
بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەی تایبەت بە سەوزکردن و بەدارستانکردن و زیادکردنی ڕووبەری سەوازیی لە هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی کلیک لێرە بکە. ئەم توێژینەوەیە سوودی لەم چاوپێکەوتنە تایبەتە وەرگرتوە بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەشتن لە پرۆسەی سەوزکردن و بەدارستانکردن لە سنووری جوگرافیای هەرێمی کوردستان و هەروەها تێگەشتن لە کەموکوڕی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم رێکخراوەکانی بواری ژینگە و هەروەها حکومەتی هەرێـم بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی ژینگە و پاراستنی ڕووبەری سەوزایی لەسەر ئاستی شآر و شارۆچکە و دارستانە سروشتی و دەستکردەکان.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە و چالاکوان، نووسەر، و میدیاکاری بواری ژینگەیە. ماوەی ٢٣ ساڵ ئەزموونی کاری ڕاگەیاندنی هەیە و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و جیهانە. سەرنووسەری گۆڤاری "ئایندەی ژینگە"یە و سەرپەرشتی ٦ پەرتووکی زانستی و تایبەت بە بواری ژینگەی کردووە. هەروەها نزیکەی ۱٨ساڵ ئەزموونی کاری خۆبەخشی ژینگەیی هەیە و ئامادەکاری زنجیرە بەرنامەی زانستی ژینگەییی تەلەفزیۆنی لەژێر ناونیشانی "ئایندەی ژینگە" دەکات. هاوسەرۆکی پێشووی بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی_هەڵەبجە و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی کوردستان بووە. لە ئێستادا بۆ ماوەی ١٤ ساڵە کە خزمەتی بەردەوام لە ڕێگەی سەرۆکایەتیکردنی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (ئایندەی ژینگە، ئامار و داتا شیکاری زانیاری و مەترسییەکان) کە پشکێنەری مەترسییە ژینگەیییەکانە لەسەر بنەمای داتا و ئامار.
بەرچاوروونی: لە کوردستان ٢٤٦ رێکخراوی ژینگە هەیە و لەسەر سێکتەری ژینگە بە گشتی نزیکەی ٤٦٠ رێکخراو هەیە کە لە بواری ئاو و ئاژەڵداری و بابەتی ژینگەیی هەمەچەشن کاردەکەن. جگە لە کۆمەڵە و سەنتەرەکان، بەهۆکاری قەیرانی دارایی و کەمی پشتگیری دارایی کاری رێکخراوەکان وەستاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پسپۆری بوارە ژینگەییەکان بەبەردەوامی داوادەکرێن بۆ وتووێژ کردن لە پرس و کێشە ژینگەییەکان لەلایەن دەزگا میدییاییەکانەوە بەڵام رێژەکە زۆر کەمە و زۆربەی کات دەستناکەون.
ئەم رێکخراوە ژینگەییانە هەموویان چالاک نین و هەرچەندە بە پێی یاسا دەبێت راپۆرتی دارایی و نوێکردنەوەی فەرمانی کارگێڕی بکات ساڵانە بەڵام حکومەتی هەرێم لەکاتی نەکردنیدا مافی کارکردنیان لێناسەنێتەوە و بابەتەکەی پەیوەستدار کردووە بە دادگاکانەوە تا مۆڵەت لەم رێکخراوانە وەربگرێتەوە، سەدان ريَكخراو هەيە لە دواى سالَى 2014 تەنانەت ناو فەرمانگەى ريَكخراوەكانيشى نەديوە سەرەراى ئەوەی فەرمانى كارگيَرى تازە نەکردۆتەوە.
کێشەی سەرەکی لە ئێستادا بۆ زۆينەى ريَكخراوەكان پشتيوانى داراییە، حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٣-٢٠١٤ ەوە تەنها یەک جار فەندی داوە بە رێکخراوەکان، بە پێی یاسا، ساڵانە فەرمانگەی رێکخراوەکان لە حکومەت نزیکەی ١٥ ملیار دەبێت بدرێت بە رێکخراوەکان؛ یەک ساڵ درا و کۆتایی پێهات. ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوانەی کە نەیاندەتوانی بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن نەمان.
لە ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوکار بۆردی رێکخراوە ژینگەییەکانمان دروستكرد لەسەر داواى دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، من هاوسەرۆکی بۆردەکە بووم و بەپێی ئەو لیستەی فەرمانگەی رێکخراوەکان سنووری هەڵەبجە و سلێمانی لە کۆی ٦٥ رێکخراوی بواری ژینگە تەنها ١٦ رێکخراومان بۆ کۆکرایەوە و دەتوانم لە ئێستادا بڵێم کە لە هەموو کوردستاندا بە نزیکەیی رێکخراوە ژینگەییە چالاکەکان لە ١٠ رێکخراو تێناپەڕن.
