چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ فەریق ڕوکن بەختیار سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە

لە لایەن نور عومەر 14/05/2026

بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەی تایبەت بە سیاسەتی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کلیک لێرە بکە. ئەم توێژینەوەیە سوودی لەم چاوپێکەوتنە تایبەتە وەرگرتوە بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەشتن لە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە.


فەریق ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق

بەختیار محەمەد سدیق فەرماندەیەکی باڵای سەربازییە لە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق، خاوەنی زیاتر لە ٣٠ ساڵ ئەزموونە لە بواری بەرگری، ڕاهێنانی سەربازی و فەرماندەیی مەیدانی. لە ئێستادا وەک ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی چاکسازی دامەزراوەیی، نوێکردنەوە و هاوکاری سەربازیی نێودەوڵەتی. پیشەی سەربازی فەرمیی لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان دەستی پێکرد، کە لە ساڵی ١٩٩٤ بە پلەی مولازمی دووەم داندرا. دواتریش لە کۆلێژی فەرماندەیی و ستافی بەغداد، لە ژێر چاودێریی NATO بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێنا.

لە ماوەی پیشەی سەربازیی خۆیدا، فەریق ڕوکن بەختیار کۆمەڵێک پۆست و ئەرکی فەرماندەیی گەورەی گرتووەتەوە دەست، لەوانەش ڕاهێنانی سەربازی، فەرماندەیی و ئیداری. بە فەرماندەی تیپ خزمەتی کردووە و پۆستی باڵای لە دامەزراوەکانی ڕاهێنانی سەربازی وەرگرتووە، کە بەشداریی بەرچاوی بینیوە لە بنیادنانی توانامەندی و گەشەپێدانی پیشەییی لە ناو هێزە چەکدارەکاندا. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧، بە شێوەیەکی چالاک بەشداری مەیدانی کردووە لە شەڕەکانی دژی داعش.

لەگەڵ ئەم ڕۆڵە مەیدانییانەدا، فەریق ڕوکن بەختیار بە نزیکی لە هەوڵەکانی چاکسازی ستراتیژیی ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشداری کردووە. ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ساڵی ٢٠٢٢ لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

ئەم چاوپێکەوتنە لەسەر پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر رۆشنایی کۆتاییهاتنی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری (جەنگ) ی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا رێکخرا بە مەبەستی تێگەشتن لە پێشهاتەکانی تەواوبوونی وادەی رێککەوتننامەکە لەسەر پرۆسەی چاکسازی و بەرەوپێشچوونەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگە و لێکەوتەکانی هەر رێککەوتنێکی نوێ لە دوای.


پ١: چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە لە چ قۆناغێکدایە و ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لە چ قۆناغێک دایە ؟

بە پێی رێككەوتننامەی لێکتێگەشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  وەزارەتی جەنگ (پنتاگۆن) ڕێککەوتین کە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە ١٣٨،٠٠٠ پێشمەرگە بێت. لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت و لە حیزب پرۆسەکە دەستی پێکرد لە ساڵی (2022). لە ئێستادا نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدایە.

هەیکەلەت؛ بڕیار درا دوو فەرماندەیی دەڤەر هەبێت کە پێکهاتوون لە فرقەو لیوا و فەوج، ناوچەی فەرماندەیی یەک لە سنووری هەولێر و دهۆکە پێکهاتەکەی لە هێزەکانی یەکەی (٨٠) یە و لە (٦) فرقەدا رێکخراوە.

ئەوەی ماوەتەوە فەرماندەیی دووە لە سنوری ( سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان) کە پێکهاتووە لە هێزەکانی (٧٠) و هێشتا ناوی نەگۆڕاوە بۆ فەرماندەیی دەڤەر لەبەر هەندێک بابەتی هەڵپەسێردراو (بەشێکی تەکنیکی و بەشێکی سیاسیە)، لە ئێستادا دەسەڵاتەکانی عەملیاتی، ئیداری، دارایی و یاسایی پەسەندکراون.

لە هەمانکاتدا هێزەکانی پێشمەرگە لەنێوان ١٥٠،٠٠٠ بۆ ١٥٥،٠٠٠ پێشمەرگەن بەڵام بە پێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت ١٣٨،٠٠٠ بێت. چارەسەری ئەم کێشەیە بە خانەنشینی ژمارەی زیاد دەبێت یان گواستنەوەیان بۆ وەزیفەی مەدەنی.

پ٢: لە ڕووی داراییەوە هاوکاری هاوپەیمانان لە مانگی (٩) ی ساڵی  ٢٠٢٦ەوە دەبڕدرێت ئایا حکومەتی ناوەند لە بەغداد دەتوانێت ئەو کەمبوونەوە داراییە پڕبکاتەوە ؟

یاداشتنامەکە مانگی 9 (ئەیلول) ی ساڵی 2026 کۆتایی دێت ئەمە ڕوونە. بەپێی یاداشتنامەی لەیەک تێگەیشتنەکەش ئەو هاوکارییە (دارایی، ماددی، مەشق، ڕاوێژکاریە مەعنەویە) کە پیشکەش دەکرێت بە هێزی پێشمەرگە هەموو پێداویستی هێزی پێشمەرگە پڕناکاتەوە، و بودجەی هێزی پێشـمەرگەش کە موچەش لە خۆدەگرێت لە چوارچێوەی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستانە.

لەکاتی ئێستادا موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی گشتی نیوەی ئەو موچەیەیە کە بە هێزە ئەمنییەکانی فیدڕاڵ دەدرێت بەنموونە (وەزارەتی بەرگری عێراق).

بۆیە لەگەڵ کۆتایی هێنانی یاداشتنانە لە مانگی 9 ساڵی 2026 دەبێت لە ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هاوکارییە (دارایی و ماددی و معنەوی و راوێژکاریییە) کە کۆتایی دێت بیر لە جێگرەوەی بکرێتەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا.

پ٣: یاسای پێشمەرگەی ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای چاکسازی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ کە تەنها لە رووی داراییەوە باسی پێشمەرگە دەکات، لە رووی یاساییەوە ئایا پرۆسەی چاکسازی دەتوانرێت بەڕێوەببرێت ؟

 وەزارەتی پێشمەرگە چوار یاسای هەیە. یەکەمیان یاسای ژمارەی 19 ساڵی 2007 کە بەیاسای وەزارەتی پیشمەرگە ناسراوە. بێجگە لەمە یاساکانی ٣٣ و ٣٤ و ٣٨هەیە کە باسی ڕێزلێنان، خانەنشینی، خزمەت، کەمئەندامان و بابەتی دیکە دەکات.

یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ ی چاکسازی باسی چاکسازی دارایی دەکات و بڕیاردرابوو کە لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێبکرێت بەڵام ئێستا شەش ساڵ تێپەریوە و هەموو بڕگەکانی ئەو یاسایە جێبەجێنەکراوە.

لە هەمان کاتدا تەنانەت لە ئەجێندا (کارنامە) ی کابینەی نۆدا باس لەم پرۆسە چاکسازییەی پێشمەرگە کراوە، دواتریش لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی ساڵی 2022 و پێشتریش لە رێككەوتنی ستراتیژی ساڵی 2005 لە نێوان پارتی و یەکێتیشدا باسکراوە کە ڕێككەوتن بکرێت لەسەر یەکخستنەوەی و ڕێکخستنەوە هێزی پێشمەرگە. ئەم هەموو هەوڵ و ڕێککەوتنانە بۆ پرۆسەی چاکسازی لە ئێستادایە.

پ٤: ئەو هاوکاریانەی کە دەدرێت بە پێشمەرگە ئایا لە سیستمی دارایی یەکگرتوو وەردەگیرێت وەک هەژماری من (مای ئەکاونت)؟

وەزارەتی پێشمەرگە پێش ئەوەی چاکسازی دەستپێبکات، هێزەکانی ٧٠ بودجەی خۆیان هەبوو، بە هەمان شێوە هێزەکانی ٨٠ و خودی وەزارەتی پێشمەرگەش بودجەی خۆیان هەبوو.

یەکەم : ئێستا لەم پرۆسەی چاکسازییەدا وا دانراوە کە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکبخرێت و هەمووی لەژێر چەتری وەزارەت بێت.

دووەم : وەزارەتی پیشمەرگە بودجەی دەڤەری یەک و دوو یەک بخات بە دیوانی وەزارەتەوە و ئەرکی وەزارەت تەوزیعی بکاتەوە.

پێشکەش کردنی بودجە وەرگرتن و دابەشکردنەوەی بودجە، یەکخستنەوەی تەرازووی پێداوچوونەوە و پیشکەش کردنی بە وەزارتی دارایی و لەگەڵ ووردبینی تەواوی بەسەر بودجەدا بۆ بەدەست هێنانی شەفافیەت.

سێهەم: لە ئێستادا سیستیمی پەیڕۆڵ هەیە لە حکومەت کە ئامانجی پێدانی موچەیە بەشێوازێکی ئەلیکترۆنی وپێشمەرگەش دەگرێتەوە.

پ٥: لە رووی چەک و تەقەمەنی تا ئێستا چۆن هاوکاری پێشمەرگە کراوە ؟ کێ چەکەکان دابین دەکات، پێویستی چەک و تەقەمەنی لە چ ئاستێکدایە و کەموکوڕیەکان چین؟

چەکدارکردنی پێشمەرگە بە شێوەیەکی رێکخراو نەبووە و چەکەکانیان کۆن و بەکارهاتوون، هەندێک بەدەست هاتوون :

لە ئەنجامی ڕوخانی ڕژێمی پێشووی بەعسەوە هەندێک چەکمان دەست کەوتووە لە ئەنجامی شەری داعشیش و هەندێکی دیکە کە هاوپەیمانان دابینیان کرد لە سەر بنەمای یاداشتنامە و شەڕی داعش بووە.

لەکۆتایی هاتنی یاداشتنامەی لەیەکتێگەیشتن لە مانگی 9 ی ئەمساڵ سەرچاوەی هاتنی چەکی نوێ بۆ هێزی پێشمەرگە نامێنێت، بۆیە دەبێت وەزارەتی پیشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە چۆن تازەگەری دەکات بۆ بەدەست هێنانی چەکی نوێ و پێداویستییە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە کە بۆ گەشەپێدانی توانای هێزی پیشمەرگە بگونجێت لەگەڵ ئەو هەڕەشە و ئاڵنگارییانەی لە ماوەی مامناوەند و نزیک و دوردا دێنە پێشەوە.

پ٦: لە رووی توانای تەکنەلۆجییەوە توانا و پێگەی وەزارەتی پێشمەرگە چۆنە و لە چ ئاستێکدایە؟

وەزارەتی پێشمەرگە لە قۆناغی تێپەڕین و سەرەتادایە. بناغەیەک بۆ بەدیجیتاڵکردن دانراوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی سوپا پێشکەوتووەکان، پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە سیستمی ناوەندیی داتا، تەکنەلۆژیای چاودێریی زیرەک، و ئاسایشی زانیارییەکان بکرێت. ئەم هەنگاوانە نەک هەر خێرایی لە کارگێڕیدا دروست دەکەن، بەڵکو توانای بەرگری و هێرشبەریی پێشمەرگە لە مەیدانی جەنگدا چەند هێندە زیاد دەکەن.

پ٧ (ا): لە رووی داواکاری پڕچەككردنی پێشمەرگەوە بەتایبەت لە هەبوونی یاخود دابینکردنی سیستمی بەرگری لەگەڵ بەغداد گفتوگۆتان کردووە ؟

سەبارەت بە داواکردنی سیستمی بەرگری هەم لەگەڵ عێراق هەم لەگەڵ هاوپەیمانان باسمانکردووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی چەکداریی پێشمەرگە بەردەوام وا بووە کە ئەگەر بەرامبەرمان دەبابەیان هەبووبێت ئەوا داوای چەکی دژە تانکمان کردووەوە ئەگەر فرۆکەی جەنگیان هەبووبێت ئەوا داوای چەکی دژە فرۆکەمان کردووە وەک دۆشکە ئێستا گۆرانکاریەکان لە شێوازی جەنگ بەشێوەیەکی بەرچاو دیارن لەم سەردەمەدا. ئەمەش پێویست دەکات هەم دژە تانک هەم دژە فرۆکە هەم درۆن و هەم دژە درۆنمان هەبێت. وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئەمە بەردەوام داواکاری ئێمە بووە و تا ئێستا جێبەجێنەکراوە.

بۆ نموونە ئەگەر داوای درۆن بکەین ئەوا پێویستی بە رەزامەندی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقی فیدڕاڵ دەبێت ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەگەڵ بەغداد، لەبەر ئەوەی کە وەک پێشمەرگە سنووردارکراوین لە چەکداركردن، کڕین و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی.( بەهۆکاری تەکنیکی بێت، یاسایی، یان سیاسی).

(ب): ئایا عێراق کاتێک چەک دەکڕێت یاخود رێككەوتنی بەهێزکردنی سەربازی دەبەستێت لەگەڵ وڵاتانی تردا وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار دەکاتەوە؟

لە عێراقی فیدڕاڵدا ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نەتەوەیی هەیە کە بڕیارە وەزیری پێشمەرگەش لە خۆ بگرێت ( کە وەزیری پیشمەرگە ئامادەنابێت).

لە عێراقی فیدڕاڵدا چوارچێوەیەکی ستراتیجی ئاسایشی نیشتمانی هەیە کە وەک پێویست (ئەرک ،ڕۆڵ، و ماف) ی هێزی پێشمەرگەی تێدا دیارینەکراوە.

 و لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لیژنەیەکی باڵا هەیە بۆ چاکسازی لە بواری ئەمنی (SSR) و ڕۆڵی لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان وەک پێوست لەو لیژنەیەدا نیە.

ئامادەبوونی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان (پیشمەرگە)ش ئەوەی باسکرا لە حکومەتی فیدراڵ زەڕوریەتە بۆ (ئەرک و ماف و ڕۆڵی) هێزەئەمنیەکان.

پ٨: بەڕای ئێوە گرنگترین دەستکەوتەکانی پرۆسەی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە تا ئێستا چین؟

وەک لایەنێکی بەشدار لە پرۆسەی چاکسازی یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکان ئەوەیە کە توانیومانە بەیەکەوە کار بکەین و یەکگرتوو بمێنینەوە. هەموو هەوڵێکمان دەدەین کە چاکسازییەکان بەرەوپێش بچن تەنانەت ئەگەر کەمێک خاویش بێت پرۆسەکە نەوەستاوە و بەردەوامیی هەیە. ئیرادەی نەتەوەیی هەیە لەلایەن پێشمەرگەوە کە بەیەکەوە کار بکەین. ئەم بنەمایە نەتەوەییە ئـێمەی بەیەکەوە بەستووەتەوە و توانیومانە هەست و ئینتمای نەتەوەیی بکەینە بنچینەیەک بۆ کارکردن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی.

پ٩: ئایا ئەگەری هەیە رێككەوتنامەی لێکتێگەشتنی نوێ لە دوای مانگی نۆ لە نێوان پێشمەرگە و ئەمریکا واژۆ بکرێت؟

بە بۆچونی خۆم لەو باوەڕەدا نیم کە رێككەوتنامەی لێکتێگەشتنی نوێ لە نێوان پێشمەرگە و پنتاگۆن دووبارە بکرێتەوە هەرچەندە ئەگەرەکان دەگۆڕێن ئەگەر باروودۆخەکە بگۆڕێت و داواکاری یاخود هۆکارێک دروست ببێت بۆ نوێکردنەوەی.

ئەگەری رێككەوتنامەی لێکتێگەشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و ئەمریکا هەیە کە دەکرێت پێشمەرگە بەشێک بێت لەو رێككەوتنە.

بەڵام لە ئەگەری مۆرکردنی کە رێككەوتنامەی لێکتێگەشتنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا ببەسترێت و نوێ بکرێتەوە ئەوا زۆر لە بەرژەوەندی پێشمەرگەدا دەبێت بەڵام پێویستی بە هەنگاوی سەرەکی و جدی هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەوە، کە دەرخەر بێت لە ئامادەبوونی ڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی یەکخستنەوە و رێکخسنتەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها لە وەرگرتن و کارکردن لەسەر ئەو پێشنیار و راوێژکاریانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانان پێماندەدەن. یەک خستنەوە و ڕێکخستنەوەمان دەوێت و دەبێت ئێمە بیسەلمێنین کە شایانی ئەوەین لەگەڵمان بمێننەوە و ئەویش بەوەی کە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم رژد و سوور بن لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی.

بڵاویبکەرەوە لە: