چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ د. سەنعان محەمەد، ووتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە لایەن نور عومەر 03/06/2026

بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەی تایبەت بە سەوزکردن و بەدارستانکردن و زیادکردنی ڕووبەری سەوازیی لە هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی کلیک لێرە بکە. ئەم توێژینەوەیە سوودی لەم چاوپێکەوتنە تایبەتە وەرگرتوە بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەشتن لە پرۆسەی سەوزکردن و بەدارستانکردن لە سنووری جوگرافیای هەرێمی کوردستان و هەروەها تێگەشتن لە کەموکوڕی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێـم بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی ژینگە و پاراستنی ڕووبەری سەوزایی لەسەر ئاستی شآر و شارۆچکە و دارستانە سروشتی و دەستکردەکان.


د.صنعان عبداللە محمد

د.صنعان عبدالله محمد بەڕێوبەری فەرمانگەی هۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و ڕاگەیاندنە و ووتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی وەزارەتی ژینگەی فیدراڵە  و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی کوردستانە. د.سەنعان ئەرکی سەرۆکی لیژنەی هەمواری یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی گرتووەتە دەست و نوێنەری دەستەی ژینگەیە بۆ پرۆژەی دۆستی ژینگەی وەزارەتی پەروەردە. لەهەمان کاتدا ئەندامی تیمی دەستەی ژینگەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی و ماوەی ٢٣ ساڵە خزمەتی هەیە لەم بوارەدا و ١١ ساڵە لە دەستەی ژینگە کار دەکات. د. سەنعان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ماجستەر و بەکالۆریوسی هەیە لە هەمان بواردا.


بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی

پ١: بەڕێوەبردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان چەند دامەزراوە دابەش بووە؟ لە پراکتیکدا، کام لایەن بەرپرسی ڕێکخستن و چاودێریکردنی ستراتیژیی درێژخایەنی سەوزکردن و بەدارستانکردنە؟

بە پێی یاسای ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە ، پاشان یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٠ ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ، دەستەی ژینگە دامەزراوەیەکی حکومی یە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە ، ئەرکی چاودێری و بەدواداچوون و ڕاوێژکارییە ، لەیەنە جێبەجێکارەکان ئەو وەزارەتانەنە کە بە پێی تایبەتمەندی هەمەهەنگی لەگەل دەستەی ژینگە، واتە بەڕیوەبردنی ژینگە لە نیوان چەند وەزارەتێک دابەش بوون بۆ نمونە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، کە تایبەتمەندە بە پرسی پاراستنی دارستان، بەدارستانکردن، پاراستنی خاک، و پڕۆژەکانی چاندنی دار لە دەرەوەی سنوری شارەوانی ، پرسی سەرچاوەکانی ئاو.

وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار ، ئەرکی پاراستنی ژینگەی شارستانی و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان (النفايات).

وەزارەتی ناوخۆ ، هەماهەنگی لەگەل پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگە بەمەبەستی جێبەجیکردنی یاسای ژینگە و ڕێنماییەکان

وەزارەتی گواستنەوە ، بنیاتنانەوەی کەرتی گشتی ، رێکخستنەوەی هۆیەکانی گواستنەوە

کەواتە مەرج وڕینماییە ژینگەییەکان و پێوەرەکانی ژینگە گرنگن بۆ ئەوەی وەزارەتان پابەندی ببن و جێبەجیی بکەن.

هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانی لە ڕووی جێبەجیکردنەوە بەرپرسی ڕێکخستن و چاودێری کردنی ستراتیژی درێژ خایەنی سەوزکردن و بەدارستانکردنن.

پ٢: ئایا چوارچێوەیەکی یەکگرتووی دامەزراوەیی هەیە کە دارستان، شارەوانی، بەڕێوەبردنی ئاو، و دەستە ژینگەییەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە؟

