
بۆ خوێندنەوەی چاوپێکەوتنی تایبەت بە سیاسەتی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کلیک لێرە بکە. ئەم توێژینەوەیە سوودی لەم چاوپێکەوتنە تایبەتە وەرگرتوە بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەشتن لە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە.
چاکسازی پێشمەرگە بەشێوەیەکی جدی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا توێژینەوەی چڕی لەسەر ئەنجامدراوە. کەمی لە داتا و شیکارییەکاندا نییە لەسەر ئەو ئاستەنگە سیاسیانەی لە نێوان پارتە سیاسییەکان هەیە، وەک بابەتە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان کە کۆنترۆڵی یەکەی ٨٠ دەکات و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە کۆنترۆڵی یەکەی ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات. هەروەها شیکاریی بەرفراوانیش هەیە لەسەر سستی دامەزراوەیی وەزارەتی پێشمەرگە و سنووردارییەکانی پشتگیری نێودەوڵەتی. ئەم توێژینەوەیە پێشنیارێکی ورد دەخاتە ڕوو بەدەر لە کێشە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکان بۆ زیاتر تێگەیشتن لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و تیشک دەخاتە سەر چۆنییەتی یەکخستنی پرۆسەکە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتیەکانی چاکسازی بەشی ئەمنیەت (ئاسایش) تا چاکسازییەکە سەرکەوتوو بێت نەک تەنها وەک پرۆسەیەکی سیاسی بەڵکو وەک پرۆسەیەکی یاسایی و بەستانداردکراو.
سەبارەت بە دەستکەوت و ئاڵنگارییەکانی پرۆسەی چاکسازی، توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر سێ بنەمای سەرەکی. یەکەم، پرۆسەی چاکسازی بەردەوام خاو بووە یاخود لە ئاستی پێویستدا نەبووە نەک لەبەرئەوەی هەنگاوە دروستەکان لە ژێر مەرجە هەڵەکاندا هەڵگیراون، بەڵکو لەبەرئەوەی هەنگاوەکان بە هەڵە هەڵگیراون. یەکگرتنی فەرماندەیی وەک دەستپێکی چاکسازی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی دروست دەبێت وەک دەستکەوتی کۆتایی دابنرێت. پێش ئەوەی فەرماندەییەکی یەکگرتوو بتوانێت کارا بێت، پێویستە سیستەمە دارایی، ئیداری و بەڕێوەبردنیەکانی ئەو سیستمە بەرپا بن. ئەم دۆخە لە هەرێمی کوردستان بەرپا نییە و هەموو بنەمای چاکسازی پیشـەرگە تەنها لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکان وەک سەکەوتنی پرۆسەکە پێناسە کراوە.
دووەم، گروپی راوێژکاریی نێودەوڵەتی، کە بە (MNAG) ناسراوە و لە ژێر چەتری فراوانتری ئۆپەراسیۆنی (OIR) دا کار لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، توانیویانە هەماهەنگ و پاڵپشتی پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە بن لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە. وەک MNAG پێویستە زیاتر جەخت بکەنەوە لەسەر مەرجەکانی بەدامەزراوەییکردنی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سێکتەری چاکسازی ئاسایش ناسراو بە SSR تا پرۆسەی چاکسازی دوورمەودا بێت و لە بەرژەوەندی کورتخایەنی لایەنە سیاسییەکان کۆنەکرێتەوە و بەپێی ئەو بنەما و مەرجە بنەڕەتییانە هاوکاری و ڕاوێژکاری پێشمەرگە بکەن.
سێیەم، ژینگەی زانیاری و میدیایی دەوری چاکسازی بە شێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر دۆخی چاکسازی دەکەن کە وەک دەستکەوتی لایەنە سیاسییەکان لێکیدەدەنەوە نەک وەک دەستکەوتی وەزارەتی پێشمەرگە و بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی. ئەم جۆرە بانگەشەیە دەبێت ئاراستەیەکی بێلایەن وەبگرێت دوور لە خزمەتکردنی ئەجێندای لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی پرۆسەی چاکسازی، کە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی سیاسەتێکی جیاواز بۆ خزمەت بە پێشمەرگە و گەلی کورد.