ئەگەر رێژەی ئەو فەندەی دیاریکراوە بدرێت بە رێکخراوەکان ئەوا زۆرێک لە رێکخراوەکانی بواری ژینگە دەستبەکار دەکەنەوە، بێجگە لە کێشەی دارایی، یەکێک لە کێشەکانی رێکخراوە ژینگەییەکان ئەوەیە کە مۆڵەتی کاریان تازە ناکەنەوە یاخود هەموو رێکخراوەکان لە یەک ئاستدا سەیردەکرێن.
هەرێمی كوردستان لە رووى ياسايى ژینگەوە كێشەمان نەبووە و بنەمایەکی باشی یاسایی هەیە، بەڵام ڕاستە ئەم یاسایانەی بواری ژینگە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، بۆ نموونە یاسای ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ ی ژینگە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانی پێویستی بە پێداچونەوە و هەموار کردنەوە هەیە. بە پێی یاسا کۆمەڵێک مەرج دانراوە، بۆ نموونە، هەر کارگەیەک دروستدەکرێت دەبێت لە سەدا ٢٥ ی ڕووبەرەکەی سەوزایی بێت. کەواتە بە یاسا ئەمە رێکخراوە بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئایا تا چەند لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێی ئەم یاسایە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەس و شوێنانەدا بکەن کە ئەم یاسایە جێبەجێناکەن و دەتوانم بڵێم کەمترینیان ئەم یاسایەی ساڵی ٢٠٠٨ یان جێبەجێکردوە.
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو و بە ئیستاشەوە هەم لە ڕووی جەنگ هەم لە ڕووی گۆڕانکاری کەشو و هەواوە زەرەرێکی زۆر بەر دارستانەکان کەوتووە. کەواتە ئەگەر بمانەوێت لە ڕووی سەوزاییەوە گەشەبکەین بەتایبەت کە هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گەشتیارییە، دەبێت لەگەڵ گۆڕانکاریەکان بەردەوامی بە گەشەکردنەکە بدەین و دوانەکەوین لە خۆگونجاندن لەگەڵیان.
بەشێک لەو دارستانە دەستکردانەی کە هەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٤ بەدواوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول. حکومەتی عێراق لەو کاتەدا هاتووە بە دامەزراندنی خەڵک بۆ ئەوەی بێکار نەبن و نزیکەی ١٠٠٠ کرێکاری دامەزراندووە. ئێستا ئەگەر ببینین لە قەرەهەنجیرەوە تا سنووری هەورامان بەشێکی زۆری ئەو دارستانە دەستکردانە دەبینین بەتایبەتی کە زۆربەی سنەوبەرن، پرسیارەکە لێرەدا لەوایە کە ئایا ئەم دارانە توانیویانە تا ئێستا بمێنن؟ وەڵامەکە نەخێرە و بەڵکو کەمی کردوووە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەم ڕێژەیە زیاد بکەین دەبێت تەنانەت دارستانە دەستکردەکانیش ساڵانە دەبێت هەڵمەتی تایبەتی چاندن و چاودێری بۆ بکرێت. ڕاستە ئەم هەڵمەتانە دەکرێن ساڵانە بەڵام پاراستنی دارستان و سەوزایی لە ئاستی پێویستدا نییە و نەتواندراوە ئەو کەموکوڕیانەی بەدیدەکرێن چاکبکرێن. وەک هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکانی کەشو و هەوا کاریگەری خۆی زیاتر نواندووە لەم ساڵانەی پێشوودا کە لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما گەشتۆتە سەرو پەنجا و لە وەرزی زستاندا خوار سفری سیلیزی. کەواتە گرفتی لەناوچونی دارستانەکان هەم سروشتی هەم دەستکردەکان هەیە لە هەرێمی کوردستان و وەک پێویست نەتواندراوە ئەوانەی دووچاری کێشە بوون چارەسەر بکرێن.
بە پێی یاسا دەستەی ژینگە دەستەیەکی چاودێریە لەسەر پرۆژە ژینگەییەکان و یەکەم لایەنە لە پاراستن و چاودێریکردنی ژینگە، ئەوەی کە لایەنی گەشەپێدان و زیادکردنی رێژەی سەوزایی و فراوانکردنی دارستانەکان دابەشبووە بەسەر دوولایەندا لە حکومەتی هەرێم: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوبەرایەتیەکی تایبەتیان هەبە بەناوی داراستان و پاوەن کە بەرپرسن لە پاراستنی دارستانەکان، سروشتی و دەستکرد کە خۆیان بەرهەمیان هێناوە و کارێکی تریان بریتییە لە زیادکردنی رێژەی سەوزایی. لە چوارچێوەی ئەم وەزارەتەدا بەشێک هەیە بەناوی بەڕێوبەرایەتی نەمامگەکان کە نزیکەی ٣٥ نەمامگەی حکومی هەیە هەم ماڵداری (بۆ بەر) هەم بۆ سێبەر. کەواتە بەردەوامی دان و گرنگیدان بە دارستان و پرۆژەکانی سەوزکردن ئەرکی وەزارەتی کشتوکاڵە نەک دەستەی ژینگە. ئەمەش بەداخەوەیە بەهۆکاری ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەزارەتی ژینگەی هەبوو لە ساڵی ٢٠٠٨ بەڵام لە ٢٠٢٦ بووە بە دەستەی ژینگە کەواتە ئەمە خۆی لە خۆیدا لە لایەن حکومەتەوە بریتییە لە بێبایەخکردنی بابەت و پرسە ژینگەییەکان.
ئەگەر نا ئێستا لەسەر ئاستی جیهان سەرنجی راستەوخۆ لەسەر بابەتە ژینگەییەکانە کە ساڵانە چەندین کۆنفرانس و گفتوگۆی تایبەت لەسەر ژینگە دەکرێت. تەنانەت حکومەتی عێراقیش کە لە کابینەکانی پێشوودا وەزارەتی ژینگە و تەندروستیی پێکەوە بوو، وا لە ئەم دوو کابینەیەدا جیای کردونەتەوە و گرنگی بە دۆزی ژینگە دەدات.
دەستەی ژینگە ئەرکی گرنگیدانی بە سەوزایی نییە و تەنها چاودێری و پاراستنی ژینگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
رێژەی سەوزایی لە کابینەکانی پێشوشدا کاری باشی بۆ کراوە بە نموونە لە سەردەمی کابینەی د. بەرهەم ساڵحدا بە نزیکەیی لە ماوەی دوو ساڵدا حەوت ملیۆن نەمام لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە بێبەرامبەر و هەڵمەتی سەوزکردن بەردەوام بووە و وەزارەتى شارەوانی و دەستەی ژینگەش بە بەردەوامی بەشداربوون. هەڵمەتی نەمام ڕوواندنیش گرنگە بەڵام ئەوەش گرنگە کە بزانین نەمام ڕواندن تەنها لە سەدا ٢٠ی کارەکەیە و لە سەدا ٨٠ی بریتییە لە گرنگیدان و بەردەوامیپێدانی و خزمەتکردنیەتی لە وەرزی هاویندا، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا و ئاوەدان و چاودێریکردن بۆ هەر مەترسیەکی تر بۆ سەر ئەم پرۆژە سەوزاییانە.
لەبەر ئەمە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە ئەنجومەنێکی باڵا هەیە کە چەند لایەنێکی دیاریکراوی تێدابێت بە مەبەستی دانانی پلان بۆ پرۆژەکان و ناشتنی نەمام، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان، دەبینین هەڵمەتی ناشتنی ملیۆنان نەمام دەکرێت و خۆشبەختانە ئێستا لە هەولێر دەستیپێکردووە، دەکرێت ئەم هەڵمەتانە بە پلان بکرێت نەک ئەمساڵ ملۆینێک نەمام بنێژین و ساڵی داهاتوو زۆربەی لەناوبچن.
نەمامگەکان ساڵانە لە هەرێمدا، نزیکەی ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمام بەرهەمدەهێنن. کەواتە کێشە سەرەکییەکە نەبوونی نەمام نییە بەڵکو پاراستن و بەردەوامی پێدانیەتی. بۆ نموونە نەمامگەکان کە نەمامێکی یەک ساڵە دەدات بە هاوڵاتیان بە ئەگەری زۆرەوە ناتوانرێت چاوەڕوانبکرێت گەشەی پێبدەن چونکە گرنگیدانی بەردەوامی دەوێت. نەمامگەکانیش کەمی ستاف و کرێکاریان هەیە و بە رێژەیەکی زۆریان دەیانەوێت نەمامەکان ببەخشن لەبەرئەوەی کە ناتوانن خزمەتی بکەن. گرفتی نەمامگەکان وای کردووە کە تەنانەت نەمامگە حکومییەکانیش نەتوانن لە داهاتوودا نەمام بەرهەم بهێنن. گرنگە کە هەندێک لە داهاتی ئەو نەمامانەی دەفرۆشرێن بگەڕێنرێنەوە بۆ شەتڵگە حکومییەکان تا بتوانن لە کارەکەیان بەردەوام بن.
لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لەناویدا لە بەڕێوبەرایەتی کشوکاڵ و پاشانیش دارستان و پاوانەکان بەشێک هەیە بە ناوی توێژینەوە. ئەم بەشانە دەبێت توێژینەوە بکەن و سنوورێک دیاری بکەن بۆ هەڵبژاردنی جۆری دار. لە کۆنەوە لە سەردەمی باو و باپیرانمانەوە پێیان وابووە کە سروشتی کوردستان بۆ هەندێک جۆری دار باشە وەک داری توو، سنەوبەر، و بەڕوو. لەم چەند ساڵەی دوایدا ئەو چەند دارانەی کە پێمان وابوو کێشە و گرفتیان نییە بەپێی گۆڕانی کەش و هەوا دەرکەوتوە کە کێشەیان هەیە. هەروەها هاوردەکردنی هەندێک دار کە لەگەڵ سروشتی کوردستان ناگونجێت بووەتە هۆکاری ئەوەی زوو لەناوبچن، وەک داری چەتر کە بۆ نموونە لە ناو سلێمانی بەرگەی ڕەشەبا ناگرێت، بەتایبەت لە تووی مەلیک و بازنەی مەلیک مەحمود. بۆیە گرنگە ئەو کەسانەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەم دارانە دەکەن دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و توێژینەوە بکرێت کە نەمامی گونجاو هەڵبژێرن.
دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە هەندێک نەمام بە کەش و هەوای هەرێـمی کوردستان نامۆن و ناتوانن بەرگەی گۆڕانی پلەکانی گەرما بگرن. بۆ نموونە لە ناوچەی کەلار هەر دارێک بچێنرێت دەبێت بەرگەی ٦٠ پلەی سیلیزی بگرێت لە هاویندا کە ئەمەش زۆر قورسە. داری ئەلبیزا ئێستا یەکێکە لەو درەختە زۆر زۆرباشانەی کە بەرگەی گەرما دەگرێت و رێژەی سەوزایی کەلار ئێستا زۆرباشە و گەشەپێدانێکی زۆری هەیە.
گرنگە هەندێک جۆری نەمام و درەخت لە ناوخۆ بەرهەم بهێندرێت و کە بڕێکی کەم دەکەوێت و سەرمایەکە ناچێتە دەرەوە لە کڕینی درەختدا کە تەنانەت بە ئاو و هەوای هەرێـم ناکەوێت. لەم گۆڕانی کەش و هەوایە کە بەخێرایی لە سەر ئاستی جیهان ڕوودەدات، دەبێت دیاری کردنی درەخت و نەمام لە شارەکاندا یەکێک بێت لە کارە لە پێشینەکانی شارەوانییەکان بەتایبەتی بەشی باخچەکان. بۆ دەرەوەی شاریش دەکرێت ئەو دارستانە دەستکردانەی بەرهەمیان دەهێنین جارێکی تر پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستێت، کە دەکرێت بە دارەبەن یاخود گۆیژ یان چوالە بکرێت کە هەم بەرگەی گۆڕانی کەش و هەوا زۆر باش دەگرێت و هەم درەختێکن کە تاقیکردنەوەی لەسەر کراوە لە هەرێمی کوردستان کە خۆی گونجاندوە.
جیاوازیەکی بەرچاو هەیە لە ڕووی بڕی بەکارهێنانی ئاوەوە بە پێی جۆری درەخت. لەساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی درەخت چێنراون و ڕەچاوی ئاودێری کردنیان نەکراوە وەک پێویست. بۆ نموونە، لەناو شاری سلێمانی لایەنی پەیوەندیدار هاتوون کۆمەڵێک داریان لابردوە کە تەمەنیان نزیکەی ١٥ ساڵ بووە و خۆیان دانیانپێداناوە کە لەگەڵ کەش و هەوای سڵیمانی ناگونجێت. ئەگەر نەمامێک ٢٠ ساڵ خزمەتت کردبێت و ئێستا بەرپرسێک بێت لایان بات ئەوا کێشەیەکی گەورەیە. دەکرێت هەندێک بەرژەوەندی بازرگانی لە لابردنی ئەم دارانەش هەبێت. یەکێک لەو درەختانەی کە ناوی زڕێنراوە قەڵەم تۆزە کە ناوە زانستییەکەی یوکالیپتۆسە و هەرچەندە وتراوە کە زیانی زۆر بە ئاوی ژێرزەوی دەگەیەنێت، دەرکەوتوە لە توێژینەوەکان کە بە پێچەوانەوە یەکێکە لەو درەختانەی کە زۆر بەرگەی گەرما دەگرێت و زیانی نییە. بۆ نموونە لە شوێنێکدا قەڵەم تۆز چێندراوە و بیر هەڵکەندراوە بۆ سەد مەتر بەڵام نەگەشتۆتە ئاوەکە کەواتە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە ترسانە و ناوزڕاندنی ئەم درەختانە بنەمای زانستی نییە.
بەشێوەیەکی بەرچاو هاوڵاتیانی هەرێـمی کوردستان گرنگی بە سەوزکردن دەدەن و خواستێكی زۆر لەسەر درەخت هەیە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیاد بوونی نەمامگە ئەهلییەکان لە هەرێم. هەندێک جار کە حکومەتی هەرێم داواکاری خەڵك بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی سەوزایی جێبەجێناکات، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە بودجە نەما و دار و پرۆژەی سەوزکردن کەمی کردووە، خەڵک خۆیان داوایانکردووە کە ئەرکی سەوزکردنەکە بگرنە ئەستۆ. دانەنانی ماستەرپلان بۆ پرۆژەی باخچەکانیش خۆی لە خۆیدا گرفتی درووستکردوە کە خەڵک بە ناچاری و بە هاکەزاکی بەردەم ماڵەکانی خۆیان سەوزکردووە و ئەمەش فەوزای دروستکردووە و ئەگەر بێت و ماستەرپلان دابندرێت و بودجەی پرۆژەکانی سەوزکردن بکرێتەوە ئەوا حکومەت بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هەوڵانەی سەوزکردن بە زیادەڕەوی دەخەمڵێنێت و لایاندەبات. ئەمەش لە بێبەرنامەیی حکومەت خۆیەوەیە و خەڵک ناچارە کە حکومەت بە ئەرکی خۆی هەڵنەسێت خۆیان ناوچەکانی خۆیان و گەڕەکەکانیان سەوز بکەن.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کێشەکە تەنها دارایی نییە و بەڵکو کەموکوڕی و نەنگی حکومڕانی ژینگەشە. کەمتەرخەمی حکومەت لە وشک بوونی کۆمەلێکی زۆری درەخت دەبینرێت لە خودی باخچە حکومییەکاندا و کەمتەرخەمی ئیداری هەیە. بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژانە پێویستی بە تەکنەلۆجیا و بەرەوپێشچوونی ئاودێری مۆدێرن هەیە. بۆ نموونە، لە پارکی ئازادی ئەگەر سیستمی پێشکەوتووی بۆ دابندرێت، ئەوا گرفتی وشک بوون و تەنانەت چۆنییەتی ئاودان و بەفیڕۆدانی ئاویش ناهێڵێت. ئاودان و ئاودێری بە شێوەی کلاسیک زیانی زۆری بە بەڕێوەبردنی پرۆژە سەوزاییەکان و دارستانە دەستکردەکان گەیاندووە.
لەکاتی کەمی ئاو و قەیرانی ئاودا هەندێک لەو کۆمپانیا و لایەنانەی کە ئەرکی ئاودانیان لە ئەستۆدایە نەیانتوانیوە دابینی بکات. لە هەندێک حاڵەتدا، تەنانەت شارەوانیش بڕیاری ئەوەی داوە کە تەنها دارەکان ئاو بدەن و باخچەکان ئاونەدەن و ئەمەش کێشەی ئیدارییە. ئاودان بە تەنکەر یەکێکە لەو تەکنیکانەی کە باوی نەماوە و رێگەی زۆر پێشکەوتوو هەیە کە پێویستی بە تەنکەر نییە و خودی خۆیان سەرچاوەیەکن بۆ پیس کردنی ژینگە و کارکردنی سوتەمەنی کە دەکرێت نەهێڵدرێت و تەکنیکی مۆدێرن و پێشکەتوو بەکاربهێندرێت. بۆیە گرنگە کە حکومەت هەوڵبدات نەک تەنها لەڕووی داراییەوە پشتگیری باخچەکان و پرۆژەکانی سەوزکردن و بەدارستانکردن بکات، بەڵکو لە ڕووی ئیداریی و بەڕێوەبردنی پرۆژەکانەوە پێداچوونەوە بە کار و ئەرکەکان و دابەشكردنی بودجە بکات تا بە شێوەیەکی یەکسان و بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی هەڵکەوتەی جوگرافیا و گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا رێژەی سەوزایی بپارێزێت و بەردەوامی پێبدات.