بەپێی یاسای ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨، ئەنجومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگە هەیە کە نوێنەری هەموو ئەو وەزارەتانەی تێدایە بە پێی تایبەتمەندی وەزارەتە ، ئەندامە لەو ئەنجومەنە. ئەندامانی ئەنجومەن کە پلەیان لە بەرێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوەیە ، چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارو ڕاسپاردەکانی ئەنجومەن دەکەن لە وەزارەتەکانیان، کەواتەدەتوانین بلێین  ئەنجومەنی باڵای پارستن و چاککردنی ژینگە چوارچێوەیەکی یەکگرتووی دامەزراوەیی هەیە کە هەموو دامەزراوەکانی حکومەت پێکەوە دەبەستێتەوە، لە هەمان کاتادا لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە هەیە کە نوێنەری ئەو وەزارەتانەی تێدایە کە پەیوەندییان بە ژینگەوە هەیە ، ئەرکیان بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای ژینگەن هەروەها پێشنیارکردنی پلانی پاراستنی ژینگە و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دەوری لە بارەی چالاکی یان واقعی ژینگەیی لە پاریزگاکە، هەروەها ڕادەڕبرین لە کێشەکانی ژینگەیی لە پاریزگاکەدا.

پ٣: گرنگترین بەربەستە دامەزراوەییەکان چین کە ڕێکخستنی درێژخایەنی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستاندا ئاڵۆز دەکەن یاخود وەک بەربەست دەبینرێن؟

 هەروەها کارکردن بە یەکگرتوویی سەبارەت بە داڕشتنی پلانە نیشتیمانییەکان بۆ ژینگە ، بۆ نمونە هەردوو بەڵگەنامەی خۆگونجاندن و کەمکردنەوە بە هەماهەنگی لەگەل وەزارەتاکان نوسراوەتەوە. لە هەمانکاتدا ، پێدانی رەزامەندی ژینگەیی و نووسیسنی ڕاپۆرتی هەلسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکان ، یەکێک لە ڕیکارەکانەیە  کە وەزارەتەکانی حکومەت داوا دەکەن بۆ پیدانی مۆلەت بۆ هەر پڕۆژەیەک. کەواتە دەکرێ بڵیین تاڕادەیەک هەمەنگی هەیە و چوارچێوەیەکی یەکگرتوو هەیە بۆ کارەکانی ژینگە.

پێوانەکردنی سەرکەوتن

پ٤: حکومەت سەرکەوتنی پڕۆژەکانی سەوزکردنەوە چۆن پێناسە دەکات: بە ژمارەی دارە چێندراوەکان یان بە ژیانەوەی ئیکۆسیستم و مانەوەی درێژخایەنی دارەکان؟

بە بڕوای من سەرکەوتنی پرۆژەکان پێویستە هاوتەریب بێت لەگەل سەپاندنی مەرج  و ڕێنمایی و پێوەرە ژینگەییەکان ، کە ئەوەش بنەمایەکی سەرەکی سەرکەوتنی گەشەی بەردەوامە.

کەواتە ، سەرکەوتنی پڕۆژەی سەوزکردن ، پێویستی بە چۆنیەتی ئیدارەدان هەیە ، ئیدارەدانی باش دەبێتە هۆی سەرکەوتنی پڕۆژەکان بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئیکۆسیستەمی ناوچەکە، پارێزگاریکردن لە مانەوەی دارەکان بە زندووی. کەواتە هەردووکیان گرنگن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی سەوزکردن.

پ٥: ئایا دەستەکە داتای تایبەت بە ڕێژەی مانی دارەکان لە چەند ساڵ دوای تەواوبوونی پڕۆژەکاندا هەیە؟

بەداخەوە ، هیج داتایەکی لەو بارەوەمان نیە ، دەکرێ لە داهاتوودا کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێت ، بۆ ئەوەی بتوانین ببین بە داتابەیسێک بۆ ئەوەی هەموو دامەزراوەکان سوودی لێوەربگرن ، هەروەها توێژەرانیش سوودی لێوەربگرن.

لەلای دەستەی ژینگە داری هەـیشە سەوز بە یەكێک لە پێوەرەکان دادەنرێت بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی.

پ٦: ئەگەر چاودێریی درێژخایەن هێشتا سنووردارە، کام میکانیزمە دامەزراوەییانە هێشتا بوونیان نییە کە دەتوانن هاوکاربن لە بنیاتنانی میکانیزمی چاودێری بەردەوامی ژینگە و پرۆژەکانی سەوزکردن و بەدارستانکردن؟

بەبڕوای من بە مەبەستی بنیاتنانی چاودێری بەردەوام ، پێویستمان بە هەمەهەنگی زیاتر هەیە ، دابینکردنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و سەردەمییانە بۆ چاودێری کردنی پرۆژەکان ، پابەندکردنی جاوەن پڕۆژەکان بە سەپاندنی پێوەرەکانی ژینگە ، رەزامەندی ژینگەیی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت تاکو خاوەن پڕۆژە پابەندی مەرجەکانی ژینگە بێت، هەروەها هەبوونی سەنتەری کۆکردنەوەی داتاکان سەبارەت بە پێدانی ڕەزامەندی ژینگەیی و ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ژینگە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکگرتوو هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەشیوەیەکی دیجیتاڵی و بە یەکگرتووی ئاگادارو چاودێری درێژخایەنی پڕۆژەکان بن.

