنەوەی سەختی ڕەگەزیدا تێدەپەڕن، ژنانی ڕەنگپێستی جیاواز کە خاوەنی ئەو ڕوخسارە ئایدیەڵەی ژنانی ڕۆژئاوا نین.

ژنانی وەرزشوان بەردەوام ڕووبەرووی جیاکاریی ڕەگەزی بوونەتەوە لەو کاتەوەی کە ناچارکراون پشکنینی ڕەگەزی ئەنجام بدەن لە دوای جیاکردنەوەی وەرزشەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز.زۆرێک لەم پشکنینانە نوێنەرایەتییەکی وردی سوودە بۆماوەییەکان نین و ئەو ڕێکارانەی کە دەگیرێنەبەر بۆ دەرچوونیان دەتوانن دەرەئەنجامێکی هەمیشەیی و خراپیان هەبێت. فیدراسیۆنە وەرزشییەکان لەسەر ڕێکار و پێوەرە یەکگرتووەکان بۆ شایستەیی بەشداری وەرزشی نێودەوڵەتی ناکۆکن. ئەم پشکنیانەی کە تایبەتن بۆ ناسینەوەی ڕەگەز، لایەنی کۆمەڵایەتی و کولتووریشیان هەیە و پێویستە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ وەرزشوانانی وڵاتانی ناڕۆژئاواییدا لەبەرچاو بگیرێن. لە کاتێکدا وەرزشوانانی وڵاتانی ڕۆژئاوا چارەسەر وەردەگرن بۆ ڕێکخستنی ئاستی بەرزی هۆڕمۆنەکانیان لە جەستەیاندا، یان بە تایبەتی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن، بەڵام وەرزشوانانی وڵاتانی ناڕۆژئاوایی بێبەشن لەو مافە، هەروەها ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئەو کۆمەڵگەیە دەبنەوە کە لێیەوە هاتوون، ئەگەر دەرکەوێت کە دەستکاری ئاستی هۆڕمۆنەکانیان کردووە.
دروستکردنی بناغەیەکی مۆدێرن لەوەی کە چ شتێک/ستانداردێك بە سوودێکی بۆماوەیی نادادپەروەرانە دادەنرێت لە هەر وەرزشێکدا دەتوانێت جیهانێکی وەرزشی دادپەروەرتر و گشتگیرتر بۆ هەموو وەرزشوانان دروست بکات، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە کێشەی هۆڕمۆن یان بۆماوەیییان هەیە و بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە. سەڕەرای ئەمەش، پارێزگاری لە هەموو وەرزشوانان دەکات بەو پێیەی ئەگەر ڕێگەنەدات هیچ کەسێک دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت بە کێبڕکێکردن لەگەڵ کەسانێک کە لە ئاست تواناکانی یەکدیدا نەبن. بۆ برەودان بە دادپەروەری و گشتگیری لە وەرزشە نێودەوڵەتییەکاندا، پێویستە پێوەرەکانی بەشداریکردن دروستتر و ڕێککەوتووتر بکرێت کە زیاتر سەرنجیان لەسەر سیفەتە جەستەییەکان بێت نەک ڕوخسار و ئاستە هۆڕمۆنییەکان. هەروەها پێویستە گفتوگۆکان لەسەر ناسنامەی ڕەگەزیی لە وەرزشدا لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕێز و تێگەیشتنێکی زیاترەوە بێت، بە تایبەتی لە جیاوازییەکانی تێڕوانین لەم پرسەدا لە وڵاتە جیاوازەکاندا.