پشتگیریی زیاتر بۆ مۆدێلی چاکسازی لە ئێستادا پێویستی بە سیستمکردنی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە هەیە کە تارادەیەک بە سیاسی کراون. مۆدێلێکی نوێی چاکسازی لەسەر بنەمای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاکسازی لە بەشی ئەمنیەت و بەدامەزراوەیکردنی سیستمی بەرگری پێویستە. ئەم چاکسازییەش لەسەر پرەنسیپەکانی چاکسازی بەشی ئەمنیەتی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری و گەشەسەندن (OECD) و بنیادنانی دامەزراوەی بەرگری NATO (DIB) بۆ چاکسازی پێشمەرگە دەکرێت بهێنرێتە ئاراوە.
چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت کۆی هەنگاوە بنەڕەتییەکان لەخۆ بگرێت کە یەکگرتنی دارایی و بێلایەنی سیاسیی و هەروەها بەدامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگە پێش یەکگرتنی فەرماندەیی دەستپێدەکات. مەرجە کاری جدی بکرێت بۆ سەلماندنی بەرەوپێشچوونەکان لە چاکسازی کە جێی متمانەی هاوکارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پرۆسەی چاکسازی بێت. ئەم توێژینەوەیە لۆژیکی مارشاڵ پلان دەخاتە ڕوو وەک پێداچوونەوەیەک بۆ تەواوی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و بە سوود وەرگرتن لە ستانداردە نێودەوڵەتیەکانی چاکسازی لە کەرتی ئاسایش و بنەماکانی بنیاتنانی دامەزراوەی بەرگری وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
هەرچەندە هیچ لێکچوونێکی مێژووی مارشاڵ پلان لێرەدا ناخرێتە ڕوو بەهۆکاری ئەوەی ئەم پلانە لەلایەن سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خرایە ڕوو بۆ هاوکاریکردن و بنیاتنانەوەی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئەم پرۆسەیە کە سوود لەم پلانە وەربگرێت ئەوەیە کە تا ئێستاش مارشاڵ پلان وەک سەرکەوتووترین پرۆژەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ناسراوە لە جیهاندا نەک بەهۆی هاوکارییە داراییەکانەوە بۆ ئەوروپا بەڵکو بەهۆی چەسپاندنی بنەمای بە دامەزراوەییکردن کە مەرجی سەرەکی بوو بۆ ئەوروپا تا هاوکارییە داراییەکان وەربگرێت لە کەرتە جەوهەرییەکانی دروستکردنی دەوڵەت و بەتایبەتیش کەرتی بەرگری و ئاسایش.
بۆیە دەکرێت سوود لە ئەم لۆژیکە وەربگیرێت هەم لەلایەن دۆستە نێودەوڵەتییەکانی هێزی پێشمەرگە و هەم لە ئاستی ناوخۆی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ نوێکردنەوە و بەدامەزراوەیی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە. گرنگترین هەنگاوی چاکسازی پێویستی بە پاڵپشتی حکومەتی عێراق دەبێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، کە تا ئێستا کەمترین هەماهەنگی سەربازی و ئاسایش هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان. بۆیە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لە کارە پێشینەکانی گرنگیدان بێت بە هاوسەنگی هێز لە بەغداد و دوستکردنی پردێکی پەیوەندی لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێـمی کوردستان بۆ بەروەپێشچوونی چاکسازییە ئەمنیەکان و هەماهەنگی سەربازی بەرفراوان لە پێناو نوێکردنەوە و چەکدارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوتاکردنەوەی مافەکانیان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان.
چاکسازی پێشمەرگە وەک پرۆسەیەکی فەرمی و پشتگیریکراوی نێودەوڵەتی لە ٢٠١٧دا دەستی پێکرد، کاتێک دەوڵەتی بەناو ئیسلامی لە عێراق و سوریا (داعش) کۆتایی پێهێنرا و لە ڕووی سەربازییەوە شکستی خوارد لە خاکی عێراودا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆڵەندا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، و فەرەنسا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) بە واژۆکردنی ڕێككەوتنامەیەکی پێکهاتوو لە ٣٥ خاڵ کۆبوونەوە کە مەبەستی پیشەیی کردنی هەموو یەکەکانی پێشمەرگە و خستنیانە ژێر فەرماندەییەکی وەزارەتی پێشمەرگە بوو.
