
بۆ خوێندنەوەی راپۆرتی تایبەت کە بۆ مەبەستی ئەم چاوپێکەوتنە تایبەتانە ئامادە کراوە کلیك لێرە بکە.

مایڵز بی.کاگینزی سێیەم، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری کۆمپانیای (Words Warriors LLC)ــە. کۆمپانیاکەى کاگینز خزمەتگوزاری تایبەت بە زمان و وەرگێڕان و ستراتیژی پەیوەندییە گشتیەکان و ڕاوێژکاری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات. هەروەها سەرکردایەتی پەیوەندییە دەرەکییەکان و پەیوەندییە حکومییەکان بۆ کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان دەکەن. مایڵز ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکایە بە پلەی سەرهەنگ (عقید) و پێشتر وەک گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە عێراق و سوریا کاری کردووە. جگەلەمەش، هاوەڵێکی باڵایە لە پەیمانگای (New Lines) بۆ ستراتیج و سیاسەت. سەرباری ئەمانەش، خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانی میدیایی نێودەوڵەتییە و پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان هەیە، بەتایبەتی لە تۆڕیی میدیا کوردی و عەرەبییەکاندا. کاگینز دانیشتووی ناوچەی مانهاتنە لە شاری نیوۆرکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەرچووی زانکۆی هامپتۆن، جۆرجتاون، سکوڵی هارڤارد کەندی-یە. (ئاپیکور) لە هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت پێکهاتووە کە بریتین لە: (DNO)ـــی نەرویجی، (Genel) بەریتانیا، (Gulf Keystone Petroleum) بەریتانیا، (HKN) ئەمریکا، (Hunt Oil) ئەمریکا، MOL) (Group هەنگاریا، (ShaMaran) کەنەدا، و (WesternZagros) ئەمریکا.
تێبینی: ئەم سێ چاوپێکەوتنە تایبەتەی کە ئەنجامدراون بەسەر سێ بەشدا دابەشکراون. لە هەر بەشێکدا هەمان پرسیارەکانی خوارەوە لە لە میوانەکان کراوە
ئەگەر سێکتەرێکینەوت و گازی بەهێز و متمانەپێکراو بوونی هەبێت، ئەوا هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرانی دیکە لە پیشەسازییەکانی کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان، تەکنەلۆجیا، و گەشتیاری زیاتر سەرنج ڕاکێشتر دەبێت.
لە ساڵی (٢٠٢٢)ەوە، دەسەڵاتی دادوەری عێراق و بەتایبەتی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق – کە ڕۆڵی سەرپەرشتیکردنی پابەندبوونەکان بە دەستوورەوە دەگێرێت – زنجیرەیەک بڕیاری دادوەری دژی حکومەتی هەرێم دەرکردووە کە پێگەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی تێکداوە و زیانی بە ئابوورییەکەی گەیاندووە .
بۆ ئەو پرسیارانەی پەیوەستن بە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، ئێمە ئاڕاستەی حکومەتی عێراق و تورکیات دەکەین.
سەبارەت بە کاردانەوەکانی هەرێم، ئێمە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانت دەکەین.

دکتۆر فەهرەتین سومەر هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری خوێندنە نێودەوڵەتییەکان و خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەرە لە بوارەکانی زانستە ڕامیارییەکان و ئابوری. دکتۆر سومەر شارەزایی هەیە لە بوارەکانی ئابوری، ئابوری سیاسی نێودەوڵەتی، تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، شرۆڤەکردنی سیاسەتی دەرەکی، جیهانگیری و قەیرانە داراییەکان. جگەلەمانەش، دکتۆر سومەر خاوەنی ژمارەیەک بڵاوکراوەی ئەکادیمی و نووسینە لە ڕۆژنامە تورکییەکاندا. لە ساڵی (٢٠١٢)دا کتێبێکی بە ناونیشانی: کاریگەرییە پشت گوێخراوەکانی فاکتەرە ئابورییەکان لەسەر گەشەسەندنی قەیرانە داراییەکان و وەڵامدانەوەی حکومەت؛ کەیسی مالیزیا و مەکسیک لە ساڵانی نەوەدەکاندا بڵاوکردەوە. زۆرینەی توێژینەوەکانی سەرنجیان خستۆتەسەر پەیوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەگەل یەکێتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دکتۆر سومەر ژمارەیەکی زۆر کۆرسی وتووەتەوە لە بوارەکانی ئابوری، ئابوری سیاسیی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بزنسی نێودەڵەتی، زانستی سیاسەت لە ولایەتی ساوس کارۆلینا و ڤێرجینیای ئەمریکا.
