
بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر توێژینەوەیی ژاوەژاوی دەنگی، کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکە. ئەم توێژینەوەیە سوودی لەم چاوپێکەوتنە تایبەتە وەرگرتوە بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەشتن لە پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاوی دەنگی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها تێگەشتن لە کەموکوڕی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێـم بۆ پەیڕەوکردن و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان.
د. ژینۆ خالید محەمەد، سەرۆکی بەشی زانستی ژینگە لە زانکۆی سلێمانی.
پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە ،چارەسەرە سروشتیەکان (Nature-based Solutions) هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەی خوێندکاران و لێکۆڵینەوە لەسەر ژاوەژاوی دەنگی ،فریکوێنس و کاریگەرییەکانی و کارکردن بۆ پاراستنی تەندروستی ژینگە
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ژینگە بوارە یاساییەکەیەتی، خودى یاساکان و سەرپێچییە ژینگەییەکان پێویستە لە ڕێگەى سیستمێکى مۆنیتەرنگى یاساییەوە چاودێریی بکرێن، ئەگەر بەگوێرەى پێویست جێبەجێنەکرێت هاوسەنگى ژینگە تێکدەچێت.
یەکێک لەو کێشانەی کە هەمیشە ڕووبەڕووی دەبینەوە، جێبەجێنەکردنى یاساکان و ڕێنماییە ژینگەییەکانە، چ لە شوێنە گشتییەکان، چ لە شوێنە تایبەتییەکان لە ناو هەموو ئیکۆسیستێمەکەدا.
هەموو ئەم بابەتانەی باسکرا کێشە و ناکۆکی یاسایییان هەیە. بەڵام لە نێوانیان، خاڵێک هەیە کە بە شێوەیەکی تایبەت دەرکراوە لە بازنەی یاساییەکە، ئەویش ئاستەنگی دەنگ یان ژاوەژاوەکانە. ئەم بابەتە کەمتر ئاماژەى پێکراوە و لە نێو ئەجێنداکاندا نەبووە، نە ڕێنمایی تایبەتی بۆ دانراوە، نە یاسایەکی تایبەتی هەیە لە هەرێمی کوردستان. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ژاوەژاو بە چاو نابینرێت تەنها دەبیسترێت، ئەوەش زۆر جار پێوەر نییە، ئەم نادیارییە هۆکار بووە بۆ ئەوەى کاریگەرییە ژینگەییەکانی ژاوەژاو وەک پێویست هۆشیاریمان نەبێت لەسەرى.
بۆ نمونە، لە بازاڕێکدا، یاخود لە کارگەکان، کێڵگەکان، لە ناوچە قەرەباڵغەکان، یان لە نزیکی نەخۆشخانەکان، دەبێت بە یاسا ئاستی ژاوەژاوەکان دیاری بکرێت و چاودێری بکرێت. بەبێ ئەو چوارچێوەیە زەحمەتە کێشەکە دیاریی بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
ئێمە خۆمان بووین با ئامرازی چاودێری بۆ پێوانەکردنی ئاستی دەنگ لە شوێنە گشتییەکان کە ئەمەش کیشەی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی ژاوەژاوی دەنگی، بەبێ سیستمێکی تایبەت بۆ دیاریکردنی ڕێژەکە و دانانی ڕێنمانیی قورسە ڕێکارەکان جیبەجێ بکرێت.
ئەگەر لە لایەنی یاسایی بابەتەکە دووربکەوینەوە و بچینە ناو لایەنی زانستییەوە، هەموو ماددەیەک لەرینەوەی خۆی هەیە. چونکە هیج تەنێک لە ژینگە جێگیر نییە. ئەم لێرینەوانە فریکوەنسییەکی تایبەتی هەیە کە بە ناوەندەکانی دەوروبەریان تێدەپەڕن، ئەو ناوەندانە دەجوڵێنن، تەنۆلکەکانى ئەو ناوەندانە کاتێک دەلەرێنەوە، وزە دروست دەکەن، ئەگەر لەرینەوەکان زۆر بوون، دەبێتە هۆکاری شێواندنی ئەو ناوەندە. هەر بۆیە ئەو دەنگانەشی نابیسترێن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە.
هەندێک زیندەوەر لە ژینگەی ئێمەدا بەهۆی ئەو لەرینەوانەی لەدەوروبەریان هەیە شوێنیان دەگوازنەوە. نمونەیەکی گەورە مێرووەکانن. کاتێک ژاوەژاوی دەنگ لە ناوچەیەک زیاد دەبێت، تووشى شوێن ونکردن دەبن، ئەگەر مێروو لە شوێنەکەی خۆی بجوڵێت بۆ هەر مەبەستێک فریکووەنسییەکانی شوێنەکەی ڕێگە بۆ گەڕانەوەی لێ ون دەکات.
بۆیە زۆرجار توێژەرانى بوارى کشتوکاڵ ژاوەژاو و دەنگە دەنگ، بە هۆکارێک دەزانن بۆ کەمبوونەوەی هەنگەکان. توێژەران دەزانن کاتێک هەنگێک شوێنی خۆی جێدەهێڵێت و ڕێگاى گەڕانەوە وندەکات، واتاى نا سەقامگیریی شوێنەکەیەتی. ئەوەش جگە جۆری ژینگەکەی دیاری دەکات لە هەمان کاتدا کاریگەریی دەبێت لەسەر بڕ و کوالیتى هەنگوین و زۆر بابەتی تری پەیوەندیدار.
لە لایەنی ژینگەیەوە دەڵێین: ئەگەر ڕۆژێک یەکێک لە هەنگەکان دیارنەمان، هەموو ئیکۆسیستێمەکە کاریگەریی دەبێت لەسەری. چونکە بایۆدایڤێرسیتی بنچینەیی هاوسەنگی ژینگەیە. هەنگ، کرمەکان، و هەندێک زیندەوەری دیکە کە ئێمە زۆرجار بیرمان لێنەکردوونەتەوە، بەهۆی ژاوەژاو و پیسبوونی دەنگەوە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانیانیان هەیە.
ژاوەژاو وەک هەر پیسبوونێکی ژینگەیی کاریگەریی هەیە لەسەر تەندروستى، لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە، ژاوەژاو کاریگەریی لەسەر کوالیتی ئاو هەیە و کاریگەریی لەسەر جەستەی مرۆڤیش هەیە. چونکە لە ٧٥٪ی جەستەی مرۆڤ لە ئاو پێکهاتووە، هەر گۆڕانێک لە پێکهاتەى ئاو گۆڕان لە پێکهاتەى جەستەش دروست دەکات. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ئەو ئاوەی ڕۆژانە مرۆڤ دەیخواتەوە نێوترال بێت، نە ترش نە تفت، تا گونجاو بێت بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی مرۆڤ. بەڵام ئەگەر سەیری تۆڕی ئاوی شارەکەمان بکەین، ئاوەکە لە سەرچاوەکەی خۆیدا پاکە زۆر جار، بەڵام تا دەگاتە ماڵەکان کوالیتییەکەی دەگۆڕێت. یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە تۆڕەکانى ئاو کۆنن و بۆرییەکان گونجاو نیین، یاخود تا دەگاتە شوێنی مەبەست بە ژاوەژاوێكی ژینگەیی زۆردا تێدەپەڕێت. کاتێک کە (پی ئێچ)ی ئاو دابەزێت و دەبێتە ترش، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرسکردنی مرۆڤ دەبێت بەشێوەیەکی درێژخایەن، ئەگەر جەستەی مرۆڤ بەردەوام ئاوی ترش وەربگرێت، ترشى جەستەکە دەگۆڕێت، سیستمی بەرگریی جەستە کەمدەبێتەوە و بەرکەوتن بۆ نەخۆشیەکان زیادتر دەبێت. ئەوانەی لەسەر پیسبوونی شیری کانسەر توێژینەوە دەکەن جەختیان کردۆتەوە لەسەر گرنگی ئەم بابەتە
کەمبوونەوەی ژاوەژاوی دەنگی بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەى مۆلیدەکان بابەتێکی زۆر گرنگە زۆرجار هەبووە لە هەندێک ناوچە شەش مۆلیدە لە دەوروبەرى یەک ماڵ هەبوون یاخود لەسەر شەقامێکى سەرەکی، نزیک نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان بووە کە لە ڕووی ژینگەییەوە پێی دەڵێین نایەکسانی ژینگەیی بۆ کۆمەڵگە. ئەوەی کە پڕۆژەی ڕووناکی کردوویەتی وەک لابردن و کوژاندنەوەى مۆلیدەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر کوالیتی ژیان، ژاوەژاوی دەنگ لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون تا ڕادەیەکی زۆر بێزارکەربووە پێشتر کە کاریگەریی هەبووە لەسەر خەو، تەندروستیی دەروونی و تەندروستیی فیزیکی
هەر وڵاتێک ئاستێکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پێوەری دەنگی بەپێی گونجاندن لەگەڵ یاسا و ڕێسای وڵاتەکە. بەڵام ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى (WHO) ستاندەردێکی جیهانی داناوە کە نابێت بە هیچ وڵاتیك ئاستی ژاوەژاوی بگاتە خوار ئەو ڕێژەیە .
ئەم یاسایانە لەسەر پێوەری جەستەیی جیناتی کەسەکە لە ڕووی بایۆلۆجییەوە و ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە زۆر کاریگەری هەیە لەسەر وەرگرتنی ژاوەژاوی دەنگی و نامۆبوونی بە دەگەکان، بۆیە هەر وڵاتە و بەگوێرەى ستانداری خۆی ئەتوانێت ڕێژەیەک دیاری بکات و بیکاتە یاسا.
واتە نەوەی داهاتووش دەتوانێت لەگەڵ ئەو لەرینەوانە و دەنگە شەپۆلیانە خۆی بگونجێنێت، چونکە لەگەڵیاندا گەورە بووە و ڕاهاتووە لەسەری. بەڵام ئەگەر لەسەر ئاستی جیهانی بنرخێنرێت، کەسێک لە وڵاتێکی تردا ژیاوە کە ژاوەژاو کەمتر تێدا بووە، کاتێک دێتە لای تۆ، کاریگەریی زیاتری لەسەر دەبینێت. ئێمە کە لەگەڵ جۆرە دەنگێکی تر گەورە بووین بەرکەوتەمان هەبووە جیاوازیی هەیە لەگەڵ هەر وڵاتێکی تر.
یاساى ژینگە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە هەیە، بەڵام تەنیا بە گشتی باسی پاراستی ژینگە و ڕێکارەکانی کردووە و باسی ژاوەژاوی دەنگی تێدا نەکراوە، کە ئەمەش بۆ خۆی بۆشاییەکی گەورەیە لە یاسای ژینگە و پێویستە ڕوونتر و وردتر باسی ڕێکارەکان بکرێت بەگوێرەى شوێنی مانەوە شەو و ڕۆژ لەگەڵ سەرپێچییەکانیش کە ڕۆژانە دەکرێن .
یەکەم شت هۆشیارییە چونکە بابەتی ژاوەژاوی دەنگی زۆر کەم باس دەکرێت، لەکاتێکدا کاریگەریی زۆرى لە دوورمەودا هەیە لەسە مرۆڤ و ئیکۆسیستم، دواى هۆشیاییەکەش هەر دامەزراوەیەک ڕێکار و یاسای خۆی هەبێت لەسەر ژاوەژاوی دەنگی چونکە لە کۆتاییدا هەمووی تەواوکەری یەکترن.