ئەو هاوبەشییە لە ڕێگای دوو مەکانیزمی جیاواز بەڵام پەیوەندیدار کار دەکات. هێزی هاوبەشی (CJTF) ئۆپەراسیۆنی (OIR) لەخۆ دەگرێت، کە لە ژێریدا گروپی (MNAG) بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر چاکسازیە ئیداری، دارایی و پێکهاتەییەکان کاردەکات.
لە ٢٠٢٢دا، وەزارەتی پێشمەرگە یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی دووقۆڵی (MoU-nonbinding) ی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆ کرد کە پابەندبوونی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم لە بەردەوامکردنی بەرنامەی چاکسازیی بەردەوامدا نوێکردەوە. یادداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئەیلولی ٢٠٢٦ ی وەک بەرواری کۆتایهاتنی رێککەوتنەکە دیاری کرد بۆ تەواوکردنی پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو. ئەو بەروارە ئێستا تەنها چەند مانگێکی ماوە و بە ئامانجی سەرەکیی خۆی نەگەیشتووە و هیچ ئاماژەیەکیش نیە بۆ نوێکردنەوەی.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا فەرماندەیی بیست تیپی یەکگرتوو دەکات، و کۆی هێزێزەکە نزیکەی ١٥٠،٠٠٠ بۆ ١٥٥،٠٠٠ پێشمەرگەیە کە راستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی فەرمی وەزارەتدان.
یارمەتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ٢٠١٤دا دەستی پێکرد بەشێوەیەکی فەرمی، کاتێک داعش بەشی زۆری باکووری عێراقی داگیرکرد و بەرەو سنووری هەرێمی کوردستان دەهات. لەگەڵ دامەزراندنی (CTEF)، هەم پێشمەرگە هەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕاستەوخۆ پشتگیری دارایی و سەربازی لە ژێر چوارچێوەیەکی یەکگرتوو لە ئەمریکاوە وەرگرت. خشتەکانی خوارەوە خەرجی و هاوکاری دارایی ئەمریکا لە خۆدەگرێت بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ تا ٢٠٢٦ و خشتەی سێ بە دیاریکراوی ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا پشاندەدات لە هاوکاری موچە و چەک و لۆجیستیەوە بۆ تەنها هاوکاری تەکنەلۆجی/ئامێری سەربازی و بەتەواوی کۆتاییهێنان بە هاوکارییە داراییەکانی پیشمەرگە. بە پێی پلانەکە، لە ئەیلولی ٢٠٢٦ بەدواوە، حکومەتی هەرێم دەبێت هەماهەنگی بکات لە گواستنەوەی ئەرکی دارایی بۆ حکومەتی ناوەند لە بەغداد بەمەبەستی جێگرەوەی ئەو هاوکارییە داراییەی کە ئەمریکا دەیبڕێت.
| پۆل | ٢٠٢٤ | ٢٠٢٥ | ٢٠٢٦ | گۆڕانکاریی سەرەکی |
| پشتگیری مووچە | $١٣٥M | $٦٠M | $٠ | بەتەواوی دەبڕدرێت |
| پشتگیری نامووچەیی | $٤.٩M | $٥٧.٨M | $٦١M | گواستنەوە بۆ هاوکاری ئامێر و لۆجستیک |
| جۆر | ژمارە | بەها |
| تەقەمەنی | ١٧،٠٠٠ فیشەک (تەقەمەنی) | $٥.٣M+ |
| چەک | ١٠،٠٠٠ چەکی سووک و پێکهاتەکان | $١١.٠٨M |
| ئامێری بازنەگەڕ | ٢٥٠ خزمەتگوزاری و ٥٢ زرێپۆش | $٢٧.٥M |
| کەرەسە و لۆجستیک | ١١،٢٩٥ زرێ، ٤٩،٥٨٩ جل، ١٣،٠٠٠ کیت، ١٢ مۆلیدە | $١٧.١M |
| ناوچە | ئاراستە |
| مۆدێلی دارایی | لە مووچەوە بۆ پشتگیری کەلوپەلی ئامێر |
| ئەرکی دارایی | گواستنەوە بۆ بەغداد |
| پێکهاتەی هێز | گواستنەوەی پلاندانراو بۆ ٦ فەرماندەیی بەکاربەری |
| مەرجی چاکسازی | پشتی بەستبووە بە یەکگرتن لە ژێر وەزارەتی پێشمەرگە |
ئەو دابەشکردنەی کە پێکهاتووە لە ڕەشنووسی بودجەی ئەمریکا بریتییەلە ١١٩ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ساڵی دارایی ٢٠٢٧دا، کە بە ئاشکرا هێزەکانی پێشمەرگەلەخۆ دەگرێت لە بڕگە پێشنیار کراوەکەدا، پشتگیری بەردەوامی ئەمریکا بۆ تۆپەراسیۆنی دژی داعش پشتڕاست دەکاتەوە. بەڵام شێوازی پێکهاتنی ئەو هاوکارییە دارایییە جیاوازە لە هاوکارییەکانی پێشووتری ئەمریکا بۆ کورد و بەتایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە. بەدانانی پشتگیری پێشمەرگە وەک هێزێکی کوردی لە ناو مۆدێلی دابەشکردنی دارایی فراوانتری هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە جیاتی دانانی بڕگەیەکی یاسایی بۆ پشتگیری ڕاستەوخۆی دارایی بۆ هێزەکانی پیشمەرگە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆدێلێکی دارایی دەسەپێنێت کە پێشمەرگە لە ئاستی داراییدا دەبەستێتەوە بە بەغدادەوە نەک وەک لایەنێکی یاخود هێزێکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بکات. ئەمەش مانای ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیستادا گرنگی بە مەرکەزیەتی دەسەڵات دەکات لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە و لە بەرنامەیدا نیە تا ئێستا کە وەک لایەنێکی تر مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی پیشمەرگە بکات.
دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ پێشمەرگە لە ڕێگەی عێراقەوە ئاماژەیە بە پەسەندکردنی واشنتن بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە پێکهاتەیەکی بەرگری نیشتمانی یەکگرتوودا وەک ئامانجێکی ڕەوای درێژخایەنی ئەمریکا. کێشەکە ئەوەیە کە ئەم پەسەندکردنە لە بودجەدا ڕەنگ دەداتەوە پێش ئەوەی مەرجە دامەزراوەییەکان بۆ تێکەڵاوبوونی ڕاستەقینە لە مەیدانی چاکسازییدا هەبێت و تەنانەت جیاوازییەکانی نێوان پیشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی لە ڕووی ئەرک و مافەوە جیاناکاتەوە. ئەم بۆشاییە لە سیاسەتی ئەمریکادا وادەکات ئامانجە فەرمییەکان و واقیعییەکانیش بەدینەهێنرێن، هەر وەک فەریق ڕوکن بەختیار سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئەم توێژینەوەیە ئاماژەی بەوەدا تا ئەو کاتەی هێڵەکانی تەرخانکراو و شەفافی دارایی سەبارەت بە ڕۆڵی پێشمەرگە وەک هێزێکی خاوەن فەرماندەیی خۆی و پێداویستییە دامەزراوەییەکانی خۆی و ڕێڕەوی چاکسازی تایبەت بە خۆی پێناسە نەکەن ئەوا بودجە و هاوکارییە داراییەکان بەردەوام بە جیاواز لە سیاسەتدا ڕەنگدەدرێنەوە.
چوارچێوەی بناغەیی OECD بۆ چاکسازی کەرتی ئاسایش چوار مەرجی سەرەکی بۆ چاکسازی بەردەوام دیاری دەکات: (1) خاوەندارێتی خۆجێی. (2) حوکمڕانی باش؛ (3) بەرپرسیارێتی؛ و (4) چاکسازی گشتگیر کە سیستەمی دارایی و سیاسی دەگرێتەوە، نەک تەنها پێکهاتەی سەربازی. هەروەها رێچکەی بنیاتنانی دامەزراوەی بەرگری ناسراو بە DBI ی ناتۆ سێ مەرجی دامەزراوەیی تایبەت بۆ هێزە چەکدارە پیشەییەکان زیاد دەکات، لەوانە بودجەی شەفاف و یەکگرتوو، چاودێری مەدەنی راستەقینە و پێکهاتەی فەرماندەیی بەستراو بە دامەزراوەکانەوە. ئەمە مانای ئەوەیە کە دانانی بنەمای چاکسازی بۆ ئەو وڵاتانەی کە دوای جەنگ چاکسازی لە بەشی ئەمنی ئەکەن ناسراو بە SSR بە بەردەوامی دەبێت پشت بە پتەوکردنی دامەزراوەکان ببەستێت پێش یەکخستنی هێزەکان، کە ئەمە لە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە بەدی ناکرێت. کاتێک یەکخستنی فەرماندەیی پێش یەکخستنی دامەزراوەکان دەکەوێت، ئەنجامەکە بە شێوەیەکی ئئاشکرا پێکهاتەیەکی فەرمی دەبێت کە دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات بە ئەگەری زۆرەوە پشتگوێ دەخات کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەکە دەبێت.
جێبەجێکردنی ئەم چوارچێوەیە بەسەر چاکسازی پێشمەرگەدا دەستکەوتێکی تایبەت نیشان دەدات. ڕێككەوتنامەی چاکسازیی ٣٥ خاڵییە، کە دواتر کەمکرایەوە بۆ ٣١ خاڵ، ئەم ڕێككەوتنامەیە یەکگرتنی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ لە ناو فەرماندەیی وەزارەتی یەکگرتوودا وەک ئامانجی سەرەکیی چاکسازی بینی. هەموو بنەماکانی دیکە، وەک یەکگرتنی دارایی، یەکگرتنی پەیرۆڵ، دروستکردنی یەکەی تێکەڵ و پەروەردەی پیشەیی، وەک هەنگاوی پشتگیریی بەرەو ئەو ئامانجی فەرماندەییە ئامادەکرابوو. ئەو ڕیزبەندییە بە پێچەوانەی بنەماکانی چاکسازییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. فەرماندەیی یەکگرتوو کە لەسەر سیستەمی دارایی پەرتەوازە و ئەفسەرانی دڵسۆز بە لایەنێکی سیاسیی و زنجیرەی لۆجیستیکی جیا، فەرماندەیەکی یەکگرتوو نییە لە ڕووی ئۆپەراسیۆنییەوە .
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دامەزراوانەی کە مانا بە پرۆسەی چاکسازی دەبەخشن و بەردەوامی پێدەدەن چەندین ساڵ دەخایەنێت تا بنیات دەنرێت و لەبەر ئەمەشە. پێشخستنی یەکخستنی فەرماندەکان دەکرێت وەک دەستکەوت سەیر بکرێت لەسەرەتاوە بەڵام ناتوانێت بەردەوامی بە پرۆسەی چاکسازی بدات ئەگەر بەدامەزراوەییکردنی پیشمەرگە بە هەنگاوی یەکەم سەیر نەکرێت، ئەمەش هەمان ئەو بازنەیەیە کە لە ساڵی 1992 ەوە لە چەندین هەوڵی چاکسازیدا دووبارە بووەتەوە و نەتوانراوە تا ئێستا بە شێوەیەکی بنەمایی پرۆسەکە پەرەبسەنێت و پشت بە رێککەوتنی سیاسیی نەکات بۆ بەرەوپیشبردن و بەردەوامی پێدانی.
مارشاڵ پلان، کە بەفەرمی بەناوی بەرنامەی بنیاتنانەوەی ئەورووپای ١٩٤٨ ناسراوە، زۆرجار وەک مۆدێلی نوێکردنەوەی دوای جەنگ سەیردەکرێت کە بە سەرکەوتووترین سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا خەمڵێنراوە لە جیهاندا. لێرەدا بۆ هۆیەکی تایبەتتر لە هۆکارە مێژووییەکەی دەخرێتە ڕوو. پێکهاتەیی تایبەتمەندی مارشاڵ پلان لەوەدابوو کە لۆژیکی ریزبەندی لە دیزاینەکەیدا دانرابوو کە بە پێی پلانەکە هاوکاری دارایی ئەمریکا کە سیانزە ملیار دۆلار بوو، بە مەرج دەدرا بە وڵاتە ئەوروپییەکان. وڵاتانی ئەوروپا ناچار بوون پێش خەرجکردنی پارە پلانی چاکسازی ئابووری هەماهەنگی دابڕێژن. تەلارسازی کارگێڕی و دامەزراوەیی وەک پێشمەرجێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا بۆ پێدانی سەرچاوە داراییەکان و هاوکارییەکان. ئەمەش وایکرد وڵاتانی ئەوروپا نەتوانن بە ئاسانی سوودمەند بن لە هاوکارییە داراییەکان و دەبوو چاکسازی دامەزراوەیی بسەلمێنن پێش وەرگرتنی هەر هاوکارییەک.
ئەو پرەنسیپی ریزبەندییە ئەوەیە کە بەرنامەی چاکسازی پێشمەرگە پێویستە پشتی پێببەستێت و کەموکورتی تێدایە، وەک لە DIB و پرەنسیپەکانی SSR ڕەنگی داوەتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرچاوە و ڕاهێنان و کەلوپەل و توانای راوێژکاریی سەربازی دابین کردووە پێش یەکخستنی دامەزراوەکان کە گرنگە بۆ بەردەوامی دان بە پرۆسەکە.
لەم بارەدا ئەم توێژینەوەیە مۆدێلێکی چاکسازی ریزبەندیی سێ قۆناغی پێشنیار دەکات کە لەسەر یەک پرەنسیپی پێکهاتەیی بنیات دەنرێت، ئەویش ئەوەیە کە یەکگرتنی دامەزراوەیی دەبێت پێش یەکگرتنی مەیدانی هێزەکانی پێشمەرگە بێت.
بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر لایەنە سیاسییەکان: قبووڵکردنی چاودێریی داراییی سەربەخۆ وەک مەرجی بەردەوامبوونی پشتگیری نێودەوڵەتی. تەواوکردنی تۆماری مای ئەکاونت لە هەموو یەکەکاندا، لەوانەش ئەوانەی هێشتا بە فەرمی لە ژێر فەرماندەیی وەزارەت نین، و سپاردنی بە لایەنێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی داتاکان و یەکخستنیان کە پەیوەندی لەگەڵ هیچ یەکێک لە پارتەکان نییە. دانانی کاتێکی فەرمی بۆ یەکگرتنی یەکەی ٧٠، و دانوستان لەگەڵ هاوبەشانی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی میکانیزمەکانی ژمێریاری یاساییی.
بۆ MNAG و هاوبەشانی نێودەوڵەتی: دامەزراندنی بنەمایەک بۆ سەپاندنی مەرجەکانی پەیوەست بەدامەزراوەیی کردن نەک تەنها داواکاری بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لەسەری ڕێککەوتون لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە. بەتایبەت، بەردەوامبوونی دابەشکردنەکانی (CTEF) بببەسترێتەوە بە بەندەکانی یەکگرتنی دارایی، بە دامەزراوەییکردن، بڵاوکردنەوەیان بۆ ڕاگەیاندنی گشتی، بە زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، کە پێشکەوتنی چاکسازی بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەنەوە و بەشێک بن لە گەیاندنی زانیاری لەسەر پرۆسەی چاکسازی شان بە شانی سەرچاوە ناوخۆییە میدییاییەکان کە گرنگە بۆ درووستکردنی متمانە بۆ ڕای گشتی و دروستکردنی سەرچاوەیەکی گەیاندنی زانیاری MNAG.
بۆ حکومەتی ئەمریکا و وەزارەتی جەنگ: کۆتایی یاداشتنامەی ئەیلولی 2026 وەک خاڵێکی بنەڕەتی لێکبدرێتەوە نەک بە هەڵپەساردنی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە. ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ستراتیژی هەیە، نەک ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکان و دەستهەڵگرتن لە پرۆسەکە. پێداچوونەوەکە دەبێت نەک تەنها هەڵسەنگاندنی ئەوە بکات کە چەند یەکە بە فەرمی یەکخراون، بەڵکو ئایا مەرجی دامەزراوەیی بۆ یەکخستنی درێژخایەن هەیە یان نا. بەپێچەوانەوە، تەواوبوونی ئەرکەکە و کشاندنەوەی ئامادەبوونی راوێژکارانە سیاسەتێکی ژیر نییە، بەڵکو دەبێت سەرنج بخەنە سەر دووبارە داڕشتنەوەی مۆدێلی هاوکاری و ڕاوێژکاری لە پەراوێزی بەدامەزراوەیی کردنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی، کە بنەمای سەرەکی ئەم توێژینەوەیەیە.
ئەم توێژینەوەیە بە سوپاسەوە پشتی بە یارمەتی و هاوکاری ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق ڕوکن بەختیار سدیق بەستووە بۆ ڕوونکردنەوەی ورد لەسەر پرۆسەی چاکسازی لە ناو وەزارەتی پیشمەرگە و دەستکەوتەکانی پرۆسەکە و کەموکوڕی و ئاڵنگارییەکانی.
بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەکانی ئەم توێژینەوەیە سەردانی ماڵپەڕی ئینگلیزی ئینۆڤەیت بکەن لێرە.