پرسیارێکی گونجاوە. پێم وایە حکومەتی هەرێم هیوای هەبوو بۆ دەستکەوتنی هەندێک سەرچاوەی سەربەخۆی داهات، کە سەربەخۆ بن لە بەغداد، ئەمەش بۆ ماوەیەک کاری خۆی کرد، لە ساڵانی (٢٠١٤) تا (٢٠٢٣). لەبەر ئەمەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە تاقی کردنەوەی دەرفەتەکانی بەردەمی، بەتایبەتی چونکە دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتی بەڵگەنامەی یاسایین و زۆر ڕوون نین لەوەی کێ دەسەڵاتی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی هەیە. ئێستا هەردوو بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس ئەم مافەیان بە حکومەتی ناوەندی عێراق بەخشیووە. لەم حاڵەتەدا، سەرنج خستنەر ئەوەی لە ڕابردوودا چی ڕوویداوە هیچ سودێکی نیە. باشترێکە کە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بگەنە ڕێککەوتنێک، تا داهاتی زیاتر بەدەست بهێنریت لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمیش دەتوانیت مافی خۆی لە بەشە بودجەی عێراق وەربگرێت بەو ئاستەی کە دەستوور دیاری کردووە. هەرکاتێک کە سوڕ و هاتووچۆی پارە دووبارە دەستی پێ کردەوە، گەشەسەندنی ناوچەکانیش خێراتر دەبن لە دەرئەنجامدا.
فرۆشتتنی نەوت سەرچاوەیەکی باشی داهاتی حکومەت و خەرجی حکومەتە. هەبوونی داهاتی نەوت شتێکی خراپ نییە، بەڵام هەتاوەکوو ئەم داهاتانە ئامادەبکرێن بۆ بەکارهێنان لە وڵات و ناوچەکەدا لە پێناو داهاتوودا. ئابوری جیهان زۆر بە خێرای گۆڕانکاری بەسەردادێت، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت ئامادەبن بۆ ئابورییەکی هەمەچەشن لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان. وەکوو هەرێمێک و وڵاتێکی تازە گەشەسەندوو، ئەگەر شوێن سیاسەتی دروست بکەون، ڕێژەی گەشەی ئابوری دەتوانرێت زیاد بکرێت، لە هەمان کاتیشدا داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵات و نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکرێت. داهاتی نەوت و (ئەو گازەشی کە دەکرێت بوونی هەبێت) دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ بنیاتنانی ژێرخان لەوانەش (ڕێگەوبان، هێڵی شەمەندەفەر، سەرچاوەی بەرهەمێنانی کارەبا)، پاڵپشتی کردنی سێکتەرە تازە دەرکەوتووەکان، هاندانی کەرتی تایبەت، لە پێناو هەمەچەشن کردنی ئابوری.
دەربارەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق وردەکارییەکی ئەوتۆ نازانم.
بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر بنەمای دوو شت دراوە، ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە بازرگانی نێودەوڵتی و بنەمای سەروەری یاسای نێودەوڵەتی. دەوڵەتێکی سەروەر باڵاترین دەسەڵاتی هەیە بەسەر خاکەکەیەوە، بەبێ ڕەزامەندبوونی ئەو دەوڵەتەش، دەوڵەتێکی دیکەی خاوەن سەروەری ناتوانێت هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتێکی هەرێمیی ئەنجام بدات. تورکیا پاڵپشتیکارە لە سەرجەم پەیوەندییەکانی پەیوەست بە بازرگانی و وزە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا لەسەر بنەمای قازانجی هەردوولا. تورکیا درێژکەرەوەی فرۆشتی نەوتی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی بۆریەوە بۆ گەشتن بە بەندەری جەیهان. بەڵام تورکیا نایەوێت سەرپێچی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بکات و زیان لە پەیوەندییەکانی بدات لەگەڵ حکومەتی عێراقدا. لەبەرئەمەش، تورکیا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بگەنە ڕێککەوتن دەربارەی هاوبەشی پێکردنی داهاتی نەوت، لەم حاڵەتەشدا بە قایلبوونی دادگای نابژیوانی نێودەوڵتی پاریس فرۆشتنی نەوت دەتوانرێت بەردەوام بێت.