بۆ پرۆژەکانی سەوزکردنیش ، پیویستە لایەنی جیبەجیکار بەردەوام چاودێری بکات بە هەمان کاتیش لێژنەی چاودێری دەستەی ژینگە سەردانی بکات بەمەبستی مانەوەی پڕۆژەکە بە بەردەوامی.

چاودێری و بەرپرسیارێتی

پ٧ : یەکێک لە کێشە هاوبەشەکانی پڕۆژە ژینگەییەکان لە جیهاندا بۆشایی نێوان چاندن و چاودێریی دوای چاندنە. لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا، کێ بەرپرسی بەردەوامی دان  بە دارستان و سەوزایی و دارەکان دەبێت دوای تەواوبوونی کەمپینەکانی چاندن؟

بەڵی ئەو گرفتە لە هەموو شوێنیک هەیە ، سەبارەت بە هەرێمی کوردستانێس ، ساڵانە جەندین کەمپینی دارچاندن هەەیە ، بەداخەوە دەتوانم بلێن گرنگیەکە زیاتر لە دارجاندنە نەک دوای دارچاندن ، چونکە پێوەری بەردوامی یان مانەوەی دارکە بریتییە لە چاودێری کردن، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەرپرسیاریەتی وەزارەتی کشتوکاڵە لە دەرەوەی سنووری شارەوانی وە وەزارەت شارەوانییە لە ناو سنوری شارەوانی، بۆیە کەمپێنەکانی دارچاندن دەکرێت لە سەربنەمای دارچاندن و چاودێری بێت بۆ مانەوەی درێژ خایەن، ئەوە بکرێتە بنەمایەک بۆ گشت هەڵمەتەکان یان کەمپینەکان.

پ٨: ئایا بەرپرسیارێتیی چاودێری و پاراستن بە شێوەی فەرمی لە پلاندانان و بودجەی پڕۆژەکاندا جێگیر کراوە؟

بەشێوەیەکی گشتی پێویستە هەبێ ، چونکە خزمەت بە پاراستنی ژینگە دەکات. بۆ نمونە هەر کاتێک بوودجە بۆ هەر کەمپینەکی دارچاندن تەرخانبکرێت پێویستە خاڵێکی تێدا بێت کە جەخت لە چاودێری و پاراستنی تێدا بێت. بۆیە قۆناغەکانی سەرەتای کەمپین کە دارچاندنە ، کۆتایی کەمپین چاودێری و پاراسستنە بە هەند وەربگیرێت بۆ سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەک.

پ٩: چاودێری و جێبەجێکردنی یاسا چۆن بەرامبەر بە پێشێلکارییە ژینگەییەکان، وەک بڕینی نایاسایی دارستان و لەناوبردنی دارەکان، ئەنجام دەدرێت؟

ئێمە لە دەستەی ژینگە بە پێ یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٣ مامەلە لەگەل سەرپێچییە ژینگەییەکان دەکەین ، لەوانەش داربڕین ، پاراسستنی دارستان. وە لەبەر ئەوەی بابەتی دارستان پەیوەندی هەیە بە وەزارەتی کشتوکاڵیش بۆیە پێویستە هەمەهەنگی زیتر هەبێت لەسەر ئەو بابەتە بۆ مەبەستی چاودێری زیاتری دارستانەکان لەلایەک ، وە لەلایەکی بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی یاساو ڕێنماییە ژینگەیەکان پۆلیسی پاراستن دارستان و ژینگە بە ئەری خۆیان هەڵدەستن.

