
دوابەدوای قبوڵکردنی سەنتەری توێژینەوەی iNNOV8 لە (Open Think Tank Directory)، ڕێکخراوی جیهانی تایبەت بە ڕێکخستن و ناساندنی ناوەندە بیر و توێژینەوە جیهانییەکان، ناسراو بە (OTT)، سەنتەرەکە بانگێشتکرا بۆ بەژداری کردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی ناوەندە بیرییەکان کە لە شاری بارشەلۆنای ئیسپانیا بەڕێوەچوو، بۆ ئەم مەبەستەش لە بەرواری (٢١ ئایاری ٢٠٢٤)دا، عیماد فەرهادی، بەڕێوەبەری iNNOV8، بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کرد کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو بە ئامادەی نوێنەری زیاتر لە ١٥٠ ناوەندی بیری لە سەرانسەری جیهاندا. جێی ئاماژەیە، iNNOV8 تاکە ناوەندی بیر بوو لە عێراقدا کە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو. لە میانەی کۆنفرانسەکەدا تیشک خرایە سەر ژمارەیەک پرسیاری پەیوەست بە ناوەندە بیرییەکانەوە، وەک: ناوەندە بیرییەکان سەر بە چ کۆمەڵگایەکن؟ چۆن ناوەندە بیرییەکان دەتوانن هاوبەشی و بەشداری بکەن لە کۆمەڵگاکانیاندا؟ چۆن دەتوانن متمانە دروست بکەن، تێکەڵ و هەماهەنگ بن. خاڵی سەرەکی گفتوگۆکانی نێو پانێڵەکە بریتی بوو لە ڕۆڵی ناوەندە بیرییەکان لە ساڵێکی هەڵبژاردندا لەگەڵ پاشەکشێ کردنی دیموکراسی. iNNOV8 توانی بنکەیەکی بەهێز لەگەڵ ناوەندە بیرییە نێودەوڵەتییەان دابمەزرێنێت و تاوتوێی بوارەکانی هاوکاری و پێکەوەکارکردن کرا لەگەڵ هاوبەشە جیهانییە جۆراوجۆرەکان لە داهاتوودا.