تێگەیشتنی من بەم شێوەیەیە: بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی نەوت و (گاز) وەبەرهێنان لە گەڕان و دەرهێنانی نەوتدا بکەن، پێشبینی وەرگرتنی قازانج دەکەن. حکومەتی هەرێم بەڵێنی ئەم قازانجەی دا لەڕێگەی دابەشکردنی بەرهەمهێنانەوە- واتە ڕێژەیەکی لەداهاتی بەرهەمهێنان بۆ کۆمپانیاکان دەچێت، حکومەتی عێراقیش پارەی خزمەتگوزارییە تەکنیکییەکانیان دەدات و داهاتی نەوت دەهێڵێتەوە.
زۆربەی گرێبەسەتەکانی هاوبەشی پێکردنی بەرهەمهێنان (PSCs)ی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی (٢٠٠٥)ەوە ئەنجامدران، لەو کاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیویست کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی خۆی بکات، ئەمەش لە دوای ئەو گرێبەستانەوە بوون کە بەسەربەخۆیی ئەنجام دران دەربارەی هاوبەشی پێکردنی بەرهەمهێنان.
وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت دووبارە دانوستان لەسەر گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان بکاتەوە. دڵنیام کە دەتوانرێت ڕێککەوتنێک بکرێت کە کۆمپانیاکانی نەوت زەرەر نەکەن، بەرهەمهێنانی نەوتیش دەتوانرێت دەست پێبکاتەوە.
تورکیا بەپەرۆشە بۆ بەرەو پێشچوونی ڕێککەوتنی وزە لەگەڵ دراوسێکانیدا کە لە قازانجی هەردوو لایەن بێت. بۆ نموونە، تورکیا و ئازەربایجان بۆری نەوتی باکو-تبلیسی-بەندەری جەیهانیان بنیاتناوە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئازەربایجان بۆ بەندەری جەیهان، بۆ گواستنەوەی گازی ئازەبایجانیش بۆ ئەوروپا بۆری گازی ترانز-ئەناتۆڵیا، ناسراو بە (TANAP) بونیاتنراوە. هەردوو وڵات سود لە پڕۆژەکانی هاوشێوە وەردەگرن. هەرکاتێك کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتنە ڕێککەوتن، تورکیا کار لەگەڵ هەردوو لایەن دەکات هەتا ئەو کاتەی کە ڕێککەوتن کرابێت. تورکیا لە هەمان کاتدا لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا کاردەکات لەسەر پرۆژەی "ڕێگای گەشە". پێموابێت حکومەتی هەرێمی کوردستانش دەتوانێت بەشداربێت لە پڕۆژەکەدا. پڕۆژەی زیاتری دیکەی سودبەخش دەتوانێت سود بە گەشەسەندنی ئابوری ناوچەکە بگەیەنێت

دکتۆر عەبدوڵلا پارێزەرە و هەڵگری دوو بڕوانامەیە لە وڵاتی فەڕەنسا و عێراق، خاوەنی ئەزموونێکی درێژخایەنە لە پێدانی راوێژ بە کۆمپانیا نەوتییە دیارەکان. دکتۆر عەبدوڵلا ئەزموونی وانە وتنەوەی هەیە لە زانکۆی سانتتۆماس لە فرێدریکتۆن و زانکۆی مۆنکتۆن، نیو-برونسویک لە کەنەدا. دکتۆر عەبدوڵلا بڕوانامەی پارێزەری لە زانکۆی بەغداد بەدەست هێناوە لە کۆلێجی یاسا و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتیدا لە زانکۆی پاریسی فەڕەنسا. لە ساڵی (١٩٩١)دا بانگهێشتی کۆمەڵەی پارێزەرانی عێراق کراوە و لە ساڵی (١٩٩٦)دا بانگهێشتی کۆمەڵەی پارێزەرانی پاریس کراوە. دکتۆر عەبدوڵلا نووسەری ژمارەیەکی زۆر لە بابەتە لەسەر پرسە یاساییەکانی عێراق. جگەلەمەش، بەردەوام وەک وتاردەر لە کۆنفرانس و سیمینارەکاندا بانگهێشت دەکرێت و لە میدیا نێودەوڵەتییەکان وەک پسپۆڕ و شارەزایی یاسایی عێراق بە چوار زمان دەردەکەوێت.
سەرەتا پێویستە سروشتی ئەم پرسەمان لەبیربێت، واتە دۆسیەی نەوت، دەبێت لە چوارچێوەی دیدێکی فرە پسپۆڕیدا تێبگەین کە ئەم پرسە لایەنی سیاسیی و ئابووری و یاسایی هەیە. زۆر گرنگە دان بەو لایەنەی ئەم پرسەدا بنێین کە بەڵگەنامە نەکراون لە دۆسیەی نەوتدا لەگەڵ تایبەتمەندییە سیاسیی و ئابووری و یاساییە پێچاوپێچەکانیدا، کە دەتوانێت ببێتە بەربەستێکی بەرچاو لە بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە نەوتی نێوان بەغداد و هەولێر بۆ داڕشتنی چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکە. گرنگە لەبیرمان بێت کە ئەو دۆخە پشێوی و ناسەقامگیرییەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە لە بەغداد ڕوویدا، هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی نێوان بەغداد و هەولێری زۆر قورس کرد، گومانەکان وایکرد هەڵبژاردنەکان کەمتر عەقڵانی بن بۆ هەردوولا. توانا یاساییە نێودەوڵەتییە سنووردارەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە بوارێکی ئاڵۆز وەک یاسای نەوت، هەرێمی ناچار کرد تا هەڵبژاردنی قورستر بکات. بە دیاری کراوی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، دووچاری فشاری ئابوری بەردەوام بوونەتەوە لە بەغدادوە و هیچ بژاردەیەکەی دیکەیان بۆ نەمایەوە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە داراییە جگەلە فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی، دەرفەتی ڕەچاوکردنی لێکەوتە یاسایی و داراییەکانییان نەبوو کە پەیوەست بوون بەم بڕیارەوە. جگەلەمەش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکاندا ناڕوون بوون، لەبەر نەبوونی چوارچێوەیەکەی یاسایی کە (١) مافی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و (٢) ڕێگری بکات لە هەوڵی لایەنە دەرەکییەکان بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن بەسەر هەرێمی کوردستاندا لە ناکۆکییە یاساییەکانی پەیوەست بە نەوتەوە. ئەمەش دەرئەنجامێکی یاسایی گەورەیە کە لە پەرلەمانی کوردستانی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ کارنەکردن لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی وەها پێویست و گرنگ. سەرباری ئەمەش، نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی لێکەوتی دروست کردووە لەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغداد، ئەو بەغدادەی چێژ لە پێگەی خۆی دەبینێت وەکوو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، ئەمەش بە ئاستێکی زۆر لە بواری نەوتدا ئەزموون کراوە، لە داخستنی بۆشاییە یاساییەکاندا لە سودی خۆی بەکاری هێناوە.
لایەنێکی گرنگی دیکەی ئەم پرسە، ئەفسانەکانی دەوروبەری نەوتە. خەڵکی عێراق وا بیر دەکەنەوە کە جیهان وەسوەسەی نەوتی عێراقی هەیە و نرخەکەی هەمیشە بەرز دەبێتەوە. بەڵام نرخی نەوت بەرز و نزم دەکات لەبەر ئەمەش داهاتەکان دەبێت پاشەکەوت بکرێن کاتێک نرخی نەوت دووچاری دابەزین دەبێت. دووەم، داهاتی نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی ئابووری وڵاتێک بە ئاشکرا دیارە کە داهاتێکی ناجێگیرە بۆیە وەبەرهێنان لە داهاتە نانەوتییەکان و هەمەچەشنکردنی ئابووری پێویستییە. کاریگەری لاوەکی خەرجییەکانی ئێستا و پاشەکەوت نەکردنی داهاتی نەوت دەبێتە هۆی دابەزینی ئابووری و هیچ دەرفەتێک بۆ پێشکەوتن ناهێڵێتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دامەزراوەیەکی دەستورییە کە ئەرکی لێکدانەوە و جێبەجێکردنی یاسایە بە ڕەچاوکردنی دەستور بە شێوازێکی بێ لایەنانە و دوور لەهەر دەستێوەردانێکی سیاسی. خاڵی کۆتایی زۆر گرنگە چونکە بێلایەنی ئەم دادگایە پەیوەستە بەو شەرعییەتەی کە هەیەتی. سەرەڕای ڕەخنەکان، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، وەکوو باڵاترین دادگایە لە عێراقدا کە بڕیارەکانی ناتوانرێت دووچاری بەرەنگاربوونەوە بێت بە هەر ڕێگایەک بێت، ئەم دادگایە ئامرازێکی یاسایی جەوهەرییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە لە دۆخێکی کەمینەدایە لە عێراقدا. خاڵە گرنگەکە برتییە لە چۆنیەتی سود وەرگترن لەو بۆشاییە یاساییە کە دادگای باڵای فیدراڵی پێشکەشی هەرێمی کوردستانی دەکات بۆ بردنەوەی کەیسەکان بە تێچوویەکی کەمتر و قوربانیدانێکی کەمتر، کە لە ڕووی دەستوورییەوە ئیمتیازێکی بەرچاو بۆ هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێگەی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری یان یاسایی خۆی بەکاربهێنێت بۆ بەرەوپێشچوونی فایلەکان، بەڵام پێگەی یاسایی گەرەنتییەکی یەکجاری هەیە بۆ هەرێمی کوردستان. بوونی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نەک هەر گەرەنتی هاوسەنگی هێز دەکات بەڵکو بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستانیش شتێکی بنەڕەتییە. بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێز، ستراتیژییەک کە لەسەر بنەمای "ماف دژی هێز" بێت، ڕەنگە باشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگونجێت بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی.
بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەربارەی ئەوەی کە فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی نایاسایی بوون لە ماددەکانی ١١٠، ١١٢، ١١٥، ١٣٠ دەستور ئاماژەیان پێکراوە. بەڵام زانراوە کە دەقەکانی دەستووری عێراق بوارییان بۆ لێکدانەوە جێهێشتووە. سەرەڕای ئەوەش، باشتر بوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش واژۆکردنی گرێبەستی هاوبەشپێکردنی بەرهەمهێنان (PSCs) لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتیەکاندا داوای بۆچوونی یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دەزگا ڕاوێژکارییەکانی دیکە بکات، زەمینەسازی بکات لەسەر ئاستی پەرلەمانەکەی بە دەرکردنی یاسا و فەرمانی پێویست و گونجاو بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی باشتر بۆ گرێبەستەکانی ئامادە بکات، و بەم شێوەیەش بەرپەرچی بڕیارەکانی دادگا بداتەوە هەر کاتێک کە پێویست بوو.
دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە سەرەتادا داوای لە تورکیا کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی عێراق بە بڕی یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر ئەو زیانانەی کە تورکیا بە عێراقی گەیاندووە لە دەرئەنجامی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی بۆری نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی (١٩٧٣)دا. بەڵام بە سەرنجدان بەوەی کە عێراق پێشتر ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزاری تورکیا بووە، دادگا ناکۆکییەکەی بە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار یەکلایی کردەوە. بڕیارەکەی تورکیا بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت ڕەنگە کارتێکی فشاری سیاسیی بێت دژی عێراق بۆ ئەوەی عێراق بێ هیوا بکات تا سکاڵایەکی دیکەی یاسایی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تۆمار بکات لە دژی تورکیا، چونکە عێراق وا دۆخەکەی خستۆتەڕوو کە تورکیا ئاسانکاریشی کردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی (٢٠١٨-٢٠٢٢) بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی بۆرییەکانی ساڵی (١٩٧٣). وا دیارە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی شارەزایی یاسایی سیستماتیکی خۆی بنیات بنێت و ستراتیجییەکی درێژخایەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر بڕیارێکی گرنگ کە ڕەنگە دەرئەنجامێکی لەو جۆرەی هەبێت، ڕێبازێکی کەیس بە کەیسی پەیڕەوکردوە. بەم شێوەیە، ئەو ئاڵنگارییەی دووچاری هەرێمی کوردستان بۆتەوە بریتییە لە دانانی ستراتیجییەکان لەسەر بنەمای داتا و شارەزایی ورد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکان کە ئەگەری لێکەوتەییان نییە. گرنگە ئەوە دەستنیشان بکرێت کە هەرێمی کوردستان لایەنی سەرەکییە کە زۆربەی زیانەکانی لە دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتدا بەرکەوتووە، بەو پێیەی عێراق بژاردەی دیکەی هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی
بە شێوەیەکی گشتی، گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکی (TSCs) سوودی زیاتری هەیە بۆ هەر ئەکتەرێکی هەرێمی یان ناوچەیی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەڵەتییە نەوتییەکاندا. لەبەر ئەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکی (TSCs) سود لەو خزمەتگوزارییانە وەردەگرێت کە لە لایەن کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێت بەبێ دروستکردنی هاوبەشی و بەرزکردنەوەی قازانجی بەرهەمێنەرە سەرەکییەکە. بەڵام هەندێک دەوڵەت یاخود دەسەڵاتدارانی هەرێمی قایل دەبن بۆ چوونە نێو گرێبەستی هاوبەشی پێکردنی بەرهەمهێنان (PSCs) بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بە هەر هۆکارێک بێت وەک نەبوونی شارەزایی تەکنیکی، وەبەرهێنان، ژێرخان، تەکنەلۆجیا، تێچووی بەرهەمهێنان یاخود ناسەقامگیری سیاسی لە ناوچەکەدا.