یەکخستنی ئاو

پ ١٠: ئایا چاندنی بەربڵاوی دار دەتوانێت بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەردەوام بێت بەبێ بوونی ستراتیژیی دابەشکردنی ئاو لەسەر ئاستی هەرێم؟

ئێمە باسی دۆخێک دەکەین ئەویش کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوایە لە ناوچەکە کە بۆتە هۆی ئەوەی ڕێژەی دابارین جیاوازی هەیە ، قەیرانی ئاو پێشبینیکراوە ، بە بیابانبوون پێشبینیکراوە ، کەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی پێشبینیکراوە ، زیادبوونی ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان پێشبینیکراوە ،  دەرئەنجام ئاو فشاری لەسەر . بۆیە پێویستە بە پلان و بە ڕاوێژ دارچاندن ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەک کە گەرەنتی ئاودانیشی لەگەلدابێت، ئەو جۆرە دارانەش بجێندرێت کە بەرگەی گۆڕانی کەش و هەوا و دۆخی سەختی ژینگەیی بێت. 

پ ١١: پێداویستییەکانی ئاوەدانی بۆ پڕۆژەکانی سەوزکردن چۆن لەگەڵ داواکارییەکانی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی هاوڵاتیان هاوڕێک دەکرێن؟

بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ژینگە هەیە ، زۆربەی ووڵاتان هانی جوتیار دەدەن بۆ بەکار‌‌هێنانی سیستەمی مۆدەرن بۆ ئاودێری وەکو دڵۆپاندن ، هەروەها دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی قورس بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان ، مەمەلەکردن لەگەل ئاوی ژێر زەوی وەکە سامانێکی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو. بۆیە لە هرێمی کوردستانیش پێویستە هاوسەنگییەک هەبێت بۆ پرۆژەکانی سەوزکردن و بەکارهێنانی ئاوی ماڵان لەگەل بەهەند وەرگرنتی بەکارهێنانی ئاوی ماڵان وەک و پێشیینە . ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراک دوو فاکتەری گرنگن بۆ پارێزگاری کردن لە ئیکۆ سیستەم و مانەوەی هاووڵاتی لەشوێنی مانەوەی خۆی. بۆیە پێویستە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو توندوتۆڵتر بکرێت بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئاوو وخۆراک لە هەرێم.

پ ١٢: ئایا فشارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو شێوازی بیرکردنەوەی حکومەت لە هەڵبژاردنی جۆری دار و پلاندانانی چاندنی گۆڕیوە؟

تاڕادەیاک دەتوانم بلێم بەڵێ ، بۆ نمونە پشتێنەی سەوز لە شاری هەولێر لە قۆناغی یەکەم دار زەیتون و دار فستق چاندراوە ، ئەوەش دوای دیراسەکردن لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانی و لایەنەکانی دیکە بە دەستنیشانکردنی ئەو جۆرە دارانەی کە لەگەل بارودۆخی ژینگەی هەرێمی کوردستان و گۆرانی کەش و هەوا بگونجێت.

سیاسەت و ستراتیژیی درێژخایەن

پ ١٣: لە روانگەی ئێوەوە، لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا، سەرکەوتنی بەڕێوەبردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەبێت چۆن بێت؟

ئەگەر بمانەوێ پێوەرەکانی سەرکەوتن بەدی نهێنین پیویستە

  • پێویستە سیستەمی بەڕێوەبردنی ژینگەیی یەکگرتوومان هەبێت
  • دیدگامان هەبێت بۆ ژینگە و لەسەر بنەمای پلانی کورتخایەن و مامناوەند و درێژ خایەن.
  • هەموو لایەنەکان بەشدار بن و هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگەی کوردستان.
  • سیستەمی چاودێری توندو تۆڵ بکەین
  • سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان.
  • هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە و بەشداری پێکردنیان لە پاراستنی ژینگە.
  • هۆشیاری یاساو جێبەجیکردنی یاساو ڕینماییە ژینگەییەکان.
  • پاراستنی ئاوو ژینگە وەک ئەک سیستەم.
  • جیبەجێکردنی بەڵگەنامەی خۆگونجاندنی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی ناوخۆیی.
  • دامەزراندنی سەنتەری کۆکردنەوەی داتا وزانیاری تایبەت بە ژینگە .
  • هاندانی شارەزایان و لێکۆڵەرەوان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر لەسەر ڕەگەزەکانی ژینگە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بەشێوەیەکی زانستی.
  • سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتتو ووڵاتان و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر ئاڵەنگارییەکانی ژینگە.
بڵاویبکەرەوە لە: