Photo: NATO Mission in Iraqلە کاتێکدا ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) یادی لەدایکبوونی ٧٥ ساڵەی خۆی دەکاتەوە، هەندێک پرسیار دێنە ئاراوە دەربارەی ڕەوایەتی و پێویستی ئەم هاوپەیمانییە ئەمنییە فرەنەتەوەییە (ناتۆ). ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامن لەم ڕێکخراوەدا، داکۆکی و لایەنگری ئەم پلاتفۆڕمە ئەمنییە دەکەن و وەکوو تاکە سەکۆی کۆکەرەوەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەیری دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەخنەگرانی نێو ئەمریکا، کە سەرەکیترین ئەندامی ئەم هاوپەیمانێتییە فرە نەتەوەییەیە، لە ئێستادا ڕەخنەی توند لە ناتۆ دەگرن و بەشتێکی زیادە سەیری دەکەن کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر لەم سەردەمەدا پێویستی پێی نییە. بە درێژایی ٧٥ ساڵی ڕابردوو، ئەرکی ناتۆ بەردەوام بەرەو پەرەسەندن و فراوان بوون چووە، و لەگەڵ ئەمەشدا، هەندێك تێڕوانین هەن کە هاوپەیمانێتی ناتۆ تەرکیزی لە دەستداوە پەیوەست بەو ئەرکە سەرەکییەی کە لە پێناویدا دامەزراوە لەگەڵ گۆڕانی سروشتی ئەو کێشە جیهانیانەی کە ئەندامانی ناتۆ بە درێژایی درووست بوونی بەرەنگاری بوونەتەوە. لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکەدا وا هاتووە کە "ئامانجی بنەڕەتی و هەمیشەیی ناتۆ پاراستنی ئازادی و ئاسایشی سەرجەم ئەندامانی ناتۆیە بە ڕێگەی سیاسیی و سەربازی."
بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە ئەرکە دەرەکییەکانی ڕێکخراوی ناتۆ کە لەدەرەوەی سنورەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدراون، بە شێوازێک بووە تەواو لە دەرەوەی ئەو پێناسەیەدایە کە دەوڵەتانی سەرەکی دۆزەرەوەی ئەم ڕێکخراوە دایان ناوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەجێندای ناتۆ هێواش هێواش فروانتربووە و ئەرکی دیکەی لە خۆگرتووە وەک: بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، پێشکەش کردنی یارمەتی لە کاتی کارەساتەکان، چاودێری کردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان و دەریاکان، بەرەنگاربوونەوەی چەتەی دەریایی، ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروست بووە لە ناوچە جەنگییەکانی وەک کۆسۆڤۆ و هەرێمی دارفوری سوودان.
لە ئێستادا دەبینین کە ناتۆ لە عێڕاقدا هاوشێوەی دەوڵەتانی دیکە ئەرکی خۆی هەیە لە ژێر ناوی نێردەی ناتۆ لە عێڕاق، ناسراوە بە (NMI)، کە چوارچێوەیەکی کاری ناجەنگی هەیە و ئامانجی پەرەپێدانە بە توانا سەربازییەکانی دەوڵەتی عێڕاق بە ڕۆڵێکی ڕاوێژکارییانەوە. بوونی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨، کە لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێڕاق هاتوون و لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕۆڵی ناتۆ لە عێڕاقدا فروانتربوو. لە پێگەی فەرمی (NMI) هاتووە کە "ئێستا بازنەی ئەرکی ناتۆ لە عێراق چالاکییەکانی ڕاوێژکاری و بنیاتنان لەخۆدەگرێت بۆ پشتیوانیکردن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی."
لەگەڵ زیادبوونی داواکارییەکان بۆ دەرکردنی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاکی عێڕاقدا، بە درێژایی ئەم دۆخە پێشنیازێک هاتۆتەوە ئاراوە کە ئەویش سود وەرگرتن بووە لە ناتۆ و نێردەی ناتۆ لە عێڕاق (NMI)، وەکوو جێگرەوەیەکی قبوڵکراوی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە خاکی عێڕاقدا. بێگومان ئەم جۆرە لە بڕیارەش پێویستی بە درێژکردنەوەی ئەو بانگهێشتە فەرمییەی حکومەتی عێڕاق هەیە کە پێشتر ئاڕاستەی ناتۆ کراوە تا دووبارە بتوانێت خۆی لەگەڵ بارودۆخی عێڕاقدا بگونجێنێت.
ڕەنگە بۆ سیاسەتمەدارانی عێراق زیاتر قبوڵکراوبێت کە ناتۆ وەکوو جێگرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بێت، بەو پێیەی کە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەتمەدارانی عێڕاق بەردەوام هەڵوێستەکانیان توندتر دەبێت بەرامبەر بە بەردەوامی بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە وڵاتەکەدا. و تەنانەت ئەگەر ئەم بیرۆکە نوێیە جێگەی خۆی بگرێت، هێشتا قسەیەک هەیە کە باڵادەستی ئەمریکا بەسەر ناتۆدا، وەک یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەر و یەکێک لە گەورەترین بەخشەرە داراییەکانی بەشداربووانی هاوپەیمانی ناتۆ، ببێتە هۆی تێکدانی بێلایەنی هاوپەیمانێتییەکە. بە دڵنیاییەوە ئەوانەی لە حکومەتی ئەمریکادان هێشتا لەگەڵ پاراستنی ئەندامێتی ئەمریکان لە ناتۆدا و بەشداری وڵاتەکەیان وەکوو ئامرازێک دەبینن کە ڕێگە بە واشنتن دەدات دەستی سەرەکی هەبێت لە داڕشتنی کارنامەی ئاسایشی نێودەوڵەتی.عیماد فەرهادی
تێبینی: ئەم زانیارییانە لەسەر پێگەی فەرمی (NMI) بوونی هەیە.
بۆ چاوپێکەوتنی تایبەتی iNNOV8 کە بۆ ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە ئەنجامدراوە کلیك لێرە بکە.
دوای دوو دەیە لە جەنگ و چەندین ڕووداوی پەیوەست بە پارچە پارچەبوونی هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق، لە ئێستادا ژێرخانی ئەمنی عێڕاق بە نێو پرۆسەیەکی قوڵی چاکسازیدا دەڕوات. شەڕی چەند ساڵەی بەردەوام کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر هێزە چەکدارەکانی عێراق هەبووە و لێکەوتەی کاریگەری لەسەر توانای هێزە عێڕاقییەکان بەجێ هێشتووە. لەسەروو بەندی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)، هێزە ئەمنی و بەرگرییەکانی عێڕاق ڕووبەڕووی ئەزمونێکی زۆر خێرای کارەساتاوی داڕووخان بوونەوە. ئەم ڕووداوە وەکوو وریاکەرەوەیەک تەماشاکرا بۆ پێکهاتەی فەرماندەی سەربازی-سیاسی کە عێڕاق پێویستی بە چاکسازییەکی بەپەلە و پێویست هەیە لە نێو هێزە چەکدارەکانیدا. لە نەبوونی هێزیکی چەکداری بەتوانا و باوەڕپێکراو، هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو ساتە هەستیارەدا دەستبەجێ دەستێوەردانیان کرد، کاریان لەگەڵ هێزەکانی عێڕاق و پێشمەرگەدا کرد بۆ ڕاگرتنی فراوانخوازییەکانی داعش. لەسەر ڕاسپاردەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دروست کردنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ بەزاندنی داعش کە پێکهاتبوو لە حەفتا و نۆ دەوڵەت و دامەزراوە، بە ناتۆ، و یەکێتیی ئەوروپا، و کۆمکاری عەرەبییەوە. ئەمە جگە لەوەی هەندێك دەوڵەتی دیکە بە شێوازی دیکە بەشدارییان کرد لەم هاوپەیمانێتییە ئەویش بە ڕاهێنەر و پاڵپشتی لۆجستی، یاخود بە پێشکەشکردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان. ئەو شەڕ و ڕووبەڕووبوونە خوێناوییانەی بە درێژایی سنورێکی بەرفروان ئەنجام دەدران بە شێوازێکی یەکلانەکراوە کۆتایی پێ هات کاتێك کە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێڕاق حەیدەر عەبادی لە بەرواری ٩ کانوونی دووەمی ٢٠١٧ سەرکەوتنی بەسەر داعش ڕاگەیاند. ساڵانێک لە گەندەڵی و کوتلەگەرای و ڕێکخستن و مەشق و ڕاهێنانی ناتەواو لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ سەریکێشا بۆ لاوازبوون و کەمئاست بوونی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق. ژێرخانی داڕووخاوی ئەمنی عێراق، بە سوود وەرگرتن لەو وانانەی کە لە شەڕی دژی داعشدا فێربوون، لە کۆتایدا توانی پشتیوانی سەرکردایەتی عێراقی بەدەست بهینێت کە باوەڕیان هێنا وڵات پێویستی بە دامەزراندنی هێزی بەرگری و ئەمنی نوێ و ڕەسەن هەیە کە توانای دووپاتکردنەوەی متمانەی خۆی بۆ هاووڵاتیانی عێراق هەبێت و ئەو ڕێزەی عێڕاق لەگەڵ هاوپەیمانە درێژخایەنەکانیدا هەیەتی دووبارە بە دەستی بهێنێتەوە. پێشنیازی حکومەتی عێراق بۆ دامەزراندنەوەی هێزی چەکداریی متمانەپێکراوی عێراقی کە توانای بەرگریکردن لە سەروەری عێراقیان هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دەستبەکاربوونی فەرمی نێردەی ناتۆ لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٨.