پێش بە نیشتیمانی کردنی پیشەسازی نەوت، عێراق ویستی بەدەسهێنانی گرێبەستی هاوبەشی پێکردنی بەرهەمهێنانی (PSCs) نەوتی هەبوو، بەڵام لە ساڵانی حەفتاکانەوە پاباندبووە بە گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکی (TSCs) کە دواتر بە ماددەکانی دەستوری عێراق دووبارە دووپات کرایەوە لە ساڵی (٢٠٠٥)دا. لە ڕووی سیاسیشەوە، بۆ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە باشووری عێراق زیاتر سەرنجڕاکێشترە بۆیان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەن نەک هەرێمی کوردستان، بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان دەبوو هانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەڵەتییەکان بدات بە پێشکەشکردنی گرێبەستی هاوبەشی پێکردنی بەرهەمهێنانی (PSCs) نەوت تا وەبەرهێنان لە پیشەسازی نەوتی تازەپێگەیشتووی هەرێمی کوردستاندا بکەن. لە بەرامبەردا عێراق هەمیشە ڕەخنەی هەبووە لە شێوازی بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە، لە دوای دەرچوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم لە ساڵی (٢٠٠٧)دا، عێراق بە بەردەوامی ڕایگەیاندووە کە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان نایاسایین و پێچەوانەی ماددەکانی دەستووری عێراقن و ئامۆژگاری کۆمپانیاکانی کردووە کە گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەکەن، ئەگەرنا دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر بەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیە نەوتییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، وادیارە ئەم بابەتە ئاڵۆزە، بۆ دانوستانەکانی نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان و حکومەت لە بەغداد؛ عێراق کە دامەزرێنەری ئۆپێکە، دیارە توانای تەواوی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوتی خۆی و دانوستان لە پێگەیەکی بەهێزەوە دەکات بەرامبەر بەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن. بەڵام حکومەتی عێراق یەکلاییکردنەوەی ئەم ناکۆکییە دوادەخات پێدەچێت چارەسەرەکە هاوکات بێت لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت بەدەست هاتوون. عێراق توانا و زانیاریی خۆی لە کەرتی نەوتدا بەدرێژایی دەیان ساڵ بنیات ناوە، هەر کۆمپانیایەک ئامادەبێت لەگەڵ بەغداد کار بکات لەڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نابێتەوە. وەک بیرخستنەوەیەک، عێراق پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی خاوی جیهانە، ئەمەش هاندەرێکی سەرەکییە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ بەردەوامیدان بە کارکردن لە عێراقدا.
لە ڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، پەیوەندییەکانی نێوان دوو دەوڵەت زیاتر جێی متمانەن لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتێک و هەرێمێک. بەڵام دەکرێت ئەوەش بوترێت هەرێمی کوردستان پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران و ئەمریکا هاوسەنگ کردووە کە ناوبەناو ئەم لایەنانە وەک نەیارێک یەکتر دەبینین. هەروەها هەرێمی کوردستان دەیتوانی سەرنجی خۆی ئاڕاستە بکاتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەغداد هەبێت. هەرێمی کوردستان توخمێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری عێراق و چێژوەرگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێویستە ئەم کارتە بەکاربهێنرێت بۆ باشتر پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم بە فشارخستنە سەر هاوبەشە سیاسییەکانی بۆ قبوڵکردنی نەخشەڕێگایەکی هاوئاهەنگ لەلایەن زۆرینەی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەکانەوە بەتایبەتی لەم ساتە چارەنووسسازەدا کە حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسایەک ئامادە دەکات بۆ ڕێکخستنەوەی پیشەسازییەکانی نەوت و گاز لە عێراقدا.