لە کاتی ئەنجامدانی لوتکەی ناتۆ لە تەموزی ٢٠١٨ لە برۆکسل، لەسەر داوای فەرمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نێردەی ناتۆ لە عێڕاق ناسراو بە (NMI) دەستی بە کارکردن کرد، و لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا بە فەرمی لە خاکی عێڕاقدا دامەزرا. ئامانجی سەرەکی (NMI) بریتییە لە بنیاتنانی پێکهاتەیەکی کاریگەر و گشتگیر و بەردەوام و بەپرسیار لە بواری ئاسایشی نەتەوەی و بەرگری بۆ عێراق. لەسەر داواکاری بەغداد، نێردەی ناتۆ لە عێراق سروشتێکی ناجەنگی هەیە، بەو مانایەی کە کارمەندانی ناتۆ بەشداری ئۆپەراسیۆنەکان ناکەن و لەگەڵ سوپای عێڕاقدا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش ئەنجام نادەن. بەڵکو تەنها ئامۆژگاری و ڕاوێژی ئەندامانی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی حکومەتی عێراقدان.
هەموو وڵاتانی ئەندامی ناتۆ شانبەشانی وڵاتانی هاوبەشی ڕێکخراوەکە، وەکوو ئوسترالیا، سەرجەمیان بەشدارییان هەیە لە نێردە و ئەرکی ناتۆ لە عێراقدا. لە شوباتی ساڵی ٢٠٢١، لەسەر داوای حکومەتی عێڕاق، وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بڕیاریاندا بە فراوانکردنی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا. دواتر، هاوشێوەی ئەم بڕیارە دووبارە لەسەر داوایەکی دیکەی حکومەتی عێڕاق، نوێنەرایەتی ناتۆ لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ بڕیارێکی دیکەی پەسەند کرد دەربارەی فراوانکردنی بازنەی (NMI) بە ئامانجی لەخۆگرتنی چالاکی زیاتری پەیوەست بە ڕاوێژکاری و بنیاتنانی توانای سەربازی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق لەلایەن ئەنجومەنی باکووری ئەتڵەسیەوە.
نێردەی ناتۆ لە عێراق ئەرکێکی ڕوونی هەیە، ئەویش بریتییە لە پێدانی ڕاوێژکاری و بنیاتنانی توانای ناجەنگی کە پەیوەست نەبێت بە شەڕکردنەوە، ناتۆ لەم ڕێگەیەوە یارمەتی عێراق دەدات لە بنیاتنانی هێز و دامەزراوەی چەکداری شەفافتر و گشتگیرتر و کاریگەرتر. لەسەرەتای دامەزراندنی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا، ئامانجی سەرەکی ئەو ئەرکەی ناتۆ گەڕاندنەوەی متمانە بوو بۆ هێزە عێراقییەکان بە ئامانجی باشتر سەقامگیرکردنی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێگری کردن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش. گرنگترین هاوتا عێڕاقییەکانی ناتۆ بریتیین لە وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای دژە-تیرۆر و نوسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی. ئامانجی سەرەکی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا پشتگیریکردنە لە هەوڵەکانی پەیوەست بە ڕاهێنان و بنیاتنانی تواناکان لەم بوارانەی خوارەوە:
پێش دامەزراندنی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاقدا لە ساڵی ٢٠١٨، پاڵپشتی ڕاوێژکاری سنووردار پێشکەش بە هێزەکانی بەرگری و ئەمنی عێراق دەکرا. ئەو مەشقانەی کە پەیوەست بوون بە بوارەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی زۆرترینی لە دەرەوەی عێڕاق ئەنجام دەدران. بۆ نموونە، پێشتر لە وڵاتی ئوردن مەشقی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی بۆمبی چێندراو، پزیشکی سەربازی، پلاندانانی مەدەنی-سەربازی، وە ڕاهێنانی سەربازی ئەفسەرەکان بەڕێوەدەچوو. لەهەمان کاتدا هێزەکانی عێڕاق ڕاهێنانی تایبەت بە ئاسایشی ئەلکترۆنی لە وڵاتی تورکیا وەردەگرت. لەگەڵ دامەزراندنی نێردەی ناتۆ لە عێڕاق بوونی کارمەندانی مەدەنی و سەربازیی پەیوەست بەو ئەرکە، مەشق و ڕاهێنان لە ڕێگەی جێگیرکردنی تیمی تایبەتی ڕاهێنان و مەشقکردن لە ڕێگەی سیمینار و وۆرک شۆپەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن ئەندامانی تیمی سەرەکی لە بەغداد و پسپۆڕانی ئەو بابەتانە ئەنجام دەدرێن، بەم شێوازە هەوڵەکانی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا بەردەوامتر و کاریگەرتر دەبێت. جێی ئاماژەیە کە ئەم نوێنەرایەتییە پاڵپشتی تەواوی دارایی لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ وەردەگرێت کە لە لایەن سندوقی متمانە پێکراوی ناتۆ بۆ بەرگری و پەیوەست بە هەوڵەکانی بنیاتنانی توانای ئەمنی، ناسراو بە (DCM) خەرج دەکرێت. سەرەتا ئەم سندوقە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە بڕی ١.١٣ ملیۆن یۆرۆی تەرخان کرد بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی ڕاهێنان و بنیاتنانی توانای پەیوەست بە ئەرکەکانی لەسەر مین، هاوکاری مەدەنی-سەربازی و چاککردنەوەی زرێپۆشەکانی سەردەمی سۆڤیەت.
یەکەم جێگیربوونی کارمەندانی ئەمنی و مەدەنی ناتۆ لە عێڕاقدا ئەرکێکی پڕ لە ئاڵنگاریە بەهۆی ژمارەیەک هۆکارەوە. یەکەم، نەبوونی ڕوونکردنەوە لەلایەن هاوتا عێراقییەکانەوە بۆ ئەوەی کە چۆن نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدەتوانێت بەشداری هەبێت و دەبێت چ پێداویستییەک پڕبکاتەوە. هەر لەبەر ئەمەش، داڕشتنی بازنەی پێداویستییەکانی تایبەت بە حکومەتی عێڕاق تا مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ خایاند کە تێیدا نێردەی ناتۆ لە عێڕاق بە تەواوی دەستی بە کارکردن کرد لەگەڵ هاوتا عێراقییەکان و دەستپێکردنی ئەرکی ڕاوێژکاری و بنیاتنانی تواناکانی نوێنەرایەتییەکە. دووەم، دۆخی ئەمنی لەو کاتەدا و لە دوو ساڵی یەکەمدا پڕ لە کێشە بوو و ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکان کرد. سێیەم، پەتای کۆڤید بووە هۆی وەستانی کاتی هەموو ئۆپەراسیۆنەکان بە هەمان شێوە. لە کۆتاییدا بەهۆی ئەوەی زۆربەی پسپۆڕانی سەربازی و مەدەنی ناتۆ بۆ ماوەی تەنها شەش مانگ دەهاتنە عێڕاق و گەشتەکەیان کورتخایەن بوو، لە ئەنجامدا کێشەکانی پەیوەست بەم پرسە هێندەی کە زیاتر بوو. ئامانجی درێژخایەنی حکومەتی عێراق بۆ نوێنەرایەتی نێردەی ناتۆ بریتییە لە فراوانکردنی پێشکەوتووانەی هێزە عێراقییەکان لەڕێگەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدان بە توانا ئۆپەراسیۆنییەکانی هێزە عێراقییەکان. نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاق ڕۆڵێکی ستراتیجی سەرەکی دەگێڕێت بۆ چاکسازی بەرفراوان لە چاکسازی کەرتی ئەمنی ناسراو بە (SSR) بە ئامانجی:
• بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەسەر هەموو ئاستی وەزاری و دامەزراوەیی.
• باشترکردنی سەرچاوە مرۆییەکان و لۆجستیک و بەڕێوەبردن.
• باشترکردنی بەڕێوەبردنی ڕاهێنان.
• باشترکردنی ئامادەیی.
• داڕشتنی سیاسەت و ستراتیجی.
• ئاگادارکردنەوە لە یاسای شەڕی چەکداری.
• پەرەپێدان بە تواناکانی سەرکردایەتی.
• بەرەوپێشبردنی ژنان و ئاشتی و ئاسایش.
• ڕاوێژکاری و فێرکردنی خوێندنی سەربازی پیشەیی.
دوو ئامانجی سەرەکی نێردەی ناتۆ لە ئەولەوییتەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی چاکسازی سەربازی بریتین لە: توانادارکردنی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ بنیاتنانی هێزێکی سەربازی کە بتوانێت پێداویستییە ستراتیجییەکانی دابین بکات و دڵنیابێت لەوەی هێزە چەکدارەکان هێزێکی باوەڕپێکراو و متمانەپێکراون کە توانای دووپاتکردنەوەی سەروەری عێراقی هەیە و لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیەوە ڕێزی لێبگیرێت.
ئامانجی بەشی ڕاوێژکاری وەزاری (MAD) هاوکاریکردنی نێردەی ناتۆیە لە عێڕاق (NMI) لەو بەڵێنەی بۆ دامەزراندنی سیستمێکی پشت بەخۆ بەستوو و سەربەخۆ بۆ بەرگری عێراق (و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە) لە بەرامبەر هەڕەشەکان، لە هەمان کاتدا پاراستنی چاودێری دەستووری و جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی. بەشی ڕاوێژکاری وەزاری لە زیاتر لە شەست ڕاوێژکاری سەربازی و مەدەنی سەر بە نزیکەی پانزە وڵاتی جۆراوجۆرەوە پێکهاتووە، ئەرکی پێشخستنی١٤ دانە لە ئامانجە ٢١ خاڵییە درێژخانەکەی نێردەی ناتۆیە کە عێڕاقدا. داڕشتنی ستراتیجی، پلاندانانی پەیوەست بە بەرگری، لۆجستی، ئاسایشی ئەلکترۆنی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، هەواڵگری و چاکسازی دارایی لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم بەشەن. لەسەر هەردوو ئاستی فەرماندەیی خزمەتگوزاری و وەزاری کاردەکات بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی بەردەوام کە لەلایەن عێراقییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت. هەروەها دوو دەستەی سەرەکی چاودێری کەرتی ئاسایشی عێراق- سەرۆکی لیژنەی چاکسازی لە بەرگری و لیژنەی چاکسازی وەزاری- بەشێوەیەکی بەرچاو لە لایەن بەشی ڕاوێژکاری وەزاری (MAD) هاوکاری دەکرێن. تێڕوانینی داهاتووی بەشی ڕاوێژکاری وزاری (MAD) هەوڵدەدات کەشێکی سەلامەت بۆ هاوڵاتیانی عێراق دابمەزرێنێت بە دڵنیابوون لەوەی کە دامەزراوە ئەمنییەکان دەسەڵاتیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی شەرعی و لێپرسینەوەی دیموکراسی و کاریگەر لە پاراستنی کۆمەڵگەی عێراق لە ڕێگەی چاکسازییە بەردەوامەکانی کەرتی ئەمنیەوە بگرنە ئەستۆ.
دەستکەوتە سەرەکییەکانی بەشی ڕاوێژکاری وزاری (MAD) لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٣ بریتین لە:
• بەهێزکردنی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ناسراوە بە (IAFs).
• پێشکەوتنی بەرچاو لە مۆدێرنکردنی سەرچاوە مرۆییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق و بەڕێوەبردنی.
• بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەڕێگەی باشترکردنی بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات (OoCA) کە تێیدا کارمەندانی عێراق بەشداری چالاکییەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەکەن.
• پێشکەوتنی بەرچاو لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەگەڵ پشتگیری تەواوی (NMI) بۆ گەیاندنی کارپێکردن و داڕشتنی ستراتیجی و پەرەپێدانی سیاسەت کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی بەرگری کراوە.
• بەدیهێنانی یەکەم ستراتیژی پشتگیری لۆجستیکی نووسراوی عێراق بۆ ڕێنماییکردنی سیستمێکی لۆجستیکی مۆدێرن و بەهێز و کارپێکراو.
• باشترکردنی تواناکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق لە ڕێگەی ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق پێکهاتەی بەڕێوەبردنی قەیرانی نیشتمانی عێراقی داڕشتووە بۆ زیادکردنی خۆڕاگری داهاتووی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق.
• بەهێزکردنی کۆنترۆڵی مەدەنی و دەستوریی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕێگەی چەسپاندنی کولتووری چاکسازی بەردەوام و پێوانەکراو لە حوکمڕانی مەدەنیدا.
دامەزراندنی ڕاوێژکاری فەرماندەیی خزمەتگوزاری (NMI) بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق بتوانن بچنە ناو هاوبەشییەکی ئاسایی ناتۆ بە هەڵبژاردنی ستراتیجی بابەتەکان، وەک: بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، لۆجستیک، ئامادەیی، پەرەپێدانی هێز/توانا، پەرەپێدانی ئەفسەری ناڕاسپێردراو (NCO)، پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، و بەهێزکردنی ژنان لە سیستمی بەرگری دەوڵەتدا.
بەشی پیشەی پەروەردەی ئەمنی، ناسراو بە (PSE)، لە ماوەی پێنج ساڵی ئەرکی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا، سەرکەوتنی زۆری هەبووە، لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ زانکۆی بەرگری بۆ لێکۆڵینەوە و دراساتی سەربازیی، ناسراو بە (DUFMS)، و ئەکادیمیای سەربازی بە شێوەیەکی بەردەوام بەهێزتر کردووە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانی ئەو دامەزراوە عێڕاقییانەی کە ئامۆژگاری و ڕاوێژیان پێ دەدات. بەشی پیشەی پەروەردەی ئەمنی بەرپرسی دوو لە ئامانجە درێژخایەنەکانی نێردەی ناتۆیە لە عێڕاقدا: چاکسازی لە کادری ئەفسەری ناڕاسپێردراو (LTO 9) و بەهێزکردنی پرۆگرامی خوێندن، فاکەڵتی و دامەزراوەیی (LTO 11).
LTO 9: ئامانجی چاکسازییەکی بەرچاوە لە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی لە کادری ئەفسەری ناڕاسپێردراوی عێراق لە سەرتاسەری فەرماندەی خزمەتگوزارییەکان. پرسەکانی وەک دامەزراندندنی کادری ئەفسەری ناڕاسپێردراو، بەرەپێشچوونی پیشەیی، پێکهاتەی کارمەندان، ئەو ئەرکانەی کە بە پێی پلەکان دەگونجێن، پێداویستییەکانی ڕاهێنان، و ستانداردەکانی پلەبەرزکردنەوە هەموویان دەبێت بەم چاکسازییە چارەسەر بکرێن.
LTO 11: هەموو ئەو دامەزراوانە دەگرێتەوە کە بەشی پیشەی پەروەردەی ئەمنی، ناسراو بە (PSE)، ئامۆژگاری و ڕاوێژیان پێ دەدات، لەوانەش زانکۆی بەرگری بۆ لێکۆڵینەوە و دراساتی سەربازیی، ناسراو بە (DUFMS)، و ئەکادیمیای سەربازی. LTO 11 سێ هێڵی چالاکی هەیە. یەکەم: پەرەپێدانی ناوەڕۆکی مەنهەج کە بریتییە لە هاوکاریکردن لە هەڵسەنگاندن و داڕشتنی مەنهەجەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بگونجێت لە هەمان کاتدا دەستپێشخەرییە بەرچاوەکانی ناتۆ وەک ئاشتی و ئاسایشی ژنان، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، و پاراستنی خەڵکی مەدەنی لەخۆدەگرێت. دووەم، پەرەپێدانی فاکەڵتی ئامانجی بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی فێربوونە لەڕێگەی بەهێزکردنی تواناکانی ڕاهێنەران و گەشەپێدەران، تێکەڵکردنی شێوازەکانی فێربوونی مۆدێرن و میدیا، و پێشکەشکردنی ڕاهێنان. لە کۆتاییدا گەشەپێدانی دامەزراوەیی کە ئامانجی دەستەبەرکردنی پێشکەوتنێکی بەردەوامە لە پڕۆسەکەدا.
هاوکاری و پرۆگرامەکانی بەشی پیشەیی پەروەردەی ئەمنی (PSE):
• بەرنامەی برەودان بە پەروەردەی بەرگری ناتۆ، ناسراوە بە (DEEP): ڕێگە بە بەشی پیشەی پەروەردەی ئەمنی (PSE) دەدات دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆی بە تۆڕی دامەزراوەکانی (DEEP) هەبێت لە سەرانسەری ناتۆدا.
• پرۆگرامی پەرەپێدانی سیستمی ڕاهێنان (TSDP): دوولایەنە کاردەکات لەگەڵ تاکە نەتەوەیەکی ناتۆ، (TSDP) هاوکارییەکی پیشەسازییە لەگەڵ بەریتانیا، کە لەلایەن باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغداد ئاسانکاری بۆ دەکرێت، بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوە و پەرەپێدانەکانی پەیوەندیدار بە مەنهەجی ئەرکی ناتۆ لە عێڕاقدا، و باشترکردنی ستانداردەکانی ڕێبازی سیستمەکان بۆ ڕاهێنان (SAT)، و پەرەپێدانی پلانە جەنگییە نوێیەکان.
سیستەمی ئایتی لە سەنتەری پەروەردەی پەرەپێدانی کادر (ECDC): دابینکردنی ئامێرە پێشکەوتووەکانی پەروەردەیی بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لەم سەنتەرەدا ناویان تۆمارکردووە و ئاسانکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی خولی گرنگی پەرەپێدانی ڕاهێنەر و لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانەوە بۆ هەموو هێزە چەکدارەکانی عێراق.
• هاوبەشی کردنی نێوان سەنتەری توێژینەوەی لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکانی عێراق، ناسراو بە (SSRC) و کۆلێجی بەرگری شاهانەی دانیمارک (RDDC): هاوبەشکردنی زانیاری و لێکۆڵینەوە لە نێوان دامەزراوەکان لە ڕێگەی سیمینار و وۆرک شۆپی هاوبەشەوە.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە بۆ بەشی پەرەپێدانی ڕاهێنان (TDD) دیاری کراوە، کە بریتییە لە پێداچوونەوە بە مەنهەج و پەرەپێدانی تواناکانی ڕاهێنان کردن بە گرنگیدان بە ڕاهێنانی تایبەت بە سەرکردایەتی کردن. بەشی پەرەپێدانی ڕاهێنان (TDD) دەتوانێت پشت بە تێکەڵکردنی ڕاوێژکاران و پسپۆڕانی بەشەکانی دیکە ببەستێت کە لە نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێڕاق (NMI)، بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی کە شارەزایی ڕاوێژکارانی (TDD) پێویستی لێ نییە. بەڵام تیمەکانی ڕاهێنانی ڕاوێژکاری، ناسراو بە(MATT) کە لەسەر بنەمای داواکاری ڕاوێژکارانی نێردەی ناتۆ لە عێڕاق (NMI) و هاوتا عێراقییەکانیان دامەزراوە، لەوانەیە بتوانێت یارمەتی بەهێزکردنی (NMI) بدات لەو بارودۆخانەدا کە ئەزموونی پێویست لە ناو (NMI)دا بوونی نییە.
تیمەکانی ڕاهێنانی ڕاوێژکاری، ناسراو بە(MATT) لەلایەن بەشی پەرەپێدانی ڕاهێنان (TDD) بەکارهێنراوە بۆ یارمەتیدان لە پێشخستنی ئەرکەکانی، وەک:
پڕۆژەی لقی پێکەوە بەستراوی پەرەپێدانی ڕاهێنان (CCBP):
لقی قوتابخانە و سەنتەری ڕاهێنانی خزمەتگوزاری (BSS&TCs) لە ڕێگەی (CCBP) ئامانجی برەودانە بە کۆمەڵە کارامەییەکی پراکتیکی ڕاهێنەرەکانی بەشی پەرەپێدانی ڕاهێنان (TDD). ئامانجی سەرەکی (CCBP) خولی ڕاهێنانی تێکەڵ کردنی هێزە شەڕکەرەکان، ناسراوە بە (CATC)، هەوڵدەدات تێگەیشتنی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق لە هەماهەنگی نێوان بەشە جیاوازەکانی برەوپێبدات و ئاشنایان بکات بە پرۆسەی بڕیاردانی سەربازی. هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان (CCBP) و هێزە چەکدارەکانی عێڕاق ئامانجیان پەرەپێدانی کۆرسی هاوبەشە کە لە دەوری ئەم بابەتانەی خوارەوەدایە:
هەوڵە ڕاوێژییەکانی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا (NMI) دەربارەی یاسای مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی (IHL) و یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ (IHRL) یەکێک بووە لە پایە سەرەکییەکانی ئەم ئەرکە. یەکێک لە ئامانجە درێژخایەنەکانی (NMI)هەردوو یاسای مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی (IHL) و یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ (IHRL) دەگرێتەوە، کە تێیدا هاتووە "مافی مرۆڤ و یاسای مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی (IHL)، لە ستراتیجی، سیاسەت، دەستنووس، پەروەردە و ڕاهێناندا جێبەجێ دەکرێت." ئامانجی درێژخایەنی نێردەی ناتۆ سەبارەت بە IHL و IHRL خۆی لە سێ هێڵی هەوڵداندا دەبینێتەوە:
• پەرەپێدان و باشترکردنی ستراتیژجی، سیاسەت، دەستنووس و ڕێبازی پەیوەندیدار لەسەر ئەم بابەتە
• بەدامەزراوەییکردنی پێکهاتە یاساییەکانی یاسای مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی (IHL) لەناو هێزە چەکدارەکانی عێراق (IAF)؛
• ڕاهێنان و پەروەردەی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق لەسەر یاسای مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی (IHL) و یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ (IHRL).
بەشی پەیوەندییە ستراتیژییەکان، نوێنەرایەتیکردن و گەیاندن، ناسراو بە (SCRO)، وەک ڕووکارێکی دەرەکی بۆ نێردەی ناتۆ لە عێراق (NMI) کاردەکات. ڕۆڵەکانی ئەم بەشە بریتین لە: (١) گەیاندنی پەیامە سەرەکییەکانی نێردەی ناتۆ لە عێڕاق (NMI) بۆ ئامانجەکان؛ (2) پێدانی ڕاوێژ بە فەرماندەی (NMI) و کۆمەڵگەی (NMI) سەبارەت بە ژینگەی ستراتیجی و زانیاری ئەرکەکە؛ و (3) هەماهەنگی هەوڵەکان بۆ چاکسازی لە کەرتی ئەمنیدا چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە دەرەوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیران، فەرمانگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، و وەزارەتی دەرەوە سێ هاوتای سەرەکی مەدەنین کە ستافی باڵای مەدەنی و بەشی پەیوەندییە ستراتیجییەکان، نوێنەرایەتیکردن و گەیاندن، ناسراو بە (SCRO)، کارلێکیان لەگەڵدا دەکەن. چالاکییەکان بریتین لە هەماهەنگی دوو ڕۆژی باڵیۆزی ساڵانەی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا لەگەڵ باڵیۆزخانەی خاڵی پەیوەندی ناتۆ کە ئێستا وڵاتی ئیتاڵیایە. لە ساڵانی پێشوودا، بەشی پەیوەندییە ستراتیژییەکان، نوێنەرایەتیکردن و گەیاندن (SCRO) بەناوی نێردەی ناتۆ لە عێڕاقدا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی گروپی پەیوەندی ئەمنی دەکرد. گروپی پەیوەندی ئەمنی هاوپەیمانییەکی نافەرمی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە ئەرکیان بەرەوپێشبردنی چاکسازیی کەرتی ئەمنییە لە عێراق، وەک:
نێردەی ناتۆ لە عێراق (NMI) لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزراوە، ئۆپەراسیۆنێکی ڕاوێژکاری تواناسازی و ناجەنگییە لە عێراق کە ئامانجی ئاسانکارییە بۆ چاکسازییەکی بەردەوامی دامەزراوەیی لە چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا. نێردەی ناتۆ لە عێڕاق (NMI) جەخت لەسەر پەرەپێدانی ڕاهێنەر و مامۆستا و سەرکردەکان دەکاتەوە، بە پێچەوانەی پێدانی ڕاهێنانی ڕاستەوخۆ بە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. بە چەسپاندنی خۆتەرخانکردنی ناتۆ بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و سەروەری عێراق، نوێنەرایەتییەکە هەوڵدەدات هاوکاری عێراق بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە درێژخایەنەکانی کە بریتین لە دامەزراندنی وڵاتێکی سەقامگیر و سەلامەت.
تێبینی نووسەر: ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە سوودی لە ماڵپەڕی فەرمی نێردەی ناتۆ NMI و بڵاوکراوەکانی وەرگرتووە